سەرەکی » راپۆرت » هەڵبژاردنی پێشوەختە لە كاتی دیاریكراودا بەڕێوەدەچێت؟

هەڵبژاردنی پێشوەختە لە كاتی دیاریكراودا بەڕێوەدەچێت؟

لێدوانەكان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە، كە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق رۆژی شەشی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی دیاریكردووە، جیاوازن.

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران وایدەبینێت «لە نزیكترین حاڵەتدا ئەو پرۆسەیە بۆ كۆتایی ساڵی 2021 دوادەخرێت». چاودێرێكی سیاسیش بە پاڵپشت بە كارنامەی حكومەت، جەخت لەسەر ئامادەیی حكومەت و لایەنی جێبەجێكار دەكاتەوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە کاتی دیاریكراوی خۆیدا.

حوزەیرانی داهاتوو پرۆسەكە بەڕێوە دەچێت؟
شیروان میرزا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، دەربارەی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەعیراقدا، لەلێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، ئاماژە بە نەگونجاویی كاتەكەی كردو ئەوەی خستەڕوو كە چەندین هۆكار هەن دەبنە لەمپەر لەبەردەم بەڕێوەچوونی پرۆسەكە لەكاتی دیاریكراودا‌و وتی: گەرمای مانگی حوزەیران، وادەكات خەڵك نەچن بۆ دەنگدان، هەروەها نادیاریی پەتای كۆرۆنا گرفتێكی گەورەیەو بودجەی پێویستی دەوێت، ئەو كاتەشی دیاریكراوە كاتی تاقیكردنەوەكانی وەزارەتی پەروەردەیەو رێگرییەكی دیكەش یاسای هەڵبژاردنەكانە كە تائێستا هەموارنەكراوەتەوە، ئەو هۆكارانە وادەكەن پرۆسەكە لەكاتی خۆیدا نەكرێت، ئەگەر هەموو ئەو بەربەستانەش چارەسەربكرێن، ئەوا لەنزیكترین حاڵەتدا بۆ كۆتایی ساڵی 2021 دوادەخرێت.

هەڵبژاردنێكی هەستیار دەبێت بۆ كورد
لەسەر هەمان پرس، عەدالەت عەبدوڵڵا نووسەر و چاودێری سیاسی، لەلێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، رایگەیاند: حكومەت گفتوگۆی لەگەڵ كۆمسیۆندا كردووەو كۆمسیۆنیش دوای دابینكردنی پێداویستییەكانی هەڵبژاردن، ئامادەیە، واتا مەبدەئییەن پرۆسەكە ئامادەی جێبەجێكردنە، ئەوەی دەمێنێتەوە لایەنە سیاسییەكانن، كە بەشێكیان پێیانوایە ئەو ماوەیە بەس نییە و پێویستییان بەماوەی زیاترە. وتیشی: هەڵبژاردنی ئایندە، پرۆسەیەكی هەستیارە بۆ كورد، بۆیە پێویستە كورد زۆر بە وریاییەوە مامەڵە بكات بەتایبەت لەئەگەری گۆڕانی یاساكاندا، كە یەكێك لەئەگەرەكان سیستمی فرەبازنەییە‌و هەڵبژاردنی نوێنەرە لەسەر ئاستی قەزا، ئەو ئەگەرەش لەقازانجی لیستە گەورەكاندا نابێت، خۆ ئەگەر هەر پارێزگایەك داوای زیادكردنی كورسی بكات، كوردیش مافی ئەوەی هەیە داوابكات كورسی بۆ پارێزگاكانی زیادبكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد كە گرنگی و هەستیاریی ناوچە دابڕێنراوەكان، كێشەیەكی پرۆسەی هەڵبژاردنە، كە لەدوای ساڵی 2017وە بەهۆی هاتنەوەی سوپای عیراق بۆ ئەو ناوچانە، حزبە كوردستانییەكان كاری رێكخستنی حزبییان كەمبۆتەوە، بۆیە پێویستە هێزە كوردستانییەكان بەوریاییەكی زۆرەوە خۆیان رێكبخەنەوەو بەپلانێكی نوێوە بچنەناو پرۆسەكەوەو پەیوەندییان لەگەڵ دەنگدەری ئەو ناوچانە نوێبكەنەوە، واباشترە هەماهەنگی زیاتر هەبێت لەنێوان لایەنە كوردستانییەكان، ئەگەریش گونجا یەك لیستی كوردستانی پێكبهێنرێت و هەوڵی راكێشانی پێكهاتەكانی تریش بدەن، هەروەك لایەنە كوردستانییەكان خۆیان بەنوێنەری پێكهاتەكانی دیكەش بزانن.

هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان، كاتی زیاتر دەخایەنێت
هەر تایبەت بە پرسی هەڵبژاردن و گونجاویی كاتەكەی، ئەحمەدی حاجی رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، لەلێدوانێكیدا بۆ كوردستانی نوێ، بەدووری زانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەوكاتەدا بەڕێوەبچێت كە سەرۆك وەزیران دیاریكردووە، تەئكیدیشیكردەوە كە هەڵبژاردن پێویستی بەیاسای هەڵبژاردنەكانە، ئەوەش مقۆمقۆی زۆری لایەنەكانی لەسەر دروستبووە، كە بەشێك پێیانوایە سیستمی فرەبازنەیی، لەبەرژەوەندییاندا نابێت، هەربۆیە هەوڵی جێبەجێنەكردنی دەدەن. وتیشی: هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان، كاتی زیاتر دەخایەنێت، كە جگە لەیاسای هەڵبژاردنەكان، یاسای دادی ناوەندیشی پێویستە، ئەویش بەهەمان شێوە زیاتر پرۆسەكە دوادەخات.

جێبەجێكردنی داواكارییەكانی كۆمسیۆن
سەرۆك وەزیرانی عیراق رۆژی شەشی مانگی حوزەیرانی داهاتووی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریكرد، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانیش، پێنج مەرجی داناوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە، كە بریتین لە ئەنجومەنی نوێنەران یاسای هەڵبژاردنەكان بە زووترین كات پەسەندبكات‌و پڕۆژەیاسای دادگای فیدراڵییش كۆتایی پێبهێنێت، دابینكردنی بودجەی تەواوەتیش بۆ پرۆسەكەو پێویستییەكانی كۆمسیۆن، مەرجێكی دیكەیە، هەروەك داوا لە نەتەوەیەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كراوە، هاوكاری كۆمسیۆن بن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و چاودێریش بن بەسەر پرۆسەكەوە.

 159 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*