سەرەکی » وتار » گۆران فه‌تحی » سەرۆك وەزیرێكی جیاواز لەوانی تر

سەرۆك وەزیرێكی جیاواز لەوانی تر

سەرۆك وەزیرانی ئێستای عیراق، مستەفا كازمی لە ماوەی كەمی دەستبەكاربوونیدا كە تەنها سێ مانگ دەكات، چەندین هەنگاوی باش و قورسی ناوە، لەناو وڵات و لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری و هەروەها رووبەروونەوەی گەندەڵی، ئەوەشی بەكرداری ئەنجامدا، جیاواز لە سەرۆك وەزیرەكانی پێش خۆی، كە بێگومان ئەم هەنگاوانەش نەیاری زۆری بۆ دروست كردووە، بەڵام ئەم بەردەوامە لەكارەكانیدا بەو ئاراستەیەو ئەمەش تا ئێستا جێ رەزامەندی شەقامی عیراقی بووە، كە بێگومان لەحاڵی سستی و وازهێنان لەو بەرنامەیە، هەڵوێستی شەقام بەرامبەر بەمیش دەگۆڕێـت.

ئێمە بینیمان كازمی لەسەر ئاستی پەیوەندییەكانیش لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر بەتایبەت وڵاتە كاریگەرەكانی ناوچەكە، سەردانی ئێران و سعودییەی كرد، سەردانەكانیش بۆ نیشاندانی دۆستایەتی بوو بۆ ئەو دوو وڵاتەو هەروەها بۆ نیشاندانی سەربەخۆیی بڕیاری بەغدا لەسەردەمی خۆی (واتا كازمی)، بەتایبەت كە عیراق بەدەست چەندین كێشەوە دەناڵێت، كە ئابووری بەدەر نییە لێی، بۆیە سەردانیكردنی ئێران كە دەستێكی باڵای لە عیراق هەیە لە رێگەی حزب و هێزە چەكدارە جیاجیاكانی شیعەوە، كە ئەگەر مەبەستی بێت چەندین لەمپەڕی گەورە لەبەردەم سەرۆك وەزیران و هەنگاوەكانی دروستدەكات و هەندێ جاریش بەكرداری كردوویەتی، دەمێنێـتەوە سەر سعودیە، كە لەلایەك وەك زلهێزێكی ئابووری ناوچەی عەرەبی و خۆرهەڵاتی ناوەراست هەژمار دەكرێت و لەلایەكی تریشەوە خۆی بەپارێزەری سوننەكان لەناوچەكە نیشان دەدات و بەشێك لەهێزە سوننەكانی عیراقیش نزیكن لێی بەگوێی دەكەن و پەیوەندی توندوتۆڵیان لەگەڵیدا هەیە.

سەبارەت بە ئەمریكا، كە رۆڵی هەرە سەرەكی هەیە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی و گۆڕانكارییەكان لەعیراقی دوای 2003 و بێگومان سەركەوتنی هەر سەرۆك وەزیرێكی نوێ لەكارەكەی پەیوەستە بە واشنتۆنەوە، بۆیە گومان لەوەدا نییە كە كازمی لەئایندەدا سەردانی واشنتۆنیش دەكات، بۆ كۆبوونەوەو گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكی، چونكە باش دەزانێـت كە لەوێوە دەتوانێت گرنتی بەردەوام بوونی وەك سەرۆك وەزیر مسۆگەر بكات، هەروەها دەپارێزرێت و پاڵپشتی دەكرێت بۆ رووبەرووبوونەوەی هێز و گروپە چەكدارە شیعەكان، كە زۆرێكیان لەژێر فەرمانی دەرەوەن نەك، ئەو وەك سەرۆك وەزیران.

ئەو هەنگاوانەی كازمی لەرووی ناوخۆ و هەروەها دەرەوە ناویەتی، هێزێكی باشی پێداوە داوە، بەتایبەت كە ئەو هەر لەسەرەتاوە خۆی لەشەقام جیانەكردۆتەوەو وەك كەسێكی پاڵپشت بۆ نارەزایەتیەكانی شەقام و خۆپیشاندەران ناساندووە، بەڵام دەبێـت بەردەوام بێت لە چاكسازی و بەڵێنەكانی جێ بەجێ بكات، كە بێگومان هەندێكی كردووە، بەپێچەوانەوە ئەگەر پشت لە شەقام بكات، وەكو ئەوانی پێش خۆی، واز لەچاكسازی و رووبەروبونەوەی گەندەڵی بێنێـت، بەتایبەت لەئێستادا كە بەهۆی كەمی كارەبا و خزمەتگوزارییەوە، نارەزایەتییەكان لەبەغدا و چەند شارێكی تری ناوەراست و باشوور دەستیپێكردۆتەوە، ئەوا رەنگە ئەمیش بەدەردی ئەوانی پێش خۆی بچێـت.

 330 جار بینراوە