سەرەکی » ئاراستە » هاشم شه‌مامكی،فه‌رمانده‌و پارتیزان

له‌ یادی 30 ساڵه‌ی شه‌هیدبوونیدا

هاشم شه‌مامكی،فه‌رمانده‌و پارتیزان

حه‌یده‌ر مه‌نتك

هاشم شه‌مامكی، كه‌ به‌شه‌هیدی خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ر ناسراوه‌، پێشمه‌رگه‌و فه‌رمانده‌و پارتیزان، كوڕێكی ئازاو بوێرو چاپووك ، كادرێكی رۆشنبیر و كۆمه‌ڵایه‌تی و خۆشه‌ویستی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان بوو.

مامۆستایه‌ك بوو بۆ پێگه‌یاندن و په‌روه‌رده‌ی زانستی و هۆشیاریی پێشمه‌رگه‌كانی، له‌ جه‌وله‌و به‌سه‌ركردنه‌وه‌كان، له‌ دانیشتن و گردبوونه‌وه‌كانی لادێكان كۆبوونه‌وه‌ی نیمچه‌ فراوانی رێكده‌خست و تیشكی ده‌خسته‌ سه‌ر بابه‌تی گه‌رماوگه‌رمی ئه‌وساته‌وه‌خته‌ و رێبازو به‌رنامه‌ی یه‌كێتی روونده‌كردنه‌وه‌.

له‌ سه‌رده‌می پارتیزانیشدا رۆڵێكی باڵای هه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ دوژمن فۆكسی خستبووه‌ سه‌رناوچه‌ی شه‌مامكی هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری، هه‌ربۆیه‌ به‌ شه‌ش مانگ پێش راپه‌ڕینی هه‌ولێر له‌ شه‌رێكی ده‌سته‌و یه‌خه‌دا شه‌هید ده‌كرێت. هه‌ڤاڵ فه‌رها دئیسماعیل، كادیرو پێشمه‌رگه‌ی دێرین له‌باره‌ی شه‌هید هاشم شه‌مامكییه‌وه‌ وتی: له‌كۆتایی حه‌فتاكانی سه‌ده‌یی رابردوو زۆربه‌ی ئه‌وگه‌نجانه‌ی به‌عسی بوونیان ره‌ت ده‌كرده‌وه‌ ئێواران له‌ گازینۆی شه‌وانی هه‌ولێر به‌یه‌ك ده‌گه‌یشتین، منیش ده‌چوومه‌ ئه‌و شوێنه‌ و چه‌ندجارێك شه‌هید هاشمم ده‌بینی، ته‌نها سڵاوو و چاك وچۆنی بوو له‌ نزیكه‌وه‌ یه‌كترمان باش نه‌ده‌ناسی، دواتر له‌ قۆناغی ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیدا له‌مانگی 8ی ساڵی 1981 یه‌كه‌مجار له‌ گوندی شێنێ یه‌كتریمان بینییه‌وه‌ كه‌ تازه‌ هاشم چووبووه‌ ده‌ره‌وه‌ و من چه‌ند مانگێك پێشتر ببووم به‌ پێشمه‌رگه‌، ئیتر له‌یه‌كتر نزیك بوینه‌وه‌، بوینه‌ هاوڕێ و براده‌رایه‌تیمان زۆر خۆش بوو.

دواتر گواستراینه‌وه‌ قوه‌تی ده‌شتی هه‌ولێر، من له‌كه‌رتی قوه‌ت بووم و شه‌هید هاشمیش له‌ كه‌رتی یه‌ك بوو، تا ساڵی 1984 به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ كه‌رتی رێكخستنی ده‌شتی هه‌ولێر له‌یه‌ك پۆڵ بووین به‌ناوی پۆلی( زورگه‌ زراو). هه‌ردووكمان كادیری رێكخستن بووین له‌ شه‌مامك، لێره‌وه‌ شه‌هید هاشمم باشتر ناسی، پێشمه‌رگه‌یه‌كی به‌ دیسپلین و خۆڕاگرخوێنده‌وار بوو، باوه‌ڕناكه‌م له‌ ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیدا كه‌س لێی عادز بوبێت، كه‌سایه‌تیه‌كی به‌رزی هه‌بوو، هه‌رچه‌نده‌ له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندو ئاغا بوون به‌ڵام هه‌ژار دۆست بوو، هه‌رگیز هه‌ستم نه‌كرد به‌ده‌وڵه‌مه‌ندی و ئاغایه‌تی خۆیدا بنازێ، تابڵێی ساده‌و خاكی بوو، پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئازاوخۆشه‌ویستی ناوكه‌رته‌كه‌ی بوو، به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م كرایه‌ فه‌رمانده‌ی كه‌رت.

شه‌هید هاشم چه‌ندین جار برینداربووه‌، ئێستاش له‌ گێڕانه‌وه‌ی یادو بیره‌وه‌رییه‌كانمدا ناتوانم ناوی نه‌هێنم، چوونكه‌ له‌ خۆشی وناخۆشییه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ بووین، ده‌توانم بڵێم زیاتر له‌4 ساڵ شه‌وو و رۆژ به‌یه‌كه‌وه‌ بووین.

ژیاننامه‌ی شه‌هید هاشم
شه‌هید هاشم حه‌مه‌دئه‌مین جه‌میل سادق ناسراو به‌هاشم شه‌مامكی، له‌دایكبووی ساڵی 1958ی گوندی (خه‌زنه‌)ی ناوچه‌ی ده‌شتی هه‌ولێر.

قۆناغه‌كانی خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و ئاماده‌یی له‌ هه‌ولێر ته‌واو كردووه‌، ساڵی 1977 په‌یوه‌ندی به‌ رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه‌كردووه‌، ساڵی 1981 بووه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌.

سه‌ره‌تا كراوه‌ته‌ فه‌رمانده‌ی كه‌رتی 6 له‌ تیپی 87ی قه‌ره‌چوغ، له‌ ساڵی 1987 كراوه‌ته‌ جێگری فه‌رمانده‌ی تیپی 87ی قه‌ره‌چوغ، ساڵی 1988 كراوه‌ته‌ فه‌رمانده‌ی تیپ.

به‌شداری زۆربه‌ی شه‌ڕه‌كانی ئه‌وكاتی كردووه‌، وه‌ك : به‌رگریكردن له‌ ناوچه‌كانی كوردستانی ئێران، ئازادكردنی شارۆچكه‌ی ته‌ق ته‌ق و دێگه‌ڵه‌ و سه‌ری ره‌ش و به‌رگریكردن له‌ سماقوڵی و باره‌گای مه‌ڵبه‌ند له‌ دۆڵی بالیسان شه‌ڕه‌كانی به‌رگری له‌ باره‌گای سه‌ركردایه‌تی و شه‌ڕی قۆپی جوانه‌گاو گه‌رووی مه‌نجه‌ڵ و چه‌ندین شه‌ڕی تر له‌ هه‌ولێرو ده‌وروبه‌ری.

شه‌هید هاشم وێڕای ئازایی و چاونه‌ترسی، كادرێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاستی رۆشنبیری زۆر باش بووه‌ هه‌ر بۆیه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌ به‌ یه‌كێك له‌ كادره‌ خۆشه‌ویسته‌كان ئه‌ژمار ده‌كرا.

ساڵی 1990 بۆ ئاڵوگۆڕكردنی شه‌هید رێبازو مه‌فره‌زه‌كه‌ی، وه‌ك فه‌رمانده‌یه‌كی پارتیزان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ده‌شتی هه‌ولێر، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ 19/9/ 1990 له‌ شه‌ڕێكی ده‌سته‌و یه‌خه‌دا له‌گه‌ڵ سه‌دان جه‌یش و جاش رووبه‌روو ده‌بنه‌وه‌، له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كیدا به‌ناوی (ئیسماعیڵ مۆرتكه‌یی) شه‌هید ده‌كرێن، له‌ ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیشیدا تێكڕا پێنججار بریندار كراوه‌.

 220 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*