سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » ئەرمینیا و ئازربایجان لەسەر چی شەڕیانە؟

ئەرمینیا و ئازربایجان لەسەر چی شەڕیانە؟

لەم چەند رۆژەی دواییدا شەڕ و پێكدادان لە نێوان هەردوو كۆماری ئەرمینیا و ئازەربایجانی سەر بە یەكێتیی سۆڤێتی جاران لە باشووری قەوقاز روویدا و دۆخەكە پشێوی تێكەوتووە. ئازەربایجان دەڵێت، سوپای ئەرمینیا لە هەرێمی تاڤووشی باكووری وڵاتەكەیەوە هێرشێكی كردووە، ئەرمینیاش دەڵیت خەتای سەربازە ئازەرییەكان بووە ‌و دەستپێشخەر بوون ‌و لە ئەنجامی شەڕەكەدا زیاتر لە 15 سەرباز لە هەردوولادا كوژراون و برینداریشیان هەیە.

وەك پێگەی تسایت ئۆنلاینە باسیكردووە: لە ساڵی 2016 ەوە شەڕی وا خوێناوی لە نێوانیاندا رووینەداوە ‌و ئەمجارە زۆر كاریگەر بووە، ئەرمینیا رەخنەی توندی لە ئازەربایجان گرتووە و بە هۆكاری هەڵگیرساندنی شەڕەكە تۆمەتباری كردووە. بەپێی ماڵپەڕی شپیگل ئۆنلاین-یش: ئیلهام ئەلیڤ سەرۆكی ئازەربایجان رەخنەی لە شێوازی بەڕێوەچوونی دانوستانەكانی نێوان وڵاتەكەی و ئەرمینیا گرتووە لەبارەی چارەسەركردنی ناوچەی كاراباغ و ئەوەش مەترسی هەڵگیرسانەوەی شەڕی هێناوەتەوە ئاراوە و بەرامبەرەكەی تاوانبار دەكات.

هۆكاری شەڕەكە چییە؟
بەگوێرەی سایتی عەرەبی پۆست: لە ساڵی 1920 ەوە ئەرمینیا پێنج پارێزگای سەر بە هەرێمی كاراباغ و پێنجی تریشی لە رۆژئاوای وڵاتی ئازەربایجان و بەشێك لە شارەكانی ئەغدام و فزوڵی داگیركردووە، بیانوویان ئەوەبووە كە هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە خۆیان ویستوویانە هەرێمەكەیان بخرێتە سەر ئەرمینیا، بۆیە كاتی خۆی لە سەردەمی ستالین-دا بڕیاردراوە هەرێمی كاراباغ بكرێتە ناوچەیەكی ئۆتۆنۆمی سەر بە ئازەربایجان. ئەو دوو وڵاتە جاران دوو كۆماری سەر بە یەكێتیی سۆڤێت بوون ‌و لە كاتی جیابوونەوەیان لە سۆڤێت، بوون بە دەوڵەت ‌و كێشەیان هەبوو لەسەر هەرێمی كاراباغ، لە ساڵی 1988 دا ئەرمەنییەكانی ئەو هەرێمە داوایانكردووە كە بخرێنە سەر ئەرمینیا، ئەوەش بۆتە هۆی شەڕێكی خوێناوی لە نێوان ئەو دوو كۆمارەدا. لە ساڵی 1992 دا شەڕەكە زۆر گەرم بووە ‌و بۆتە هۆی كوژران و برینداربوونی دەیان هەزار كەس ‌و ئاوارەبوونی زیاتر لە 300 هەزاری دیكە لە هەردوولا ‌و نێوەندگیریی نێودەوڵەتیش نەیتوانیوە شەڕەكە رابگرێت. لە ساڵی 1993 دا ئەرمەنییەكان توانییان دەست بەسەر هەموو ئەو ناوچانەدا بگرن كە دەیانویست، بۆیە ئێستا ئەو وڵاتە 9 ٪ ی وڵاتی ئازەربایجانی لایە و بەهی خۆی دەزانێت ‌و ئازەرییەكانیش داوای دەكەنەوە، لە ساڵی 1994 یشدا ئاگربەستێك بە ناوبژیوانی فەرەنسا و روسیا و ئەمریكا ئیمزا كرا و كۆتایی بە شەڕەكە هات، بەڵام توڕەیی هەردوولای دانەمركاندەوە، ئازەربایجان خۆی بە غەدرلێكراو دەزانێ ‌و دەڵێت: خاكەكەم داگیكراوە.

هەڵوێستی وڵاتان
ئازەربایجان سامانێكی زۆری نەوتی هەیە و وڵاتان چاویان تێ بڕیوە، ئەمریكا دان بەوەدا دەنێت كە كاراباغ خاكی ئازەربایجانە و ئەرمینیا داگیریكردووە. بەوپێیەی ئەمریكا ئەندامی رێكخراوی ئاسایش ‌و هاوكاری ئەوروپی “مینسك”ە كە سەرپەرشتی هێوركردنەوەی كێشەكانی نێو ئەو دوو وڵاتە دەكات، داوایكردووە هەرچی زووە ئەو پێكدادانانە رابگیرێن، بەڵام راستەوخۆ پشتیوانی لە ئازەرییەكان دەكات و زیاتر هانیان دەدات مافی خۆیان بسێننەوە، روسیاش بەو پێیەی سەر سنووری خۆیەتی و ئەندامی دەستەكەشە، بۆیە چەندجارێك ناوبژیی كردووە و ئاگربەستی لە نێوان هەردوولادا راگەیاندووە، بەڵام لەبەرئەوەی چارەسەری ریشەیی نەدۆزراوەتەوە و هەرێمەكە تائێستا هەر سەر بە ئەرمینیایە، كێشەكە درێژەی هەیە.

كامیان لە رۆژئاوا نزیكن؟
ئازەربایجان هەر چەندە بە رواڵەت پەیوەندی لەگەڵ مۆسكۆدا ئەرێنییە، بەڵام لە راستیدا لە رۆژئاوا نزیكە، چونكە توركیا یەكێكە لە پارێزەر و پشتیوانە گەورەكەی و توركیاش ئەندامی ناتۆیە و ناتۆش سەر بە رۆژئاوایە، ئەمە هۆكاری سەرەكی نزیكیی ئازەرییەكانە لە رۆژئاوا و ئەمریكا.
وەك پێگەی INTERNATIONAL POLICY DIGEST نووسیویەتی: ئەو وڵاتە پێویستی بە پەیوەندی باش هەیە لەگەڵ هەموو ئەوانەی لە ئەمریكاوە نزیكن بۆ گەڕاندنەوەی هەرێمەكە بۆ خۆی. بەپێی سی ئێن ئێنی ئەمریكی-ش: مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندووە، كە ئەو پێكدادانانە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەكە و دەبێت هەرچی زووە رابگیرێت. ئەم لێدوانە لە كاتێكدایە كە ئەو وڵاتە سەرقاڵی قەیرانی كۆرۆنایە و لە سەروبەندی نزیكبوونەوەیە لە هەڵبژاردنی سەرتاسەری و دەیەوێت ئەم دۆسێیە جارێ نەوروژێنرێ و ناوچەكە ئارامی بەخۆیەوە ببینێت.

توركیا
توركیا، ئازەربایجان بە دۆستی خۆی دەزانێ و هاوزمان و هاوئایینی یەكتریشن، بۆیە لە دوای رووداوەكەوە، خولوسی ئاكار وەزیری بەرگریی توركیا وتی: لە دوای گرژییەكان رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا پەیوەندیی بە هاوتا ئازەربایجانییەكەیەوە كردووە و لە نزیكەوە چاودێریی پێشهاتەكان دەكەن، وتیشی: ئەو هێرشە چەپەڵەی كرایە سەر ناوچەكە، بە ‌توندی مەحكوم دەكەین، ئازاری ئازەرییەكان ئازاری ئێمەیە و ئێمە دوو گەلی هاوبەشین لە هەموو شتێكدا‌، هەر جۆرە گرفتێك رووبەڕووی ئەوان‌ ببێتەوە، ئێمە‌ زۆر بە قووڵی هەستی پێدەكەین، دڵنیاش بن خوێنی ئازەرییەكان بەفیڕۆ ناڕوات ‌و دووپاتیدەكەینەوە كە پشتیوانیی خەباتی خوشك و برا ئازەربایجانییەكانمانین.

ئێران
ئەرمەنییەكان هاوسۆزییان بۆ ئێران هەیە و سەردان و گفتۆگۆی دۆستانەی نێوانیان لە ئاستێكی بەرزدایە و ئێران داكۆكی لە داخوازییەكانی ئەو وڵاتە دەكات لە بەرامبەر نەیارانی. لە رووی بازرگانی و ئابوورییەوە، ئەرمینیا رێڕەوێكی باشە بۆ هەناردەی كاڵای ئێرانی بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرژەوەندییەكانی تاران، هەرچەندە ئێران داوا دەكات كێشەكە بە ئاشتی چارەسەر بكرێت، بەڵام لە ئەگەری شەڕ و پێكدادانی نێوان ئەرمینیا ‌و ئازەربایجاندا، تاران دەیەوێت كێشەكە بە قازانجی یەریڤان بشكێتەوە و لەگەڵ روسیا لەسەر خەتە.

شەڕ لە بەرژەوەندیی كامیانە؟
ئەرمینیا ژمارەی دانیشتووان و ئابوورییەكەی دووقات و سێ قاتی ئازەربایجانە، نزیكەی 10 ملیۆن كەس دەبن و رووبەرەكەی 86 هەزار كیلۆمەترچار گۆشەیە، بەڵام بەرامبەرەكەی سێ ملیۆن و رووبەری وڵاتەكەشی كەمترە لە 30 هەزارە كیلۆمەتر چوارگۆشە، بودجەی سەربازیی ئەرمینیا 2,73 ملیار دۆلارە كە دەكاتە 5,4٪، بەڵام هی ئازەربایجان نیو ملیار دۆلارە و دەكاتە 4,7 ٪ ی بەرهەمی ناوخۆ.

چارە چییە؟
لە راپۆرتێكی بەشی ئەڵمانی DW دا هاتووە: لە سەرەتای ئەمساڵدا لە كۆنگرەی میونشن بۆ ئەمن و ئاسایش، هەریەك لە نیكۆل باشیان سەرۆك وەزیرانی تازەی ئەرمینیا و ئیلهام ئەلیڤ سەرۆكی ئازەربایجان یەكتریان بینی و لە كۆبوونەوەیەكدا نیكۆل باشیان ئامادەیی چارەسەری ئاشتییانەی راگەیاندووە، بەڵام ئیلهام ئەلیڤ گەڕاندنەوەی كاراباغی بۆ سەر نەخشەی وڵاتەكەی كردۆتە مەرجی دانوستان ‌و لەم ماوەیەی دواییدا، ئەو وڵاتە زمانی هەڕەشەی سەربازی بەكارهێناوە، بەڵام ئەرمینیا نەرمتر لە جاران و لە كابینەی پێشوو رەفتار لەگەڵ ئەم كەیسەدا دەكات، بۆیە زەمینەی گرژی زیاتر لەئارادا نییە و چاوەڕوان ناكرێت ئەمریكا و روسیا بهێڵن شەڕەكە گەورە بێت و ببێتە سەرتاسەری و هەر ئەو دوو وڵاتەش بڕیاری كۆتایی لەسەر دەدەن.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

print

 453 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*