سەرەکی » وەرزش » دووشەممە چارەنووسی مان سیتی ئاشكرا دەبێت

دووشەممە چارەنووسی مان سیتی ئاشكرا دەبێت

دادگای دادی وەرزشی كە بە كاس ناسراوە رایگەیاند رۆژی دووشەممە بڕیاری كۆتایی سەبارەت بە سزای سەر یانەی مان سیتی ئاشكرا دەكات كە لەلایەن یوفاوە بە بەشداری نەكردن بۆ ماوەی 2 وەرز لە چامپیۆنس لیگ سزا دراوە.

لەماوەی رابردوو بەهۆی پێشێلكردنی یاسای یاری خاوێن مان سیتی لەلایەن یوفاوە سزا درا كە بۆ 2 وەرزی داهاتوو نابێت بەشداری چامپیۆنس لیگ بكات، بەڵام یانەكە لە كاس تانەی لەو بڕیارە داوە.

چەند هەفتەیەك بەر لە ئێستاش دادگاكە بەشێوەی ڤیدیۆ كۆڵ گوێی لە پارێزەرو نوێنەرەكانی یانەكە گرت و دوای گەیشتن بە بڕیاری كۆتاییش دادگاكە رایگەیاند كە رۆژی دووشەممە بڕیارەكەی رادەگەیەنێت.

سزاكەی یوفا بەهۆی ئەوەیە كە گوایە مان سیتی لەنێوان ساڵانی 2012 بۆ 2016 سەرچاوەی داهاتی شاردۆتەوە ئەویش لە رێگەی زیادكردنی ئەو پارەیەی گوایە لە سپۆنسەرەكانیەوە دەستیدەكەوێت ئەمەش بۆ ئەوەی بتوانێت هاوسەنگی لەنێوان خەرجی و داهات دروست بكات.

ئەگەر بێت و سزاكەی مان سیتی وەكو خۆی بمێنێتەوە یاخود كەمبكرێتەوە بۆ وەرزێك ئەوا لە پریمەرلیگ خاوەن پلەی پێنجەم دەگاتە چامپیۆنس لیگ، ئەمەش بەو پێیەی مان سیتی پلەی دووەمی گرتووە.

print

 153 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*