سەرەکی » وەرزش » میركاتۆی ئه‌ڵمانیا ده‌ستی پێكرد

میركاتۆی ئه‌ڵمانیا ده‌ستی پێكرد

جیاواز له‌ وڵاتانی تری ئه‌وروپا كه‌ هێشتا سه‌رقاڵی ئه‌نجامدانی یارییه‌كانن له‌ ئه‌ڵمانیا پشووی زستانه‌ ده‌ستی پێكردوه‌، ئه‌مه‌ش بواری بۆ یانه‌كان ره‌خساندوه‌ له‌نێو جه‌نجاڵی یارییه‌كان بێنه‌ ده‌ره‌وه‌و بیر له‌ به‌هێزكردنی ریزه‌كانیان بكه‌نه‌وه‌.
قۆناغی یه‌كه‌می یارییه‌كانی بۆندس لیگا كۆتایی هاتووه‌و یارییه‌كانی جامی ئه‌ڵمانیاش پێی ناوه‌ته‌ قۆناغی چاره‌كی كۆتایی، بۆیه‌ یانه‌كانی ئه‌ڵمانیا جیاواز له‌ هه‌موو یانه‌كانی تری ئه‌وروپا ماوه‌یه‌كی زۆر پشوو وه‌رده‌گرن، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ ژماره‌ی یانه‌كانی خولی ئه‌و وڵاته‌ ته‌نیا 18 یانه‌یه‌.
میركاتۆی زستانه‌ش له‌ ئه‌وروپا رۆژی 1/1ی هه‌موو ساڵێك ده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام یانه‌كانی ئه‌ڵمانیا به‌بێ گوێ دانه‌ ئه‌و به‌رواره‌ ده‌ستیان به‌ گواستنه‌وه‌ی‌ یاریزانان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بۆ قۆناغی دووه‌می پاڵه‌وانێتیه‌كان ریزه‌كانیان به‌هێز بكه‌ن، به‌شێك له‌ یانه‌كانیش سه‌رقاڵی نوێ كردنه‌وه‌ی‌ بۆندی ئه‌و یاریزانه‌ن كه‌ له‌ قۆناغی یه‌كه‌م ئاستی به‌رزیان پێشكه‌ش كردوه‌، ئه‌مه‌ش وه‌كو پاداشتێك یاخود وه‌كو رێگریه‌ك له‌وه‌ی‌ له‌ كۆتایی وه‌رز یانه‌كه‌ جێبهێڵێت.

شتوتگارت گۆمێزی گه‌ڕانده‌وه‌
یانه‌ی‌ شتوتگارت یه‌كێكه‌ له‌و یانانه‌ی‌ له‌ قۆناغی یه‌كه‌م به‌ ئاستێكی خراپ ده‌ركه‌وت به‌هۆی ئه‌مه‌شه‌وه‌ یانه‌كه‌ له‌كۆی 18 یاری ته‌نها 17 خاڵی هه‌یه‌و 2 خاڵ له‌ ناوچه‌ی سووری دابه‌زین بۆ خولی پله‌ 2 دووره‌، هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌مه‌ش بۆ خراپی ئاستی هێرشبه‌رانی یانه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ته‌نها 13 گۆڵیان كردوه‌.
بۆیه‌ یانه‌كه‌ له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی قۆناغی یه‌كه‌م بڕیاری دا هێڵی هێرشبردن به‌هێز بكات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هانایان بۆ یاریزانێك بردوه‌ كه‌ شاره‌زاییه‌كی زۆری له‌ یانه‌كه‌و خولی ئه‌ڵمانیاش هه‌یه‌ ئه‌ویش ماریۆ گۆمێزی هێرشبه‌ری یانه‌ی‌ ڤۆڵفسبۆرگه‌.
شتوتگارت رایگه‌یاند به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی بۆندی له‌گه‌ڵ گۆمێز ئیمزا كردووه‌و بۆنده‌كه‌ش تا ساڵی 2020 ده‌بێت، به‌مه‌ش ئه‌و یاریزانه‌ جارێكی تر گه‌ڕایه‌وه‌ ریزی ئه‌و یانه‌یه‌ی كه‌ باشترین كاته‌كانی یاریكردنی تیادا به‌سه‌ر بردووه‌.
گۆمێز ماوه‌ی‌ 8 ساڵ یاری بۆ تیپی لاوان و یه‌كه‌می شتوتگارت كردووه‌و وه‌رزی 2006-2007یش نازناوی خولی ئه‌ڵمانیای له‌گه‌ڵدا بردونه‌ته‌وه‌، ئامانجی نوێشی له‌ یانه‌كه‌ رێگری كردن ده‌بێت له‌ دابه‌زین بۆ خولی پله‌ دوو.
پێگه‌ی‌ ره‌سمی شتوتگارت نووسیویه‌تی: 155 گۆڵ له‌ بۆندس لیگا و 31 گۆڵ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیا، به‌ڵام له‌ دڵیدا هه‌میشه‌ ره‌نگی سوور و سپی هه‌بووه‌، گۆمێز گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی‌.

بایرن یارمه‌تیده‌ری لیڤاندۆڤسكی هێنایه‌ ریزه‌كانی
ئه‌وه‌ی‌ سه‌رنجی له‌سه‌ر یارییه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌و وه‌رزی رابردووی یانه‌ی‌ بایرن مونشن بووبێت ئه‌وا به‌ ئاسانی هه‌ست به‌وه‌ ده‌كات بایرن ته‌نیا خاوه‌نی رۆبه‌رت لیڤاندۆڤسكی بووه‌ له‌ هێڵی هێرشبردن، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ خاڵێكی لاواز له‌ یانه‌كه‌، چونكه‌ به‌ ناچاری ده‌بێت له‌هه‌موو یارییه‌كاندا پشت به‌و یاریزانه‌ ببه‌ستێت، بۆیه‌ له‌ قۆناغه‌كانی كۆتایی وه‌رز ئه‌و یاریزانه‌ به‌هۆی ماندبوونه‌وه‌ ئاستی داده‌به‌زێت.
یه‌كێكی تر له‌ نه‌هاماتیه‌كانی وه‌رزی رابردووی بایرن مونشن كاتێك ده‌ركه‌وت كه‌ لیڤاندۆڤسكی دووچاری پێكان هات چونكه‌ هیچ یاریزانێك نه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ شوێنی ئه‌و یاری بكات، به‌ڵام هاینكسی راهێنه‌ری یانه‌كه‌ هه‌رزوو هه‌ستی به‌و خاڵه‌ لاوازه‌ كردو داوای له‌ ئیداره‌ی یانه‌كه‌ كرد هێرشبه‌رێكی تر بهێننه‌ ریزه‌كانیان.
بۆیه‌ دوای كۆتایی هاتنی یارییه‌كان بایرن به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی بۆندی له‌گه‌ڵ ساندرۆ ڤاگنه‌ری هێرشبه‌ری یانه‌ی‌ هۆفنهایم راگه‌یاند كه‌ ئه‌ویش پێشتر یاریزانی یانه‌ باڤارییه‌كه‌ بووه‌.
ڤاگنه‌ر یاریزانێكی خاوه‌ن ئه‌زمونه‌و ته‌مه‌نیشی 30 ساڵه‌ بۆنده‌كه‌شی له‌گه‌ڵ یانه‌ باڤاریه‌كه‌ تا ساڵی 2020 ده‌بێت.
ئه‌و هێرشبه‌ره‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌یر بڕیاری داوه‌ درێسی ژماره‌ 2 بپۆشێت كه‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ زیاتر تایبه‌ته‌ به‌ یاریزانانی به‌رگری، له‌وه‌ڵامی هۆكاری ئه‌مه‌ش ڤاگنه‌ر وتی: ژماره‌ی زۆر به‌رده‌ست نه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ بیپۆشم، لای من ژماره‌ 14 خۆشه‌ویسته‌و ئاره‌زووی پۆشینی ده‌كه‌م، به‌ڵام ئه‌و ژماریه‌ گیرابوو، پێم وایه‌ ژماره‌ 2 گونجاوه‌ چونكه‌ سیمبوله‌ بۆ هه‌وڵی دووه‌مم له‌ یانه‌كه‌دا.
ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین ڤاگنه‌ر له‌یه‌كه‌م هه‌وڵی له‌ یانه‌كه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو كه‌ سه‌ره‌ڕای یاریكردن له‌ ساڵی 1995 بۆ 2008 له‌ ریزی تیپه‌كانی یانه‌كه‌، به‌ڵام ته‌نیا 4 یاری به‌ درێسی یه‌كه‌مه‌وه‌ كردوه‌.

بایرن كومانی نوێ كرده‌وه‌
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ یانه‌ی‌ بایرن مونشن كینگسلی كۆمانی ئه‌ستێره‌ی لاوی یانه‌كه‌ بڕیاری دا له‌ ریزی یانه‌ باڤاریه‌كه‌ درێژه‌ به‌ یاریكردن بدات و بۆنده‌كه‌شی تا ساڵی 2023 نوێ بكاته‌وه‌.
ئه‌و ئه‌ستێره‌ ته‌مه‌ن 21 ساڵه‌ سه‌ره‌تا به‌شێوه‌ خواستن له‌ یۆڤانتۆسه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ بایرن مونشن كرد و دواتریش به‌شێوه‌ی كۆتایی بۆندی له‌گه‌ڵدا ئیمزا كرد، ئه‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ی‌ له‌ یارییه‌كانیش پێی ده‌رده‌كه‌وێت بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی‌ بایرن بۆنده‌كه‌ی‌ بۆ ماوه‌یه‌كی دوور درێژ نوێ بكاته‌وه‌.

print

 25 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*