سەرەکی » هەمەڕەنگ » دیاری عومەر

دیاری عومەر

دیاری عومەر لەگەڕەکی توی مەلیک لەشاری سلێمانی لەدایکبووە، دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی بەشی شانۆیە- نواندنە بۆ خوێندنی ساڵی 1997 – 2001. ساڵی 2006 بۆ 2010 کۆلێژی سڵاحەدین بەشی سینەمای تەواوکردووە، لەشارۆچکەی هەڵەبجەی تازەو شارۆچکەی زەڕایەن مامۆستای قۆناغی سەرەتایی بووەو لەچالاکی قوتابخانەکانی شاری سلێمانی وەک سەرپەرشتیاری هونەریی کاریکردووە.

خاڵی دەستپێکی کاروانی نواندنی دیاری عومەر دەگەڕێتەوە بۆ شانۆگەریی (گۆڕستانێکی نوێ) کە لەلایەن هونەرمەند حسێن میسری-یەوە کاری دەرهێنانی بۆ کردبوو، ساڵی 1999 بەهاوبەشی لەگەڵ هونەرمەند گەزیزه عومەر و هاوڕێیانی تیپی شانۆیی (هاوڕێیانی گەزیزە) یان دامەزراندووە. لە ساڵی 1999ەوە هەتا ساڵی 2013 بۆ ماوەی 13ساڵ لەو گروپەدا وەک ئەکتەر کاریکردووە بەشدرایی کارە هونەرییەکانی کردووەو

سەرجەم کارەکانیش نووسین و دەرهێنانی گەزیزه عومەر بووە، بەشێکیش لەو کارە شانۆییانە لەدەرەوەی وڵات نمایشکراوە، لەوانە: وڵاتانی (ئێران ، بەرتانیا، هندستان) و چەندین وڵاتی تر. ئێستادا ئەندامی گرووپی کۆڕی شانۆیی (با)یە، هەروەها ماوەی چوار ساڵ لەمنداڵپارێزی کوردستان کازیوەی سەرا مامۆستای شانۆ بووەو بەشداریی زیاتر لە 20 کاری شانۆییدا کردووە، بەشێک لە کارە شانۆییەکانیش بریتین لە: (ماڵێکی پڕ لە جانتا، گوڵەکانی مەنفا، هێشتا قسەکانمان تەواو نەکردووە، کارەکەرەکان، سەیرکە ئاوێنەکەت خۆڵی مردووی لێنیشتووە، خواحافیز تا نازانم کەی، وەک قەقنەس ئەسووتێم، موخاتر و ژنانی گەڕەک، ژیانی من، بەهەشتی شانۆ، بیر ئەچیتەوە وەک ئەوەی هەر نەبووبی).

ئەم خانمە هونەرمەندە لە زنجیرە دراماکانی (گەڕان بەدوای سێبەرەکان) و (سۆما) بەشداریکردووەو بەشداری کورتە فیلمی (کۆتاییەکان)ی کردووە. هەروەها لەچوار ساڵی خوێندنی لە زانکۆ بەشداریی 6 کورتە فیلمی کردووە وەک نواندن و 5 کاری پشتی کامێرا.

لەژیانی هونەریدا لەبەرامبەر بەخشش و بەشدارییە هونەرییەکانی چەندین خەڵاتی پێبەخشراوە، لەوانە: ساڵی 2016 خەڵاتی رێزلێنانی لەلایەن بەڕێوبەرێتی رۆشنبیریی بەشی شانۆی سلێمانی پێبەخشراوە، ساڵی 2018 خەڵاتی سەندیکای هونەرمەندانی پێبەخشراوە، خەڵاتی هۆڕایزنی وەرگرتووە – هۆڕایزن گروپێکن خەڵات پێشکەش بە گەنجانی چالاک دەکەن. ساڵی 2000 وەک باشترین ئەکتەری کچ لەکورتە فیلمی (کۆتاییەکان)دا لەڤێستیڤاڵی کورتە فیلمی کوردی لەسلێمانی خەڵاتی وەرگرتووە.

لە پەیجی سینەما کورد-ەوە وەرگیراوە

print

 85 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*