سەرەکی » وتار » جەمال ئارێز » نیازباشی دەستپێشخەریی گەرەكە و دەبێتە هۆی دروستكردنی متمانە

نیازباشی دەستپێشخەریی گەرەكە و دەبێتە هۆی دروستكردنی متمانە

سیاسەتەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە لە ئەندێشە و بیری سەرۆك مام جەلال-ەوە سەرچاوەی گرتووە و ئەوانەش كە بوونەتە درێژەپێدەری رێبازەكە و ئەركی گەیاندنی كوردستانیان بە كەناری ئارامیی لەسەر ئەو میتۆدە واقعبین و ئاشتیخوازانەیە لەئەستۆ گرتووە، دەیانەوێت چیتر دەستەواژەی درێژەدان بە ڕێبازی مام لە چوارچێوەی دروشمی رەق ‌و تەقدا نەمێنێتەوە، بەڵكو لە پراكتیكیشدا رەنگبداتەوە و بەهەمان شێوە ببنە درێژە پێدەری ئەو چەمكانەی كە یەكێتیی پێ ناسراوە كە ئەویش بریتییە لە: لێبووردەیی، دەستپێشخەریی، ئاشتیخوازیی، رێزگرتن لە پێكهاتە نەتەوەیی و مەزهەبییەكان لە عیراق و كوردستان بەگشتی و لەناو شاری كەركوك بەتایبەتی.

ئەركی زۆرینە گرانترە

دیارە پێگەی جەماوەریی و كورسیی نوێنەرانی كەركوكی یەكێتیش لە دوا هەڵبژاردنی نوێنەرانی عیراقدا كە لە 12/5/2018دا بەڕێوەچوو، سەلمێنەری ئەوەن كە یەكێتی دەنگ و سەنگی زۆرینەی هەرەزۆری كوردی ئەو شارەیە و بەو پێیەی كە پێكهاتەی كوردیش لە شارەكەدا زۆرینەیە، بێگومان هەمیشەش زۆرینە ئەركی زیاتری دەكەوێتە ئەستۆ و بەجێگەیاندنی ئەو ئەركەش نیازپاكی و نیازباشیی دەوێت و سەلماندنی نیازباشیش دەستپێشخەریی دەوێت.

دەستپێشخەرییەكەی دوو رۆژی رابردووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە رادەستكردنەوەی گومانلێكراوان ‌و تۆمەتباران و تاوانكارانی شاری كەركوك بە دەزگا ئەمنی ‌و دادوەرییەكانی حكومەتی فیدراڵی لە شاری كەركوك كە لە دۆخی بۆشایی ئەمنیدا لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمەوە دەستبەسەركراون، جگە لەوەی هەنگاوێكی نیشاندانی ئەو نیازباشییەی یەكێتییە بۆ سەلماندنی پابەندیی ئەو حزبە بە بنەماكانی یاسا و دەستوورەوە كە هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عیراقی فیدراڵ، پابەندبوونیشە بە بنەماكانی:

پەنابردنەوە بۆ یاسا و بنەماكانی مافی مرۆڤ

دەستپێشخەرییەكە هەنگاوێكە بۆئەوەی چیتر ئەوانەی لەسەر بنەمای گومان دەستبەسەرن جا سەربە هەر پێكهاتەیەكی نەتەوەیی و مەزهەبی بن لە خوتوخۆڕایی لە زینداندا نەمێننەوە و دادگا و دەزگای دادوەریی فیدراڵی لە كەركوك چارەنووسیان یەكلایی بكاتەوەو بگەڕێنەوە ناو كەسوكاری خۆیان.

سەروەریی یاسا: ئەو بەندكراوانە تاوانەكەیان هەرچییەك بێت، لە دۆخێكی ئیستیسنائیدا دەستگیركراون ‌و رەنگە گومان بخرێتەسەر هەر لێكۆڵینەوە و لێپێچینەوەیەك كە لە دامەزراوەی دادوەریی هەرێمدا لەگەڵیاندا بكرێت، بۆیە بۆ نەهێشتنی هەر گومان و هەڵە تێگەیشتنێك رادەستكردنەوەیان بە دامەزراوەی دادوەریی ‌و ئەمنیی كەركوك ئەو گومانانە بڕەوێنێتەوە، چونكە ئەو تۆمەتبارانە بەهەرشێوەیەك حوكم بدرێن، لە هەرێم بێت یان لە دامەزراوە فیدراڵییەكان، بەهەمان یاسای كارپێكراوی عیراق حوكم دەدرێن، بۆیە ساغبوونەوەی كەیسەكانیان لەلایەن حكومەت ‌و دامەزراوە دادوەرییە فیدراڵییەكانی شارەكەوە هەر گومان ‌و بەدحاڵیبوونێك دەڕەوێنێتەوە كە بەچاوی مەزهەبگەرایی ‌و شۆڤێنیستییەوە لێی بڕوانرێت.

تاچیتر ناحەزانی یەكێتیش لە ناوخۆ ‌و دەرەوەی هەرێمدا نان ‌و پیاز بەو بابەتەوە نەخۆن و وای شرۆڤە بكەن كە یەكێتی و هەرێم ئەوانە وەك كارتی سیاسی لەبەرامبەر بەغدا بەكاردەهێنێت، چونكە یەكێتی پێیوایە هەرێمی كوردستان لەڕووی ئەمنییەوە نابێت ببێتە پەناگەی خەڵكی گومانلێكراو و تاوانكار كە لەلایەن دامەزراوە فیدراڵییەكانەوە داواكراون، بۆیە دەزگا ئەمنییەكانی سنووری سلێمانی پێشتر بەهاوئاهەنگی بەشێك لەو داواكراوو گومانلێكراو و تاوانكارانەیان دەستگیركردووە و ئێستا بەهاوئاهەنگیی ‌و بەئاشكرا و بەبێ سەفەقات ‌و سات ‌و سەودای ژێربەژێر رادەستی دامەزراوە فیدراڵییەكانی دەكاتەوە تا ئەوانەی بێتاوانن بگەڕێنەوە ناو ماڵ ‌و حاڵی خۆیان ‌و ئەوانەش كە تۆمەتەكانیان بەسەردا ساغ دەبێتەوە، یاسا چارەنووسیان یەكلایی بكاتەوە.

راستگۆیی لە گوفتار و كرداردا

یەكێتی وەك هێزێكی سەرەكیی كوردستان ‌و عیراق و بەشدار لە هەموو گەڕەكانی دانوستاندنی هەرێم لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ ‌و لەگەڵ حزب ‌و لایەنە عیراقییە كاریگەرەكان، پێداگریی لەسەر جێبەجێكردنی دەستووری عیراق دەكات، هەربۆیە دەستپێشخەرییەكەی یەكێتی بۆ پتەوكردنەوەی متمانەشە لەنێوان خۆی و حكومەتی فیدراڵ ‌و لایەنە عیراقییەكان لە نوێنەرانی هەموو پێكهاتەكان، چونكە دڵنیایە لەوەی كە متمانە تەنها بە قسە و دروشمی ناو میدیاكان بنیات نانرێت، بەڵكو هەنگاوی پراكتیكیشی دەوێت، ئەم دەستپێشخەرییەش پراكتیزەكردنی ئەو دروشمەیە لە گوفتارەوە بۆ كردار كە یەكێتی قەناعەتی بێ ئەملاوئەولای پێی هەیە و وەك ئاماژەمان پێدا تەنها بۆ بەكارهێنانی نییە وەك كارتێكی سیاسی لەدژ یان لە بەرژەوەندیی هیچ كەس ‌و لایەنێك، بەڵكو لە قەناعەتییەوە بە پێویستیی پتەوكردنەوەی ئەو پردی متمانەیەیە بەتایبەتی لە شاری كەركوكدا كە جگە لەوەی بە ناوچەیەكی (جێناكۆك) لەسەر ئاستی پەیوەندییەكانی هەرێم ‌و بەغدا وەسف دەكرێت، بارگاویشە بە چەندین كاریگەریی ئیقلیمی ‌و نێودەوڵەتی، بۆیە پتەویی پەیوەندیی نێوان یەكێتی وەك هێزێكی سەرەكی هەرێم و هێزی یەكەم لەكەركوك لەگەڵ بەغدا، دەبێتە رێگر لەبەردەم سەپاندنی هەر ئەجێندایەكی دەرەكی ‌و ئیقلیمی بەسەر ئەو شارەو ناوچەكانی دیكە كە بە جێناكۆكی لەدەستووردا ئاماژەیان پێدراوە.

یەك پاكێجیی ئاسایش ‌و ئارامیی

بێگومان تێڕوانینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەو جۆرەیە كە ئاسایش ‌و ئارامیی هەرێمی كوردستان ‌و عیراق یەك پاكێجن لەڕووی ئیداریی ‌و دارایی ‌و ئابووریی ‌و سیاسی‌و كۆمەڵایەتییەوە، بۆیە هەر لە دوای 2003 وە یەكێتیی پێی وابووە كە هەر نائارامیی ‌و ناسەقامگیرییەك لە ئاسایش ‌و ئارامیی لەو بوارانەدا كە لەعیراقدا هەبێت، كاریگەریی بۆسەر هەرێمی كوردستانیش دەبێت، جەنگی روبەڕوبوونەوەی قاعیدە و گروپە تیرۆریستییە هاوشێوەكانی ‌و پاشماوەكانی بەعس ‌و دواهەمینیشیان جەنگی روبەڕوبوونەوەی تیرۆریستانی داعشیش باشترین نموونەیە كە هەموو ئەو قۆناغە جیاجیایانە سەلمێنەری ئەو راستییەن كە هەر ئاستەنگێك لەبەردەم ئارامی و سەقامگیریی ئاسایش ‌و ئارامیی سیاسی ‌و كۆمەڵایەتی لە سنووری عیراقدا، راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر هەرێمی كوردستان ‌و بەتایبەتیش شاری كەركوك دەبێت وەك شارێكی عیراقی بە ناسنامە كوردستانییەكەیەوە كە چەندین پێكهاتەی ئایینی ‌و مەزهەبی ‌و نەتەوەیی پێكەوە دەژین.

زیندووهێشتنەوەی كەلتوورەكەی مام

ئەم دەستپێشخەرییەی یەكێتی جگە لەوەی رەچاوكردنی یاسا و بنەماكانی ئاسایش ‌و ئارامییە لەڕووی ئەمنییەوە، زیندووكردنەوەو بەرزڕاگرتنی هەمان كەلتووری یەكێتییەكەی مامە كە گرنگیدانە بە ئاسایشی كۆمەڵایەتی ‌و پێكەوەژیان لە كەركوك ‌و ناوچە جێناكۆكەكان، ئەو كەلتوورەی كە هەمیشە هەموو پێكهاتەكان لەسەر خوان ‌و لە بارەگاكەی مامدا كۆدەبوونەوە و ناكۆكییەكانیان بە گرتنەبەری دیالۆگ ‌و قبوڵكردنی دەستپێشخەرییەكانی ئەو زاتە یەكلایی دەكردەوە و گرژییەكانی نێوانیان خاودەكردەوە.

مافی یاسایی و مرۆیی

دیوێكی دیكەی دەستپێشخەرییەكە، لابردنی قورسایی ‌و بارگرانی ‌و خەرجییەكی زیادەیە لەسەر ئەستۆی هەرێم، بەو پێیەی ئەم بەندكراوانە پێویستیان بە چاودێریی تەندروستی ‌و دابینكردنی پێداویستیی خۆراك ‌و پۆشاكە ‌و ناشكرێت دۆخی نالەباری دارایی هەرێم بكرێتە پاساوی پشتگوێخستنی مافی مرۆیی و یاسایی ئەو بەندكراوانە، بۆیە رادەستكردنەوەیان هەم لابردنی ئەو بارە قورسەی خەرجییە ‌و هەم پارێزگاریشە لە مافە یاسایی ‌و مرۆییەكانی ئەوان.

 499 جار بینراوە