سەرەکی » وەرزش » پاریسییەكان لەبەردەم بەربەستی خەونی ئەتەلانتادا

پاریسییەكان لەبەردەم بەربەستی خەونی ئەتەلانتادا

ئەمڕۆ 4 شەممە یارییەكانی قۆناغی چارەكی كۆتایی چامپیۆنس لیگ دەست پێدەكات و سەرەتاش یاریی نێوان پاریس سان جێرمان و ئەتەلانتا بەڕێوەدەچێت كە هەردوو یانە دەیانەوێت ببنە یەكەم لایەنی قۆناغی پێش كۆتایی.

یانەی ئەتەلانتا دوای پێشكەش كردنی وەرزێكی نایاب گەشتی كردوە بۆ شاری لیشۆنەی پرتوگال، ئەمەش بەهیوای ئەوەی بتوانێت وەك تاكە نوێنەری ئیتاڵیا لە قۆناغی كۆتایی باشترین ئەنجام تۆماربكات.

ئەو یانەیە لەژێر سەرپەرشتی گاسپەرینی راهێنەر لە ماوەی رابردوو جوانترین تۆپی پێی پێشكەش كردوەو سەرنجی هەمووانی بەلای خۆی دا راكێشاوە، ئەویش لە رێگەی یاریكردن بە شێوازی هێرشبەری لە خولێك كە لە رابردوو بە شێوازی بەرگری ناسراو بووە، بەڵام گاسپەرینی سەركردایەتی شۆڕشێك دەكات لە ئیتاڵیا كە سەرەتا ساری راهێنەر لە ناپۆلی دەستپێكرد و ئێستاش چەندین یانە لەسەری دەڕۆن.

ئەو یانەیە توانی ئەم وەرزە بۆ یەكەم جار لەماوەی ساڵانێكی دوور درێژ لە خولی ئیتاڵیا 98 گۆڵ تۆماربكات كە ئەو ژمارەیە ساڵانێكی زۆرە تۆمارنەكراوەو دیارترین گەورەكانی ئیتاڵیا نەیانتوانیوە بەلایەنی كەمەوە لەم سەدەیە ئەو كارە بكەن.

ئەو یانەیە لە چامپیۆنس لیگ بەشێوەیەكی سەرنجڕاكێش خۆی گەیاندە قۆناغی 16 كە دوای 4 جەولە تەنها خاڵێكی هەبوو، بەڵام لەدوا 2 جەولە سەركەوتنی تۆماركرد و بە تەنها 7 خاڵ بووە یانەیەكی ئەو قۆناغە.

لە قۆناغی 16شدا ئەتەلانتا بە ئاستێكی ناوازە دەركەوت و توانی لە هەردوو یاری چون و گەڕانەوە سەركەوتن بەرامبەر بە یانەی ڤالێنسیای ئیسپانی تۆماربكات و بە شایستەیی خۆی بگەیەنێتە قۆناغی چارەكی كۆتایی.

ئەتەلانتا بەرامبەر بە پاریس سان جێرنان لە توانای گۆڵپارێزی یەكەمی و جۆزیپ ئیلچیچی ئەستێرەی یەكەمی بێ بەش دەبێت كە ئەمەی دووەمیان پێكانی نییە بەڵام بەهۆی كێشەیەكی خێزانی وەكو یانەكەی رایگەیاندوە تا كۆتایی وەرز ناتوانێت یاری بكات.

لەبەرامبەردا یانەی پاریس سان جێرمان بە رابەرایەتی قەتەرییەكان ساڵانێكی زۆرە دەجەنگێت بۆ ئەوەی نازاوی چامپیۆنس لیگ بباتەوەو بۆ ئەو كەبەستەش سەدان ملیۆن یۆرۆی خەرج كردوە بەبێ ئەوەی بتوانن لەو خەونە نزیك ببنەوە.

بەپێی زۆرینەی شارەزایان یانەكە ئەم وەرزە هەلێكی زێڕینی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی بگات بەو خەونە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە تیروپشكی پاڵەوانێتییەكە تا یاری كۆتایی خۆی بەدوور گرتووە لە رووبەڕوووبوونەوەی گەورەكان.

پاریسیەكان بە سەركەوتن بەرامبەر بە ئەتەلانتا لە قۆناغی پێش كۆتایی رووبەڕووی براوەی ئەتلەتیكۆ مەدرید و لایپزیگ دەبنەوە، بۆیە گەیشتنیان بە یاری كۆتایی هاوشێوەی 4 تیپەكەی تری قۆناغی پێش كۆتایی قورس نابێت.

ئەو یانەیە لەماوەی رابردوو چەند لێدانێكی بەهێزی بەركەوت كە دیارترینیان پێكانی كیلیان مباپی و ماركۆ ڤیراتی و كیهلەر و بێرنارت بوو، بەڵام چەند رۆژێك پێش یارییەكە جگە لە ڤیراتی سەرجەمیان گەڕاونەتەوە بۆ راهێنان جگە لە ڤیراتی كە لەگەڵ دیماریای راگیراو بەشداری ناكەن.

پاریسییەكان لە مێژوویاندا تەنها جارێك لە وەرزی 1994-1995 گەیشتونەتە قۆناغی پێش كۆتایی، ئەم وەرزەش بە هێڵێكی هێرشبەر كە دروستكردنی 462 ملیۆن یۆرۆ لەسەر یانەكە كەوتووە بەرامبەر بە یانەیەك یاری دەكەن كە یەكەم جارە بەشداری چامپیۆنس لیگ و هەموو هەوڵێكیش دەدەن بۆ ئەوەی سەركەوتن تۆماربكەن و خۆیان لە ئەنجامی چاوەڕوان نەكراو بەدوور بگرن.

گاسپەرینی راهێنەریش چاوەڕێ دەكرێت لەم یارییە كەمێك لە شێوازی یاریكردنی بگۆڕێت، ئەمەش چونكە رووبەڕووی هێڵێكی هێرشبەری تۆقێنەر بەسەركردایەتی مباپی و نێیمار و ئیكاردی دەبێتەوەو پێویستە پێش هێرشبردن بیر لەوە بكاتە ئەو 3 ئەستێرەیە زیانی پێنەگەینن.

print

 151 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*