سەرەکی » دۆسێ » موقتەدا سەدر پەیامێك بۆ هێزە چەكدارەكانی ״مقاوەمە״ دەنێرێتپەڕە 27

سەركردەیەكی فەتح وەڵامی دەداتەوە

موقتەدا سەدر پەیامێك بۆ هێزە چەكدارەكانی ״مقاوەمە״ دەنێرێت

موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر، پەیامێك بۆ ئەو هێزە چەكدارانە دەنێرێت كە خۆیان بە «مقاوەمە» نازەند دەكەن و داوایان لێدەكات دەستبەرداریی رێگەچارەی سەربازیی ببن و بۆ كردنەدەرەوەی «داگیركەر» لە وڵات شێوازیی یاسایی و دەستوری و لەڕێی پەرلەمانەوە هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ.

موقتەدا سەدر لە پەیامەكەیدا پێیوایە، رەوشی ئێستای عیراق بەرگەی رووبەڕووبوونەوەی چەكداریی زیاتر ناگرێت و گەلی عیراق پێویستی بە ئاسایش و سەقامگیریی و خزمەتە، ئاماژە بە دەستوەردانی دەرەكیش دەكات لە عیراقدا كە بە وتەی ئەو «بۆ مەبەستی نانەوەی ئاژاوە و دروستكردنی شەڕی تایەفەگەریییە لەنێوان عیراقییەكان».

لەبەرانبەر پەیامەكەی سەدر بۆ گروپە چەكدارەكانی ژێرسایەی «حەشدی شەعبی»، سەركردەیەك لە هاوپەیمانی فەتح وەڵام دەداتەوە و دەڵێت، كاتێك سەدر شەڕی لەگەڵ ئەمریكاییەكان دەكرد، رێگەچارە دیپلۆماسییەكانی رەتدەكردەوە.

پەیامەكەی سەدر
رابەری رەوتی سەدر لە 30ی ئەیلولی 2020 رایگەیاندووە لە پەیامەكەیدا بۆ ئەو هێزە چەكدارانە رایگەیاندووە» سەرجەم ئەو سەركردانەی لەژێر فەرمانی ئەودا پێشتر كاریان كردوە، داوایان لێدەكات «مقاوەمە» بۆ كاری بازرگانی بەكارنەهێنن و پێویستە لە رێگەی پەرلەمانەوە كۆتایی بە داگیركاری بهێنین».

موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) نوسیویەتی، «من ئەم پەیامەتان بۆ دەنێرم، هەرچەندە دڵتەنگ و دودڵ و نیگەرانم لەوەی دەمەوێت ناوبانگی (مقاوەمە) و جیهاد لە عیراقی خۆشەویستمان بپارێزین، ئەو بەرخودانە عیراقیە نەك بەرخودانی خۆرهەڵاتی و خۆرئاوایی».

بە وتەی سەدر» ئەو یەكەم كەس بوو كە بەرهەڵستی دەستپێكرد و یەكەم كەسیش بوو كە دژ بە بوونی هێزەكانی ئەمریكا راوەستا،یەكەم كەسش بووم لە مزگەوتی كوفە دروشمی نەخێر نەخێر بۆ ئەمریكامان بەرزكردەوە، زۆربەشتان لەژێر فەرمانی ئێمەدا بەرەنگاری داگیركار بوونەوە».

سەدر لە پەیامەكەیدا دەڵێت «ئامۆژگاریتان دەكەم، بەرخودان مەكەنە بازرگانی، جیهاد مەكەنە سیاسەت، ئەو چەكەی بەڕووی دوژمنان و داگیركەران بەكاردەهێنرا، مەیكەنە سنگی براكانتان و گەلەكەتان».

موقتەدا سەدر بۆ هێزە چەكدارەكانی ژێر سایەی (حەشدی شەعبی) داوایان لێدەكات»ناوبانگی خۆیان بپارێزن، ئەویش یەكێك نییە لەوانەی داگیركەر ئارام بكاتەوە، بەو شێوازە پەروەردە نەكراوە و لەە هەڕەشەكردن و هەڕەشەلێكردنیان ناترسێت، ئێوەش شاهیدی ئەوەن، بەڵام هێزە دەرەكییەكان دەیانەوێت، ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی عیراق و گەلەكەی بشێوێنن».

هەڵوێستی هاوپەیمانی فەتح
لە یەكەم كاردانەوە بەرانبەر بە پەیامەكەی موقتەدا سەدر بۆ هێزە چەكدارەكانی ژێر سایەی حەشدی شەعبی «مقاوەمە»، خەزنەفەر بەتیخ سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند»سەدر كاتێك شەڕی لەگەڵ ئەمریكاییەكان دەكرد، رێگەچارەی دیپلۆماسی رەتدەكردەوە».

بەتیخ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لەدوای پەیامەكەی سەدر رایگەیاند»سەدر یەكەم كەس بوو كە داگیركاریی ئەمریكایی بۆ عیراق رەتكردەوە و هەموو رێگەچارە دیپلۆماسییەكانی لەو دەمەدا نەویست و بە ملكەچكردن بۆ دوژمنانی وەسفی كرد، ئەو حكومەتانەشی بە كڕنۆشبەر لەقەڵەمدا كە لەگەڵ داگیركەردا دادەنیشن».

بە وتەی ئەو سەركردەیەی فەتح»هەڵوێستی سەدر لەمڕۆدا گۆڕاوە و پەیامەكەشی بۆ هێزەكانی مقاوەمە سەبارەت بە گرتنەبەری رێگەچارەی دیپلۆماسی، دیدێكی تایبەت بەخۆیەتی، رەنگە پەیوەندی بە رەوشی سیاسی ئێستای وڵاتەوە هەبێت».

لەلایەكی ترەوە ئەو سەركردەیەی هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، هەڵسوكەوتەكانی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان، چەمكی “نادەوڵەتی” دەگەیەنن.

خەزنەفەر بەتیخ پێیوایە”سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمان لە دەرەوەی یاسان و نوێنەرایەتی نادەوڵەتی دەكەن بەهۆی زۆریی سەرپێچییەكانیان بۆ دەستور و یاسا كارپێكراوەكانی عیراق».

بە بۆچوونی خەزنەفەر بەتیخ”محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان ئەركی یاسادانانی جێبەجێنەكردووە، بەو پێیەی دانیشتنەكانی پەرلەمان لە دوانیوەڕواندا سازدەكات و زۆربەی یاساكانیش لەگەڕكەوتوون بەهۆی شێواز و هەڵسوكەوتەكانی كە بەتەواوەتی مانانی چەكی نادەوڵەتی دەگەیەنن».

ئەو سەركردەیەی هاوپەیمانی فەتح دەڵێت”حەلبوسی تەنیا بیر لە پۆست دەكاتەوە، بەبێ‌ بایەخدان بە جێبەجێكردنی یاساكان، دەسەڵاتی ڕاپەڕاندیش تەنیا بیر لەخۆی دەكاتەوە».

 581 جار بینراوە