سەرەکی » دۆسێ » 11 ی سێپتەمبەر ئەو رۆژەی هەموو جیهانی هەژاند

11 ی سێپتەمبەر ئەو رۆژەی هەموو جیهانی هەژاند

پەیڤێک

یەکێک لە رووداوە گەورەو گرنگەکانی ئەم سەدەیە هێرشە تیرۆریستییەکانی 11ی سێپتەمبەر بوو بۆ سەر ئەمریکا. ئەم هێرشە کە لەلایەن گرووپی تیرۆریستی « قاعیدە»وە بەسەرۆکایەتی ئوسامە بن لادن کرا، کاریگەری گەورەی بەسەر تەواوی ژیانی سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی جیهانەوە هەبوو. گەورەترین کاریگەریشی ئەوە بوو دوو جەنگی گەورەی لەپاش خۆی هێنا کە ئەوانیش « جەنگی ئەفغانستان و عیراق» بوو، کە هەتاوەکو ئەمڕۆش ئەم دوو دەوڵەتە بە دەست کاریگەرییەکانی ئەو جەنگەوە دەناڵینن.

هەتاوەکو ئەمڕۆش لە تەواوی جیهاندا، ئەم رووداوە قسەوباسی زۆری لێدەکرێت و سەدان کتێب و راپۆرت و بەرنامەی دۆکۆمێنتاریی و کۆڕ و سیمیناری لە بارەوە کراوە. ئێمەش لە کوردستانی نوێ ، هەمیشە بایەخمان بەم دۆسێیە گرنگە داوەو راپۆرت و وتارمان لەبارەوە ئامادەکردووە.

دۆسێی ئەمجارەشمان کە کەمێک دواکەوت لەلایەن سەربەست کەرکوکی ئامادەکراوە، تێیدا باسی چۆنێتی رووداوەکە و ژمارەی قوربانیی و هەڵەکانی ئیدارەی ئەمریکا باس دەکات. جگە لەوەش کاریگەرییە خراپەکانی ئەم رووداوەش بەسەر جیهانەوە باس دەکات.

کوردستانی نوی

11ی سێپتەمبەر و دەستکراوەیی ئەمریکای پاش هێرشەکە

سەربەست کەرکوکی


بە داخەوە، دروست نۆزدە ساڵ لەمەوپێش، هێرشی تێرۆریستی سەر نیویۆرك و واشنتۆن، لە رۆژی 11ی سێپتەمبەردا بووە هاوڕۆژی هەڵگیرسانی شۆڕشی ڕزگاریخوازی نەتەوەییمان و هەروەها بووە نەگبەتی و نەهامەتییەکی تر بۆ هەموو شارستانیەتی بەشەر. ئەوەی لەو ڕۆژەدا لەسەر خاکی گەورەترین زلهێزی دونیا ڕوویدا، هەژانێک بوو، لە گۆڕانکاری سیستەمی پەیوەندی سیاسی و ئابوری وڵاتاندا، کاریگەرییەکانی بە هیچ شێوەیەک لە گۆڕانکارییەکانی پاش شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕووسیا و کۆتایی دووەم جەنگی جیهانی، کەمتر نەبوو. کەواتە لەو ڕۆژەدا، ئەو هێرشە چۆن بوو؟ لە کوێی ئەمریکادا ڕووی دا؟ قوربانییە گیانی و ماددیەکانی چەند بوو؟ چ جۆرە گۆڕانکارییەکی لەسەر سیاسەتی نیودەوڵەتی و ستراتیجی سەربازیی دەوڵەتاندا دروستکرد؟

هێرشەکە چۆن روویدا؟
بەیانی ڕۆژی 11.9.2011 بە ڕێگەی سەتەڵایت و تەلەفزیۆنەکانەوە، لە سەرتاسەری جیهاندا، خەڵکەکە بە حەپەسانەوە بینەری ئەو هێرشە تیرۆریستیە بوون، کە تێرۆریستان بە ناوی ئیسلام لە خاکی وڵایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا جێبەجێییان کرد. نۆزدە بۆ بیست تێرۆریستی وڵاتانی عەرەبی، کە زۆرینەیان سعودی بوون، چوار فڕۆکەی ناوخۆییان بەکارهێنا بۆ جێبەجێکردنی کارە قێزەوەنەکەیان؛ بەبێ گوێدان، بە بێتاوانی ئەو خەڵکە سەرنیشینانەی فڕۆکەکان، دوو لەو فڕۆکانەیان بەکارهێنا، بۆ وێرانکردن و خاپورکردنی دوو لە باڵەخانە بەرزەکانی (سەنتەری بازرگانی جیهانی) لە ناوچەی مانهاتنی نیویۆرك. لە ئاکامی ئەو هێرشەدا، جگە لە مردنی سەرنیشانانی فڕۆکەکان، لە ماوەی تەنیا یەك سەعاتدا، هەزارەها کارمەندی بازرگانی و بازاڕی دراو، لەگەڵ هەرەسهێنانی دوو باڵەخانەکە لەناوچوون. تێرۆریستان فڕۆکەی سێیەمیان لە هێرشی سەر بەشێکی بینایەی (پەنتاگۆن)ی واشنتن بە کارهێناو چوارمیشیان هێزی ئاسمانی ئەمریکی مەجبوری کرد، لەناو کێڵگەکانی دەوروبەری (بنسلفانیا) بکەوێتە خوارەوەو هەموو سەرنیشینانی ببنە ژمارەیەکی تری کوژراوانی ئەو هێرشە.

قوربانییەکان
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئەمریکا، لە ئاکامی ئەو هێرشانەدا، وڵاتەکە بەرەو ڕووی کارەساتێکی چاوەڕوان نەکراو بووەوە، تەنیا لەو ڕۆژەدا زەرەرە مرۆیی و ماددییەکان ئەمانەی خوارەوە بوون:

1/ هەردوو باڵەخانەکانی سەنتەرە بازرگانییەکە سەرتابن بەلاداهاتن،هەرەسیان هێنا، خاپورو وێران بوون. لەوەشدا زەرەرە ڕاستەوخۆییەکانی دوو بیناکە نزیک بە بیست بلیۆن دۆلار بوون.

2/ پێش ئەوەی هەردوو باڵەخانەکان بە تەواوەتی هەرەس بهێنن و ببنە وێرانە خاک، پۆلیس و کارمەندانی هێزی فیدراڵی و ستافەکانی ئاگرکوژێنەوە، توانیان لە ماوەیەکی قیاسیدا، 19858 کەس بە ساغی یا بە برینداری و یاخود بە لاشەیی لە بیناکان دوور بخەنەوە.

3/ قوربانیانی کوژراوی تەنیا دوو باڵەخانەکان، 2801 کەس بوون. و لە خۆبەخشان و پۆلیس و ئاگرکوژێنەرەکانیش 343 کەس گیانیان لە دەست دا.

4/ لەو بەشەی بینایەی (پەنتاگۆن) کە هێرشەکە کرایە سەری 184 کەس بوونە قوربانی، کە 64یان سەرنیشانی ناو فڕۆکەکە بوون.

رووەکانی پێش 11 ی سێپتەمبەر
ئەمریکا، وەکو سیاسەتی سەربازی و بەرپاکردنی شەڕو جەنگ، هەمیشە ستراتیجی ئەوەی هەبووە کە شەڕەکانی دژ بە وڵاتان و یا گرووپە تێرۆریستییەکان، بباتە دەرەوەو دووری خاکی وڵایەتەکانی. بەڵام لەگەڵ کردنەوەی دەرگاکانی کردە تێرۆریستییەکان، بە تایبەتی کردەکانی تێرۆریستە ئیسلامییەکان، ئەم هێرشەی 11ی سێپتەمبەر، هەرچەند گەورەترین و ترسناکترین هەڕەشە بوو بۆ سیستەمی ئەمنی و سەربازی ئەمریکا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، پێش ئەم کارەساتەش، لە سالانی پێشووتردا، چەند ڕووداوی بچووکی تێرۆریستی لەناو خاکی وڵایەتەکانی ئەمریکادا ڕوویان دابوو:

1. هێرشی مانگی نیسانی 1996، بۆ سەر هەمان باڵەخانەی بازرگانی مانهاتن، لەلایەن چەندین تیرۆریستێکی میسری و فەلەستینی و پاکستانی. کە تیایدا جگە لە هەر هەموو تیرۆریستانی هێرشبەر، شەش ئەمریکیش گیانیان لەدەستدا.

2. هێرشی تەقاندنی باڵەخانەی فیدراڵی لە ولایەتی (ئۆکڵاهاما) لەلایەن تیرۆریستی ئەمریکی (تۆم ماکفی)یەوە. کە لە هێرشەکەیدا 168 کەسی بێتاوان گیانیان لە دەستدا.

3. هەروەها لەو ساڵانەدا (سی.ئای.ئەی) و (مۆساد)ی ئیسرائیلی هەوڵی هێرشی تەقاندنی باڵەخانەی UN ی نیویۆرکیان، لە پێش ئەنجامدانی ئاشکراکرد. مەبەست ئەو هێرشەیە، کە هەوڵێک بوو بە هاودەستی (القاعدة)ی (أیمن الظواهري)، دەزگای هەواڵگری سودانی (عمر البشیر) و (شیخ عمر عبدالرحمن) سەلەفی دانیشتووی نیویۆرک، پیلانڕێژی بۆ کرابوو.

کێ ئەم هێرشەی کرد؟
هەرچەندە لە پاش چەند ڕۆژێکی ڕووداوەکە، قسەکەری (القاعدة) بە ناوی (بن لادن)ی سەرکردەیانەوە، بانگی هەڵدا، کە جیهادییەکانی سەر بە ڕێکخراوەکەیان، وەک تۆڵەسەندنەوە لە ئەمریکا، ئەو بە ناو پاڵەوانیەیان ئەنجامداوە. بەڵام لێرەو لەوێ هەندێ بچوونی تر هەبوون کە گۆمانیان دەخستە سەر ئەم دانپانانەی (القاعدة):

1. دەزگاکانی سەر بە لۆبی ئیسرائیلی لە ئەمریکا و ڕاستڕەوو نەژادپەرستانی خۆدی ئەمریکا ئەم هێرشەیان وەکو پیلانێک یا کۆدەتایەک یا بەشێک لە پیلانی درێژخایەنی ئایندەی ستراتیجی سەبازیی ئەمریکا ئەنجام دابێت!. ئەوانەی بڕوایان بەم بۆچوونە هەیە، پێیان وایە پیلاندانەران، یا با بڵێین جێبەجێکارانی ناڕاستەوخۆی هێرشی دژ بە سیستەمی چەقبەستووی حکومەتی ئەمریکا، خەڵکانێکی شاراوە و دەستباڵای ناو لەشکرو دەسەڵاتی ئیداری و دەزگا داراییەکانی وڵاتەکە بوون. ئەوانەی کە زیاتر موکوڕی ئەم بۆچوونەبوون، بەڵگەیان ئەوەبوو کە پیلاندانەران، یەکڕاست دوو سومبوڵی هێزو قودرەتی ئەمریکایان دەستنیشانکردبوو – مەبەست دوو باڵەخانەی سەنتەری بازرگانی و پەنتاگۆنە- بۆ ئەوەی بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر بخرێتە سەر مێزی داشکاوی ئیدارەی ئەمریکی. تاکو لە یەک ئەلتەرنەتیف زیاتر بۆ ئیدارەی ئەمریکی نەمێنێتەوە، ئەویش بڕیاری خۆئامادەکردن بێت بۆ جەنگی ڕەوای دژە تیرۆریستان و هەڵبەتە پیلاندانەرانیش، جگە لە تیرۆریستانی وڵاتانی ئیسلامی چ مەبەستێکی تریان نەبوو.

هەڵبەتە بۆ مێژووی دورو نزیکی ئەمریکا، نموونەی ئەو جۆرە رێکخستن و پیلانە گۆماناویانە نامۆنەبوون؛ بۆ نموونە لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، کاتێ سەرۆکی ئەمریکی (جۆن کەنەدی) هێرشی سەر کۆبای قبوڵ نەکرد!. لەناو دەزگای سەربازیی ئەمریکیدا، ڕاستڕەوەکان (ئەوانەی خۆیان بە نەتەوەپەرست دەزانن) کەوتنە پیلانی ژێربەژێر بۆ ئەوەی فەرزبکەنە سەری کە ئۆپەراسیۆنی (نۆرث وودز) ی داگیرکردنی کوبا دەست پێبکەن. ئەگەر نا کودەتایەکی عەسکەری بکەنە سەر (جۆن کەنەدی)و لە دەسەڵات لایدەن. بەڵام خۆشبەختانە کە سەناتۆری دیموکرات (ویلیام فۆلبرایت) بە نهێنی و هەندێ هەڵقەی پیلاندانانەکەی زانی، دەستبەجێ یادداشتیکی ڕاشکاوانەی پیلانەکەی گەیاندە سەر مێزی جۆن کەنەدی و پیلانەکە ئاشکرابوو.

2. بۆچوونی ئەوەی کە ئیدارە و دامودەزگا ئەمنیەکانی ئەمریکا، ئاگایان لەو کردەیە هەبووەو خۆشیان گوێنەدەربوون. تاکو بەهانەو بیانوویان لە دەستا بێت، بۆ گواستنەوەی جەنگی تیرۆریستان و شەڕەکانی تری ئەمریکا، بەرەو ئەو وڵاتانەی لەو ڕۆژانە کانگای تیڕۆر و سەرچاوەی پەرەسەندنی ئەو گرووپە تێرۆریستیانە بوون. بۆ سەلماندنی مەعقولیەتی ئەم بۆچوونە، لێکۆڵەرەوەکانی پەیوەندییە ستراتیجییە نێودەوڵەتییەکان، دەگەڕێنەوە بۆ بیرهێنانەوەی چەند قسەو بۆچوونێکی دەسەڵاتداران و سیاسەتمەدارانی ئەمریکاو بەریتانیا:

بۆچوونی لۆرد رۆبیرتسۆن
بە چەند ساڵێکی کەم پێش ڕووداوی 11 ی سێپتەمبەر، لە کۆبوونەوەیەکی وەزاریی پەیمانی (ناتۆ) لە برۆکسل، سەبارەت بە لێشاوهاتنی پەنابەرانی ئەفغانی و عیراقی و سوری بۆ ئەوروپا و هەروەها ئەگەری فراوانبوونی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی ناو ئەو لێشاوەی پەنابەران. وەزیری بەرگری بەریتانی لۆرد ڕۆبیرتسۆن، داوایکردبوو کە ( ئێمە دەبێ بچین بۆ شوێنی کێشەکان، پێش ئەوەی ئەوان کێشەکان بۆ ئێمە بهێنن)! بە واتایەکی تر گوتبووی؛ دەسەڵاتی سەربازیی ڕۆژئاوا، دەبێت دەستپێشخەر بێت، لەوەی ئامادەگی هەبێت لە ناوچەکانی وەک عیراق، ئەفغان، سعودیە، یەمەن و سوریا و هتد… بە تایبەتی لە دوو دەوڵەتی وەکو عیراق و ئەفغانستان، کە زۆربەی نەخشەی سەرچاوەکانی نەوت و گازی جیهان، لەو دوو وڵاتە یا لە لێوارییان دان.

داگیرکردنی سعودیە
هەڵبەتە لە ساڵانی پێشووشدا، ئەمریکاو هاوپەیمانانی، خاکی ئەفغانستانیان دژ بە سۆڤیەت و عیراقیشیان لە بۆ دژایەتی ئێرانی ئیسلامی بەکارهێنا. هەر لەو ساڵاندا، واتە لە ساڵانی پێش یانزدەی ئەیلول، لە لێکۆڵینەوەیەکی خوێندنەوەی ستراتیجی ( ئەنجومەنی سیاسەتی بەرگری ئەمریکی)دا، کە لەو کاتانەدا سیاسەتمەداری ناودار (ڕیجادر بیرل) سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکەی دەکرد، داوای هەڕەشەکردنی سەر سعودیەی کردبوو، بەوەی کە ڕاستەوخۆ هەموو کێڵگە نەوتیەکانی داگیربکرێت. ئەگەربێت و دەوڵەتی سعودیە پیشانی نەدات کە بەبێ قەیدو مەرج هاوکارییان دەکات لە شەڕی دژە تێرۆر، هەروەها ئەگەر سعودیە بەردەوام بێت لە هێرشی میدیایی و دژایەتیکردنی ئیسرائیل. شایانی باسە، لەو ڕۆژانەدا، دەمودەست هەڵوێستی پاڵپشتیکردن لەو لێکۆڵینەوەیە، زۆربەی کات و لاپەڕەکانی میدیا نژادپەرستەکان، تەرخان کران بۆ بەرجەستەکردنی بۆچوونەکان و داواکانی لێکۆڵینەوەکە.

هەروەها بە چەند ڕۆژێک پاش هێرشەکە، بەرپرسێکی زۆر نزیک لە ئیدارەی جۆرج بوشی بچووک، پەردەی لەسەر ئەو ڕاستییە هەڵماڵی، کاتێ لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، بە ڕاشکاوانە گوتبووی : (ئێمە، زۆر بە جدی هێرشی 11 ی سێپتەمبەرمان وەرگرت و هەڵستاین بە دانانی هەر هەموو پرۆگرامی حکومەتیمان، لەسەر بناغەی کاریگەرییەکان و ئەنجامەکانی ئەو هێرشە). ئەو بۆچوونانەو ڕۆڵی میدیایی سەر بە ڕاستڕەوە نەژادپەرستەکانی بەناو (نەتەوەپەروەرانی ئەمریکی) لە پاش ماوەیەکی زۆر کورت، کەشوهەوایەکی فیکری وایان لە ئەمریکاو لە دنیادا خوڵقاند کە کەسانێکی وەکو لێکۆڵەرەوەی (ئەنستیتۆی کارنیجی بۆ کاروباری ئاشتی جیهانی) لە وتارێکیدا لە گۆڤاری جیهانی (پروسپێکت) بە ناونیشانی (کۆتایی ڕۆژئاوا) هەق بددات بە دەسەڵاتی ئەمریکی و هاوپەیمانانی و بە گرنگی بزانێت کە بەهەر شیوەیەک بێت ڕەتدانەوەی زۆر توندیان هەبێت، دژ بەو هێرشەی 11 سێپتەمبەر. هەتتا کاری شێتگیریی گەیشتە ئەو ئەندازە سەیرەی کە (مایکل هاورد)ی سەرۆکی ئەو کاتانەی ( دەزگای نیونەتەوەیی بۆ دیراساتی ستراتیجی) لە ڕۆژنامەی (فایننانشاڵ تایمز)ی ڕۆژی 6.11.2002 بێویژدانانە هاواری لێهەڵسێت و بڵێت:
(ئەگەر دەستتێوەردانی دەوڵەتانی بازاڕ ویست، لە کاروباری دوارۆژی وڵاتانی دواکەوتوودا، بە زیندووکردنەوەی داگیرکاری و کردەی ئیمپریالیستی بژمێردرێت، چش با وا حیساب بکرێت. بەڵام دەبێت ئەوە بزانین و ئاگاداری بناغە نوێیەکانی شەرعیەتی نێونەتەوەیی بین، کە دەبێت جێگرەوەی سیستەمە کۆنەکەی ئیدارەدانی جیهان بێت. هەروەها دەسەڵاتدارێتی ڕوون و ئاشکرای ئەمریکا، بێگومان زۆر چاکترو بە سوودترە لە چارەسەرییە مامناوەندییەکانی فەوزەویەت و شڵێوی سیستەمی جیهانی ئێستا)
مخابن ئەم مایکل هاوردە، لەو قسانەیدا کە بەردەوام (مقۆمقۆ)ی میدیاکانی ڕۆژئاوای ئەو ساڵانە بوو، لە بیری چووبوو، یا لە بیری خۆی بردبۆوە کە ئەگەر شەرعیەتی دەوڵەتیی، هێزی سەربازی و بەرژەوەندی بازرگانی زۆرەملێ بیسەپێنێت، هەرگیز ناتوانێت ببیتە شەرعیەت و بێگومان لە بەردەوامیی ئیرهاب و کردەی تیرۆریستی زیاتر هیچی تری لێ شین نابێت.
لە سەرووی هەموو ئەوانەی ئاماژەمان پێدان، ناچیتە عەقڵەوە کە ئەو دەزگا ئەمنیانەی ئەمریکا کە بە توڵوتەفسیلەوە، لە دوور وڵاتانەوە؛ لە بیقاعی لوبنانەوە، لە کینیاوە، لە ئیتاڵیاوە، لە یۆنانەوە، تا دەستگیرکردنی بە پیاوانی میتی تورکی، ئاگایان لە هەموو هەنگاوەکانی (ئۆجەلان) ێک هەبووبێت، کەچی ئاگاو هایدارییان نەبووبێت، سەبارەت بەو نۆزدە بیست تێرۆریستانەی لە سەر خاکی ئەمریکادا، چوار فڕۆکەیان ڕفاندو وەکو بۆمبی هەژێنەر دژ بە هێزو کەرەمەتی وڵاتەکە بەکاریان هێنا.

گومانەکان لە دەزگا ئەمنییەکان
بۆیە ئەو خەڵکانەی شارەزای سیستەمی چێککردنی ئەمنی و پرۆسەکانی پشکنینی ئەمریکا بن، بە هیچ شێوەیەک ناشێ بۆیان هەرس بکرێت، کە چۆن کرا ئەم خاڵانەی خوارەوە لە چوارچیوەی عیلم و ئاگای دەزگا ئەمنیەکانی فڕۆکەخانەکانی ویلایەتەکانی ئەمریکا بەدەربووبن، یا تێپەڕبووبن:

1/نۆزدە بیست تێرۆریست، چۆن توانیان بە چەکەوە ببنە سەرنشینی ئەو چوار فڕۆکانەی هێڵە ناوخۆییەکانی ئەمریکا؟ شایانی باسە بە لایەنی کەمەوە شەش کەس لەو تێرۆریستانە، بە هۆکاری ئەندامبوونیان لە گروپە ئیسلامییەکان و چوونە ئەفغانستان پێشتر زیندانی کرابوون و یا تومەتیان لەسەربوو.

2/چۆن توانیویانە بچنە ناو کابینەی کاپتنی فڕۆکەکانەوە، لە کاتێکا هەموو شارەزایەک دەزانێت کە ئەو کارانە بەبێ بەرەنگاریبوونەوە لەگەڵ گاردی ناو فڕۆکەکان، کاری کردەنی نیین .

3/بۆچی هێزی ئاسمانی ئەمریکی توانیان فڕۆکەی چوارەم؛ کە لە دەشتی بنسلفانیا بخەنە خوارەوە، کەچی بۆ فڕۆکەی سێیەم کە بەرەو بینایەی (پەنتاگۆن) بوو، ئەو کارەیان نەکرد؟

4/هەر فڕۆکەیەک تووشی کارەسات دەبێت، دەکەوێتە خوارەوەو وون دەبێت، گەڕان بە دوای (سەندوقی ڕەشی)ی فڕۆکەکە دەبێتە یەکەم ئەرکی لێکۆڵەرەوەکانی ڕووداوەکان. بۆچی بۆ هیچ فڕۆکەیەکی ئەو هێرشە، هیچ باسێکی گەڕان بە دوای سەندوقی رەش نەکرا؟

5/چۆن تێرۆریستێکی وەك (عەلی ئەبو سعود) ناسراو بە ( ئەبو عمر)، کە کۆنە ئەفسەرێکی سوپای میسری بوو، توانی لە سیستەمی چێککردن(ڤێتینگ)ی لەشکریی دەربچێت و بکرێتە عەریف لە دەزگایەکی پڕ مەترسی وەک (هێزی دژە تێرۆری ئەمریکی). پاشان چۆن ئەو کەسە کە تاوانباری ژمارەی 23ی 127 تۆمەتباری کەیسی (گەڕاوەکانی ئەلبانیا) بووبێ و داواکراوی دادگای باڵای میسری بووبێت و هەروەها بەڵگە هەبووبێت کە یەکێ لە نزیکەکانی (بن لادن) بووە، لە سێ جۆرە سیستەمی چێککردنی ئەمریکی دەرچووبێت و بواری پێ درابێت کە لەناو خاکی ئەمریکادا ببیتە ڕاهێنەری هەموو ئەو فڕۆکەوانە عەرەبانەی کە پاشان لە خزمەتی (بن لادن) بووبن! مەبەست لە سێ جۆری چێککردن؛ چێککردنی (سی.ئای.ئەی) و(مەکتەبی لێکۆڵینەوە فیدرالیەکان) و( (پەنتاگۆن) ــە.

ئەو (ئەبو عمر)ە جگە لەوەی بە تومەتی دەستتێکەڵاوی لە کاری تێرۆریستی لە لایەن دادگای میسرییەوە، داواکراو بوو، ئەمریکا زانیاری ئەوەشی هەبوو، کە دەستی هەبووە لە تەقینەوەکانی دوو باڵیۆزخانەی ئەمریکی لە نایرۆبی و داروسەلام ( پایتەختی کینیاو تانزانیا). لەوەش زیاتر لە کاتێکا عەریفی هێزی دژە تێرۆری ئەمریکی بووە، ئەفسەرەکەی گومانی لێکردووەو گۆمانەکەی بە ئەفسەری باڵاتری خۆی ڕاگەیاندووە، کە (ئەبو عمر) بیرکردنەوەی تێرۆریستی هەیە و دژی سیاسەتی ئەمریکاشە. باشە کەسێک ئەمانە پێشینەی بووبێت، ئایا شیاوی باوەڕپێکردنە کە دەزگا ئەمنیەکانی ئەمریکا لێی بێ ئاگابووبن؟ چۆن و بە چ مەبەستێ ئەو هەموو ئازادییەی پێ ڕەوابینرابوو، تا بگاتە ئەوەی ببیتە ڕاهێنەری فڕۆکەوانی قوتابیانی توندڕەوی عەرەب و ئیسلام لەناو خاک و لەسەر ئەرزی ئەمریکادا؟

لە سەرووی هەموو ئەو هەقیقەتانەوە، بە ماوەیەکی زۆر نزیکی کات و ساتی ڕووداوەکە، لە ڕێگەی دەزگا هەواڵگرییەکانی دەوڵەتان و گروپە چەکدارە ئیسلامییەکانی ئەفغانیەوە، لایەنی ئیدارەو دەزگا ئەمنیەکانی ئەمریکا، لە ئەگەری ئەو کردە تێرۆریستیەی ناو خاکی ئەمریکا ئاگادارکراونەتەوە؛ بەپێی قسەی (مونیر عەلی بابک)ی بەرپرسی هەواڵگری بۆسنیای بێت، کاتی هێرشەکە، ئەو زانیاری ئەگەری ئەو پیلانگێرییەی داوە بە بەرپرسێکی باڵای (مۆساد)ی ئیسرائیلی. هەروەها دەرکەوتووە کە (ئەحمەد شا مەسعود)ی سەرۆکی گرووپی ( هاوپەیمانی باکوری ئەفغانستان)، زووتر هەواڵ و زانیاری ئەو پیلانەی (بن لادن) و ئەو هێرشەی (القاعدە)ی بە دەزگا بەرپرسەکانی ئەمریکا ڕاگەیاندووە. هەر ئەو گزیرییەش بووەتە هۆی ئەوەی بە دوو ڕۆژ پاش هێرشی 11 ی سێپتەمبەری 2001، بە بڕیاری (بن لادن)، ئەحمەد شا مەسعود لەناو ببرێت. ئایا (القاعدة) و بن لادن بە چ رێگەیەکەوە بەو کارەی مەسعود شایان زانیووە؟

هەڵبەتە هەموو ئەو بۆچوونانەی سیاسەتمەدارانی ئەمریکاو ئەو شڵێویانەی دەزگا ئەمنیەکانی ئەمریکا، دەتوانن ببنە پرسیارگەلێک و گومانی ئەوە دروست بکەن کە لەو کارەساتەدا، ئیدارەی ئەمریکی یا خەڵکانی نهێنی ناو ئیدارەی ئەمریکی، دەشێ پێش وەخت زانیارییان هەبووبێ سەبارەت بە ئەگەری ڕوودانی ئەو هێرشە.

هەرچی سەبارەت بەوەی کە خەڵکانی سەر بە گرووپی (القاعدة)ی بن لادن، بە تەنیا ئەنجامدەری هێرشەکە بووبن، وەکو ئەوە (القاعدة) بە ناوی (بن لادن)ەوە هەر زوو جەختیان لەو کردەیەیان کردبوو. پرسیاری ئەوە دێتە ئاراوە، کە تۆ بڵێی بە ڕاستی بشێ بەبێ کۆمەک و یارمەتی، بەبێ گوێخەفەکردن، بەبێ ئاگاداری پێش وەختی چەندین لایەنی ناوخۆی ئەمریکا،(القاعدة) ئەوەندە پڕ هێزو توانا بووبن، کە هەر بە تەنیا ئەو هێرشە ئەنجام بددەن؟ ئەو هێرشەی کە بە بۆچوونی شارەزایانی ئەمنی و سەربازی، هەتا بۆ ئاستی تواناکانی (چین) و (ڕووسیا)ش کردەیەکی ئاسان و سانا نین.

چەند راستییەکی حاشاهەڵنەگر

بەڵێ خەڵکانی سەر بە (القاعدة) و بە بڕیارو بە ئاگاداریی (بن لادن) جێبەجێکاری ڕاستەوخۆی ئەو هیرشە بوون،

گومان لەوەدا نییە، لەناو ئەمریکادا لایەن و خەڵکانی دەسەڵاتدار هەبوون، کە پێش وەخت ئاگاو زانیارییان سەبارەت بە ئەگەری هێرشەکە هەبووە.

ئەمەش ئێمە و زۆربەی لێکۆڵەرەوەکانی ئەم ڕووداوە دەهێننە سەر دەسپێکی پرسیارێک، کە سەرتاپای ڕەتدانەوەکانی ئەمریکای پاش 11/9/2001 وەڵامدەری بوون.ئەویش ئەو پرسیارەیە، کە ئایا خەڵکانی شاراوەو نەناسراوی دەسەڵاتی ئەمریکی، مەبەستیان ئەم پاڵنانە بووە، کە سەرجەمی سیاسەتی دەرەوەو پەیوەندییە سەربازییەکانی تازەی ئیدارەی ئەمریکیان لەسەر بنیاتنرا.

ئایا ئەو هێرشە، کردەیەکی جیهادی بوو؟
بێگومان چ (القاعدة) و چ ئەوانەی لە دیدی موئامەرەو پیلانگێڕییەوە دەڕواننە هەر کردەیەکی وڵاتانی ڕۆژئاواو بە کارو بە نیازی دژە ئیسلامی لە قەڵەمی دەدەن، ئەو هێرشە بە چڵەپۆپەی کردەی جیهادی دەبینن، واتە بە قەولی خۆیان بە (جهاد الاکبر) یا (جهاد الافضل) ی دەزانن. بەڵام ئایا بۆچوونی ڕاستەقینەی شەریعەت، واتە تیۆری ئیسلام، کە لەسەر دوو پایگای (قورئان)ی پیرۆز و (سوننە)ی شەریفە وەساتەوە، هەمان ئەو بۆچوونەی ئیخوانچییەکان و هەروەها هی سەلەفییەکانی ئەمڕۆی جیهانی ئیسلامییە؟ ئایا لە قورئاندا جیهاد، ئەم کردەی هێرشی سەر خەڵک و سەر گرووپ وسەر میللەتان و دەوڵەتانە، بە مەبەستی کوشتن و بڕین و لەناوبردن و تۆڵەسەندنەوەو ترساندنی ئەوانەی گوایە کافرن؟

قورئان و سوونەتی پێغەمبەر
ئەگەر وایە، کەواتە بۆچی خودا لە ئایەتەکانی 51-55ی سورەتی (الفرقان) لە موخاتەبەی پێغەمبەردا، سەبارەت بە جیهاد فەرموویەتی: { و لو شئنا لبعثنا في کل قریـة نذیرا، فلا تطع الکافرین و جاهدهم بە، جهادا کبیرا} لێرەدا خۆ خودا نەیفەرمووە ئەی (محمد) بۆ لەناوبردنی کافران جیهادی گەورەت بە شمشێر، بە کوشتن، بە ترس و تۆقاندنە، بەڵکو فەرمانی پێ دەکات کە بە (قورئان) و بە { جادلهم بالتي هي احسن) و بە ژیری، جیهادی گەورەیان لەگەڵدا بکە. خۆ پێغەمبەریش وەڵامەکەی ئەوە نەبووە، کە ئەی موسڵمانان هەر کێ کافرە لەناوی بەرن. ئەو [ کلمة حق عند سلطان جائر] بە جیهادی ئەکبەر ناوزەندکردووە، واتە قسەی هەقی بە جیهادی گەورە زانیووە، نەک شمشێرو خوێنڕشتن و کاولکردن.

کەواتە ئەگەر مەسەلە تێگەیشتنی تیئۆریی بێت، ئاینی ئیسلام وەک ئایین، وەک فەلسەفە، وەک بۆچوون، جیهادی ئەکبەری بە کوشتن و لەناوبردنی خەڵکی کافر و مسقۆف نەزانیووە، بەڵکو هاوتەریبی کردووە لەگەڵ موجادەلە، جیهادی نەفس و دڵ و دەروون، کۆنترۆڵکردنی حەزو ئارەزوو و شەهوەت، سەبرگرتن بەرامبەر (شدائد الامور) و ئازار و ئەشکەنجەی زەمەن و خەڵکی خوا. ڕەتدانەوەی هێرش و چوونەناو شەڕ و جەنگیش، تەنیا بۆ ئەوەیە کە شمشێرو ئاگری هێڕشبەر لە خۆت دوور بکەیتەوە، ئەوەشە کە بە (جهاد الاصغر) ناونراوە.

خودا لە هیچ سورەت و لە هیچ ئایەتێکا نەیفەرمووە ( و قاتلوا الذین لا یقاتلونکم)، نەشیفەرمووە کە (تەعدا بکەن و خودا حەزی لە تەعدایە)! خودا لە ئایەتی ژمارە 191ی سورەتی (البقرة)دا دروست پێچەوانەی ئەو دوو ئیفترازەی گوتووە :{ وقاتلوا في سبیل اللە الذین یقاتلونکم. و لا تعتدوا ان اللە لا یحب المعتدین} شەڕ و جەنگ، کوشتن و وێرانیکردن، لە هیچ شوێنێکی تیۆری پایگەی یەکەمی شەریعەت، واتە لە قورئاندا، داوا نەبووە بەڵکو بە پێچەوانەوە هەمیشە ئەوانەی بە هەنگاوەکانی شەتیان ژماردووەو داوای ئاشتی و ئاسایشی کردووە. { یا ایها الذین امنوا،ادخلوا في السلم کافـة و لا تتبعوا خطوات الشیطان انە لکم عدو مبین}. واتە ئەوانەی گوتوویانە یا دەڵێین جیهاد لە ئیسلامدا شەڕو کوشتارو لەناوبردنی کافران و بڵاوکردنەوەی ئایینە بە زەبرو هێز، بەبێ ئاگاو بێ هزر، هێرشی گەوجانە دەکەونە سەر قورئان و شەریعەتی ئیسلام .

ئیخوان موسلمین و سەید قوتب
جیهادی ڕاستەقینە لە ئیسلامی ڕاستیدا، هیچ پەیوەندییەکی ئەوتۆی نییە و نەبووە بە لێکدانەوەی خەباتگێڕیی؛ ئەو لێکدانەوەیەی کە لە سەید قوتب (سید القطب) و لە ( مولانا ابو علي المدودي) یەوە بووەتە میرات، میراتی پیرۆزتر لە قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەر لە گۆشەی بۆشی ئەو هزرانەدا. ئەوانە لە کاتی (سید القطب)ەوە تاوەکو ئێستا هەر لە هەوڵی ئەوەدان، کە ڕێنمایی بەلەزو بە پەلەی نادروست بلکێنن بە ئایەتی ژمارە ٦٠ ی سورەتی (انفال)ەوە: { واعدوا لهم ما استطعتم من قوة و من رباط الخیل ترهبون بە عدو اللە و عدوکم ….}

ئەوانە لە ڕاڤەکردنیاندا، بە تەواوەتی ئەم ئایەتە لە ڕەمزیەتیەکانی قورئان دوور دەخەنەوەو لە ئەگەرەکانی مەجازو کینایە دایدەماڵن و سواری قافڵەی تەفسیری سیاسی و خەباتی خوێناوی فەردی خۆیانی دەکەن و هەموو تەفسیرێکی مێژوویی لێ نامۆ و غەریب دەکەن. ئەمانە پەێڕەوانی (سەید قوتب)کان و (مودودێ)یەکان، دروست ئەوە دەکەن کە بە حوکمی قورئان هەنگاوی شەیتانەو دووبارەکردنەوەی رەفتارەکانی مەسیحیە لاهوتییەکانی پێش (کانت)ی فەیلەسوف و قەشە (لۆتەری)ــە، کە مەسیحیەتیان لە گۆماوی خوێنەوە بەرەو گۆماوی قووڵتر و خوێناوی تر دەبرد.

شێوەکانی جیهادکردن
ئەوانە بە هەزاران فەرسەخ، خۆیان و گەنجانی گێتی ئیسلامییان لە تێگەیشتنی ڕاستیی جیهاد دوورخستەوە، وەک تاقیکردنەوەکانی جیهادی راستەقینەی شەریفی مەکە (حسین بن علي) ، کە فەتوای مەرجەعی دینی دەوڵەتی عوسمانیی بۆ شەڕ لەگەڵ بەریتانیەکان ڕەتکردەوەو بە پێچەانەوە بە یارمەتی بریتانییەکان، دەستیکرد بە خەباتی ئازادی گەڵانی عەرەب بە ناوی ( شۆڕشی مەزنی عەرەبی) و سەر لەنوێ عەرەبی کردەوە بە خاوەندی کەرامەتی ئینسانی خۆی. تاقیکردنەوەی (ئەحمەد خانی) هیندستانیی، لە جیهادی بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن و ژیارو ئابووری ئیسلامەکانی بەهارستان (هیندستان)، بەرامبەر بە هیندۆسەکان. یاخود جیهادی گەشەپێدانی ئاستی ئابوری و بەرزکردنەوەی ئاستی ماددی و ڕووحی خەڵکانی موسلمانی مالیزیا، بە ڕێنماییە جیهادییەکانی (محمد مەهاتیر)ی سەرۆکی وڵاتەکە. ئەمانەو چەندین تاقیکردنەوەی تر، هەموو ئەو تاقیکردنەوانەبوون، کە دەقاودەق جیهادی گەورەی ئیسلامیان پەیڕەوکردبوو.

تیرۆر بووکەڵەی دەستی دەوڵەتان
بە داخەوە، لەپاش هێرشی تێرۆریستی 11 ی سێپتەمبەر، جەنگی دژە تێرۆر جگە لەوەی مەبەستی سەرەکی تێرۆریستانی ئیسلامی بوو، بەڵام کرایە بیانوویەک بۆ سەپاندنی دەیان پیلانگێڕی و کوشتارگەی ناوچەیی لە جیهاندا و بە تایبەتی لە هەندێ وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەوەش زیاتر هەر وڵاتێک بە گوێرەی بەرژەوەندی سیاسی خۆی هەوڵی دا پێناسەی تێرۆر بکات و بیکاتە داردەسێکی سەرکوتکردنی ئازادی دەیان نەتەوەو دەیان گروپ. بە تایبەتی بەکارهێنانی پێناسەی تێرۆر لەلایەن دەوڵەتی نەتەوەی تورکەوە بۆ سەرکوتکردنی هەر هەوڵ و تەقەلایەکی نەتەوەی کورد بۆ مافە نەتەوەیی وڕۆشنبیرییەکانی لەهەر پارچەیەکی کوردستانی داگیرکراودا. یان هەوڵی شێلگیرانەی (چین) بۆ تۆمارکردنی رێکخراوەی ئیسلامی ئۆیغوزییەکان، لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستەکانی جیهان. جۆرج بوشی سەرۆکی ئەو ڕۆژانەی ئەمریکا، وەک ئەوەی (برجنسکی) راوێژکاری ئەمنی نەتەوەیی پێشووی ئەمریکا دەڵێت:( پێناسەی تێرۆری لە دیدێکی ئاینییەوە خستە بەر گوێی دنیا. ئەو تێرۆری بە (شەڕ) و تێرۆریستانی بە ( شەڕخوازان) ناوزەندکرد. بەبێ ئەوەی ناوی ئیسلام و ناوی هیچ وڵاتێکی ئیسلامی بهێنێت). بەڵام دیارە لەو ساتانەدا، مەبەستی سەرەکی بوش، دوو دەوڵەتی ئیسلامی بوو کە ئەوانیش عیراق و ئێران بوون.

جۆرج بوشی کوڕ و جەنگی دژە تیرۆر
بەو پێناسەیە، بۆش دنیای دابەشی دوو لایەنکرد، دنیای ڕووناک؛ واتە دنیای ڕۆژئاوا، کە دنیایەکە خەریک دەبێت بە هەڵگیرساندنی جەنگ، دژ بە دنیای دووەم؛ دنیای تاریکی تێرۆر و تێرۆریستان. هەڵبەتە زۆر بە ڕوونی ئەم پێناسەیە هەڵقولاوی دیدگای میسیۆلۆجی و لاهوتییە، ئەو دیدگایەی کە بناغەکانی وان لە قوڵایی تەورات و کتێبی ( عەهدی کۆن). بۆیە لەلای بۆشی 2002، سەرکەوتن بەسەر تاریکیی، کە تێرۆرە، بە کردەی بەرگریکردن لە خۆ نابێت، بەڵکو بە هێرشبردن و گواستنەوەی شەڕو کوشتار و جەنگ بۆ ناو خاکی تێرۆریستان بەرەو هەوراز هەڵدەکشێت. مخابن، ئەمەش دووبارەبوونەوەی هەمان بۆچوون و تێگەیشتنی هەڵەی ئەمریکایە کە سالانی پێشووتر لە ئەفغانستان کردی. لەوەی تیۆریستە ڕاسترەوەکان بە جەنگی بەرەنگاریکردن لە دنیای شارستانیەتیان دەزانی، دژ بە بەربەریەت و ئەوانەی رێگری دەکەن لە گەشەسەندنی کۆمەڵگاکانی بەشەریەت.

پێناسەی تیرۆر
لە هەمان کاتدا، سەزمانی نەتەوەیەکگرتووەکان، بە رێگەی (لیژنەی لەناوبردنی تێرۆر) تێرۆری بەمشێوەیە پێناسەکرد: ( ئەو کارانەیە کە بەبێ هەق، ژیانی مرۆڤ و ماڵوموڵکی گشتی و شەخسی، بە ئامڕازەکانی تۆقاندن و لێدان و فەسادکردن و خراپکردن، دەخاتە مەترسییەوە). ئەمەش تا ڕادەیەکی زۆر نزیکە لە پێناسەی فیقهی ئیسلامیی بۆ تێرۆر، کە دەڵێت تێرۆر (ئیرهاب) : ( هێرشبردنێکی ناهەقە، کە خەڵکان یا گرووپەکان یاخود دەوڵەتان لەبەر جیاوازی دینی و فیکری و بۆچوون و ماڵوموڵک، بۆ سەر مرۆڤەکانی دەکەن و، بە زنجیرە لە تۆقاندنەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە کوشتن و لەناوبردن).

لە دیدی تیۆری ئیسلامیشدا، بە پێی ئایەتەکانی قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەر، تێرۆر، کردەی هێرشکردن و تەعدای ناڕەوای سەر نەفس و ماڵوموڵکی ئینسانەکان نییە، هەتا ئەگەر ئەو کەسانە کافریش بن. لە ئایەتی ژمارە 40ی سورەتی( البقرة) دا هاتووە { یا بني اسرائیل اذکروا نعمتي التي انعمت علیکم و افوا بعهدي اوف بعهدکم و أیاي فارهبون}. واتە ئیرهاب ترسە، ترسیش وەك خودا فەرموویەتی ( تەنیا لە من بترسن، منی خودای تاک و تەنیا). یاخود دەفەرمێ { لا تتخذوا ألهین اثنین، انما هو الە واحد، فأیاي فارهبون}. لە ئایەتی مەشهوری ژمارە 60ی (انفال)یشا {و اعدوا لهم ما استطعتم من قوة و من رباط الخیل ….} لە خۆڕا وشەی (قوة) نەکەوتۆتە پێش (رباط الخیل). مەبەست لەم ئایەتە خۆئامادەکردنی جەنگیی بێ هێرشبردن و کوشت و بڕینە. ئامادەکردنی هێزی فیکری، گەشەپێدانی هێزی ئابوورییە، بەرامبەر بە هەر گروپ و هەر دەوڵەتێکی ناحەز.

چۆن پێناسەی تێرۆر کرا؟
لێکۆڵەرەوەکان و یاساناسان و بیرمەندان، دەزگا جیهانییەکان، تا ڕادەیەکی وا جیاوازییەکی ئەوتۆیان لە نێواندا نییە، بەڵام لەبەر نا یەکگرتوویی تێگەیشتنیان، پێناسەیەکی جیهانی نییە،
/کۆمەڵێک دەوڵەت و گروپی ئیسلامی، تاکو ئێستاش بە هەڵە پێناسەی ئایەتی ژمارە 60 ی ئەنفالیان کردووە بە (کراسی عوسمان) و بۆ جێبەجێکردنی ویستوداخوازییە سیاسیەکانی خۆیان بەکاریان هێناوە.
لە کاتێکا (جۆن نگروبۆنتی) نوێنەری وڵایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەو ساڵانەدا، لە کاتی دەرکردنی بڕیاری ژمارە 1373 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، بە دوو هەفتە پاش هێرشی 11 ی سێپتەمبەر، دروست لە رۆژی 28/9/2001دا ئاشکرای کرد کە ( شەڕی دژ بە تێرۆر، شەرێ نییە دژ بە هیچ دین و نەتەوەو ئیمان و عەقیدەیەک. شەڕێکە دژ بە کەمینەیەک لە خەڵکانی شەڕخواز، کە دەیانەوێت ترس و تۆقاندن و کوشتن و وێرانی بسەپێننە سەر خەڵکانی بێ تاوان).

کێ لایەنگریی هێرشەکە بوو ؟
لە ڕۆژانی پاش هێرشەکەدا، کۆمەڵێ لایەن و گروپ و دەوڵەت، بە شیوەیەک لە شیوەکانی دەربڕین، هەڵویستی تا ڕادەیەک لایەنگر یا دەستخۆشیکەرییان هەبوو بۆ تێرۆرستانی (القاعدة). هەتا لەناو ئەمریکاشدا هەندێ سیاسەتمەدار و بیرمەندی لێبراڵ، وەکو تۆمارکردنی خاڵی ڕەخنەگرتن لە هەڵەکانی ئیدارەی جۆرج بوشی بچووک، لە شیوازی ئەو هەڵوێستەیان وەرگرت! ئێمە لێرەدا بۆ پیشاندانی ماکی ئەو هەڵوێستانە، ئەم ڕیزبەندییەی خوارەوەتان پێشکەشدەکەین، کە لە لایەنگری خەستی بێ پەردەوە دەست پێ دەکەن تا دەگەنە ڕەخنەی ئاسایی:
لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا، ئەندامانی حیزبی ( بەلشەفی نەتەوەیی ڕووس)، ڕادیکالی ڕاسترەوی نەژادپەرست، بە ناونیشانی (یادێک لە خۆکوژە پاڵەوانەکان) لە خۆپیشاندانێکی گەورەدا، بەردەمی باڵیۆزخانەی ئەمریکیان گرت. لەو خۆپیشاندانەدا ( ئەلکسەندەر ئەفیرین) کە یەکێک بوو لە سەرانی ئەو حیزبە، گووتی: ( ئەوەی 11 ی سێپتەمبەر ڕوویدا، تۆڵە سەندنەوەیەکی عادیلانە بوو لە پاش نیو سەدە لە سیاسەتی هێرشبەرانەی ئەمریکا. ئەو پاڵەوانە خۆکوژانە، کاریکیان ئەنجامدا کە زۆربەی جیهانی مەدەنی تەمەنای کردنی بوون).

زۆربەی هەرە زۆری حیزب و گروپ و بزوتنەوە ئیسلامیەکانی جیهان، بە تایبەتی بزوتنەوەی (حەماس)ی فەلەستینی، هەڵویستیان هەتەریبی ئەم قسانەی (عبدالعزیز الرنتیسي) سەرکردەی حەماس بوو.

ئەلڕەنتیسی، بە ناوی حەماسەوە، لەگەڵ دەستخۆشی کردن لەو هێرشە، ڕووداوەکەی بە کارێکی ئەرێنی ژمارد و گووتی: (بزوتنەوەی حەماس، کۆمەڵێ خاڵی ئەرێنی لەو ڕووداوەدا دەبینێت. یەکێ لەو خاڵانە ئەوەیە کە ڕۆژئاوا گەیشتە ئەو قەناعەتەی کە بێدەسەڵاتەکانیش، ئامرازی ڕەتدانەوەیان هەیە و سەرنەوی نەکردنیانیش بە واتای ئەوەیە کە دەشێ دووبارەو سێ بارە ئەو جۆرە هێرشانە بکەنەوە).

هەرچی (ئایەتوڵلا محمد حسین فضلوڵڵا)ی سەرۆکی ڕووحی شیعەکانی لوبنان بوو، ئەو تا رادەیەک لە هەڵوێستەکەی هەندێ قووڵتر ڕۆچووبوو. هێرشەکەی بە کێشەیەکی کۆنی زەمەنی ژمارد بوو، کە ڕەگو ڕیشەی لەنێو خاکی ڕووداوەکانی کاتی ئیستعماریی سەرەتای سەدەی ڕابردوودایە.ئەو گوتبووی:( ئەم هێرشە کێشەی ململانییە لە نیوان ئەو زلهێزانەی دەیانەوێت کۆنتڕۆڵی ڕۆژهەڵات بکەن. یاخود دەتوانین بڵیین بەردەوامیی ئەو کۆنترۆڵکردنەیە کە لە کاتی ئیستعماری یەکەمەوە هەیە و لەناوچەکەی ئێمەدا رەگی داکوتاوە).

هەڵەکانی ئەمریکا
هەر لە ڕاستیشدا، یەکێک لە هەلە زەقەکانی ئەمریکا چ لە پێش و چ لە پاش هێرشەکەدا، ئەوەبوو کە دەیوویست و ئێستاش دەیەوێت، بە دیدێکی پێشەنگایەتییەوە هەر هەموو دەوڵەتانی دنیا، پاشەنگی بن و لایەنگری لە کردەکانی بکەن. بۆ نموونە سەرۆکوەزیرانی ئەوێ ڕۆژێی ئەسپانیا ( فیلیپ گوانزالیس)لە دیمانەیەکی هەمان گۆڤاری ئەمریکیدا بە ئاشکرا گوتبووی:(ئەمریکا دەڵێت ئەگەر لە گەڵم نەبیت، تۆ دوژمنی. ئەمەش دروست لە بۆچوونی (القاعدة) دەچێت، نەک لە بۆچوونی وڵاتێکی سەر بە دیموکراتیەتی ڕۆژئاوایی …..). ئەگەر ئەو بۆچوونانەی (فەزلولڵا و گەوانزالیس) پڕاوپڕی سیاسەتی ئەمریکا نەبووبن لە هەموو ناوچەکانی دنیادا، مێژووی سیاسەتەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە بەردەوامییەکی مودێرنی هەمان سیاسەتی کۆنی کۆڵۆنیالیزمە لە ناوچەکەدا، سەلمێنەری ئەو قسانەن و هەروەها هاندەری هەرەسەرەکی ئاڕاستەکردنی رک و کینەی خەڵکانی موسڵمانە سەبارەت بە ئەمریکا.

ئەو ڕک و کینەیەی کە بە چەندین قۆناغی مێژوویی وەك ڕەتدانەوەی ئەمانەی خوارەوە، دژ بە مێژووی سیاسەتی بە ناو ستراتیجی ئەمریکی ڕەگی دابەستووە:-

1.لە ململانێی سەدان ساڵی لەوەو پێشی ناوچەکە لەگەڵ لەشکری داگیرکەری بەریتانی و فەرەنسیدا.

2.لە شکستهێنانی هەموو هەوڵ وتێکۆشانەکانی کەسایەتی و کۆمەڵە کوردییەکان، بۆ وەدەستهێنانی پشتیوانی وڵاتە زلهێزەکان، لە مەسەلەی مسۆگەرکردنی مافی نەتەوایەتی کورد، بە تایبەتی لە پاش پەیمانی نەگریسی لۆزانەوە.

3.لە سەرنەکەوتنی هەوڵەکانی وڵاتانی عەرەب، لە مەسەلەی رێگری لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلی لە ساڵی 1948دا

4.لە پاڵپشتی بێقەیدو مەرجی ئەمریکا لە دەوڵەتی ئیسرائیل، لە هەموو جەنگەکانیدا لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و رێکخراوە ڕزگاریخوازەکانی فەلەستین.

5.لە پشتگوێ خستنی شۆڕشگێرانی کوردی باشووری کوردستان، لە پاش رێکەوتنی شوومی 6.3.1975 نێوان دوو رژێمی داگیرکەری کوردستان؛ رژێمی شاهنشایی ئێران و رژێمی سەدامی بەعس.

6.لە تۆمارکردنی ناهەقانەی چەندین حیزب و گروپی شۆڕشگێڕی کورد، لە لیستی تێرۆرستانی جیهانی، لە سەر داواو داخوازی دەوڵەتی تورکیای ئەندامی ناتۆ.

7.لە هەڵوێست وەرنەگرتنی شارستانیانە و مرۆڤانە، سەبارەت کۆمەڵکوژی 8 هەزار بارزانی و کیمیابارانی هەڵەبجەو جینۆسایدی 140 هەزار بێ تاوانی کورد لە هێرشەکانی بەناو (ئەنفاڵ).

8.لە بە نێونەتەوەیی نەکردنی چارەسەریی کێشەی نەتەوەی کورد لە هەر چوار پارچەی داگیرکراوی کوردستاندا.

9.لە مامەڵەی نایەکسانی ئیدارەکانی ئەمریکا، بەرامبەر بە مافی فەلەستینیەکان و پرۆسەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەکان.

10.لە پشتیوانیکردنی ئەمریکا، لە سەرتاسەری ڕژێمە کۆنەپەرستەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی.

11.لە هەوڵ نەدانی ئیدارەی ئەمریکی بۆ تێگەیشتن لەو خاڵانەی سەرەوەو دۆزینەوەی هۆکارە سەرەکییەکانی هاندانی تێرۆریستان بۆ هێرش بردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا چ لە سالانی پێشوودا و چ لە پاش ئەم هێرشەی 11 ی سێپتەمبەری 2001

هەروەها هەوڵدانی شێللگیرانەی ئیدارەی ئەمریکی بەرەو تەنیا یەک شێوە چارەسەریی؛ چارەسەری (جەنگی دژە تێرۆریستان) و گوێنەدان بە هەقیقەتی مێژوویی و مەترسی ئاکامەکانی ئەو جۆرە جەنگە. لەکاتێکدا لەناو خودی ئەمریکادا، بۆ ماوەی سی بۆ چل ساڵی هێرش و کوشتن و گرتن و زیندانیکردن، نەیتوانی کێشەی هەبوونی گروپەکانی وەک (کۆکلاس کلان) و ( پلینگە ڕەشەکان) و ( ئەنجومەنی هاووڵاتییە سپێیەکان) لەناو بەرێت. بەڵکو ئەوەی کێشەکانی چارەسەرکرد و ئەو گروپانەی تا ڕادەی نەبوون سفرکردنەوە، تەنیا چەسپاندنی یاساکانی مافی مرۆڤ و هەوڵدانی گۆڕینی دیدو بۆچوونی خەڵکەکە بوو، سەبارەت بە پەیوەندی مرۆڤانەی نێوان سپی و ڕەش پێستەکانی وڵاتەکە.هەروەها هەڵەی تری ئەمریکا ئەوەبوو کە لەو هێرشەی جەنگی دژە تێرۆرەدا، دەسنیشانی هیچ سنووردارییەکی ئەوسیاسەتەی نەکرد و هایداری ئەوەش نەبوو، کە نەبادا مەبەستی سەرەکی جەنگەکە، لەلایەن دەوڵەتانی ترەوە، بۆ مەبەستەکانی خۆیان بەکاربهێنرێت. وەکو ئەوەی هەر زوو بە زوو مەترسییەکانی ئەم کارە، لە هەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانی لەشکری تورکیدا دژ بە گەلی کورد دەرکەوتن.

هێرشەکە و هەڵوێستی بیرمەندان و ڕووناکبیران
یەکێک لە ئەرزییەتە پڕ پیتەکانی دەربڕینی ڕاوبۆچوونی ئەو جۆرە کەسایەتییانە، هەڵوێست وەگرتنیان بوو، سەبارەت بەو هێرشەو بیرکردنەوەی یوتۆبیاییان سەبارەت بە جیهانی پاش ئەو ڕووداوە. لە هەقیقەتیشدا، ئەو ڕادەربڕین و هەڵوێستانەی ئەم توێژەی کۆمەڵگەی جیهانیی، هۆکارەکانیان تەنیا ناگەڕێتەوە بۆ هێرش و ڕووداوەکە. بە واتای ئەوەی ئەگەر ئەو هێرشە ڕووی نەدابایە، ئەو کەسانە هەڵوێستی بیرمەندانەی خۆیان نەدەبوو. چونکە زۆربەیان بنەمای ڕووداوە تێرۆریستییەکە، ناگەڕێننەوە بۆ بەرەو ڕووبوونەوەی دوو شارستانیەت، یا دوو نەتەوە، یاخود دوو ئاینی جیاوازەوە، بەڵکو دەیگەڕێننەوە بۆ ئەو دژایەتییەی لە مێژەوە لە نێوان دوو بیرکردنەوە ڕووناکبیرییدا هەیە؛ بیرکردنەوە ڕووناکبیرییەکی خۆ بە زلزانی گوێنەدەری کەپوو وشک ، ڕووناکبیرییەکانی تر کە لێرەو لەوێ هەوڵی بچووککردنەوە، قەڵاچووکردن و زیندەبەچاڵکردنیان دەدرێت.

هەڵبەتە سەرەتای ئەو هەڵوێستانە، زۆر بە ڕوونی و بە ئاشکراتر لە جاران، بە ماوەیەک پاش هێرشەکە، لەناو خودی ئەمریکادا سەریان هەڵدا. بەوەی بەڕێوەبەری (ئینستیتۆی بیروباوەڕی ئەمریکی) دیڤید بلانکنهۆرن، لە مانگی شوباتی 2002دا، بەیاننامەیەکی بە ناوی شەست ڕووناکبیرو هونەرمەندی ناوداری ئەمریکیەوە بڵاوکردەوە. تیایدا داوای گفتوگۆی نێوان ڕووناکبیرەکانی کردبوو؛ بە تایبەتی لە نێوان رووناکبیرانی ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی.

پرۆفیسۆرو بیرمەند (نەعوم چۆمسکی) هەڵویستێکی رەخنەگرانەی بەرامبەر بە سیاسەتی ئەمریکی دەربڕیبوو، وە لە کتێبی ( 11.9 ئایا هەڵبژاردەیەک هەبوو؟) ئەم ڕستە پڕ واتانەی پێشکەشکردووە: ( کارەساتی 11 ی سێپتەمبەر زۆربەی ئەمریکییەکانی بە ئاگا هێنایەوە؛ کە باشترە بۆیان زیاتر لەوەی هەیە گرنگی بددەن بەو کردارانەی حکومەتی ئەمریکا لە جیهاندا. هەروەها بەوەی کە خەڵکانی تر، چۆن دەڕواننە ئەمریکا …. زۆر ئاسانە کە وەک سەرۆک بوش کارەساتەکە لەوە کورت بکەینەوە کە دوژمنانمان، حەز بە ئازادییەکانمان ناکەن، بەڵام لە ڕاستیدا بە هیچ شێوەیەک کارێکی ژیرانە نییە، کە تێڕوانینەکانی خەڵکانی تر بەرامبەر بۆ خۆمان پشتگوێ بخەین).

هەقیقەتیش ئەوەیە کە لە کاتی سەرۆک (دوایت دیڤید ئازینهاوار)ەوە، دووبارەکردنەوەی هەڵەکانی حکومەت، دەسەلمێنرێن. ئایزنهاوەر نزیک بە حەفتا ساڵ پێش ئێستا لە کارمەندانی کۆشکی سپی داوایکردبوو، تا بزانێت (بۆچی لە جیهانی عەرەبیدا، هێرش و کینەی دژە ئەمریکایی، لە حکومەتەکانەوە نییە، بەڵکو لەناو جەرگەی جەماوەرەیە). ئەنجومەنی ئەمنیەتی نەتەوەیی، ئەو ڕۆژانە، وەڵامەکەیان ئەوەبوو ( چونکە ئەمریکا پشتیوانی لەو ڕژێم و حکومەتە عەرەبیانە دەکات، کە دژ بە پێشڕەفتی سیاسی و گەشەپێدانی ئابوورین. ئەمەش لە پێناوی ئەوەیە کە ئێمەی ئەمریکیی کۆنترۆڵی تەواومان هەبێت لە سەر کێڵگە نەوتییەکانی ئەو وڵاتانە). هەڵبەتە ئەم وەڵامە، بەو واتایەیە، کە گرنگی نەدان بە تێڕوانین و بۆچوونی ئەو خەڵکە بەشێکە لە تێگەیشتنی هاندەری هەڵوێستیان بەرامبەر بە ئەمریکا، نەک ئەوەی کە ڕق و کینەیان لە دڵدایە بەرامبەر بەو ئازادییانەی لەناو ئەمریکادا هەن.

سەلماندنی ئەم ڕاستییەش، ئەوەتا ڕکوڕاست لەم چەند ڕستەیەی بیرمەندی جەزائیری (محمد ئاراکون)ــە، کە گوتویەتی: (من لە بناغەوە دژی خۆبەستنەوەو هیواهەڵبەستنم بە کردەی تێرۆر. کردەی تێرۆریستی دەبێتە هۆی زەرەرمەندییەک کە گێڕانەوەی نییە. لەناوبردنی ژیانی خەڵکی بێتاوان گێڕانەوەی نییە. لەوەش قێزەوەنتر ئەوەیە کاتێک کوشتنی خەڵکانێکی بێ تاوان دەبەسترێتەوە بە مەسەلەیەکی دروستکراو، کە ڕەوایی دەدات بەو کوشتن و لەناوبردنە).

11 ی سێپتەمبەر و میدیاکانی جیهان
بە داخەوە دەزگاکانی میدیا جیهانییەکانیش، بە پەخشکردن و بڵاوکردنەوەو دووبارەکردنەوەی ئەم بابەتانەی خوارەوە، ببوون بە یا بوون بە سەر ڕمی ئامادەکردنی کەشوهەوایەک لەبۆ ڕەواییدان بە هەڕەمەرەی ڕەتدانەوەکانی ئەمریکا، چ لە ناوەوەو چ لە هەموو قوڕنەو قوژبنێکی ئەم جیهانە: –

-یەک لە دوای یەک، ڕۆژنامەکان، تەلەفزیۆن و سەتەلایتەکانی ئەمریکاو وڵاتانی ڕۆژئاوا، لە چەندین گۆشەنیگای رۆژئاواییەوە، باسی ڕووداوەکانی 11 ی سێپتەمبەریان دەکردو ئێستاش هەر بەردەوامن.

-ڕۆژانە وێنەی تراجیدیاکەی دوو باڵەخانەکەی سەنتەری بازرگانی نیویۆرکیان کردبوو/ کردۆتە گرتەی تۆقێنەری بینەرانی تەلەفزیۆنەکان.

-دەماودەم بە جۆرێ لە جۆرەکان فایلی هێرشە تێرۆریستییەکانی سەر باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا پیشان دەدەن.

-بە زۆریی جەختیان لەسەر باس و خواست و هەڵوێستی نەرێنی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبییە، بە تایبەتی هەڵوێستی ئێران و سوریا.

-پرۆگرامی تۆقێنەرانە، بڵاودەکەنەوە، سەبارەت بە ئەگەری پیلانەکانی (القاعدة) و ڕێکخراوەکانی تری وەک (داعش) و (حیزبوڵڵای لوبنانی) و دەنگ و هەواڵی سەرکردەو پیاوە ناودارەکانیان پەخش دەکەن.

-پەیتا پەیتا، بە تایبەتیش لە پاش هەڕەشەکانی تورکیا، هاتنی داواکارانی پەنابەریی و پەنابەران، وەکو ئەگەری زۆربوونی هەرەشەی تێرۆریستی بۆ سەر کۆمەڵگەکانی رۆژئاوا وێنادەکەن.

رەنگدانەوەکانی ئەمریکا لە پاش هێرشەکە
نەژادپەرستانی ئەمریکا ، هەروەها ڕاستڕەوانی ناو ئیدارەو دەسەڵاتی ئەمریکی، لەو ڕووداوەدا، هەر وەکو ئەوە وابوون کە شانەی هەنگیان لە کونە ئەشکەتا دۆزیبێتەوە. ئەو هێرشەیان تا دوا دڵۆپ بەکارهێنا بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانە یا پیلانە نوێیەی کە ئەگەر لە سەر هیچ سەکۆیەکدا ڕوون و بەرچاونەبووبێت، لەوەدا ئاشکراو ڕوون بوو کە ڕاستڕەوانی ئیدارەو لەشکری ئەمریکی هەر زوو دەیانوویست، ململانێی شەڕ و جەنگ و کاولکاری و کردە تێرۆریستییەکان بگوازنەوە بۆ چەقی ئەو ڕۆژهەڵاتە پڕ چەرمەسەرییەی ئێمە، بە تایبەتی بەرەو ئەو وڵاتانەی لەو دوا ساڵانەدا، ببوونە کارگەی بەرهەمهێنانی بیرو چالاکی تێرۆر.

هەڵبەتە هاوڕێ لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەو پیلانە، ئیتر پێویستی نەما بە (القاعدة) و دەبوو کۆتاییەکیش دابنێن بۆ هاتوچوون و هەڵسوکەوتی خەڵکانی سەر بە قاعیدەو گروپەکانی تری ئیسلامی، لەناو وڵایەتەکانی ئەمریکادا. بۆیە ڕەتدانەوەکان بە دوو ئاڕاستەوە جێبەجێکران؛ ڕەتدانەوە لەناوەوەی ئەمریکاو هەروەها پلانی (جەنگی دژە تێرۆر)ی دەرەوەی سنووری ئەمریکا. هەروەها بۆ دیکۆرکردنی ئەو پیلانانەیان، وە بە مەبەستی شێتگیرکردنی هەست و سۆزو ڕەتدانەوەی فیکری خەڵکانی ئەمریکی و ڕای جیهانیی، ڕۆڵی چەواشەکاری مەکینەکانی میدیا ڕاستڕەوەکان زۆر گرنگ بوون.

رەنگدانەوە ناوخۆییەکان
بەداخەوە زۆربەی ئەو یاساو بڕیار و ڕێنماییانەی لە ناوەوەی ئەمریکا جێبەجێکران،جگە لەوەی شەرمەزاریی بوون بۆ بیرو هۆشی لیبرالیی وڵاتەکە،بە گشتیی هۆرژمی راستەوخۆیش بوون بۆ سەر ئازادییە فەردی و کۆمەڵایەتێکانی هاووڵاتیانی ئەمریکی. هەندێک لەم کارانەش خۆیان لەم جۆرە بابەتانە دەبینیەوە:

1.وەرنەگرتنی هیچ هەنگاوێکی حکومیی، سەبارەت بە شکایەتکارییەکانی ئەو موسڵمانانەی کە لە یەکەم مانگی هێرشەکەدا، کرانە ئامانجی هێرش و تەعداکردنی خەڵکانی ڕاسترەوی ئەمریکی لەناو ئەمریکادا. شایانی باسە، بە پێی ڕاپۆڕتێکی (ئەمنستی ئینترناشنال)، هەر لەیەکەم رۆژی هێرشەکەدا، لە ولایەتەکانی ئەمریکادا زیاتر لە 540 هێرشی نەژادپەرستی کرابووە سەر ماڵ و موڵک و قوتابخانەو مزگەوتەکانی ئەمریکا.

2.دەرکردنی یاسای تایبەت بە بەرەنگاریبوونەوەی تێرۆر، ئەم یاسایە دەست بڵاوییەکی بێسنووری بەخشییە دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان، بۆ ئەوەی بە ئارەزووی خۆیان گوێهەڵخەن بۆ تەلەفۆنی خەڵک، چاودێری تۆڕە کۆمەڵایەتێکان و ئەلەکترۆنییەکان بکەن و لە هەر کاتێکیشا بیانەوێت بە بیانووی پشکنین بدەنە سەر هەر ماڵ و هەر کۆمپانیایەک.

3.دەرکردنی یاسایەک کە بوار دەدات بە دەزگا ئەمنییەکان،هەر کەسێک دەست بەسەربکەن، کاتێک گومانی لێدەکەن. هەروەها بۆ هەر ماوەیەک کە خۆیان مەبەستیانە لە گرتووخانەکان بیانهێڵنەوە، لە وڵاتەکە دەریان بکەن و بێبەشیان بکەن لە مافی یاسایی بە دواچوونی شکایەکارییەکانیان.

4.لە وڵاتێکی دیموکراتدا، لە بری دادگا مەدەنییەکان، بوار درا بە دادگای سەربازیی، کە دەستی واڵابێت لە دادگاکردنی تاوانباران یان ئەوانەی کاری تێرۆریان ئەنجامداوە، یام نیازیان هەبووە ئەنجامی بددەن. دەسەڵاتی ئەو دادگا سەربازیانە تا ئەمڕۆکە نەک هەر لەناو وڵاتەکەدا، بەڵکو لە دەرەوەی سنووری ئەمریکاش دەستڕۆیشتووە.

5.بواردان بە سیستەمی ئەشکەنجەدانی تاوانبارانی تێرۆر، ئەگەر هاتوو دانیان بە تاوانەکانی خۆینا نەهێنا.

6.دەستواڵاکردنی پیاوانی (سی.ئای.ئەی)بۆ کوشتن و لەناوبردنی هەر کەسێ کە گومانی لێدەکرێت کە مەترسیە بۆ سەر ئاسایشی ئەمریکا، بە شێوازی کە نەبێتە هۆی لەکەدارکردنی سومعەتی ئەمریکا !.

7.بەکارهێنانی فشار لەسەر دەزگاکانی میدیا، بۆ ئاڕاستەکردنیان، یا زۆرلێکردنیان لەوەی کە ئەو دەنگ و ڕەنگ و هەواڵ و لێکۆڵینەوانە بڵاوبکەنەوە کە لە خزمەتی سیاسەتی گشتی دژە تێرۆری ئەمریکین.

8.مەکتەبی لێکۆڵینەوە فیدرالیەکان، بواری تەواویان درابوویێ کە لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەر ئەمریکیەک بکەن، کە ناسنامەی تەواوی لە ئەرشیف و ئۆفیسەکانی مەکتەبەکەدا نەبێت. هەروەها بواری ئەوەشیان درایێ کە سیستەمی چاودێری ئەلەکترۆنی (فیزاج) دابنێن لە هەموو فڕۆکەخانەو بەندەرو هەر شوێنێکی تر. بە مەبەستی ناسین و دەستنیشانکردنی دەموچاوی هەر کەسیک کە مەکتەبەکە پێویستی پێ بێت!

9.بە ئامانجکردنی هاوڵاتیانی ئەمریکی بە ڕەگەز ئیسلام یان خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ گرتنی 173 خوێندکاری سعودی و رەوانەکردنەوەی 400ی تر لە ماوەی مانگێکی پاش هێرشەکە.

10.کەمکردنەوەی ئازادییەکانی هاتوچوونی خوێندکارانی دەوڵەتە عەرەبی و ئیسلامیەکانی دانیشگا ئەمریکییەکان. ڕەوانەکردنەوەو بەتاڵکردنەوەی بواری خوێندنی ژمارەیەکی زۆریان لە ئەمریکادا.

ڕەنگدانەوەکانی ئەمریکا، لە دەرەوەی سنووریدا
هەرچەندە هێرشی 11 ی سێپتەمبەر،خاڵی وەرچەرخان بوو لە زیندووبوونەوەی ئەو دروشمەی ڕاستڕەوەکان ناویان نابوو (نەتەوەپەرستی ئەمریکی) بەڵام هەندێک هۆکاری تری وەک ئەمانەی خوارەوەش هاندەری خەمڵاندنی ئەو جۆر دروشم و بۆچوونە بوون:

1.ڕۆڵێ لۆبی ئیسرائیلی لە سەرخستنی گڕۆڵە تۆپی بیرۆکەی ( جەنگی دژە تێرۆر)، هەر هیچ نەبێت بۆ بەکارهێنانی وەکو ئامڕازێکی تومەتبارکردنی ئەوانەی لایەنگری کێشەی فەلەستینیان هەیەو گوایە تاوانی (ئەنتی سەمەتیزم)دەکەن.

2.وەکو ڕەنگدانەوەی گەمژەیی ئەو کردە تێرۆریستیەی (القاعدة)ی ئیسلامیی، لەناو ئەمریکییەکاندا زیندووبوونەوەی خۆهەڵواسین بە هزری ئاینیی مەسیحی تێکەڵکراو بە فەرموودەکانی تەورات، بە لێشاو سەرتۆپی هۆشی کۆمەڵگەکانی ئەمریکای تەنیەوە. ئەم زیندووبوونەوەیەش، بێ شک، زیندووبوونەوەیەکی لاهوتیی بوو کە لە ئەساسدا دژ بە ئیسلام و عالەمی ئیسلامییە.
ئەمەش بە سروشتی لە بیرو لە هزری هەر تاکێکی ئەمریکی شێتگیرییەکی دروستکرد، کە چۆن ئەمریکای یەکە زلهێزی جیهانیی، وەکو هەر وڵاتێکی بێدەسەڵات بێدەنگ و بێڕەتدانەوە بێت و هەڕەشەی ئەو گروپ و ئەو وڵاتە دواکەوتووانە قبوڵ بکات؟ ئەمەش هەر هەموو ئامادەگی سیاسی و دینی و سەربازی و فیکریی وڵاتەکەی خستە سەر سەکۆی خۆکردی پێشەنگایەتی لە:

-هێرشکردنە سەر تێرۆریستانی ئیسلامی لە ناو ولات و لە ناو ماڵ و لە ناو ئەشکەوتی خۆیاندا.

-هەڵهێنانی هەنگاوی جددی بۆ تێکوەردانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تێرۆریستانی وڵاتانی باکووری ئەفریقا، لە کێشەکانی یەکتر و بەکارهێنانی مێژووی ململانێی سوننەو شیعە، بۆ زیندووکردنەوەی دژایەتی و ماڵوێرانی ئەو دوو سەکتەرە گەورەیەی جیهانی ئیسلامی، بە مەبەستی سوڕاندنەوەیان لەناو بازنەیەکی بێ کۆتایی خوێنڕشتن و کاولکردن و داچۆڕاندنیان لە سامانە سروشتی و بەشەری و داراییەکانیان. هەروەکو چۆن بۆ دوورخستنەوەی هەڕەشەی فەلەستینیەکان و شیعەکانی خوارووی لوبنان، لە بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاواو ئیسرائیل، لە ساڵی 1975 بۆ 14 ساڵی ڕەبەق شەڕی ناوخۆی لوبنانیان بەرپاکرا (لەو شەڕەدا کە جگە لەوەی ڕۆڵەکانی شیعەو سوننەو مەسیحی و مارۆنی و دروزی لوبنان تووشی نەهامەتی بوون، دەوڵەتانی سوننەو شیعەش، واتە عیراق و لیبیا، ئێران و سوریاش بە ناردنی سەربازو پاسدارانیان بەشێکی تێکدەری باوردۆخی لوبنان بوون).

هەڵبەتە ئەم جەنگی دژە تێرۆر، بە لەناوبردنی ڕژێمی سەدامی دیکتاتۆر دەستی پێکردو تا گەیشتە سەرقاڵکردنی هەموو پێکهاتەکانی عیراق و سوریا و یەمەن، بە تایبەتی پێکهاتەی کوردی باشوورو ڕۆژئاوای کوردستان، بە هێرشی خوێناوی ڕەوە گورگێک بە ناوی ڕەوی (داعش). بەمەش، هەرچەندە هێرشی 11 ی سێپتەمبەر جیهانی خستە بەردەم ململانێ لەگەڵ تێرۆر و تێرۆریستان، بەڵام هەر هەموو ڕەنگدانەوەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە جۆراوجۆرەکانی جیهانیان خستە بەر هۆروژمی چەندین کێشەی نەتەوەیی، بە تایبەتی لە عیراق و سوریا و لە تورکیادا.

پێشبینیە سیاسیەکانی گێتی عەرەب سەبارەت بەو هێرشە
مخابن، ڕاستییەکانی ئەو ڕۆژانەی هێرشەکەو پاش ئەوەش، سەلماندیان کە نەک هەر تێرۆریستانی هێرشەکە، عەرەب بوون و بەس، بەڵکو زۆربەی هەرە زۆری جەماوەری وڵاتانی عەرەبی و بە تایبەتی فەلەستینیەکان، هێرشەکەیان بە پاڵەوانێتی و بە تۆڵەسەندنەوەیەکی پڕ پێستی هەڵە سیاسیەکانی ئەمریکا زانی. بەڵام جێگەی سەرسوڕمانە کە وەکو ئاکامی کار، پێشبینیە سیاسیەکانیان، هیچیان ئەو پێشبینیانە نەبوون کە بەرهەمی خێرو بەرەکەتیان هەبووبێت بۆ دوا ڕۆژی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە. هەڵبەتە پێشبینیەکان بە گوێرەی جیاوازی بیرو ئایدیای سیاسەتمەداران و بیرمەندانی عەرەب جۆڕاوجۆرن. منیش لێرەدا، هەوڵدەدەم تەنیا چەند پێشبینیەکیان بخەمە بەرچاوان:

پێشبینی یەکەم: هێرشەکە وەکو دیاریەک بوو بۆ لایەنە ڕاسترەوەکانی دەسەڵاتی ئەمریکی. بۆیە گومان دەکرێت لەوەی بەبێ هاوکاری و یارمەتی هەندێک لایەنی ناو دەسەڵاتی ئەمریکی، القاعدة توانیبێتی خۆی بە تەنیا هێرشە ئەنجام بددات. واتە هێرشەکە، تا ڕادەیەکی زۆر پاڵپێوەنانێ بوو بۆ دەستواڵایی دەسەڵاتی سەربازی ئەمریکا، لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە. هەرچەندە ماک و هەوێنی، ڕەتدانەوەکەی ئەمریکا لەسەر ئەوە چەقبەستوبوو، کە ئەوەی لەگەڵ ئەمریکا نەبێت، لەگەڵ تێرۆرە. ئەمەش لە ئاستێکا، هۆکاری دروستکردنی جیاوازییەک بوو لە نێوان ئەمریکاو ئەوروپا.

پێشبینی دووەم: هێرشەکە بوارێکی چاوەڕوانکراو بوو بۆ بەرژەوەندییە سیاسی و لەشکرییەکانی ئیسرائیل، وە زەرەرمەندیی بەردەوامیش بوو بۆ چارەسەریی کێشەی فەلەستین و ڕاپەڕینی (ئینتفاضە)جەماوەریی لە غەزەو لە ناوچەکانی تری فەلەستین.

پێشبینی سێیەم: هێرشەکە ئامرازێکی پرۆپاگەندەیی کاریگەر بوو، بۆ دزێوکردنی ئیسلام و چەواشەکردنی هەست و سۆزی هاوڵاتیانی ڕۆژئاوا بەرامبەر بە ڕۆڵی ئیسلام لە پشتیوانیکردنی ئاشتی نێوان ئایینەکان و مرۆڤەکان.

پێشبینی چوارەم: ئەو شانازیکردنەی کە هەموو تێرۆریستان و ئیخوانچییەکان و لایەنگرانی فیکری سەلەفی پێی گەشگەبوون، کەم خایەن بوو. لە ئاکامی ڕەتدانەوەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانانی، سەرجەمی بزوتنەوە رادیکاLە ئیسلامییەکان، جگە لەوانەی ژێراوژێر کردەی دەستی دەزگا هەواڵگرییەکانی خۆدی ئەمریکا بوون، بوونە قوربانی و وردە وردە لەناوچوون یا بێهێزکران. ئەمەش بۆ حیزب و گرووپە ئیسلامییەکن، تا ڕادەیەک کاریگەری نەرێنیەکانی هیچ کەمتر نەبوو، لە کاریگەریی سلبی دۆڕانی ساڵی 1967 لەسەر حیزب و بزوتنەوە نەتەوەییەکانی دنیای عەرەب.

کورد و کاریگەرییە سیاسییەکانی هێرش و جەنگی دژە تێرۆر
دەشێت بە شیوەیەکی گشتیی ئاماژە بکرێت بە هەندێ لەو کاریگەرییانەی سیاسەتی دەرەوە، یا ڕاستتر سیاسەتی لەشکریی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی لەسەر کێشەی کوردو فەلەستینیەکان. سیاسەتەکانی ئەو زلهێزە، تاوەکو ئەمڕۆکە کاریگەری نەرێنیان هەبووە لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان و لە تووشکردنی چەندین ناوچە، بە تایبەتی ناوچەی ئێمە، بە شەڕ و جەنگی لابەلای بەردەوام و بە کاولکاری و بە شێواندنی هەموو پرنسیپەکانی ئاشتی جیهانی و ئۆقرەیی نێوان نەتەوەو دەوڵەتەکان. بە داخەوە ئەم کاریگەییانەش، لەسەر دەستی جۆرج بوشی بچووکەوە،بە نەشازیی ناوی (سیستەمی تازەی نێونەتەوەیی) لێنرا!

یەکێک لە کاریگەرییەکان، ئەوەیە کە پیلانی هێرشەکە، یا هێرشە پیلاناوێکە، دەرگای لەسەر پشتکرد بۆ سیاسەتی دەسەڵاتی ئەمریکی، کە بەبێ پرس و بێ ترس ناوچەکانی جیهان بەرەو ئەو ئاڕاستانە بەرن کە خۆیان دەیخوازن. بە کورتی، ئەمریکا بوو بەو بڵدۆزەرەی بە ئارەزووی خۆی بنەما و ئاڕاستەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی بڕوخێنێت و کاولیان بکات و بە دوای بەرژەوەندی خۆی پەلەکێشیان بکات. لە ئاکامی ئەوەدا، دوو نەتەوەی ژێردەستەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ گەلی فەلەستینی و نەتەوەی کورد بوون بە گەورەترین قوربانی و، قورسترین زەرەرمەندی بوو بە نەسیبیان. کە تاکو ئەمڕۆکە ماڵو موڵکیان کاول بکرێت و خاک و ئەرزیان داگیربکرێت؛ لە ئاکامی ئەوەدا، هەست و نەستی هاوڵاتیانی ئەمریکاو وڵاتانی ڕۆژئاوا، پڕ بە قەبارەی چەواشەکارییە میدیاییەکان، تیشکی سەوزیان بۆ دەسەڵاتی ئیسرائیلی پێکرد، کە ئیتر درێغی نەکات لە بیناکردنی نیشتەجێیەکان (مستوطنات) و بەبێ گوێدانە هیچ بڕیارێکی سازمانی نەتەوەیەکگرتووەکان. وە بە توندترین شیوە دەست بدەنە لەناوبردنی هەر بزوتنەوەیەکی بەرەنگاریکردنی فەلەستینی. وە سەرکردەکانی ئیسرائیل، بە تایبەتی (ئەریێل شارۆن)یان، زۆر زیرەکانە دروشمی (جەنگی دژە تێرۆر)ی ئەمریکای بەکارهێنا بۆ شوبهاندنی دەسەڵاتی فەلەستینی بە ڕژێمی کۆنەپەرستی (طالبان)ی ئەفغانی!.

هەرچی سەبارەت بە نەتەوەی کوردە، هێرشەکە بوو بە هۆی ئەوەی ئەمریکا بە هاوکاری لەشکریی تورکیاو هەندێک لایەنی کوردی، دڕندەترین جەنگی دژە تێرۆر بهێننە سەر خاکی داگیرکراو؛ لە باشوور و باکوور و لە ڕۆژئاوای کوردستاندا. کاریگەرییەکانیش بوون بە پیلانگێڕی گواستنەوەی تێرۆری (طالبان) و (القاعدة) لە ئەفغانستاوە، بەرەو چەق و ناوەندی خاکی کوردستان، بەڵام ئەمجارەیان بە ناوی (دەولەتی خیلافەتی ئیسلامی لە عیراق و شام) واتە بە ناوی (داعش)ەوە. هەروها بە هەمان دروشمی دژە تێرۆر، وڵاتێکی نەژادپەرستی وەکو تورکیای ئازادکرد، لە هێرشکردن، لە داگیرکردن، لە کوشتن و بڕینی خەڵکانی هەر ناوچەیەک لە ناوچەکانی خاکی کوردستان، چ لە باشوور و چ لە ڕۆژئاوادا.

بە داخەوە، دەسەڵاتدارانی کوردیش، لە هەر دوو بەشەکەدا، بەبێ ئەوەی هیچ وەعدو پەیمانێکی نێودەوڵەتیان لە ئەمریکا و هاوپەیمانان مسۆگەرکردبێت، قوربانیدانی پێشمەرگەو شەڕڤانانیان کردۆتە بەشێکی زۆر سەرەکی ئەو جەنگەی، کە دوو لایەنی هەواڵگری ئەمریکاو سەرکردەکانی گرووپە تێرۆریستیەکان، لەبەر بەرژەوەندی سیاسی و لەشکری و ئابووری خۆیان، هێناویانەتە ناوچەکانی ئێمە و خەڵکانی بێ دەسەڵاتی ئێمەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان پێ بەدبەخترکردووە.

تێبینی: سەرچاوەکان لە لای کوردستانی نوێ پارێزراوە.

print

 115 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*