سەرەکی » ئاراستە » نێرگز وه‌ك به‌شێك له‌ بژێوی‌ گوندنشینان

نێرگز وه‌ك به‌شێك له‌ بژێوی‌ گوندنشینان

حه‌سه‌ن مه‌لا

گوڵی‌ نێرگز؛ نێرگز و نێرگسیشی پێی‌ ده‌گوترێت، یه‌كێكه‌ له‌و گوڵه‌ بۆنخۆش و جوانانه‌ی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ سروشتی‌ و خۆرسك له‌ زۆربه‌ی‌ گوند و مێرگه‌كانی‌ نیشتمانی‌ كوردان سه‌وز ده‌بێت، گوڵی‌ نێرگز مژده‌ی‌ نزیك بوونه‌وه‌ی‌ هاتنی‌ وه‌رزی‌ به‌هار و كۆتایی‌ هاتنی‌ وه‌رزی‌ سه‌رمام و سۆڵه‌ ده‌گه‌ینێت.
نێرگز له‌ ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ دووی‌ هه‌موو ساڵێك له‌ زه‌ویه‌ مێرگ و شێداره‌كان له‌ گونده‌كان ده‌رده‌كه‌وێت له‌گه‌ڵ چه‌ند جۆره‌ ڕووه‌كێكی‌ دیكه‌ی‌ وه‌ك كنگر و هه‌پڵۆك و پیشكۆك … هتد، له‌ ئێستادا گوڵی‌ نێرگز پێده‌شت و گونده‌كانی‌ ره‌نگین كردووه‌ گوندنشینان وه‌ك به‌شێك له‌ بژێوی‌ ژیانیان له‌ شاره‌كان ده‌ی فرۆشن، له‌ ئه‌نجامی‌ به‌ دواچوونی‌ ڕۆژنامه‌وانی‌ (گوندستانی نوێ) به‌شێك له‌ گوند و پێده‌شته‌كانی‌ سنوری‌ گه‌رمیانی‌ به‌سه‌ر كرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ جوتیاران و گوندنشینان دواین.

ناو و ئه‌فسانه‌ی‌ نێرگز
نێرگز زاراوه‌یه‌كه‌ به‌ واتای‌ زیاده‌ڕۆیی‌ له‌ خۆشه‌ویستی‌ و سه‌رسامبوون به‌ خود تا ڕاده‌ی‌ خۆ ئه‌وینداری‌ دێت، یان زیاده‌ ڕۆییه‌ له‌ به‌ خۆنازین له‌ گه‌وره‌كردنی‌ خود. نێرگزیش خۆی‌ به‌ باڵا و گه‌وره‌ ده‌زانێت تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی‌ به‌ ( شێتی‌ گه‌وره‌یی‌) ناو ده‌برێت.
سه‌باره‌ت به‌ ناوی‌ گوڵی‌ نێرگز چه‌ندین چیرۆك و ئه‌فسانه‌ باس ده‌كرێت، یه‌كێك له‌و چیرۆكانه‌ی گوڵی‌ نێرگز به‌پێی‌ هه‌ندێك له‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌فسانه‌ی‌ یونانی كاتێك شازاده‌ (نرسیس) زۆر سه‌رسام بووه‌ به‌ جوانی‌ خۆیی و كاتێك ڕوخساری‌ خۆی‌ له‌ ئاوه‌كاندا بینیوه‌ته‌وه‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێك له‌ جوانی‌ خۆی‌ تێڕاماوه‌ و جارێك چۆته‌ سه‌ر ده‌ریاچه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی‌ ته‌ماشای‌ خۆی‌ بكات به‌ڵام پێی‌ خه‌ڵخلیسكاوه‌ و له‌ ئاوه‌كه‌دا خنكاوه‌و هاوڕێكانی‌ جۆرێك گوڵیان بینیووه‌ له‌و شوێنه‌ی‌ ئه‌م شازاده‌یه‌ تیادا خنكاوه‌ به‌ ئه‌و هۆیه‌وه‌ ئه‌م گوڵه‌یان ناوناوه‌ (نرسیس). هاوكات هه‌ندێكی‌ تر پێیان وایه‌ وشه‌ی‌ نێرگز له‌وه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ كه‌سێك زۆر له‌ خۆی‌ ڕازی‌ بێت به‌هۆی‌ جوانیه‌كه‌یه‌وه‌، ئه‌م گوڵه‌ش ناهێڵێت هیچ گوڵێك له‌ نزیكی‌ بڕوێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ ناونراوه‌ نێرگز.

جۆره‌كانی‌ نێرگز
له‌ جیهاندا چه‌ندین جۆری‌ گوڵی‌ نێرگز هه‌ن كه‌ هه‌ریه‌كه‌ ناوێكی‌ لێنراوه‌، شاره‌زایانی‌ ڕووه‌كناسی‌ ده‌ڵێن نزیكی‌ (50) جۆری‌ گوڵی‌ نێرگز هه‌یه‌ به‌پێی‌ به‌ دواچوونێكی‌ ڕۆژنامه‌وانی‌ له‌ كوردستانیش (60) جۆری‌ هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش به‌شێكه‌ له‌ناوه‌كانی نێرگز له‌ وڵاتی‌ كوردان «نێرگزی‌ ئامارلیس، نێرگزی بۆندار، نێرگزی‌ بولبۆكۆدیوم، نێرگزی‌ ده‌ریایی‌، نێرگزی سولێمان، نێرگزی‌ كێویله‌، نێرگزی‌ گوڵ گه‌وره‌، نێرگزییه‌كان.

له‌ گونده‌كان نێرگز وه‌ك بژیویی
به‌یانییه‌كی‌ كه‌مێك زوو له‌ناو مێرگێكی‌ نزیك سه‌ر جاده‌ له‌ ناحیه‌ی‌ قادر كه‌ره‌م هه‌ندێك گوندنشینمان بینی‌ سه‌رقاڵی‌ لێكردنه‌وه‌ی‌ گوڵی‌ نێرگز بوون، دوای‌ سڵاو له‌ ژنێكی‌ گونده‌كه‌م پرسی‌ چۆنێتی‌ لێكردنه‌وه‌ی‌ نێرگز وتی‌: گوڵه‌كانی‌ ده‌بڕینه‌وه‌ ئینجا جوان پاكی‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی‌ شه‌و و ڕۆژێك ده‌یخه‌نه‌ ناو ئاوه‌وه‌ تا جوانترو گه‌شتر ده‌بێت، ده‌یكه‌ینه‌ ده‌سك ده‌سك و ئاماده‌ی‌ ده‌كه‌ین و ده‌ڕۆین له‌ شار ده‌یفرۆشین، له‌ نزیك بازگه‌ی‌ مه‌قان چه‌ند مێرد مندالێكم ده‌بینی‌ چه‌پكه‌ نێرگزت بۆ ده‌هێننه‌ پێشی‌ جامی‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ت، كاتێك پرسیم له‌ كوێوه‌ ده‌یهێنن و بۆچی‌ لێره‌ ده‌یفرۆشن؟ گووتی‌ نێرگز جوان و بۆنخۆشه‌ له‌ گونده‌كان. له‌ لایه‌ن به‌شێك له‌ گوندنشینه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی‌ چه‌پك چه‌پك ده‌هێنرێت بۆ شاره‌كان، ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ نێرگزیان ده‌هێنا بۆ شار به‌ مه‌به‌ستی‌ بژێوی و ده‌ستكه‌وتنی‌ قازانج ئه‌م جۆره‌ كاره‌یان كردوه‌، ئه‌و گه‌نجه‌ زیاتر گووتی‌: ئێستا گوڵی‌ نێرگز بۆ فرۆشتن له‌ بازارو ترافیك له‌لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه‌ ده‌فرۆشرێن. شاره‌زایانی‌ بواری‌ ئابوری‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن به‌پێی‌ ئه‌و خه‌مڵاندنانه‌ی‌ بۆ گوڵی‌ ڕووه‌كی‌ نێرگز كراوه‌ به‌ ته‌نها له‌ باشوری‌ كوردستان ساڵانه‌ ده‌توانن به‌های‌ زیار له‌ 30 ملیۆن دۆلار داهاتیان له‌ گوڵی‌ سروشیه‌وه‌ ده‌ست بكه‌وێت به‌ تایبه‌یش گوڵی‌ نێرگز.

نێرگز وه‌ك سمبولی‌ كورده‌واریی‌
نێرگز له‌ مێژووی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد دا به‌ سمبوولی‌ كورد داده‌نرێت به‌ هۆكاری‌ كه‌ش و هه‌وا و جوگرافی‌ كوردستان وایكردووه‌ له‌ وڵاتانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ خۆی‌ به‌ تایبه‌تی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ جودا بێت، له‌ بواری‌ شۆڕشگێری‌ و خه‌باتی‌ كوردایه‌تی‌ گوڵی‌ نێرگز وه‌ك هاندانی‌ خه‌باتگێڕ باسكراوه‌و ڕۆڵی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌بووه‌. زۆرجاریش خوێنی‌ شه‌هید له‌گه‌ڵ گوڵی‌ نێرگز ئاوێزان بوون، له‌ گونده‌كانی‌ كوردستان زۆرجار وه‌ك جوانی‌ ژنان و پیاوان كردویانه‌ به‌ به‌رۆكی‌ خۆیان بۆ نموونه‌ پیاوان به‌ ده‌ستیانه‌وه‌ گرتووه‌ یان كردویانه‌ به‌ توێی‌ پشتوێنداو ژنانیش كردویانه‌ به‌ توێی‌ له‌چك و ده‌سته‌كانیاندا.

نێرگز وه‌ك ریكلام و ڕاگه‌یاندن
گوڵی‌ نێرگز له‌ناو وڵاتی‌ كورده‌وارییدا زۆرجار وه‌ك دیاری‌ خه‌ڵكی‌ بۆ یه‌كتر بردویانه‌، زۆرجار نێرگزیش له‌نێوان هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز وه‌ك ده‌ربرینی‌ خۆشه‌ویستی‌ پێشكه‌شی‌ یه‌كتریان كردوه‌. له‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ ڕاگه‌یاندنیش كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ «كوردسات» و «كوردسات نیوز» سه‌ر به‌ مه‌كته‌بی‌ ڕاگه‌یاندنی‌ یه‌كێتیی نشتیمانیی‌ كوردستان وه‌ك سمبوول و لۆگۆ به‌رده‌وام نووساوه‌ به‌م دوو كه‌ناڵه‌وه‌ وه‌ك هێمایه‌كی‌ ره‌مزی‌ كورده‌واریی‌.
نێرگز له‌ بواری‌ ئه‌ده‌بیات
نێرگز یان گوڵی‌ نێرگز له‌ كۆندا زۆرێك له‌ شاعیران و ئه‌دیبان و ته‌نانه‌ت هونه‌رمه‌ندان وه‌سفی‌ نێرگزیان كردوه‌، له‌وانه‌ شاعیرانی‌ وه‌ك نالی‌، حاجی‌ قادری‌ كۆیی، مامۆستا هه‌ژار، هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندان و گۆرانی‌ بێژانیش وه‌ك نه‌جات عه‌بدول مه‌سیح، قادر كابان و …. هتد باسی‌ نێرگزیان كردوه‌ وه‌ك گۆرانی‌ (هۆ نێرگز).

نێرگز بۆ ناولێنان
زۆریك له‌ گوند و شاره‌كانی‌ كوردستان به‌تایبه‌تی‌ له‌ گونده‌كان نێرگز بۆ ناونانی‌ مرۆڤه‌كان به‌كارهاتووه‌ به‌ تایبه‌تی‌ بۆ ڕه‌گه‌زی‌ مێ‌ یاخود ئافره‌تان له‌ كۆن و ئێستاشدا ناویان نێرگزه‌ و ناوێكی كۆنه‌ و له‌ناو فه‌رهه‌نگ و كه‌له‌پوری‌ كوردیدا جێگیربووه‌.

نێره‌گز وه‌ك چاره‌سه‌ری‌ كورده‌واریی‌
به‌شێكی‌ زۆری‌ گوندنشیان ده‌ڵێن له‌ كۆندا گوڵی‌ نێرگز له‌گه‌ڵ گوڵ و شتی‌ تر وه‌ك چاره‌سه‌ری‌ زۆر نه‌خۆشی‌ به‌كارهاتووه‌ و سوودی‌ زۆر هه‌بووه‌ بۆ نه‌خۆشی، پسپۆرانی‌ بواری‌ ته‌ندروستی‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن خواردنی‌ نێرگزی‌ كوڵاو زۆر به‌سووده‌.

سووده‌كانی‌ نێرگز
-1بۆ ڕازانه‌وه‌ی‌ باغ و بۆنخۆشكردنی‌ شوێنه‌كان.
-2بۆ كه‌م كردنه‌وه‌ی‌ ئازاری‌ ناو سك به‌كارهاتووه‌و ئه‌ویش به‌ به‌كارهێنانی‌ و ئاماده‌كردنی‌ به‌ كوڵاندنی‌ سه‌لكی‌ نێرگز و پاڵاوتنی‌ ئه‌و پێكهاته‌یه‌ی‌ كوڵاندوته‌ و ساركردنه‌وه‌ و خواردنه‌وه‌. وه‌ك ده‌وترێتیش به‌سووده‌ بۆ برینی‌ گه‌ده‌.
-3نێرگز چاره‌سه‌ره‌ بۆ خه‌مۆكی‌ و سه‌ر ئێشه‌.
-4زه‌یتی‌ نێرگز به‌كار دێت بۆ ده‌روستكردنی‌ كه‌ره‌سته‌ی‌ جوانكاری‌.
-5بۆنكردنی‌ ئه‌م گوڵه‌ توانای‌ سێكسی‌ لای‌ پیاو زیاد ده‌كات.
-6لاسكی‌ ئه‌م گوڵه‌ چاره‌سه‌ره‌ بۆ هه‌ڵوه‌رینی‌ قژ ئه‌وه‌یش به‌ تێكه‌ڵاوكردنی‌ ئه‌م كه‌ره‌ستانه‌ (چه‌ند چڵێك له‌ گوڵی‌ نێرگز له‌گه‌ڵ كه‌وچكێك زه‌یتی‌ زه‌یتون و كه‌وچكێك زه‌یتی‌ گه‌رچه‌ك له‌گه‌ڵ گه‌ڵایه‌كی‌ ئه‌لۆڤێرا و دوو په‌رداخ ئاو).

 

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*