سەرەکی » ئاراستە » جه‌میل ره‌نجبه‌ر قه‌ڵه‌مێكی شه‌هید

چراکانی نیشتمان

جه‌میل ره‌نجبه‌ر قه‌ڵه‌مێكی شه‌هید

خەلیل عەبدوڵڵا

خه‌لیل عه‌بدوڵڵاجه‌میل ره‌نجبه‌ر شاعیرێكی بوێرو شۆڕشگێڕی كوردستانه‌‌و هه‌موو ژیانی بۆ خزمه‌تكردنی گه‌ل‌و نیشتمانه‌كه‌ی ته‌رخان كرد‌و له‌سه‌نگه‌ری به‌رگری له‌وڵات به‌شه‌ستیری كۆپته‌ره‌كانی به‌عس شه‌هید كرا.
جه‌میل ساڵح عه‌زیز كه‌ به‌ جه‌میل ره‌نجبه‌ر ناسراوه‌، ساڵی 1947 له‌ گوندی گۆمه‌گرووی سه‌ربه‌شارۆچكه‌ی قوشته‌په‌ له‌ دایك بووه‌.

له‌ ساڵی 1957 له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌یان چوونه‌ته‌ ناوشاری هه‌ولێر.

ره‌نجبه‌ر قۆناغه‌كانی خوێندنی ته‌واو كردووه‌‌و بووه‌ به‌مامۆستا.

له‌ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌كانه‌وه‌ تێكه‌ڵاوی ژیانی سیاسی بووه‌‌و سه‌ره‌تا له‌ یه‌كێتی قوتابیانی كوردستانه‌وه‌ ده‌ستی پێكردووه‌‌و دواتر له‌ناو ریزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان خه‌باتی كردووه‌‌و ساڵی 1974 بووه‌ به‌پێشمه‌رگه‌.

له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌و رێكخراوه‌وه‌ كردووه‌‌و به‌هۆی تێكۆشانی سیاسیه‌وه‌ تووشی چه‌رمه‌سه‌ری زۆر بووه‌‌و چه‌ند جارێك له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی رژێمی به‌عسه‌وه‌ ده‌ستگیر كراوه‌‌و دواجار له‌ساڵی 1979 به‌لێبوردنی گشتی ئازاد كراوه‌‌و هه‌مان ساڵ په‌یوه‌ندی به‌هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌وه‌ كردووه‌‌و یه‌كێك له‌كادیره‌ پێشكه‌توو و هۆشیار‌و چالاكه‌كان بووه‌‌و به‌رپرسی رێكخستنه‌كانی ناوچه‌ی هه‌ولێری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بووه‌.

بێ‌ له‌خه‌باتی سیاسی‌و پێشمه‌رگانه‌، ره‌نجبه‌ر له‌سه‌ره‌تای شه‌سته‌كانه‌وه‌ خولیای جیهانی ئه‌ده‌ب‌و شیعر بووه‌‌و خاوه‌نی چه‌ند به‌رهه‌مێكی ناوازه‌یه‌، زۆربه‌ی شیعره‌كانی ره‌نجبه‌ر ده‌چنه‌ خانه‌ی ئه‌ده‌بی به‌رگرییه‌وه‌ كه‌ له‌زیندانی ئه‌بو غرێب‌و چیاكانی كوردستانه‌وه‌ بۆ به‌رگری له‌ خاك‌و نیشتمان‌و جۆشدانی خه‌باتی سیاسی‌و پێشمه‌رگانه‌ نوسیونی.

ره‌نجبه‌ر ساڵی 1968 یه‌كه‌م دیوانه‌ شیعری خۆی به‌ناوی( راز‌و سكاڵا) به‌چاپ گه‌یاند.

له‌دوای شه‌هید بونیشی، یه‌كێتی نوسه‌رانی كوردستان له‌ساڵی 1981 له‌شاخ نامیلكه‌یه‌كیان به‌ناوی (روبارێكی خوێناوی) به‌چاپ گه‌یاند.

له‌دوای راپه‌ڕینیش خیزانه‌كه‌ی هه‌موو شیعره‌كانی له‌دووتوێی دیوانێكدا چاپكردو مامۆستا جه‌وهه‌ر كرمانجیش چاپی دووه‌می كرده‌وه‌.

به‌داخه‌وه‌ ئه‌م شاعیره‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌18ی تشرینی دووه‌می 1980 له‌نزیك گوندی پیرانه‌ ره‌شی پشده‌ره‌ ره‌قه‌ی چیای كێوه‌ ره‌ش به‌شه‌ستیری كۆپته‌ره‌كانی به‌عس شه‌هید بوو.

درودی رێزو وه‌فاو ئه‌مه‌كرداری بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی ره‌نجبه‌ری مامۆستا‌و پێشمه‌رگه‌‌و شاعیری شه‌هید.

 57 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*