سەرەکی » زانست » جگەرەكێشان جگە لەوەی زیانێكی گەورە بە كەسەکە دەگەیەنێت زیانی…

جگەرەكێشان جگە لەوەی زیانێكی گەورە بە كەسەکە دەگەیەنێت زیانی…

جگەرەكێشان جگە لەوەی زیانێكی گەورە بە كەسەکە دەگەیەنێت زیانی بۆ بەرامبەرەكەشی هەیە

نووسینگەی كەركوك، هێمن ئەحمەد

پسپۆرێكی بواری نەخۆشی شێرپەنجە ئاشكرایدەكات، جگەرەكێشان كۆمەڵێك كەرەستەی زیانبەخشی تێدایەو كاریگەری دەخاتەسەر ئەندامانی لەشی مرۆڤ لەوانە كەم خۆراكی، بێهێزی، كەمبوونەوەی كێش.
سەرچاوەیەك لەفەرمانگەی تەندروستی كەركوك رایدەگەیەنێت، یاسای ژمارە 19ی ساڵی 2012 ئاماژە بەوەدەكات جگەرەكێشان لەشوێنە گشتیەكان قەدەغەیە، ئەم كارەش لەبەرژەوەندی هاوولاتیاندایە.

هاووڵاتی ئەحمەد عەلی، گەنجێكی تەمەن 23 ساڵە‌و دانیشتووی گەڕەكی ئیسكانی شاری كەركوك‌و دەرچووی پەیمانگای تەكنیكیە دەربارەی جگەرەكێشان، بەنیگەرانیەوە بۆ كوردستانی وتی: زۆرێك لەهاوڕێیەكانم جگەرەكێشن‌و كاتێكیش دەست بەجگەرەكێشان دەكەن زۆر نیگەران دەبم‌و هاوڕێكانیشم ناچاردەبن پێمدەڵێن دەتوانیت ئێمە بەجێبهێڵێت تاوەكو جگەرەكەمان دەكێشین، جگە لەوەی كە لەشوێنە گشتیەكان‌و ناو ئۆتۆمبێل دەیكێشن، هەر كاتێشك گەڕابێتمەوە ماڵ باوكم پێمدەڵێت هەست دەكەم فێری جگەرەكێشان بویت، چونكە بەردەوام بۆنی جگەرەم لێدێت ئەمەش تووشی كێشەی كردووم، چونكە باوەڕم پێناكات كەدەڵێم جگەرە ناكێشم‌و باوكیشم ناحەقی نییە، چونكە بڵێم هاوڕێكانم دەیكێشن راستەوخۆ پێمدەڵێت: دەستبەرداریان ببە. هەرچەندە دەزانم ئەمكارە لەبەرژەوەندی خۆمدایە. ئەمەو دڵنیام كەسەرجەم هاوڕێیەكانم بەشێوەیەكی نهێنی جگەرە دەكێشن لەترسی ماڵەوەیان.

20 ساڵە جگەرە دەگەیشتێت
هاووڵاتی زۆراب عەلی، تەمەن 55 ساڵ، دانیشتووی ناوچەی شۆراوی شاری كەركوك دەربارەی فێربوونی بەجگەرەكێشان وتی: فێربوونی من بەجگەرە لەكاتی سەربازیدا بوو هۆكاریش زۆرن بۆ جگەرەكێشان یەكێك لەوانە لەسەربازیدا مانگ جارێك دەگەڕیانەوە بۆ ناو كەس‌و كارەكەمان، چونكە ئێمەش فێری ئەو جۆرە ژیانە نەبووین ئەمەش هۆكاری سەرەكی بوو پەنا بۆ جگەرەكێشان ببەین، رەنگە لەو قۆناغەدا گەنج وا هەست بكات جگەرەكێشان پەیوەندی بەپیاوبوون‌و هەراش بوونیەوە هەبێت، ئەمەش نیشانەی ئەو نەریتەیە كەلەناو كۆمەڵگەی ئێمەدا باوە، دیارە هەر ئەوەندە فێری جگەرەكێشان بوویت دواتر وازهێنانی قورسە تا ئەو كاتەی كەتووشی دەیەها نەخۆشی جۆراجۆر دەبێت لەو كاتەشدا هیچ شتێك بەفریات ناكەوێت دەبێت چاوەڕوانی مەرگ بكەیت، بۆیە داوا لەهەموو ئەو كەسانە دەكەم كەجگەرە ناكێشن پەنا بۆ جگەرە نەبن، چونكە پەنا بردن بۆ جگەرەكێشان یانی كۆتایی هێنانە بەژیانی خۆت.

سزای سەرپێچیكەران بدرێت
هاووڵاتی رەشید عەبدواڵڵا، كارمەندی فەرمانگەی تەندروستی كەركوك بۆ كوردستانی نوێ وتی: دەستخۆشی لەفەرمانگەی تەندروستی كەركوك دەكەم بەقەدەغەكردنی جگەرەكێشان لەشوێنە گشتیی‌و داخراوەكان‌و ئەو كەسانەش سزا بدرێن كە پابەندی یاسایەكە نابن.

بەبڕوای من ئەو یاسایە زۆر لەجێی خۆیەتی، چونكە ئەمە دەبێتە رێگرێك بۆ ئەو كەسانەی رەچاوی دەوروبەریان ناكەن لەكاتی جگەرەكێشانداو كاتێكیش ئەو كەسی لەنزیكت جگەرەدەكێشێت لەگەڵ ئەوەی زیانی بۆ خۆی دەگەیەنێت زیان بەچوار دەورەكەشی دەگەیەنێت، كەپێشی دەڵێیت: لەم شوێنە جگەرەمەكێشە تورەدەبێت‌و دەڵێت دەتوانێت تۆ شوێنەكە بەجێبهێڵێت، لەڕووی ئاینیشەوە هەر كەسێك زیان بەدەوروبەرەكەی بگەیەنێت گوناهبار دەبێت.

لەئاهەنگەكەیدا جگەرەی كێشاوە
خاتوو ت.ع ، لەدایكبووی 1951ە، كە لە بنەڕەتدا خەڵكی سلێمانیەو دایكی هەشت منداڵە، ئێستاش دانیشتووی گەڕەكی زیوێ-ی شاری كەركوكەو دەربارەی فێربوونی بەجگەرەكێشان وتی: جگەرەكێشانی من هۆكاری سەرەكی باوكم بوو، چونكە لەبەر چاوی ئێمە جگەرەی دەكێشا منیش وا هەستم دەكرد جگەرەكیشان شتێكی خۆشە بیرمە تەمەنم 12 ساڵ بوو جگەرەم دەكێشا.
ئەو خانمە بەدەم زەردە خەنەوە وتی: لەكاتی ئاهەنگەكەشم كە دەگوازرامەوە لەسلێمانیەوە بۆ كەركوك جگەرەم دەكێشا، چونكە نەمدەتوانی خۆم رابگربم، بەڵام ئێستا زۆر پەشیمان‌و ناشتوانم دەستبەرداری ببم تا ئەو كاتەی مەرگە یەخەم پێی دەگرێت.

وتیشی: بەداخەوە سێ كوڕم كەهەر یەكەیان باوكی سێ منداڵن هۆكاری فێربوونیان بەجگەرە من بووم، چونكە بەردەوام پاكەتی جگەرەم لەبەرچاویان دادەناو دەم كێشا، وتەیەكی پێشینانیش هەیە دەڵێ: «گەورە ئاو دەڕێژێت‌و بچووكیش پێی تێدا دەخشێنێت». جگە لەوەی كەزۆرجار برا گەورەكەم جگەرەی پێگرتووم جگەرەكەی لەسەر دەستم كوژاندۆتەوەو لێیداوم، بەڵام بێسوود بووە هەر بەردەوام بووم لەسەری باوكیشم پشتگیری لێدەكردەم، بۆیە داوا كارم لەو دایك‌و باوەكە بەڕێزانە بە بەرچاوی منداڵەكانیانەوە جگەرە نەكێشن بۆئەوەی منداڵاكانیان فێری نەبن‌و وەك ئێمەیان بەسەر نەیات.

تەنها نیگەران بێت جگەرە دەكێشێت
ئ .ع كچێكی، تەمەن 26 ساڵەو دانیشتووی یەكێك لەگەڕەكە كانی كەركوكەو دەربارەی جگەرەكێشانی دەڵێت: كاتێك جگەرە دەكێشم نیگەران بم یاخوود خەفەتێكم هەبێت، چونكە هەست دەكەم هەندێك لەئازارەكانم كەمدەكاتەوە جگەرە، هەرچەندە زیانێكی گەروەش بەتەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت بەتایبەتی بۆ ئێمەی كچان بەڵام دەسەڵاتیش نییە، چونكە فیری بوومە كاتێكیش جگەرە دەكێشم ماڵەوەمان لەماڵ نەبن، چونكە باوك‌و براكانم ئەو رێگەیەم پێنادەن جگەرەبكێشم، هەر چەندە لەم كۆمەڵگایەی ئێمەدا مافی تەواو بە كچ نەدراوە بەئارەزووی خۆی بچێتە دەرەوە، چونكە لەو بڕوایەدام كچ بەهەمان شێوەی كوڕ سەردانی شوێنە گیشتیەكان بكات ئەوەند نیگەران نابێت، هەر چەندە شوێنیكی تایبەت بەكچان‌و ئافرەتان لەم شارەدا نییە، بەڵام هیوادارین بەرپرسانی كەركوك شوێنیكی تایبەتمان بۆ بكەنەوە تاوەكو رزگارمان بێت‌و ئێمەش بتوانین بەئارەزووی خۆمان بچینە دەرەوە.

ریكلام بۆ جگەرە قەدەغەیە
لەوبارەیەوە سامان یابەعەلی بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی كەركوك بەكوردستانی راگەیاند: تیمێكی هاوبەش لەفەرمانگەی تەندروستی‌و ئاسایشی ئابووری‌و شارەوانی‌و قایمقامیەتی شارەكە، ئەو شوێنانەی ریكلام بۆ جگەرە دەكەن بەتایبەتی لەسەر رێگەی سەرەكی كەركوك قەرەهەنجیر ریكلامی جگەرەی لێبوو لایانبرد.
وتیشی: تەندروستی كەركوك هۆشداری داوەتە خاوەن چێشتخانەو سوپەرماركێت‌و شوێنە گشتیەكان كەریكلام بۆ جگەرە نەكەن‌و بەردەوام تیمەكانیان ئەو شوێنانەیان بەسەردەكەنەوە كەریكلام بۆ جگەرە دەكرد‌و تابلۆكانی تایبەت بەو ریكلامانەیان لابرد.

وتیشی: یاسای ژمارە 19ی ساڵی 2012 ئاماژە بەوەدەكات جگەرەكێشان لەشوێنە كێشیەكان قەدەغەیە ئەمكارەش لەبەرژەوەندی هاووڵاتیاندایەو داواشی لەهاووڵاتیان كرد خۆیان دەستپێشخەربن لەلابردنی ئەو ریكلامانە بەپێچەوانەشەوە سەرپێچیكاران روبەڕوی سزای یاسایی دەبنەوە.

باسی لەوەشكرد زیاتر یەك ملیارو 300 ملیۆن جگەرەكێش لەجیهاندا هەن، ساڵانە بەپێی ئامارەكانی نەتەوەیەكگرتوەكان 438 هەزار هاووڵاتی لەئەمریكا دەبنە قوربانی جگەرە كێشان.

زیاتر لە400 مادەی ترسناكی تێدایە جگەرە
د. دەریا ئەحمەد، پسپۆر لەبواری نەخۆشیەكانی شێرپەنجە لەنەخۆشخانەی ئازادی فێركاری كەركوك بەكوردستانی نۆ-ی راگەیاند: ئەو كەسەی جگەرە دەكێشێت جگە لەوەی زیانێكی گەورە بەتەندروستی خۆی دەگەیەنێت زیان بەدەوروبەر‌و كۆمەڵگەشی دەگەیەنێت، جگەرەكێشان بابەتێكە لە «دوكەڵ»، كۆمەڵێك كەرەستەی زیان بەخشی تێدایەو كەكاریگەری دەخاتەسەر سەرجەم ئەندامانی لەشی مرۆڤ لەوانە (كەم خۆراكی، بێهێزی، كەمبوونەوەی كێش)، ئەمانە پێیان دەوترێت زیانی بچووك، بەڵام زیانە گەورەكانی بەشێوەیەكی سەرەكی تووشبوونە بەنەخۆشی شێرپەنجەی سییەكان‌و شێرپەنجەی (ناودەم، گەدە، ریخۆڵە، میزڵدان). جگە لەوەی سەرچاوەیەكی بێزاركەرە بۆ كۆمەڵگە بۆ نموونە كەسێك لەشوێنێكی داخراو جگەرە دەكێشێت زیان بە بەرامبەرەكەشی دەگەیەنێت، چونكە مرۆڤ هەیە نەخۆشی تەنگە نەفەسی‌و فشاری خوێنی هەیە، جگە لەوەی بەرامبەرەكەشی بەرێژەیەكی كەم تووشی ئەو نەخۆشیانە دەكات، بۆیە ئامۆژكاریم بۆ ئەو كەسانە ئەوەیە كەلەشوێنە گشتی‌و داخراوەكاندا جگەرە نەكێشن، وەك خۆیان تووشی زیان بوونە بەرامبەرەكەشیان با تووش نەبن، لەدەرەوەی وڵات شوێنی تایبەت بەجگەرەو نێرگەلە كێشان تەرخانكراوە.

وتیشی: ئافرەتی دووگیان جگەرە بكێشێت ئەوا كاریگەری دەخاتەسەر تەندروستی كۆرپەكەشی، بەتایبەتی لەكاتی شیردان بەمنداڵەكە.

ئەو پسپۆرە باسی لەوەشكرد ئەو مادانەی لەناو جگەرەدا هەن زیاتر لە400 كەرەستەی زیان بەخشن‌و بریتین لە (قەتران، نیكوتین…هتد) كەزۆربەیان مادەی كیمیاوین‌و زیان بەتەندروستی مرۆڤ دەگەیەنن.

 66 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*