سەرەکی » راپۆرت » پرسی لامەركەزیپەڕە 2

شرۆڤەی رۆژ

پرسی لامەركەزی

هەواڵ و بەدواداچوون

لە رێكەوتنی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان-دا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، هەردوولایەن ئیمزایان لە سەر 18 خاڵ كردووە، وەك وەسیقەیەك كە دەبێت پێیەوە پابەند بن. ئەگەرچی رێكەوتنەكە لە ماوەی حوكمڕانیی كابینەی نوێدا گلەیی و گازندەی زۆری لەلایەن یەكێتی-یەوە لێدەكرێت، بەڵام هێشتا بەزیندوویی ماوەتەوە.

ئێستا سەركردایەتیی نوێی یەكێتی، دەیەوێت پاڵپشت بە رێكەوتنەكە كار لەسەر هەندێك خاڵی رێكەوتنەكە بكات، وەك هەوڵێك بۆ ئەوەی بە پراكتیكی بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. لە رێكەوتنی ستراتیژیی نێوان یەكێتی و پارتی-دا، هەمیشە باس لەوەدەكرا كە رێكەوتنەكە وەك خۆی جێبەجێنەكراوە و شۆڕ نەبۆتەوە، بەڵام سەركردایەتیی نوێی یەكێتی دەیەوێت هەنگاو بە ئاڕاستەی خاڵ و بڕگەكانی ئەو رێكەوتنە بنێت. بۆ ئەمەش سەرەتا دەیەوێت كار لەسەر پرسی لامەركەزیی ئیداریی و دارایی بكات.

ئێوارەی رۆژی شەممە مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان كۆبوونەوەی خۆی كرد. بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، «بەگرنگییەوە باس لە سیستمی لامەركەزیی كرا» و كۆبوونەوەكە پێداگریی كردەوە لەسەر «پێویستی جێبەجێكردنی وەك خۆی رێكەوتنی سیاسیی نێوان (ی.ن.ك و پ.د.ك) كە لە كارنامەی كابینەی نۆی حكومەتدا جێگیركراوە و ئێستا بۆتە داخوازییەكی جەماوەری و ئەنجومەنە هەڵبژێراوەكان، بەتایبەت پاش ئەزموونی سەركەوتووی ئیدارە خۆجێیەكان لە بەڕێوەبردنی ئەو قەیرانەی پەتای كۆرۆنا، لە دونیا و لە هەرێمدا هێنایەكایەوە».

بەپێی رێكەوتنی یەكێتی و پارتی لە خاڵی شەشەم (ئەلف) هاتووە »هەردوولا هەوڵدەدەن لە ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا دەستووری هەرێمی كوردستان تەواو بكرێت و خواستە جیاوازەكان لە سەر سیستەمی سیاسی لە رێگەی دەستوورەوە بە سازان چارەسەر بكرێت. هاوكات هەردوولا پاڵپشتی ئەوە دەبن بە رەچاوكردنی بەرنامەی چاكسازیی مەركەزی، لەژێر چاودێری سەرۆكایەتیی حكومەتدا (لامەركەزیەتی ئیداری) لەسەر بنەمای شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان بۆ یەكە كارگێڕییەكان كاری پێبكرێت».

ئەمە جگە لەوەی ئەگەر باس لە وتاری سوێندخواردنی سەرۆكی حكومەت بكەین لە پەرلەمان، كە تێیدا جەخت لەسەر جێبەجێكردنی لامەركەزیی ئیداری لە ماوەی حوكمڕانیی كابینەی نۆیەمدا كراوەتەوە. بەم پێیە بێت، جووڵاندنی پرسی لامەركەزی لە هەرێمی كوردستان و دەستپێشخەرییەكەی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە، نابێت وا لێكبدرێتەوە كە مەبەستەكە، مەبەستێكی سیاسییە، بەڵكو لە بەرامبەردا دەبێت پشتیوانیی لێبكرێت بۆ ئەوەی ئەو دۆخە ئابوورییەی لە جیهان و ناوچەكەدا هاتۆتە ئاراوە، بەو رادەیە كاریگەرییەكانی لە هەرێمی كوردستان بەدەرنەكەوێت، بۆیە ئەو هەستیارییەی لای هەندێك لە هێزەكان دروستبووە و خوێندنەوە و تەفسیری تری بۆ دەكرێت، لە راستیدا ئەوانن كە پرسەكە دەکەن بە سیاسی. دەنا شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان بۆ یەكە كارگێڕییەكان و خزمەتكردنی هاووڵاتیان، بۆ دەبێت خوێندنەوەی دیكەی بۆ بكرێت؟.

print

 393 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*