سەرەکی » مانشێت » لاهور شێخ جەنگی: باشكردنی گوزەرانی هاونیشتمانیان ئەولەویەتی كاری یەكێتی-یە

لاهور شێخ جەنگی: باشكردنی گوزەرانی هاونیشتمانیان ئەولەویەتی كاری یەكێتی-یە

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی تەئكیددەكاتەوە كە ئەولەویەتی كاری یەكێتی، باشكردنی گوزەرانی هاووڵاتیانە.

ئێوارەی رۆژی 26/9، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەئامادەبوونی سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی ناوەندەكانی دەرەوە، لەگەڵ ناوەندی (ی.ن.ك) لە دانیمارك كۆبۆوە.

لەدەستپێكی كۆبوونەوەكەدا، وشیار جەلال سەرپەرشتیاری ناوەندی دانیمارك، سوپاسی هاوسەرۆكی یەكێتی كرد بۆ رەخساندنی ئەو دەرفەتەو لەوەی كە هەڤاڵانی ناوەندەكانی دەرەوە بۆ لەمەودوا بتوانن لە نزیكەوە راوبۆچوونەكانیان بگەیەنن بە بەرپرسانی باڵای یەكێتی، هەروەها ئاگاداری گۆڕانكاری و بەرەوپێشچوونەكانی نێوخۆی یەكێتی، بن.

لای خۆیەوە، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی، باسی لەهەنگاوەكانی (ی.ن.ك) كرد لەدوای كۆنگرەو ئەو گۆڕانكاری و بەرەوپێشچوونانەی بەسەر ئۆرگان و پەیوەندییە نێوخۆیی و ئیقلیمییەكانی یەكێتیدا هاتوون، كە وایانكردووە یەكێتی پێگەیەكی بەهێزتری هەبێ لەناوچەكە بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا، لاهور شێخ جەنگی، جەختیكردەوە لەوەی كە باشكردنی ژیان و گوزەرانی هاونیشتمانیان لە ئەولەویەتی كاری (ی.ن.ك) دەبێ و پەیوەندییەكانمان لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و عیراق رێكخستۆتەوەو برەوی زیاتری پێدەدەین و پەیوەندییەكانیشمان لە ئاست وڵاتانی ئیقلیمی، باشترو بەهێزتر دەكەین.

دواتر، سەعدی پیرە، تیشكی خستەسەر كارەكانی مەكتەبی دەرەوەی یەكێتی و باسی لەوە كرد كە ئێستا لە وڵاتانی دەرەوەدا، ناوەندو ئۆرگانەكانی یەكێتی-یان بەجۆرێك رێكخستۆتەوە، كە خزمەتی باشترو زیاتر بە رەوەندی كوردی بكەن.

لەكۆتاییشدا، هەڤاڵانی ناوەندی دەرەوەی دانیمارك، راوبۆچوون و سەرنجی پێویستیان خستەڕوو.

 203 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*