سەرەکی » دۆسێ » ئیدلب پەیوەندییەكانی نێوان روسیا و توركیا ئاڵۆزدەكات

نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانە

ئیدلب پەیوەندییەكانی نێوان روسیا و توركیا ئاڵۆزدەكات

رەوشی ئیدلب پەیوەندییەكان لەنێوان توركیا و روسیادا ئاڵۆزدەكەن و نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانە بەرانبەر بە زیادبوونی ژمارەی قوربانییە مەدەنییەكان لە ناوچەكەدا.
نەتەوە یەكگرتوەكان لەبارەی رەوشی خراپی سوریا هۆشداریی دەدات و رایدەگەیەنێت، لەمانگی كانونی دووەمی رابردوەوە 875 هەزار كەس لەئیدلیب و حەلەب ئاوارەبوون.
بەپێی بەیاننامەیەك كە لە 19ی شوباتی 2020 بڵاوكرایەوە، رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان لەبارەی رەوشی خراپی سوریا و زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەكان لەو ناوچەیە رایگەیاندبوو، رەوشی باكووری خۆرئاوای سوریا مەترسیدارە و لەمانگی كانوونی دووەمی رابردووەوە 875 هەزار كەس لەو ناوچەیە ئاوارەبون.
لەبارەی هەڕەشەكانی توركیا و روسیاشەوە بۆ روبەروبونەوە لەو ناوچەیە، نەتەوە یەكگرتووەكان داوایكردووە دەستێوەردان لەكاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتە رابگیرێت.
هەر لەو چوارچێوەیەدا میشیل باچلن بەرپرسی مافەكانی مرۆڤ لە نەتەوە یەكگرتوەكان ئیدانەی هێرشی راستەوخۆی ئەو لایەنانەی كردبوو كە كرانە سەر كامپەكانی ئاوارەكان و رەوشی سوریاشی بە تۆقێنەر ناوبردبوو
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان، لەماوەی دوو مانگی رابردوودا نزیكەی 300 هاووڵاتی لەباكووری خۆرئاوای سوریا كوژراون و لەسەدا 93ی دانیشتوانی ناوچەكەش، بەهۆی هێرشی ئاسمانی هێزەكانی روسیا و سوریاوە ئاوارەبوون.
هەر لەو چوارچێوەیەدا وتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا رایگەیاندبوو، هەرچەندە كۆبونەوەكانی مۆسكۆ لە نێوان روسیا و توركیا بەردەوامن، بەڵام وڵاتەكەی هێزی زیاتر رەوانەی ئیدلبی سوریا دەكات.
ئاژانسی (رۆیتەرز) لە 18ی شوباتی 2020 لە زاری، ئیبراهیم قاڵن، وتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا بڵاویكردبۆوە، هەرچەندە لەئێستادا گفتووگۆی نێوان وڵاتەكەی و بەرپرسانی روسیا لە مۆسكۆ بەردەوامن، بەڵام ئەوان بەنیازن بۆ تۆڵەكردنەوەی ئەو هێرشانەی كراونەتە سەر سوپای وڵاتەكەیان، هێزی زیاتر رەوانەی سوریا بكەن.
وتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا دەڵێت، بەردەوامدەبن لە رەوانەكردنی هێز بۆ ناوچەكانی باكووری خۆرئاوای سوریا، ئەمەش بەمەبەستی پاراستنی ئیدلیب و هاولۆاتیانی مەدەنی ناوچەكە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاندبوو، ئەگەر كۆبونەوەكانی نێوان توركیا و روسیا لە مۆسكۆ شكستبهێنن، كۆبونەوەی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا و ڤیلادمیر پوتین سەرۆكی روسیا لەئەگەرە بەهێزەكانن، چونكە رەوشەكە پێویستی بەهێوركردنەوەیە.
هەر لەبارەی تەنگژەكانی سوریا، یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریكا رایگەیاندبوو، لە پارێزگای ئیدلیبی باكووری خۆرئاوای سوریا هێزەكانی روسیا و توركیا لە رووبەڕبوونەوەی سەربازی نزیك دەبنەوە، ئەمەش وەك بەرەئەنجامی ئەو گرژی و ئاڵۆزیانە لە ماوەی رابردوودا لەو ناوچەیەدا دروستبوون.
جۆناسان هۆفمان یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریكا بۆ پەیوەندییە گشتییەكان لەبارەی رەوشی ئێستای سوریا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، واشنتۆن هیوادارە هێزەكانی روسیا و توركیا هەوڵی هێوربوونەوە بدەن.
لەبارەی هەوڵەكانی دیمەشق بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكانی باكووری خۆرئاوای سوریا، بەرپرسەكەی پنتاگۆن دەڵێت»ئەوا پێیانوایە هێزەكانی حكومەتی سوریا لە هێرشەكانیان بۆ سەر گەلی سوریا لەو ناوچەیەدا بەردەوامن، بۆیە داوا لە لە كۆمەڵی نێوەدەوڵەتی دەكەن هەوڵی راگرتنی هێرشەكان بدات».
لە ئەیلولی ساڵی 2018 روسیا و توركیا بۆ هێوركردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەكان لە ناوچەكانی باكووری خۆرئاوای سوریا رێككەوتن، ئیدلیبیش یەكێك بوو لەو ناوچانەی كە دەبوو هێوربوونەوە بگیرێتەوە، بەڵام بۆ ماوەی زیاتر مانگێكە سوپای سوریا بە پاڵپشتی هێزە ئاسمانییەكانی روسیا هەوڵی كۆنترۆڵكردنەوەی دوایین پێگەی گروپە چەكدارییەكانی ئۆپۆزسیۆن دەدات كە لەلایەن توركیاوە پشتیوانیان لێدەكرێت.
پێشوتر ئاژانسی هەواڵی روسیا لە زاری دوو سەرچاوەی سەربازی و دیپلۆماسی وڵایەكەیەوە بڵاویكردبۆوە، ئەنقەرە بە هێزێك كە پێكهاتووە لە 70 تانك و 80 تۆپهاوێژ و 200 زرێپۆش لە ناوچەكانی ئیدلیب بوونی سەربازی خۆی قایم كردووە «بەشێكی زۆری ئەو كەرەستانەشی رادەستی گروپە چەكدارییەكان كردووە».
پارێزگەی ئیدلیب جگە لە دانیشتوانەكەی، نزیكەی سێ ملیۆن هاووڵاتی شارەكانی تری سوریاشی لە خۆگرتووە، بە گوێرەی ئامارێكی نەتەوەیەكگرتوەكانیش، لە سەرەتای هێرشەكانی سوپای سوریاوە لە مانگی كانوونی یەكەمی 2019وە، زیاتر لە 800 هەزار كەس ئاوارەبوون.
مەترسی توركیا لەبارەی كۆنترۆڵكردنەوەی پارێزگەی ئیدلیب لەلایەن هێزەكانی سوریا بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە، ئەنقەرە پێوایە بە كۆنترۆڵكردنی ئەو شارە ژمارەیەكی زۆرتری ئاوارەكان روو لە توركیا دەكەن، بە تایبەت كە لە ئێستادا نزیكەی 3.7 ملیۆن ئاوارەی سوریا لە توركیا هەن.
لەم چەند رۆژەی دواییدا (كرملین) رایگەیاندبوو، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەپارێزگای ئیدلیب لەلایەن توركیاوە «خراپترین سیناریۆ» دەبێت لەناوچەكەدا.
دیمیتری پیسكۆڤ، وتەبێژی كۆشكی سەرۆكایەتی روسیا (كرملین) لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لەمۆسكۆی پایتەخت رایگەیاندبوو، «روسیا بەتوندی لەدژی ئەنجامدانی ئۆپەراسۆنی سەربازیی توركیا بەرانبەر بە هێزەكانی سوپای سوریا دەوەستێتەوە».
بە وتەی پیسكۆڤ «روسیا و توركیا بەردەوام لەپەیوەندیدادەبن بۆ رێگرتن لە ئاڵۆزبونی رەوشی ئێستای پارێزگەی ئیدلب لەباكووری خۆرئاوای سوریا».
هەر لەو چوارچێوەەیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا لەمیانی وتارێكیدا لەبەردەم پارتی دادو گەشەپیدان لەپەرلەمانی توركیا رایگەیاندبوو، دانوستانەكانی نێوان ئەنقەرە و مۆسكۆ لەبارەی ئیدلیبەوە ئەو ئەنجامەی نەبووە كە توركیا چاوەڕوانی دەكرد، چونكە بۆچوونی روسەكان زۆر دورن لە بەدیهێنانی خواستەكانی وڵاتەكەی.
بە وتەی ئەردۆغان»ئەنقەرە سورە لەسەر ئەوەی ئیدلیب بكرێتە ناوچەیەكی ئارام، تەنانەت ئەگەر دانوستانەكانیش لەگەڵ مۆسكۆدا درێژەبكێشن».
هەر لەو بارەیەوە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاندبوو، دانوستانەكانیان لەگەڵ توركیا لەبارەی ئیدلیبەوە، بەرەوپێشچوونی بەرچاویان بەخۆوە نەبینیوە، وێڕای ئەوەی لەو دانوستانانەدا مۆسكۆ هیچ داواكارییەكی نوێی نەخستوەتەڕوو».
بە وتەی لاڤرۆڤ»گروپە چەكدارەكانی سوریا كە لەلایەن توركیاوە پشتوانی دەكرێن، بەردەوامن لە هێرش و پەلامارەكانیان بۆ سەر هێزەكانی سوپای سوریا».
لە25ی كانوونی دووەمی رابردوەوە تا ئێستا، هێزەكانی حكومەتی سوریا كە لەلایەن روسیاوە پشتویانی دەكرێن، هێرشە زەمینی و ئاسمانییەكانیان بۆ سەر پارێزگەی ئیدلب لە باكووری خۆرئاوای سوریا چڕكردۆتەوە، توركیاش 12 خاڵی چاودێری لەو پارێزگەیە هەیە، بەهۆی بۆردومانەكانیشەوە، هەزاران هاووڵاتی ئەو پارێزگەیە ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن و بەرەو سنورەكانی توركیا هەڵبێن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*