سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » هەواڵنامەی ئەڵمانیا

هەواڵنامەی ئەڵمانیا

پارتێک بانگهێشتی مێرکڵ بۆ پەرلەمان دەکات
مارکۆ بۆشمان سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی ئازادFDP داوایکردوە، حکومەتی ئەڵمانیا بەیاننامەیەکی شەفاف لەسەر کۆرۆنا دەربکات. بەوپێیەی ئەو ڤایرۆسە پەیوەندی بەچارەنووس و ژیانی هەموو خەڵکیەوە هەیە دەبێت( مێرکل) بچێتە پەرلەمان و لەوێ ڕونکردنەوە لەسەر چۆنیەتی ڕوبەڕوبونەوە و پلانەکانی بدات.

تونێلێک لەنێوان ئەڵمانیا و دانیمارک دروستدەکرێت
دوانزەساڵ لەمەوبەر دیزاینی پڕۆژەی تونێلێکی گەورە لەنێوان ئەڵمانیا و دانیمارک دانرا، بەڵام هەفتەی ڕابردوو بە گوژمەی 7 ملیار یۆرۆ پرۆژەکە دەستپێکرا، تونێلەکە 40 مەتر لەژێر ئاوەوەیە و بەدرێژایی 18 کیلۆمەتر دروستدەکرێ. ئەو تونێلە کە درێژترینە 140 کم ڕێگای نێوان هەردوو وڵات کورت دەکاتەوە، پێکهاتوە لە ئۆتۆبانێکی دووساید و دوو هێڵی شەمەندەفەری کارەبایی ، بڕیاریش وایە لە 2029 تەواوبکرێت، گرنگی تونێلەکەش لەوەدایە ماوەی نێوان کۆپنهاگن و هامبۆرگ لە چوارسەعات و نیوەوە بۆ دوو کاتژمێر کورت دەکاتەوە.

تیرۆریستێک دەستگیرکرا
بەتۆمەتی تیرۆری ئیسلامی توندڕەو و ئاژاوەنانەوە لەناو ئەڵمانیا پۆلیسی ئەڵمانیا پەنابەرێکی سووری بەناوی (عەبدوڵلا حەسەن) تەمەن 20 ساڵی ڕاپێچی بەردەم دادگاکرد. ئەوگەنجە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە شاری درێسدن چەقۆی لە دوو گەشتیار وەشاند و یەکێکیانی کوشت و دووەمیشی بەخەستی بریندارکرد، پۆلیس دەڵیت ئەو گەنجە پاشخانێکی پڕ کەتن و تاوانی هەیە و سەر بە داعشە.

مۆزەخانەی بەرلین زیانێکی گەورەی پێگەیەنرا
ماوەی ڕابردوو گرووپێکی تێکدەر و ئاژاوەچی مۆزەخانەی Pergamon ی بەرلین ژمارەیەک ئاسەواری نایابیان تێکدا. جۆرە شلەیەکیان بە 70 پارچە ئاسەواردا کردوە کە مێژووەکەیان بۆ سەدەی نۆزدە دەگەڕێتەوە، لەنێوانیشیاندا پەیکەری فیرعەونیەکان و تابوت و چەند تابلۆ و هێمایەکی دێرین هەیە، ئەو مۆزەخانەیە 90 ساڵە هەیە و ساڵانە ملیۆنێک کەس سەردانی دەکەن، گومان دەکرێت توندڕەوەکان دەستیان لەو کارەدا هەبێت.

سوپا بەشداری هەڵمەتی رووبەڕووبونەوەی کۆرۆنا دەکات
لەهەرێمی بایرەن کەتیبەیەکی سوپای ئەڵمانیا کە زیاتر لە 150 سەرباز دەبن بەشدارن لە هەڵمەتی ڕووبەڕووبونەوەی کۆرۆنا و یارمەتی کارمەندانی تەندروستی دەدەن لە پشکنین و رێنمایی و کاروباری ئیداری تر، لەڕۆژانی رابردوودا ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر بڵاوبۆتەوەو ژمارەی توشبوان 11 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.

وەزیری تەندروستی تووشی کۆرۆنابوو
یەنس شوبان وەزیری تەندروستی ئەڵمانیا توشی کۆرۆنابوو.یەنس شوبان لە تەمەنی 40 ساڵیدایە و دەمودەست لەماڵەوە خۆی کەرەنتین کردوە و هەموو ئەو کەسانەی کە کاریان لەگەڵ کردوە یان دیداریان کردوە ئاگادارکراونەتەوە کە دەبێت خۆیان کەرەنتین بکەن.

نرخی چاودێری توشبوانی کۆرۆنا دیاریکرا
بەپێی زانیاری کۆمپانیاکانی بیمەی تەندروستی هەر توشبویەکی ئاسایی کۆرۆنا کە داخڵی خەستەخانەبێت بۆ ئەو چەند ڕۆژە بڕی 5 هەزار یۆرۆی تێدەچێت. ئەگەر پێویستیشی بە ئامێری هەناسەدان بێت ئەوا10 هەزار یۆرۆ و ئەوانەشی کە وەزعیان شڕە نزیکەی 40 هەزار یۆرۆیان پێویستە کە هەمووی کۆمپانیاکان دەیدەن.

دکتۆرێکی عەرەب مافی وەرگرتنی لێسەندرایەوە
دکتۆرێکی عەرەبی لوبنانی کە 20 ساڵە لەئەڵمانیا دەژی و دکتۆرای لێرە هێناوە، بەهۆی ئەوەی ئامادەنەبووە تەوقە لەگەڵ ئەو فەرمانبەرە کچەبکات کە مامەڵەی پێدانی ڕەگەزنامەی لێوەرگرتوە مافی وەرگرتنی لێسەندرایەوە، هەرچەندە پەنای بردە بەردادگاش، بەڵام بە پاساوی ئەوەی کە ئەو دکتۆرە پابەند نیە بەدەستوور و فەرقی نێوانی ژن وپیاو دەکات، شایانی ئەوەنیە ڕەگەزنامەی پێ بدرێت، حکومەت پێی وانیە کە ئەو کەسە لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەڵمانیا خۆی گونجاندبێت.

سەری ساڵ لە ئەڵمانیا کەشوهەوا گەرم دەبێت
لە جەژنەکانی یادی لەدایکبوونی مەسیح وسەری ساڵدا گەلی ئەڵمان چاوەڕوانی بەفرو سەرماوسۆڵەدەکەن، بەڵام ئەمسال ئەو هیوایەیان نایەتەدی، چونکە بەپێی فەرمانگەی کەشناسی بێت لە مانگی دیسەمبەر ئەگەری بەفربارین زۆرکەمە و بگرە پلەی گەرماش تا 20پلەی سەدی بەرزدەبێتەوە.

 84 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*