سەرەکی » زانست » دوای كۆتایهاتنی كۆرۆنا چی روودەدات؟

دوای كۆتایهاتنی كۆرۆنا چی روودەدات؟

ئەو زانا و پسپۆڕانەی هەمیشە پێشبینییەكانیان بە هەند وەردەگیرێت، پێشبینیی ئەوەیان کردووە کە دۆخی جیهان لە دوای كۆتایهاتنی كۆرۆناوە گۆڕانكاریی بەسەردابێت و کە هەندێك لەو پێشبینییانە باشن و هەندێكیشیان خراپ.
هەریەك لە (تۆم چیزرایت و ئایان پیرسۆن) کە دوو زانای بەناوبانگی بریتانین لە بواری پێشبینی كردندا بۆ ئایندە، لە لێدوانیاندا بۆ پێگەی (The Sun)ی بریتانی پێشبینیان كردووە لە دوای كۆتایهاتنی مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە ناوە زانستییەكەی ( كۆڤید -١٩)یە، زۆر شت لە جیهاندا گۆڕانكاریی بەسەردا دێت كە پێشتر وانەبووە لەوانەش:

ماوەی كاركردن لە دەرەوە لە (٩) سەعات كارەوە دەبێتە (٥) سەعات.
تۆم چیزرایت پێشبینی دەكات و دەڵێت: “بەم نزیكانە كۆتایهاتنی ماوەی كاركردنی درێژ دەبینین”.
هەروەها دەڵێت: “كۆمپانیا ژیرەكان لەوە تێدەگەن كە مرۆڤەكان رۆبۆت نین و پێویستە وا كاربكەن كە هێندەی توانایانە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ماوەی كاركردنیان هێندە بێت كە لەشیان بەرگەی بگرێت”.
ئەو دەشڵێت “بۆ لەمەودوا پێویستە كەسەكان لەكاتی كاركردندا پشوویەك وەربگرن و هەر كاتیش توانایان نەما دەبێت دەست لەكارەكە هەڵبگرن”.

كاركردنی بە كۆمەڵ لە ماڵەوە
(ئایان پیرسۆن)یش كە یەكێكی ترە لەو زانایانەی هەمیشە پێشبینی بۆ ئایندە دەكات دەلێت: “بەهۆی مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە ماڵەوە و بە شێوەیەكی چڕ كاردەكەن، زیادی كردووە، زۆر قورسە وابیربكەینەوە كە هەموو كارمەندەكان دوای كۆتاییهاتنی كۆرۆنا بەئاسانی بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان و لە ئۆفیسەکانیان وەك جاران بە ئاسوودەیی كاربكەن”.
ئەو دەڵێت: ” پێدەچێت زۆر كەس جارێكی تر و دوای تەنگەژەی كۆرۆنا پێیان باشتر بێت لە ماڵەكانیانەوە كاربكەن لە بری ئەوەی گەشتێكی دوور بكەن بۆئەوەی نەچنە سەركارەكانیان”.
هەروەها جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بە هۆی ئەوەی زۆربەی كات خەڵك لە ماڵەوە دەمێننەوە، ئەوا بەكارهێنانی هۆكانی گواستنەوە كەمتر دەبێتەوە و جەنجاڵیی كەمتر و دەردانی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن كەم دەبێتەوە و دواجاریش پیسبوونی ژینگە كەم دەبێتەوە كە ئەمەی دواییان خاڵێكی ئەرێنییە”.

پرۆسەی ئەمباركردن بۆ رۆژی دوایی بەرەو ئاراستەیەكی بەرفراوان دەڕوات
بەر لەساڵی 2020 دیدگای ئامادەكاریی بۆ رووداوەكانی ئایندە تەنها لای ئەوانە هەبوو كە بڕوایان بە كۆتایهاتنی دونیا هەیە و خەمی ئەوەیان بوو كە لەئایندەدا شتێك رووبدات، ئەوان نەتوانن پێداویستییەكانیان دەست بكەوێت و تەنانەت لەسەر ئاستی باڵاشدا هەندێك حكومەت بیریان لەوە دەكردەوە پێداویستیی گرنگ لە پەناگەی نهێنی و پارێزراودا بشارنەوە بۆ ئەو كاتە، بەڵام وەك (تۆم چیزرایت) ئاماژەی پێداوە، ئێستا بە شێوەیەكی گشتگیرتر ئەو دیدگایە لای زۆر لە مرۆڤەكان دروست بووە و جۆرێكی تر لە دەستەبەركردنی پێداویستیی دەڕوانن و روونیكردەوە: “پێشتر دەوڵەمەندەكانی ئەمریكا ئەو كارەیان دەكرد و ببووە جێگەی شانازییان كە لە ماڵەكانیان جۆرە پەناگەیەكی وایان هەیە كە خۆراك و پێداویستیی زۆریان تێدا داناوە كە بەشی ماوەیەكی زۆربكات تا رەواندنەوەی مەترسییەكانی ئەو رووداوانەی كە رەنگە لە ئایندەدا رووبدات”.
ئەو دەڵێت: ” ئێستا لە بریتانیاش خەریكە ئەم جۆرە هەڵسوكەوتە دەردەكەوێت”.

پارەیەكی زۆرتر بۆ تەندروستیی باشتر

ئایان پیرسۆن دەشڵیت: ” لە ئێستاوە هەندێك تەكنۆلۆژیا و پسپۆڕی پزیشكیی و بایۆلۆجی لە سەرتاسەری جیهاندا باشتركراوە و خراوەتە خزمەتی رزگاركردنی مرۆڤەكانەوە و رەنگە ئیتر ئەم جۆرە ئاراستەیە بەردەوام بێت، كە ئەمەش لایەنێكی ئەرێنییە”.
ئەو دەشڵێت: “ئێستا ژێرخانی ئابووریی نیشتمانیی لە هەموو وڵاتێكدا باشتر ژیاوەتەوە و ئەوەی كە ناوەندە تەندروستییە حكومییەكان دەیكەن، زۆر جێگەی سەرنجە و پێشبینی دەكرێت ئیدیی پارەیەكی باش تەرخان بكرێت بۆ چاودێریی تەندروستی، نەك بە تەنها لە بریتانیا، بەڵكو لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا”.

شۆفێرەكان لە هەموو شوێنێك دەبن

تۆم چیزرایت و هاوكارەكەی لەو بڕوایەدان كە مەترسیی كۆرۆنا گۆڕانكارییەكی ژینگەیی گەورەی هێنایە كایەوە، بە هۆی ئەوەی هۆكانی گواستنەوە كە پشكیان هەبوو لە پیسكردنی ژینگەدا لە كارخراون، بەڵام لەلایەكی ترەوە لەدوای كۆتایهاتنی مەترسیی كۆرۆنا گۆڕانكاریی لە هۆكانی گواستنەوەی تایبەتدا دروست دەبێت و شۆفێر و ئۆتۆمبێلی تایبەت بە شێوەیەكی زۆر دەبینرێت، چونكە ئیتر زۆربەی كەس دەكەونە كڕینی ئۆتۆمبێلی تایبەت و كەمتر هۆكانی گواستنەوەی گشتیی بەكار دەهێنن لە ترسی دووبارە بوونەوەی سیناریۆكانی گواستنەوەی ڤایرۆسی كۆڤید – ١٩.
هەردوو زاناكە دەڵێن: ” لەم كاتەدا كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیل بە گشتیی و ئۆتۆمبیلی كارەبایی بە تایبەتی، زۆر قازانج دەكەن بەهۆی ئەوەی كە خواست لەسەر ئۆتۆمبیل زۆر دەبێت و بە تایبەتیش ئۆتۆمبێلی كارەبایی كە دۆستی ژینگەیە.

سەرچاوە: سپۆتنیك

print

 89 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*