سەرەکی » مانشێت » دانیشتنی نوێنەران لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەوە دواخرا

دانیشتنی نوێنەران لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەوە دواخرا

هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند: دوای چەندین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەوە، ئه‌مڕۆ كۆبوونەوەیەكی دیكە لەبارەی كۆتاییهێنان بە پرسی بازنەكان لە یاسای هەڵبژاردندا بەڕێوەچوو، بەڵام فراكسیۆنەكان نەگەیشتن بە هیچ ئەنجامێك و دانیشتنەكە دواخرا.

دەرفەت دەدرێت بە لایەنە سیاسییەكان
حەسەن ئاڵی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئه‌مڕۆ كۆبوونەوەیەكی دیكەی ئەنجومەنی نوێنەران لە بارەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەوە بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆی جیاوازیی نێوان فراكسیۆنەكانەوە لەبارەی شێوازی بازنەی هەڵبژاردنەوە، كۆبوونەوەكە بەبێ هیچ ئەنجامێك كۆتاییهات و بۆ 10ی مانگی داهاتوو دواخرا، وتیشی: دوای ئەو كۆبوونەوەیە دەرفەت دەدرێت بە لایەنە سیاسییەكان بۆ ئەوەی لەبارەی هەڵبژاردنەوە بگەن بە خاڵێكی هاوبەش و لەسەر شێوازێكی دیاریكراو رێكبكەون.

هەڵوێستی فراكسیۆنە كوردستانییەكان
لەبارەی بۆچوون و هەڵوێستی فراكسیۆنە كوردستانییەكانەوە، ئەو پەرلەمانتارە وتی: كورد تاڕادەیەك بۆچوونی هاوبەشی هەیە لەسەر مەسەلەی بازنەكانی هەڵبژاردن، ئەگەرچی لەگەڵ ئەوەیە بازنەكان لەسەر ئاستی پارێزگا بێت، بەڵام كار دەكات بۆ ئەوەی یاساكە بەشێوەیەك هەموار بكرێتەوە، جێگەی رەزامەندیی هەمووان بێت.

هەروەها ئەڵماس فازڵ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە PUKmediaی راگەیاند: نیمچە رێكەوتنێك لەنێوان فراكسیۆنەكاندا بۆ نزیككردنەوەی بۆچوونەكانی نێوانیان هاتۆتە ئاراوە، بژاردەی بازنەیی مامناوەند بە چارەسەرێكی گونجاو لە نێوان فراكسیۆنەكاندا دانراوە، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین فراكسیۆن بژاردەی یەكبازنەیی و یاسا كارپێكراوەكەی ئێستا بە باشتر و گونجاوتر دەزانن.

 128 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*