سەرەکی » دۆسێ » كۆرۆنا و نرخی نەوت عیراق دووچاری تەنگژەی ئابووری دەكەن

مووچەی پلە باڵاكان كەمدەكرێتەوە

كۆرۆنا و نرخی نەوت عیراق دووچاری تەنگژەی ئابووری دەكەن

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بۆتە مایەی لەگەڕخستنی زۆربەی هەرە زۆری چالاكییەكان، نرخی نەوتی بەرەو دابەزینێكی بێ‌ پێشینە بردووە، ئەمەش لە ئاكامی لەگەڕكەوتنی زۆربەی كەرتە ئابورییەكان، بە تایبەتیش كەرتی پیشەسازی كە پشت بە وزە دەبەستێت.

دابەزینی نرخی نەوت ئەو ئابوریانەی توشی لەرزۆكی كردووە كە پشت بە داهاتی نەوت دەبەستن وەك سەرچاوەی سەرەكی، عیراقیش لە پێش هەموو وڵاتانی ترەوە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە گەورەترین زیانی پێگەیشتووە، هەر بەو هۆیەوە تائێستاش كە نیوەی دووەمی ساڵە، بودجەی گشتی دارایی ساڵی 2020 پەسەندنەكراوە.
بۆ سوككردنی كاریگەرییەكانی دابەزینی نرخی نەوت، عیراق كە زیاتر لەسەدا 90ی ئابورییەكەی پشت بەو سامانە سروشتییە دەبەستێت، دەبێت چەند رێگەچارەیەكی پێویست بگرێتەبەر، یەكێك لەو رێگەچارانەش كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتە.

سەرۆك وەزیرانی عیراق بڕیاریداوە، چارەسەری دوو مووچەیی بكرێت و مووچەی پلە باڵاكانیش كەمبكرێتەوە.
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە 30ی ئایاری 2020، سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی لیژنەی چاكسازیی ئابووریی كرد و بڕیاریدا چارەسەری دوو مووچەیی و بكرێت و مووچەی پلە باڵاكانیش كەمبكرێتەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا مستەفا كازمی داوای كرد چەند ڕێكارێك بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی بگیرێتەبەر كە دیارترینیان كەمكردنەوەی مووچەی پلەباڵاكانی دامودەزگاكانی حكومەتە.
هەروەها، سەرۆك وەزیرانی عیراق بڕیاریدا، بەپێی بنەمای بەدیهێنانی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی، چارەسەری دوو مووچەیی و مووچەی ئەو خانەنشینانە بكرێت كە لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن.
لەلایەكی ترەوە،تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە بە تەوژمی دووەمی ڤایرۆسەكە لە وڵاتدا دادەنرێت، حكومەتی نوێی عیراقی دووچاری واقعێكی تاڵ كردووە و لەم چەند رۆژەی دواییشدا ژمارەی تووشبوان بە ڤایرۆسەكە بەشێوەیەكی نائاسایی ڕووی لە بەرزبوونەوە كرد.

بۆ بەۆرگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە كە رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە 11ی ئاداری ئەمساڵدا وەك پەتایەكی جیهانی پۆلینی كرد، دەسەڵاتدارانی عیراق بەپێویستی دەزانن رێوشوێنی قەدەغەكردنی هاتووچۆی گشتی بگیرێتەبەر و دیسانەوە ئەو رێكارانە بسەپێنرێنەوە كە لەماوەی دوو مانگی رابردوودا كارییان پێدەكرا.

هەڵكشانی ژمارەی تووشبوان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتدا، كاریگەریی نەرێنی لەسەر رەوشی ئابوری دەبێت و زۆربەی ئەو كەرتە گرنگانەی دەوڵەت بۆ دەستخستنی داهات پشتیان پێدەبەستێت لەگەڕدەخات، بە تایبەتیش كەرتی نەوت كە پرۆسەی دەرهێنانی لەلایەن كۆمپانیا بیانییەكانەوە ئەنجام دەدرێت.

حكومەتی راگوزەر كە لەلایەن مستەفا كازمییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، دەیەوێت لەم قۆناغەی ئێستای عیراقدا، لەلایەك شەقام رازیی بكات لەڕێی ئەنجامدانی چاكسازییە ئابوریی و لەلایەكی ترەوە، درێژە بە ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەكان بدات بۆ قەڵاچۆكردنی تەواوەتی پاشماوەی چەكدارانی ڕێكخراوی داعش كە لەم ماوەیەی دواییدا جموجۆڵ و چالاكییەكانی لە هەندێك ناوچەدا دەركەوتەوە.

وێڕای كەمبوونەوەی داهاتی وڵات، زۆرێك پێیانوایە كازمی دەرفەتی گەورەی لەبەردەمدایە بۆ ئەنجامدانی ئەو چاكسازییانەی لە مێژە عیراقییەكان چاوەڕوانی هێنانەدی دەكەن، بۆیە بە بۆچوونی ئەوان، گەر سەرۆك وەزیرانی نوێ‌ بیەوێت سزۆی شەقام و عیراقییەكان بەلای خۆیدا رابكێشێت، دەبێت دەست بۆ زۆرێك لەو كارتانە ببات كە ئەوانی پێش خۆی بوێری ئەوەیان نەبووە دەستی بۆببەن.

كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، رەنگە بۆ ماوەیەك كاریگەریی لەسەر ئابوری عیراق دروستبكەن، بەڵام ئەنجامدانی چاكسازییەكان ئەو ئەركە گرنگ و لەپێشینەیە كە دەكەوێتە ئەستۆی سەرۆكایەتی نوێی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كە دەكرێتە لێوەی وڵات بەرەو قۆناغێكی مێژووی تر ببەن.

print

 339 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*