سەرەکی » هەواڵ » ״خزمەتكردنی زیاتری سلێمانی״

قوباد تاڵەبانی سەردانی مەڵبەندی سلێمانی كرد

״خزمەتكردنی زیاتری سلێمانی״

دوێنێ، قوباد تاڵەبانی ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی، بەمەبەستی پیرۆزبایی لە جەزای سەید مەجید وەك لێپرسراوی مەڵبەندی یەكی رێكخستنی سلێمانی و دووپاتكردنەوەی پشتیوانی و هەماهەنگیی نێوان حزب و حكومەت، سەردانی مەڵبەندی سلێمانی، كرد.

لەسەرەتای دیدارەكەدا، قوباد تاڵەبانی، پیرۆزبایی لە جەزای سەید مەجید وەك لێپرسراوی مەڵبەندی یەكی رێكخستنی سلێمانی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست و هەموو پشتیوانی و هەماهەنگییەكی كاركردنی بۆ دووپاتكردەوە.

لەبەرامبەردا، جەزای سەید مەجید خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانەكەی هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی دەربڕی و رایگەیاند: لە سەرەتای دەستبەكاربوونم وەك لێپرسراوی مەڵبەند، پڕۆژەیەكی گرنگ و گشتگیرم بۆ سەرجەم سێكتەرەكان ئامادەكرد، وتیشی: بە روئیایەكی نوێوە سیاسەت دەكەین و دەمانەوێت مۆدێلی حزبایەتی بگۆڕین و بەبەرنامە و دیسپلینی نوێ كارەكانمان ئەنجام بدەین، كە خزمەتكردنی زیاترە بە سلێمانی و سنووری چالاكیی مەڵبەندی دایك ‌و چالاكییەكانیشمان بەشێوەیەكە هاوتەریب لەگەڵ دۆخی هەستیاری كۆرۆناو پارێزبەندی و پابەندبوونمان بە رێكارە تەندروستییەكان.

لێپرسراوی مەڵبەند، دڵنیایی ئەوەشیدا كە وەك مەڵبەندی سلێمانی بەهیچ شێوەیەك دەستوەرنادەنە كاروباری حكومەت و تەنها پشتیوان و هەماهەنگتان دەبین لە جێبەجێكردنی بەرنامە و ستراتیژی یەكێتی بۆ حكومەت و دامودەزگاكانیدا، لەوپێناوەشدا چاودێریی كادیرەكانمان لە حكومەت دەكەین كە باشترین خزمەت بە كۆمەڵانی خەڵك بكەن.

print

 221 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*