سەرەکی » زانست » ئاشکراکردنی نهێنییەکی (٦٦) ملیۆن ساڵە

ئاشکراکردنی نهێنییەکی (٦٦) ملیۆن ساڵە

کەشتیی نوح

زانایانی زانکۆی تەکساس لە ئەمریکا توانیان نهێنی ئەو هێلکە بەبەردبووە ئاشکرا بکەن کە تەمەنی نزیکەی (٦٦) ملیۆن ساڵە.

پێشتر تیمێکی زانایانی چیللی ساڵی (٢٠١١) لە جەمسەری بەستەڵەکی باشوور (ئەنتارکتیکا) ئەو هێلکە بە بەردبووەیان دۆزیبووەوە و دوای ئەوەی نەیانتوانی پۆلینی بکەن ناویان نابوو (شتەکە) و لە مۆزەخانەدا دایاننابوو، چونکە نەیانتوانی بوو پۆلینی بکەن.

ڕاستیی (شتەکە) چییە؟
ساڵی (٢٠٠٨) (جولیاکلارک) زانای ئەڵمانیی پسپۆڕی بەبەردبووەکان، پێشنیاری کرد ئەو شتەی لە مۆزەخانە دانراوە بریتییە لە هێلکەی یەکێک لە خشۆکە زەبەلاحەکان، بەڵام لە کاتی خۆیدا ئەو گریمانەیە ڕەتکرایەوە بە هۆی قەبارەی گەورەی هێلکەکە و نەبونی هیچ ئێسکە پەیکەرێک تێیدا.

بەڵام ئەمساڵ لە چوارچێوەی توێژینەوەیەکدا کە ئەنجامەکەی لە گۆڤاری(nature)بڵاوکراوەتەوە،خودی(جولیاکلارک)پسپۆڕی بواری زانستی بەبەردبووەکان بەشداری تێداکردووە شیکردنەوەیەکی کیمیایی بۆ ئەو هێلکەیە کرا و ڕاستیی بۆچوونەکەی ئەو زانایە سەلمێندرا.

جیاوازی لە دەستنیشانکردنی سەرچاوەی هێلکەکە
بە پێی رۆژنامەی( زۆد دویچە تسایتۆنگ) درێژیی هێلکەکە(٢٨) سانتیمەترە و پانییەکەی (١٨) سانتیمەترە و توێکڵێکی نەرمی هەیە و بە گەورەترین هێلکەی جیهان دادەنرێت کە تائێستا دۆزرابێتەوە.

بە بۆچوونی تیمێکی توێژینەوەی دیکە ئەو هێلکەیە لە هێلکەی مار دەچێت و زانایانی بەشداریش لەو توێژینەوەیە پێیانوایە ئەو گیانلەبەرەی ئەو هیلکەیەی کردووە درێژییەکەی لانی کەم (٧) مەتر بووە.

تا ئێستاش هەوڵی زانایان بەردەوامە بۆ گەیشتن بە ناسنامە و شێوەی ئەو گیانلەبەرەی ئەو هێلکەیەی کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێکیان لەو بڕوایەدان کە ئەو هێلکەیە و دایکەکەی سەر بە پۆلی(مۆزاسۆری) یەکانن کە جۆرە خشۆکێکی زەبەلاحی دەریایی بوون و بەر لە (٦٦) ملیۆن ساڵ پێش ئێستا ژیاون.

ئەمە لە کاتێکدایە کە زاناکان لە هەمان شوێنی دۆزینەوەی هێلکەکە ئێسکەپەیکەری ئەو جۆرە خشۆکانەیان دۆزیووەتەوە، بەڵام ئەوەی لە بارەی ئەو خشۆکانەوە زانراوە ئەوەیە ئەو خشۆکانە بێچوویان بووە و هێلکەیان نەکردووە، هەربۆیە زۆربەی زانایان پێیانوایە سەرچاوەی ئەو هێلکەیە یەکێک لە ئاژەڵە وشکاوەکییە قڕتێکەوتووەکانە.

پێگەی (Focus Online) یش لەزاری لوکاس لیجندەری ئامادەکەری توێژینەوە نوێیەکەوە بڵاویکردووەتەوە”زۆر دەگمەنە هێلکەیەک بدۆزینەوە کە توێکڵەکەی نەرم بێت و وا بە باشی و پارێزراوی مابێتەوە”.

ئەو وتیشی”ئەم دۆزینەوەیە گۆرانکاریی دەکات لە شێوازی توێژینەوە لە ژیان و چۆنییەتی زۆربوونی گیلەبەران و زیندەوەرانی ملیۆنان ساڵ پێش ئێستا”.

 

سەرچاوە: نۆڤۆستی

print

 577 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*