سەرەکی » ئابووری » ״سەردەمی زێڕینی نەوت كۆتایی هاتووە״

״سەردەمی زێڕینی نەوت كۆتایی هاتووە״

یەکەی ئابووری

كۆمپانیای (بریتیش پترۆلیۆم)ی بەریتانی، لە دواین پێشبینییەكانی بۆ داهاتووی نەوت‌و خواست لەسەر ئەو سامانە سروشتییەدا ئاشكرایدەكات، «بەكارهێنانی نەوت هیچ كات ناگاتەوە ئەو ئاستەی كە پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تیایدا بوو.

لە راپۆرتێكدا، كۆمپانیای نەوت‌و غازی بەریتانی فرەڕەگەز (BP) رایگەیاندوە، زیادبوونی بەردەوامی خواست لەسەر نەوت كۆتایی هات، بەمەش بووە یەكەم گەورە كۆمپانیا كە باس لە كۆتایی سەردەمێك دەكات، زۆرێك پێیانوایە بۆ دەیەیەكی تر یان زیاتر بەردەوام دەبێت.

تەنانەت ئەو سیناریۆیەی زۆرتر خاوەن هیوایە پێیوایە، خواست باشتر نابێت لەماوەی دوو دەیەی داهاتوودا بەهۆی ئەوەی گۆڕینی سەرچاوەی وزە، جیهان لە سوتەمەنی دوور دەخاتەوە.

هاوكات، وڵاتانی ئەندام لە رێكخراوی (ئۆپیك)، پێچەوانەی ئەو پێشبینییەی كۆمپانیا بەریتانییەكەن‌و پێیانوایە، بەكارهێنانی نەوت وەكو سەرچاوەیەكی سەرەكی وزە بۆ وڵاتانی پیشەسازیی، چەند دەیەیەك لە گەشەكردن بەخۆیەوە دەبینێت.

زۆركات نەوت بەو تەنها شمەكە دادەنرا كە دەتوانێت خواستی دانیشتووانی زیادبووی جیهان فەراهەم بكات‌و ببێتە هۆی فراونبوونی چینی ناوەند، بەڵام گەورە كۆمپانیاكەی میرنشینی یەكگرتوو چارەنووسێكی جیاوازی دەبینێت.

تەنها شەش مانگ پاش وەرگرتنی پۆستە باڵاكەی، بێرنارد لۆنی سەرۆكی كۆمپانیای بریتیش پترۆلیۆم رایگەیاندوە، بەرهەمهێنانی نەوت‌و غاز بە رێژەی (40 %) لەماوەی دەیەی داهاتوودا كەم دەكاتەوەو لە بەرامبەردا ساڵانە نزیكەی پێنج ملیار دۆلاری ئەمریكی بۆ بونیادنانی یەكێك لە گەورە كۆمپانیاكانی وزەی نوێ لە جیهان خەرج دەكرێت.

ئەمەش لەبەر ئەوەی پێیوایە كە بەكارهێنانی نەوت رەنگە گەیشتبێتە ئاستی خۆی، بەهۆی پەتای كۆرۆناو سیاسەتی حكومەتەكان‌و ئەو گۆڕانكارییەی بەسەر خواستی بەكارهێنەراندا هاتووە.

پێشبینییەكانی وزەی كۆمپانیای (BP)، پاشەكشەی بەكارهێنان بە رێژەی (50 %) بە گەیشتنە ساڵی 2050 لە یەكێك لە سیناریۆكانی‌و بە رێژەی (80 %) لە سیناریۆیەكی دیكەدا دەردەخات.

هاوكات بەشێك لە ئابووریناسان‌و پسپۆڕانی بواری وزە وایدەبینن، بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە سەرتاسەری جیهان‌و پەككەوتنی جموجۆڵیی بازرگانی‌و پیشەسازیی، خاڵێكی وەرچەرخان بوو بۆ ئەوەی وڵاتانی پیشەسازیی كار لەسەر جێگرەوەی نەوت بكەن، هاوكات وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتیش پەنا بۆ فرەجۆریی سەرچاوەكانی داهاتیان بكەنەوە.

print

 67 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*