سەرەکی » راپۆرت » دژایەتی گەندەڵی،ناوی گەورە ‌و دێی وێران

دژایەتی گەندەڵی،ناوی گەورە ‌و دێی وێران

مستەفا حەبیب

لەم رۆژانەدا گەندەڵیی كارگێڕی ‌و دارایی عیراقییەكانی سەرقاڵكردوە، هەموو شتێك بە ئاراستەی‌ دژایەتی‌ گەندەڵییە، بەڵام ئەوەی روودەدات لەو پەندە زیاتر نییە كە دەڵێت «ناوی گەورە‌و دێی وێران».
هەفتەی رابردوو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق وتی رەنگە جەنگی دژ بە گەندەڵی لە عیراق لە جەنگی دژ بە رێكخراوی داعش قورستر بێت، لەوەشدا راست دەكات، چونكە گەندەڵی كە بە درێژایی دەیەی رابردوو جومگەكانی دەوڵەتی داڕزاندوە‌، زۆرینەی لایەنە سیاسییە بەشدارەكانی حكومەت ‌و پەرلەمانی تێوەگلاوە كە جڵەوكردنیان ئاسان نییە.
هاوئاواز لەگەڵ هەنگاوەكانی حكومەتدا، پەرلەمانیش دەستیكردووە بە لێپرسینەوە پەرلەمانییەكانی كە وەزیران ‌و گەورە بەرپرسانی گرتووەتەوە ‌و پێشبینی دەكرێت بابەتێكی گەرم‌وگوڕ بێت ‌و ململانێ ‌و رێككەوتنی نوێی نێوان كوتلە سیاسییەكانی لێبكەوێتەوە كە رەنگە رێچكەی لێپرسینەوەكانی دژایەتی گەندەڵی بەرەو هاوپەیمانیی نوێ ببەن.
ئەو پرۆسە سیاسییەی لە دوای ساڵی 2003وە بە پێی سیستمی بەشبەشكاری تایفی بنیاتنراوە خۆی لە دابەشكردنی پۆستە حكومییەكان بەسەر حزبە عیراقییەكاندا دەبینێتەوە بە پێی سیستمێكی ورد كە پشتی بە دوو بنەما بەستووە، یەكەمیان قەبارەی ئەو هێزەیە كە پۆستەكە دەیبەخشێت، دووەمیشیان بەهای ئەو داهاتە داراییانەیە كە پۆستەكان پەیدای دەكەن.

نووسینگەی ئابووریی حزبەکان
بەگوتەی بەرپرسێكی گەورەی حكومەت ئەمڕۆ هەر حزبێكی بەشدار لە دەسەڵاتدا ناوەندێكی هەیە پێی دەوترێت نووسینگەی ئابووری كە ئەركی كۆكردنەوەی پارەیە بۆ حزبەكە لە ڕێی ئەو پۆستە حكومیانەی خودی ئەندامانی حزب وەریان گرتووە، ئەوانیش ئەركیان ئەنجامدانی سەودانامەیە لە پشتی پەردەوە بۆ دابەشكردنی گرێبەستەكانی بەڵێندەرایەتی‌و وەبەرهێنان لەگەڵ حزبەكانی دیكەدا.
ئەو بەرپرسە كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت لەبەرئەوەی دەسەڵاتی لێداونی نییە، بۆ نیقاشی ئاشكرا كرد، هەڵمەتی حكومەت لە دژی گەندەڵی سێ دۆسێی سەرەكی كردووەتە ئامانج، یەكەمیان گێڕانەوەی ئەو پارانەیە كە لە ساڵانی رابردوودا براونەتە دەرەوە‌ و بەهاكەیان بە نزیكەی 100 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت ئەویش لە رێی دەركردنی یاداشتی دەستگیركردن بۆ چەندین تۆمەتبار‌و گفتوگۆكردن لەگەڵ دەوڵەتان بە مەبەستی كارئاسانیكردن بۆ دەستگیركردنی كەسایەتیە تۆمەتبار كراوەكان، دووەمیش ئەو گرێبەست‌و پرۆژە شكستخواردووانەیە كە ژمارەیان بە زیاتر لە 6028 پڕۆژە مەزەندە دەكرێت‌و نزیكەی 250 ملیار دۆلار تێچوونیان بووە لەسەر دەوڵەت، سێیەمیشیان زیادكردنی فرۆشتنی دراوە كە بانكی ناوەندی بەڕێوەی دەبات ‌و گومانی بوونی گەندەڵی تێدا دەكرێت كە چەند حزب و كەسایەتیەكی سیاسی دەستڕۆیشتووی تێدا تێوەگلاون.
هەروەها وتی: «حزبە عیراقییەكان لە بەردەم میدیادا ململانێ لەسەر دۆسێ سیاسی‌و ئەمنییەكان دەكەن، بەڵام لە پشتی پەردەوە رێككەوتنی دارایی لەڕێی ئەو نووسینگانەوە ئەنجام دەدەن، بۆ نموونە پۆستە وەزارییەكان لە حكومەتی فیدراڵی‌و پۆستە خۆجێییەكانی دیكە لە ئەنجومەنی پارێزگاكان دەخرێنە زیادكردنەوە‌و بە بڕە پارەیەك دەكڕدرێن».
ئەو بەرپرسە كە یەكێكە لە ئەندامانی لیژنەی باڵای حكومی بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی روونیدەكاتەوە «پرۆسەی گەندەڵی زۆر لەوە زیاترە، چونكە ئەو بەرپرسەی پۆستێك وەردەگرێت بەڵێن دەدات كار بۆ پارەداركردنی حزبەكەی بكات لە رێی بودجەی دەوڵەتەوە، ئەویش لە رێی بەخشینی گرێبەستی وەبەرهێنان بە كۆمپانیاكانی سەر بە حزبەكەی، زۆربەی حزبەكانیش ئەو كارە دەكەن، لەبەرئەوە كەس ناوێرێت سكاڵا لەسەر گەندەڵی لە وەزارەتەكان بكات، چونكە ترسی ئەوەی هەیە حزبەكانی دیكەش سكاڵای هاوشێوە بكەن».

ئامرازی شكستخواردوو بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی
دەستەی نەزاهە یەكێكە لەو دەزگایانەی بنبڕكردنی گەندەڵیان پێ سپێردراوە، ئەم دەستەیە لە دوای ساڵی 2003 دامەزراوە، بەڵام پێدەچێت توانای جێبەجێكردنی ئەركەكانی نەبێت، سەرەڕای تێوەگلانی دەیان بەرپرسیش لە سەودانامەكانی گەندەڵی بە درێژایی چەندین ساڵی رابردوو، بەڵام دەستەكە نەیتوانیوە بەرپرسێك تاوانبار بكات تا ئە كاتەی هەڵاتووە بۆ دەرەوەی وڵات، بۆ نموونە عەبدولفەلاح سودانی وەزیری پێشووی بازرگانی كە لە گەندەڵییەوە گلابوو دەستەكە نەیتوانی دەستگیری بكات، پێش ئەویش ئەیهەم سامەڕائی وەزیری كارەبا ‌و حازم شەعلان وەزیری بەرگری.
نووسینگەی پشكنەرە گشتییەكان كە دەزگایەكی دیكەیە بایەخ بە رێگریكردن لە گەندەڵی دەدات، ئەویش لە دوای ساڵی 2003 وە دامەزراوە، بەڵام ئەویش شكستی هێناوە لە ئەركەكەیدا، چونكە زۆرجار وەزیرەكان‌ و بریكارەكانیان دەتوانن ئەو نووسینگانە كۆنترۆڵ بكەن كە لە بنەڕەتدا لە بینای وەزارەتەكاندان.
تەنانەت هەندێك پشكنەریش لە سەودانامەی گەندەڵییەوە گلاون‌ و رێگەیان نەداوە دەزگا دادوەری‌ و پەرلەمانییەكان لێكۆڵینەوە لە دۆسێكانی گەندەڵی بكەن، بۆ نموونە تێوەگلانی عادل محسین پشكنەری گشتی وەزارەتی تەندروستی لە سەودانامەی گەندەڵییەوە سەلماوە ئەویش دوای شاردنەوەی چەند دۆسێیەك، دواتریش پەرلەمان ناچار بوو رەوانەی دەستەی نەزاهەی بكات، بەڵام ئەویش هەڵات بۆ دەرەوەی وڵات.
لە 20ی تشرینی دووەمی رابردووشدا دواجار پەرلەمان دەنگی لەسەر پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی نووسینگەكانی پشكنەرە گشتییەكان دا كە ئەوەش دانپێدانانێكی رەسمییە بە شكستهێنانیان لە ئەركەكانیاندا.
لەبەر ئەو هۆكارەش حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران پشتی بە دوو تیمی نێودەوڵەتی بەست بۆ یارمەتیدانی حكومەتەكەی لە ئاشكراكردنی گەندەڵیدا ئەویش دوای ئەوەی شكستی ئەو دەزگایانە سەلما كە بۆ ئەو مەبەستە تەرخانكرابوون، تا ئێستاش زانیاری لەبارەی سروشتی ئەو تیمانە لەبەردەستدا نییە‌و حكومەتیش رازی نییە وردەكاری ئاشكرا بكات، بەڵام زانیارییە دزەپێكراوەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە تیمەكان لێكۆڵینەوە لە گرێبەستەكانی دەوڵەت لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا دەكەن‌و ساڵی داهاتووش دەست بەكارەكانیان دەكەن.
بە وتەی پەرلەمانتار حەنان فەتلاوی، هەفتەی رابردوو پەرلەمان هەڵمەتی لێپرسینەوەی لە ژمارەیەك وەزیری تۆمەتباركراو بە گەندەڵی دەستپێكرد‌ و سەرەتاش بە حەسەن راشد وەزیری پەیوەندییەكان دەستیپێكرد بە بێ ئەوەی ئەنجامی هەبێت، هاوكات پەرلەمانتاران شكستیان هێنا لە لێپرسینەوە لە قاسم فەهداوی وەزیری كارەبا پاش كشانەوەی فراكسیۆنەكەی لە دانیشتنەكەی پەرلەمان، ئەوەش بووە هۆی تێكدانی رێژەی یاسایی ئەندامان، بۆیە كوتلە سیاسییەكان لە رێی هاوپەیمانی بەستن لەگەڵ كوتلەكانی دیكە وەزیرەكانیان دەپارێزن یاخود بە تەنیا لە رێی پەكخستنی لێپرسینەوەكە بەهەر نرخێك بێت.
فەتلاوی بە نیقاشی وت: «دەبووایە لێپرسینەوە لە وەزیری كارەبا بكرایە، بەڵام ئەو فراكسیۆنەی وەزیرەكە سەر بە خۆیەتی «هاوپەیمانی هێزە عیراقییەكان» لەسەر ئەوە رێككەوتن بایكۆتی دانیشتنەكە بكەن تا رێژەی یاسایی تێك بدەن».

بانگەشەی هەڵبژاردن
دیارترین ئەو ئاڵنگاریانەی لە دژایەتیكردنی گەندەڵیدا روبەڕوی هەوڵەكانی حكومەتی عیراق دەبنەوە، نزیكبوونەوەی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنە، چونكە بانگەشەی ئەم هەڵبژاردنە لە گەندەڵی داراییدا چڕ دەبێتەوە نەك جەنگی دژ بە توندڕەوان یاخود دۆسێ سیاسییەكانی دیكە.
چەند مانگێكیشە كوتلە سیاسییەكان كەوتوونەتەخۆ ‌و خۆیان بۆ ئەو مەبەستە ئامادە دەكەن، لەم چوارچێوەیەشدا  سەركردەی ئاینی موقتەدا سەدر دەیان ئەندامی بزووتنەوە سیاسییەكەی دەركرد لەبەرئەوەی گەندەڵ بوون، هاوكات حزبی دەعوە دەركردنی یەكێك لە ئەندامە دیارەكانی حزبەكەی راگەیاند كە ئەویش سەڵاح عەبدولڕەزاق پارێزگاری پێشووی بەغدا بوو.
سەرەڕای ئەوەش كە زۆرینەی كوتلە سیاسییەكان پشتیوانی خۆیان بۆ هەوڵەكانی عەبادی بۆ دژایەتیكردنی گەندەڵی راگەیاندووە، بەڵام ترسی خۆیان نەشاردووەتەوە لەوەی ئەو هەوڵانە تەنیا بانگەشەی هەڵبژاردن بن بۆ خۆی تا ویلایەتێكی دیكە بەدەست بهێنێت، هاوكات چەند حزبێكی دیكە دەستیانكردووە بە هەڕەشەكردن لە عەبادی بە هەڵدانەوەی چەند دۆسێیەكی گەندەڵی لە دژی كاتێك وەزیر‌و پەرلەمانتاری پێشوو بوو.
پەرلەمانتار سەڵاح جبوری لە هاوپەیمانی هێزە عیراقییەكان بە نیقاشی وت: «ئێمە لەگەڵ بنبڕكردنی گەندەڵیداین، بەڵام لەوە دەترسین ئەم بابەتە بكرێتە بانگەشەی هەڵبژاردن‌و رێگەیەك بۆ خستنی ركابەرەكان‌و شێواندنی ناوبانگیان پێش هەڵبژاردن، دەبێت راوەدونانی گەندەڵكاران بە پێی رێوشوێنی یاسایی بەڕێوە بچێت كە هەمووان بگرێتەوە».
جبوری وتیشی: «كێشەی گەندەڵی تەنیا لە حكومەت‌ و وەزارەتە فیدراڵییەكان‌ و تەنانەت لە ئەنجومەنی خۆجێیی پارێزگاكانیشدا نییە، چونكە لە 10 ساڵی رابردوودا پارەیەكی زۆر لە لایەن ئەنجومەنە خۆجێییەكانەوە خەرج كراوە بە بێ ئەوەی پەرەپێدان‌ و گەشەسەندن بەدیبهێنێت».
بەڵام ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆك كۆمار راشكاوانەتر بوو كاتێك وتی: «قسەكردن لەسەر بنبڕكردنی گەندەڵی گرێدراوە بە تای هەڵبژاردنەوە، هیچ كەسێك بەتەنیا ناتوانێت ئەم ئەركە ئەنجام بدات، هەروەك یەكەم هەنگاوی لەناوبردنی گەندەڵی بریتیە لە وەلانانی بەشبەشكاری سیاسی‌و حزبی».
ئەركی حكومەتی عیراق لە بنبڕكردنی گەندەڵیدا ئاسان نابێت، چونكە زۆرینەی هێزە سیاسییە فەرمانڕەواكان تێوەگلاون، بۆ نموونە بڕیارەكەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران لە تشرینی دووەمدا سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی فڕۆكەخانەی نەجەف بە هۆی تێوەگلانی لە گەندەڵی، جێبەجێ نەكرا، چونكە ئەنجومەنەكە كە لە حزبەكانی دەعوە ‌و بەدر ‌و رەوتی سەدر ‌و حیكمە پێكهاتووە، رازی نییە بەڕێوەبردنی فڕۆكەخانەكە رادەست بكات لەبەرئەوەی داهاتی فڕۆكەخانەكە دەچێتە خەزێنەی ئەو حزبانەوە.
لە بەرامبەریشدا حزبەكان چەكێك دژی عەبادی بەكاردەهێنن‌و بە تێوەگلان لە سەودانامەی گەندەڵی تۆمەتباری دەكەن ئەو كاتەی وەزیری دارایی بووە لە یەكەم حكومەتی عیراقدا كە لە دوای ساڵی 2003 دامەزرا، ئەمە جگە لە چەند سەودانامەیەكی گەندەڵی وەبەرهێنان كاتێك سەرۆكی لیژنەی ئابووری‌و وەبەرهێنان بووە لە پەرلەمانی عیراق لە ساڵی 2006‌و سەرۆكی لیژنەی دارایی بووە لە پەرلەمان لە ساڵی 2010.

 555 جار بینراوە