سەرەکی » دۆسێ » لێكدانەوەیەك بۆ سەردانەكەی سەرۆكی فەرەنسا بۆ عیراق

هۆكارەكانی دەخرێنەڕوو

لێكدانەوەیەك بۆ سەردانەكەی سەرۆكی فەرەنسا بۆ عیراق

لەگەڵ سەردانەكەی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا بۆ بەغدا، سەركردەیەكی هاوپەیمانی نەسر، ئاماژە بە بوونی ڕكابەرییەك دەكات لەنێوان هەردوو بەرەی خۆرئاوایی و چینی لەسەر عیراق و ناوچەی كەنداو.
عەلی ئەزیرجاوی سەركردە لە هاوپەیمانی نەسر، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”عیراق پێگەیەكی جوگرافی گرنگی هەیە لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كە نێوجەرگەی جیهان، عیراقیش دڵی ئەو ناوچەیەیە بە پێگە ستراتژییەكەی”.

بە وتەی ئەو سەركردەیەی هاوپەیمانی نەسر”ئەو سامانەی عیراق هەیەتی، وا لە وڵاڵاتانی خۆرئاوایی و وڵاتە دەستڕۆیشتووەكانی تری جیهان دەكات، پێبڕكێ‌ بكەن بەرەو عیراق”.

ئەزیرجاوی پێیوایە”پرۆژەكەی چین پێشدەكەوێت بەرەو خۆرهەڵات بە ئاراستەی باكوور و گەیشتە ئێران، بۆیە وڵاتانی خۆرئاوایی هەنگاوێكی پێشخەوتییان هەڵنا بەرەو عیراق، وەك هەوڵێك بۆ بەرگرتن لە چین لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، چونكە دەزانن گەیشتنی چین بە عیراق و ناوچەی كەنداو، مانای گەیشتنە بە سنورەكانی خۆرئاروا”.

هەروەها دەڵێت”وڵاتە خۆرئاواییەكان عیراق بەرەو هاوپەیمانەكانی هەنگاو بنێت لە ناوچەكەدا و دووربكەوێتەوە لە ئێران، بڕیاربەدەستانیش لە عیراق لە نێوەندی ئەم پێشبڕكێ‌ و ڕكابەرییەی لەنێوان وڵاتانی كەنداو و ئێران لەلایەك و لەنێوان خۆرئاوا و چیندا لەلایەكی تر هەیە، بەرژەوەەندی عیراق بخەنە پێشەوە و لە هەر لایەك بەرژەوەندی عیراق هەبوو ڕوو لەو لایەنە بكەن”.

ئەزیرجاوی پێیوایە”عیراق تائێستا نەگەیشتۆتە چەمكی دەوڵەت، هەر بۆیە دەبینین بە گۆڕانی كەسی سەرۆك وەزیران و حكومەتەكان كەش و ڕێڕەوەكان گۆڕانكارییان بەسەردا دێت، لەگەڵ ئەوەشدا هێنانی وەبەرهێنان پێویستی بە كۆدەنگی نێوخۆیی هەیە بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی نیشتمانی”.

پێشتر مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران لە میانی چاوپێكەوتنی لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا ڕایگەیاندبوو، فەرەنسا هاوبەشێكی گرنگی عیراق و پاریس دەیەوێت ئەو هاوبەشییە فراوان بكات.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو”كازمی پێشوازیی لە ماكرۆن كرد كە بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە بەغدا، هەردوولا پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست و ڕێڕەكانی پتەوكردنی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتیان لە بوارە جیاجیاكاندا تاوتوێ‌ كرد، بە هەمان شێوە گفووگۆیان لەبارەی ئەو تەنگژانە كردبوو كە ڕووبەڕووی عیراق و ناوچەكە و جیهان دەبنەوە”.

هەر لە بەیانناكەدا هاتبوو”كازمی لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا بەخێرهاتنی ماكرۆنی كرد و ستایشی رۆڵی فەرەنسای كرد لە پشتیوانی عیراق لە جەنگی دژ ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش، بە هەمان شێوە ستایشی پەیوەندی مێژوویی نێوان هەردوو وڵاتی دۆستی كرد”، ئاماژەی بە هاوبەشی عیراق و فەرەنساش كرد لە بواری پەیوەندییە ئابوری و كلتوری و پەرەپێدانی توانا ئەمییەكان و ڕەخساندنی هەلی زیاتر بۆ پەرەپێدانی ئەو هاوبەشییە و فراوانكردنی مەوداكەی”.

وەك لە لە بەیاننامەكەدا ئاماژەی پێكراوە”عیراق تائێستا ناوبەناو دووچاری مەترسی پاشماوەكانی ڕێكخراوی داعش دەبێت، وێڕای ڕزگاركردنی خاكەكەی لە چنگی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكە، لەگەڵ ئەوەشدا حكومەت پێداگرە لەسەر ئاوەدانكردنەوە و نۆژەنكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكان و گێڕانەوە هەموو ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان و ڕەخساندنی كەشێكی ئارام بۆیان”.

كازمی رایگەیاندووە، وەبەرهێنان لە بواری وزەی كارەبا ڕەخساوە بۆ كۆمپانیا فەرەنساییەكان، چونكە عیراق بەدەست كێشەی بەرهەمهێنانی وزەی كارەباوە دەناڵێنێت، دەكرێت سود لە وێستگە ئەتۆمییەكان وەربگرێت بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا، لەهەمان كاتدا عیراق خوازیاری هەماهەنگی هاوبەشی زیاترە لەنێوان هەروو وڵات، بە تایبەتیش لە بواری ئاوەداكردنەوەی ناوچە ڕزگاركراوەكان و بەرنامەی گێڕانەوەی ئاوارەكان.

لای خۆیەوە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا خۆشحاڵی خۆی بەرانبەر بە سەردانەكەی بۆ عیراق دەربڕی و تەئكیدی لەسەر “بایەخی وڵاتەكەی بە پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان لەنێوان هەردوو وڵاتدا لەسەر ئاستە جیاجیاكان” كردەوە.

وەك لە بەیاننامەكەدا هاتوو، ماكرۆن ڕایگەیاندووە”خوازیاری هەماهەنگی زیاترە لە بوارەكانی سەربازی و كلتوری و ئابوری و تەندروستی، وێڕای هەماهەنگی لە بواری پەروەردە و فێركاریی، تەئكیدی لەسەر پابەندبوونی وڵاتەكەشی بە هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات كردەوە”.

ماكرۆن دەڵێت”عیراق رۆڵی كاریگەر دەگێڕێت لە ناوچەكەدا، فەرەنسا و كۆمەڵی نێودەوڵەتیش پشتیوانی لە عیراق دەكات لەڕووی ئەو ڕووبەڕووبوونەوانەی بەرەنگاریی دەبێتەوە، لەپێش هەمووشیانەوە ڕووبەڕووبوونەوە ئەمنییەكان”.

بەر لەوە، د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوتنی هاوبەشی لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا، لە بەغدا سازكرد و ڕایگەیاند”لەناوبردنی تیرۆر، پێویستی بە پشتگیریی دۆستەكان و كۆمەڵی نێودەوڵەتییە”.

د. بەرهەم لە كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەكەی لەگەڵ سەرۆكی فەرەنسا ڕایگەیاند”لەگەڵ ماكرۆن لەسەر زۆرێك لە هاوبەشییەكان كە خزمەت بە عیراق و فەرننسا و ناوچەكە دەكەن، قسەوباسمان كرد”.

بە وتەی سەرۆك كۆماری عیراق”لەناوبردنی تیرۆر پێویستی بە پشتیوانی دۆست و كۆمەڵی نێودەوڵەتییە، تائێستاش زۆرمان بەردەمدا ماوە، لەگەڵ ئەوەشدا نامەوێت عیراق بكرێتە گۆڕەپانی ململانێ‌”.

سەرۆك بەرهەم ساڵح وتی”لەگەڵ ماكرۆن گفتووگۆمان لەبارەی بەگەڕخستنی ڕێكەوتنە هاوبەشەكانی نێوان عیراق و فەرەنسا كرد، رۆڵی پاریسیش بەرزدەنرخێنین لە جەنگی دژ بە تیرۆر”.

لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك كۆماری عیراق ڕایگەیاند”بە ماكرۆنم وت، عیراق خوازیارە رۆڵی گرنگ و سەرەكی هەبێت لە ناوچەكە، لەو بارەیەشەوە دیدی خۆمانم بۆ خستەڕوو”، ئاماژەی بە پێداگری لەسەر پشتیوانی عیراق كرد و ئێمە دەخوازین جارێكی تر سەردانێكی دوورودرێژ بكاتەوە بۆ عیراق و سەردانی ناوچە جیاجیاكان بكات”.

پێشتر ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا، تەئكیدی لەسەر بوونی ڕووبەڕووبوونەوەی گەورە كردبۆوە لەبەردەم زامنكردنی سەروەریی عیراق، ئاماژەی بە بوونی سەربازە فەرەنساییەكانیش كردبوو كە شان بەشان دژ بە تیرۆر شەڕدەكەن.

ماكرۆن لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاندبوو”ڕووبەڕووبوونەوەی زۆر هەن لەبەردەم سەروەریی عیراق، بە هەموو ڕەهەندە ئەمنی و ئابورییەكان لە نێوخۆ و لە ناوچەكە”.

بە وتەی سەرۆكی فەرەنسا”ئاسایشی بەكۆمەڵ و سەقامگیریی ئیقلیمی لەسەر مەحەكە، سەربازەكانمان شان بەشانی ئێوە شەڕ بۆ زامنكردنی تێكشكانی تەواوەتی جیهادییەكان دەكەن”

لە 2ی ئەیلولی 2020، ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا، لە بەیروتەوە بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە بەغدای پایتەختی عیراق و ئەو سەردانەش بە یەكەم سەردانی سەرۆكی فەرەنسا بۆ عیراق دادەنرێت.

print

 157 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*