سەرەکی » راپۆرت » ئەمڕۆ كورد بڕیاری خۆی دەدات؟

شرۆڤەی رۆژ

ئەمڕۆ كورد بڕیاری خۆی دەدات؟

هەواڵ و بەدواداچوون

سەردانی وەفدی لایەنە كوردستانییەكان بۆ بەغدا تائێستا هیچ رێكەوتنێكی ئەوتۆی لێنەكەوتۆتەوە، وەفدەكە ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆكایەتیی هەرێم كۆدەبێتەوە و هەڵوێستی خۆیان ئاڕاستەی بەغدا دەكەنەوە.
״ نابێت هەرێم وەك پارێزگاكانی دیكەی عیراق مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت״
دوای چەندین كۆبوونەوە، محەمەد عەللاوی و وەفدی لایەنە كوردستانییەكان لە سەر پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێ و كاندیدەكانی كورد و بەشداری كورد لە كابینەكەدا نەگەیشتنە قسەی كۆتایی. عەللاوی دەیەوێت بێ گەڕانەوە بۆ حزبە كوردستانییەكان خۆی سەرپشك بێت لە دانانی كاندیدەكانی كورد، بەڵام هەرچی كوردە پێیوایە نابێت هەرێمیش وەك پارێزگاكانی دیكەی عیراق مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، بۆیە دەیانەوێت لەو پرسەدا تایبەتمەندیی هەرێم پارێزراو بێت، عەللاوی لەمە تێگەیشتووە، بەڵام لەوبارەیەوە قسەی كۆتایی نەداوەتەوە لایەنە كوردستانییەكان.
ئەمڕۆ لە هەولێر كۆبوونەوەیەكی گرنگ لەوبارەیەوە دەكرێت، پێدەچێت كورد دوایین هەڵوێست و بڕیاری خۆی بگەیەنێتە عەللاوی، بەڵام روون نییە داوجار عەللاوی دەیەوێت چۆن مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا بكات بۆ دیاریكردنی كاندیدەكانی.
عەللاوی لە ژێر گوشارێكی قورسدایە، لەسەرێك هێشتا خۆپیشاندەران دانی خێری پێدا نانێن و بە كەسێكی پەسەندكراوی نازانن بۆ ئەو پۆستە، لەسەرێكی دیكەش دەنگی تەواوی لایەنە شیعەكانی نییە، تەنانەت شیعەكان لە ناو خۆیاندا بوونەتە دوو بەرە، هەندێكیان دەیانەوێت بە خێرایی كارنامەكەی بهێنرێتە ئەنجومەنی نوێنەران و دەنگی پێبدەن، هەندێكی تریش لەگەڵیدا نین و دەیانەوێت شوێنگرەوەیەكی دیكە بدۆزنەوە، كە جێگەی رەزامەندیی هەموو لایەك بێت.

چوارشەممە نوێنەران كۆدەبێتەوە؟
لەلایەكی دیكەوە، سوننەكانیش لەسەر راسپاردنی عەللاوی بەهەمانشێوە بوونەتە دوو بەرە، بەڵام بەرەی نەیاری پێكهێنانی كابینەكە بەبێ لەبەر چاوگرتنی خواستەكانی لایەنە سوننەكان، دەنگێكی زاڵتری هەیە، ئەوان كە بەجۆرێك لە جۆرەكان محەمەد حەلبوسی سەرۆكایەتیی دەكات، رێگریی لەوە دەكەن ئەنجومەنی نوێنەران كۆببێتەوە، ئەمەش وایكردووە تائێستا سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بانگهێشتی نوێنەران نەكات بۆ كۆبوونەوە.
رۆژی چوارشەممە دیاریكراوە بۆ ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران كۆببێتەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە، ئایا تا ئەو ماوەیە عەللاوی دەتوانێت پشتیوانیی كورد و سوننە بەدەستبهێنێت، یان سوور دەبێت لە سەر خواستەكانی خۆی و وەك دەوترێت بەبێ كورد و سوننە دەچێتە ئەنجومەنی نوێنەران و كابینەكەی رادەگەیەنێت؟.
هەندێك لایەنی شیعی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن «وەك چۆن پرسی بڕیاری كردنە دەرەوەی هێزەكانی ئەمریكامان بە تەنها تێپەڕاند، دەتوانین بەبێ كورد و سوننە پێدانی متمانەش تێپەڕێنین».
خاڵی گرنگ و جێی بایەخ كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆیە، كورد چۆن مامەڵە لەگەڵ عەللاوی دەكات، بڕیاری یەكلاكەرەوە چی دەبێت و عەللاوی چۆن مامەڵە لەگەڵ دوا هەڵوێستی كورددا دەكات؟.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*