سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » ململانێی نوێی نێوان توركیا و یۆنان

ململانێی نوێی نێوان توركیا و یۆنان

لە مێژە تورکیا و یۆنان لەسەر زۆر دۆسێ کێشەیان هەیە و رێکناکەون. ناوە ناوە پەیوەندیی نێوانیان گرژ دەبێ و هەمیشە تەق و تۆق لە نێوانیاندا هەیە، کێشەی سەرەکیی نێوانیان جگە لە دیرۆکە مێژووییەکان و دوژمندارێتی نێوانیان، کێشەی موڵکدارێتی ژمارەیەک بەندەری سەر دەریای ئیجە و پەنابەر و کۆچەران و کێشەی گازی سروشتییە لەو دەریایەی نێوانیاندا.

لەم ماوەیەی دواییدا بارەکە بەوە دژوارتربوو کاتێک تورکیا رایگەیاند کە ناوچەی سنووری دەپشکنێ و هەوڵدەدات نەوت و گاز لەو ناوچانە دەربهێنێت و یۆنانیش ناڕەزایی دەربڕی و
ئیدانەی هەموو جۆرە پێشێلکارییەکی نایاسایی نێوانیانی کرد و ئەوەی بە شکاندنی سەروەریی وڵاتەکەیان ناوبرد.

تورکیا بە دوای نەوت و گازدا دەگەڕێت
لەمڕۆژانەدا دۆخە گرژەکە گەیشتە لوتکە و بەپێی رۆژنامەی کۆڵنیشە رۆندشاو-ی ئەڵمانی، کەشتییەکی تورکی بەناوی ئۆرتش ریس بە یاوەری چەند کەشتییەکی تری سەربازی کە پاسەوانی بوون، لە پێش کاستالۆریسۆ بە دوای غازدا گەڕاوە ئەو دەڤەرەی پشکنیوە. لە هەموو لایەکەوە کەشتییە زەبەلاحە سەربازییەکانی تورکیا ئامادەکاری شەڕیان راگەیاند و لە باشووری بەندەری رۆدۆس و کرێتای یۆنانی سەر دەریای ئیجە جێگیربوون و هەڕەشەی هەڵگیرساندنی شەڕیان کرد، هێزی دەریایی یۆنانیش لە بەرامبەر ئەو جموجۆڵانەی تورکیادا خۆیان ئامادە کردووە و بەرامبەر یەک وەستان.

وتەبێژی ئەو هێزانە بۆ ئاژانسی فرانس پرێس ئاشکرایکردووە، کە ئەوان ئامادەی بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەکی سەر وڵاتەکەیانن.

مێرکل بووە فریادڕەس
رۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی بڵاویکردۆتەوە، کە ئەگەر ئەنجێلا مێرکل راوێژکاری ئەڵمانیا ناوبژی نەکردایە، ئەوا کار لەکار دەترازا و شەڕێکی خوێناوی لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا رووی دەدا، چونکە سەر دەریای ئیجە پڕ ببوو لە فڕۆکەی شەڕکەر و لە ناو دەریاشدا کەشتیی گەورەی سەربازی بڵاوەی پێکرابوو.

ئولرێکە دێمەر جێگری وتەبێژی حکومەتەکەی مێرکل رایگەیاند: شەوی 21\22ی ئەم مانگە راوێژکاری ئەڵمانیا بە پەلە تەلەفۆنی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کردووە، دوای ئەویش لەگەڵ کیریاکۆس میتسۆتاکیس سەرۆک وەزیرانی یۆنان قسەی کردووە و هێوری کردوونەتەوە.

پێگەی گریکیشە زیتۆنگیش بڵاوی کردبۆوە، کە سەرۆک وەزیران لەگەڵ مێرکل بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و وەزارەتی بەرگریش ئاشکرایکرد کە بەهۆی ئەو پێشهاتە تازەیەوە، سەرۆک ئەرکانی سوپای یۆنان کۆتایی بە گەشتە رەسمییەکەی لە قوبرس هێناوە و گەڕاوەتەوە ئەسینای پایتەخت.

پێگەی گۆڤاری فۆکۆسی ئەڵمانی لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەنجیلا مێرکل توانیویەتی لە رێگری لە شەڕی نێوان دوو وڵاتی ئەندامی ناتۆ سەرکەوتوو بێت و لە دوای تەلەفۆنەکەی لەگەڵ ئەردۆغاندا، تورکیا کەشتییە سەربازییەکانی خۆی کشاندۆتەوە و یۆنانییەکانیش دوورکەوتوونەتەوە.

وەزیری دەرەوە خەریکی دانوستانە
لە دوای ناوبژی و ئاوکردن بە ئاگرەکەی نێوان ئەو دوو وڵاتە دراوسێیەدا، هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە سەردانێک گەیشتە ئەسینا و لە دوای چەند دیدار و کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا داوای لە تورکیا کرد کە جموجۆڵەکانی گەڕان و سوڕان بە دوای غازدا و هەموو جموجۆڵە سەربازییەکانیشی رابگرێت.

ئەی ئەمریکا؟
هەر بەپێی گریکیشەناخڕیشتن، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە حکومەتی تورکیا کردووە پشێوی لە دەریای ئیجە دروست نەکا و جموجۆڵەکانیان رابگرن.

فەرەنسا
فرانکفۆرتە ئەلگێماینە زایتۆنگ بڵاویکردۆتەوە، کە لە دوای ئەو رووداوە، ئیمانوئێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا قوبرسییەکەی، روونیکردۆتەوە کە ئەو دۆسێیە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە هەریەک لە روسیا و تورکیا دەیانەوێت هەژموونی خۆیان لەو ناوچەیە پەرەپێبدەن، یەکێتیی ئەوروپاش دەستەوەستانە لە بەرامبەر ئەو کێشەیە و تائێستا هەڵوێستی جددی نەنواندووە.

ئەوروپا
بەپێی سایتی DW ش بێت، مانگی داهاتوو یەکێتیی ئەوروپا کۆبوونەوەیەکی باڵای تایبەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا دەکات، زانیارییەکانی میدیا باس لە سزا ئابوورییەکان بۆ سەر ئەنقەرە دەکەن، ئەوەش بەهۆی گەڕانی تورکیا بە دوای غازە لە دەریای ناوەڕاست و ناکۆکییەکانی لەگەڵ قوبرس و لە دەریای ئیجە و ئەو دۆخە گرژەی کە لەگەڵ یۆنان دروستبووە. هەروەها یەکێتییەکە دەستێوەردانی ئەو وڵاتەی بۆ ناو خاکی لیبیا زۆر پێناخۆشە و داوایان لێدەکات کە هاوکاری سەربازی نەنێرن و دەستبەرداری ئەو کێشەیە ببن.

سەرچاوە، ئاژانسەکان

print

 255 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*