سەرەکی » زانست » ڤارگۆنی شەمەندۆفێر دەكرێنە…پەڕە 27

هیندوستان:

ڤارگۆنی شەمەندۆفێر دەكرێنە…

هیندوستان:ڤارگۆنی شەمەندۆفێر دەكرێنە یەكەی كەرەنتینە

 كەشتیی نوح

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی (كۆڤید- 19) لە هیندوستان، جگە لە وەستاندنی زۆربەی گەشتەكانی شەمەندۆفێر، ڤارگۆنی ئەو شەمەندۆفێرانە دەكرێنە یەكەی كەرەنتینە كردن.

  بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لە هیندوستان، حكومەتی ئەو وڵاتە زنجیرەیەك ریوشوێنی گرتۆتەبەر لەوانەش قەدەغەكردنی هاتوچۆ بۆ ماوەی (٢١) رۆژ كە ئەم رێوشوێنە راگرتنی هێڵەكانی شەمەندۆفێریشی گرتۆتەوە كە ماوەی (١٦٧) ساڵە لەو وڵاتە هیچ دۆخێك نەبۆتە هۆی راگرتنی جموجۆڵی شەمەندۆفێرەكان.

بەپێی ئاژانسەكانی هەواڵ، بەڕێوەبەرێتی هێڵەكانی ئاسن لە هیندوستان بڕیاری داوە (٢٠) هەزار ڤارگۆنی شەمەندۆفێر بكاتە شوێنی تایبەت بۆ كەرەنتینەكردنی ئەوانەی تووشیی ئەو ڤایرۆسە دەبن.

هەروەها لە سەرتاسەری ئەو وڵاتەدا نزیكەی (125) شەمەندۆفێر كراونەتە نەخۆشخانەی مەیدانیی، چونكە تایبەتمەندیی قەرەوێڵەی گەڕۆكی هەیە و دەتوانێت بگاتە شوێنە دوورەدەستەكان.

لە هیندوستان (١٦) ناوچەی هێڵی ئاسنی هەیە كە لێپرسراوەكانی فەرمانیان داوە بە فەرمانبەرەكانیان لەهەر شەمەندۆفێرێكدا چەند فارگۆنێك كە هەواگۆڕكێی باشە  ئامادەبكەن بۆئەوەی لەكاتی پێویست و كتوپڕدا بكرێنە ژووری كەرەنتینەكردنی نەخۆشەكان.

(بیوش گۆیاڵ) ی وەزیری هێڵی ئاسنینی هیندوستانیش لە تویتێکیدا کە لەلاپەڕەی خۆی لە تۆڕی تویتەر بڵاویکردۆتەوە نووسیوێتی: ” هێڵەكانی شەمەندۆفێر كراونەتە ژینگەیەكی پاكژ و سەلامەت بۆ  نەخۆشەكان بە مەبەستی چاودێریكردنیان و پاراستنی ژیانیان”.

لێپرسراوانی حكومیش لەو وڵاتە ئەوەیان ئاشكراكردووە کە تائێستا پێنج هەزار یەكەی كەرەنتینەیان ئامادە كردووە و لەكاتی پێویستیشدا دەتوانن لەماوەی (٢٤) سەعاتدا هەزارانی دیكە ئامادە بكەن.

بەپێی ناوەندە تەندروستییەكانیش لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لە هیندۆستان نزیكەی پێنج هەزار كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و لەوانەش (١٠٩)  كەس گیانیان لەدەستداوە و (٣٠٠)  كەسیش چاكبوونەتەوە.

ئەمەش بەلای ناوەندە تەندروستییە ناوخۆییەكانی ئەو وڵاتەوە ژمارەیەكی ئاساییە بۆ ئەو وڵاتە كە ژمارەی دانیشتوانی ملیارێك و (٣٦٠) ملیۆن كەسە.

 ماوەتەوە بوترێت، هێڵی ئاسنینی هیندوستان لە رووی قەبارەوە پلەی چوارەمی هەیە لەسەر ئاستی جیهان و لەكاتی ئاساییدا رۆژانە زیاتر لە (٢٠) هەزار شەمەندۆفێر لە شار و هەرێمەكانی سەرانسەری ئەو وڵاتەدا لەكاردان و لە (٧٤٣٩) وێستگە وەستانیان هەیە.

سەرچاوە:   Skynews

 361 جار بینراوە