سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » شوان کابان:بڵاوبوونەوەی ژمارەیەک بەرهەمی ئەدەبی و هونەریی لە سەردەمی شاخدا سەروەرییەکی گەورە بوو بۆ یەکێتی

نوێ‌.. نوێبوونەوە

شوان کابان:بڵاوبوونەوەی ژمارەیەک بەرهەمی ئەدەبی و هونەریی لە سەردەمی شاخدا سەروەرییەکی گەورە بوو بۆ یەکێتی

لەشۆڕشی نوێی گەلەكەماندا بەڕابەرایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێشخستن و بوژانەوەی بواری رووناكبیریی و هونەریی و راگەیاندن یەكێك بووە لەو ئامانجە گرنگانەی شۆڕش كە هەر لەسەردەمی شاخەوە كاری بۆ كراوەو گرنگییەكی بەرچاوی پێدراوە، ئەم گرنگیپێدانەش دوای راپەڕین بەردەوامی هەبووە. بۆ ئەم مەبەستە كوردستانی نوێ لەیادی دامەزراندنی (45) ساڵەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا كە بەیادی (نوێ‌… نوێبوونەوە) دادەنرێت، ژمارەیەك هونەرمەندو رووناكبیر دەدوێنیت كە رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە داینەمۆی شۆڕش و ئێستاش لەگەڵ نووێبوونەوەی یەكێتی بەردەوامن:

ئامادەکردنی: کەنار قاسم

لەمبارەیەوە شوان کابان وتی:
ئەگەر چاوێک بە مێژووی یەکێتیدا بخشێنینەوە، ئەو کەشوهەوایەی یەکێتی رەخساندبووی بۆ هونەرمەند و رووناکبیران بارردۆخێکی وەهای هێنایە پیشەوە کە ژمارەیەکی زۆر بەرهەمی ئەدەبی و هونەری لە سەردەمی شۆڕشدا بڵاوبێتەوە، کە ئەمە بۆ خۆی سەروەرییەکی گەورەیە لەخەباتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا لە شاخ.

یەکێتیی نیشتیمانیی بە حوکمی ئەوەی لەلایەن کۆمەڵێک کەسی رۆشنفکرەوە دامەزرا، خۆیان جگەلەوەی سیاسەتمەدار نووسەرو رۆژنامەنووس بوون، کەشوهەوایەکی وا لەناو یەکێتی دروستبوو کە بەدرێژایی مێژووی خۆی چ لە شاخ و چ دوای راپەڕینیش بواری ئەدەب و هونەر و نووسین گەشە بکەن، بۆئەوەی ئەوانەی لەو بوارەدا کاردەکەن دەرفەتی باشیان بۆ بڕەخسێ و ئازادانە کاربکەن، لە شاخ ئەو هەڤاڵانەی دامەزرێنەری یەکێتی بوون، دواتر ئەوانەشی لە سەرکردایەتی یەکێتی و کادرە پێشکەوتووەکان تەنانەت پێشمەرگەش بۆ خۆیان لە هەندێ کایەی ئەدەبی و رۆشنبیریدا بوون.

ئەوەی زیاتر قسەی لەسەر دەکرێت مۆسیقایە لە شاخ، لەپاڵ ئەویشدا ژمارەیەکی زۆر لە نووسەر و ئەدیب هەبوو، ژمارەیەکی زۆر هونەرمەندی شێوەکار هەبوو، چەند تیپێکی شانۆ هەبوو، هاوکات یەکێتی نووسەران هەبوو لە شاخ، ژمارەیەکی باش ئەدیب و نووسەر ئەندام بوون تیایدا، جگەلەوانەش ژمارەیەکی تریش لە دەرەوەی یەکێتی نووسەران لە شاخ هەبوو کە زۆربەی زۆریان یەکێتی خەرجی کارەکانیانی لە ئەستۆگرتبوو، بە تایبەت لەبارەی چاپ و بڵاوکردنەوەوە، چونکە مەسەلەی چاپ بەتایبەت لەو سەردەمەدا پارەیەکی زۆری دەویست، یەکێتی سێ چاپخانەی هەبوو بەشێکی باشی بەرهەمی ئەو نووسەر و ئەدیبانە لەو چاپخانانە چاپدەکرا، هاوکاری مانگانەشیان هەبوو هێندەی لەتوانایاندا هەبوو، چونکە باری دارایی زۆر خراپ بوو، پێشمەرگە مووچەی نەبوو، بەڵام یەکێتی هاوکاریدەکردن بۆئەوەی بتوانن کارەکانیان ئەنجام بدەن.

ئەوەی فەرمی بوو تیپی مۆسیقای شەهید کارزان سەر بە راگەیاندنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بوو، دواتر بوو بەشێک لەیەکێتی هونەرمەندانی کوردستان کە ساڵی ١٩٨٣ دامەزرا ، لەگەڵ تیپی شانۆی (شۆڕش) جگە لەمانەش چەند تیپێکی شانۆیی هەبوو لە مەڵبەندەکان، یەکێتی نووسەران بەسەر مەڵبەندەکاندا دابەشببوون بە حوکمی جوگرافیای ناوچە ئازادکراوەکان نەک لەبەرئەوەی سەر بە یەکێتی بوون یان نا، بەڵکو هەندێکیان یەکێتی نەبوون و لە سایەی یەکێتیدا بەرهەمیان بڵاودەکرایەوە یان کارەکانیان بۆ جێبەجێدەکرا.

لەم بوارەشدا سەرۆک (مام جەلال) هەمیشە دەیوت «نان و ئازادی بۆ ئەدیبان و هونەرمەندان» بەڕاستی وتەیەکی ئەوەندە گەورەبوو وایکرد ئازادییەکی بەرفراوان بۆ نووسەران و رۆشنبیران و هونەرمەندان لە شاخ ئیشی خۆی بکات بەبێ ئەوەی هیچ سانسۆرێک هەبێت و رێگری لێبکرێت. ئەم وتەیەی سەرۆک (مام جەلال) لە دوای رۆمانی (سەگوەڕ) هات، کە لەناو هێزی پێشمەرگەو روناکبیرەکانیشدا هەڵایەکی گەورەی نایەوە کە ئەوکاتە وەکو کادری شۆڕش یاخود پیشمەرگە کاریان دەکرد.

هەر دەربارەی رۆمانی (سەگوەڕ) سەرۆک (مام جەلال) وتی «وەڵامی قەڵەم بە قەلەم بدەنەوە، ئێمە چەند رۆژنامەو گۆڤارمان هەیە لەسەر دووتوێی ئەو لاپەڕانە وەلامی بدەنەوە» هەر لە دوای ئەوەش فەرمووی «ئێمە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان نان و ئازادی فەراهەم دەکەین بۆ هونەرمەندان».

ئەم بیروباوەڕەی یەکێتی لە دوای راپەڕینیشەوە تا ئێستاش بەردەوامە، ئێستا لەبەرئەوەی لەبارودۆخێکی لەبارترداین یەکێتی هێندەی بۆی کرابێت چ لە حکومەتداو چ لە دامودەزگا رۆشبیرییەکانیدا بارودۆخێکی لەباری بۆ هونەرمەندان و نووسەران و رۆشنفکران رەخساندووە.

print

 207 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*