سەرەکی » زانست » چاوخشاندنەوەیەك بە مێژووی ڤایرۆسە كوشندەكانداپەڕە 27

ساڵێك لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا

چاوخشاندنەوەیەك بە مێژووی ڤایرۆسە كوشندەكاندا

لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، ترس و دڵەڕاوكێ باڵی بەسەر جیهاندا كێشا، شێوازی ژیان و نەریتی زۆر كەسی گۆڕی و بەهۆیەوە سەدان هەزار كەس لە جیهاندا هەست بە نیگەرانی و بێدەسەڵاتی دەكات لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڤایرۆسەی كە لەبنەڕەتدا بە ڤایرۆسێكی مامناوەند دادەنرێت لەڕووی بە هێزیی و كوشندەییەوە بەبەراورد بە ڤایرۆسەكانی تر.

لەكۆندا مرۆڤ دەبوو لەگەڵ شەپۆلی جیاوازی پەتاكاندا مامەڵە بكات كە ترسێكی زیاتری لەو ترسە دروست دەكرد كە ئێمە لە ڤایرۆسی كۆرۆنا هەمانە و كەسانێكی زۆتریشی كووشتووە بە بەراورد بە قوربانییەكانی پەتای كۆڤید-19

مرۆڤ گەر بیهێنێتە بەرچاوی خۆی كە لە سەردەمێكدا دەژیی و تێیدا مرۆڤەكان ڕووبەرووی هەندێك ڤایرۆس و پەتا دەبنەوە كە چەند ساڵ جارێك بڵاودەبووە و بە هەزاران و سەدانی دەكردە قوربانیی، لەوە تێدەگات ئەو ترس و دڵەڕاوكێیەی ماوەی ساڵێكە مرۆڤەكانی ئەم سەردەمە پێوەی دەناڵێنن، ترس و دڵەڕاوكێی هەمیشەیی مرۆڤە پێشینەكان و باوباپیرانمان بووە.ئەوان هەمیشە لەبەردەم هەڕەشەی پەتاكانی وەك تاعون و سوورێژە و كۆلیرا و ئەنفلۆنزا و ئاوڵەدا بوون.

گەر سەیری مێژوو بكەین، تا سەدەی (19) نیوەی مناڵانی جیهان بەر لەوەی بگەنە تەمەنی (5) ساڵیی دەمردن، ئەویش بە هۆی تووشبوونیان بە نەخۆشییەكانی وەك تاعون و سیل و كۆلێرا یان ئەو نەخۆشییەی لە كۆندا پێیوتراوە دڕندەی نادیار كە مەبەستیان لە ئاوڵە بووە، كە دەبووە هۆی سوور بوونەوە و بڵقكردنی پێست و شێواندنی ڕووخسار و دواتریش مردنی توشبووەكە، ئەڵبەت ئەو ئاوڵەیەی ئەو كات هەمان ئەو جۆرە نییە كە ئێستا زۆر مناڵ تووشی دەبێت.

ئاوڵە لەسەرەتای شارستانیی مرۆڤایەتییەوە ناسراوە و یەكەمین كەسیش فیرعەونەكانی میسر بوون كە ئەو نەخۆشییەیان ناسیوە و تەنانەت فیرعەون رەمیسیسی پێنجەمی میسر لە سییەكانی تەمەنیدا بە هۆی ئەو نەخۆشییەوە گیانی لەدەستداوە. بەڵگەش بۆ ئەوە كاتێك زانایانی شوێنەوارناس لێكۆڵینەوەیان لە لاشەی مۆمیاكراوی ئەو فیرعەونە كرد نیشانەی بڕین و چاڵیان لەسەر پێستە مۆمیاكراوەكەی دۆزییەوە.

بە درێژایی مێژوو نەخۆشیی ئاوڵە بووەتە هۆی شێواندنی پێست و كوشتنی ملیۆنەها كەس لە سەرتاسەری جیهاندا.

ئەو نەخۆشییە هیچ جیاوازی نەكردووە لە نێوان كەسانی ئاسایی و پاشاو كاربەدەستاندا، بۆنمونە( لویسی پانزە)ی پاشای فەرەنسا و (مێری دووەم)ی شاژنی ئینگلتەرە و (پیتەری دووەم)ی قەیسەری ڕوسیا و (لویسی یەكەم)ی پاشای ئیسپانیا بە ئاوڵە مردوون. زۆربەی ئەوانەشی لەو نەخۆشییە ڕزگارییان بووە بۆ هەتایە نابینا بوون.

چونكە ڤایرۆسی هۆكاری ئەو نەخۆشییە كە بە (ڤایۆلا) ناسراوە هاوشێوەی كۆرۆنا ڤایرۆس پێویستی بە نێوەندگیر نەبووە بۆ بڵاوبوونەوە، بەڵكو ڕاستەخۆ لە كەسێكی تووشبوەوە بە هۆی پرژەی لیك و بەركەوتنی جەستەیی گواستراوەتەوە بۆ كەسێكی ساغ، بەڵام جیاوازییان ئەوەیە كە(ڤایۆلا) زۆر كوشندەتربووە و بووەتە هۆی هەوكردنی بیلبیلەی چاوی كەسی تووشبوو و لەناوبردنی دەمارەكانی بینایی و هەوكردنی جومگەكان و هەڵئاوسانی ئێسكەكان، هەر بۆیە ئەوانەی كە بە ئاوڵە نەمردوون زۆربەیان تا كۆتایی ژیانیان نابینا بوون.

هەر بە هۆی ئاوڵەوە چەندین شارستانییەت لەناو چوون، لەوانەش شارستانیەتی (ئەستك) لە مەكسیك، كە بە هۆی داگیركەرە ئیسپانییەكانەوە ڤایرۆسی ئاوڵە بۆ دانیشتوانە ڕەسەنەكەی گواستراوەتەوە، چونكە ئەو ڤایرۆسە لەو ناوچەیەدا نەبووە دانیشتوانەكەی بەرگرییان لە دژی پەتاكە نەبووە و بە هۆیەوە (3) ملیۆن كەس بوونەتە قوربانیی و گیانیان لەدەستداوە، لە ئەوروپاش بەهۆی هەمان نەخۆشییەوە ساڵانە(400) هەزار كەس مردووە.

چارەسەكردنی ئاوڵە و سەرەتاكانی سەرهەڵدانی ڤاكسین
لەسەدەی هەژدەدا پزیشكێكی ئینگلیزیی بە ناوی( ئیدوارد جینەر) سەرنجی ئەوەیدا ئاوڵە دوو جۆرە یەكێكیان ئاوڵەی مانگایە و بكوژ نییە و ئەوی تریان ئاوڵەی مرۆڤە و كوشندەیە.

ئەو پزیشكە سەرنجی ئەوەیدا ئەو ژنە جوتیارانەی مانگا دەدۆشن توشی ئاوڵەی مانگا دەبن، بەڵام تووشی ئاوڵەی مرۆڤ نابن، هەربۆیە بیری لەوە كردەوە ڕەنگە ئەوانەی تووشی ئاوڵەی مانگا ببن، بەرگریی پەیدا بكەن لە دژی ئاوڵەی مروۆڤ.

جینەر بۆ سەلماندنی ئەو گریمانەیەی پێویستی بە سێ شت بوو، نمونەیەكی ئاوڵەی مانگا كە لە ژنە جوتیارێكەوە دەستی كەوت و نمونەی ئاوڵەی مرۆڤ كە لە تووشبوویەكی وەرگرت و كەسێكی ساغ، بۆ ئەمەش كوری باخەوانەكەی خۆی بەكارهێنا كە تەمەنی هەشت ساڵان بوو، لە پێشدا دەرزییەكی ئاوڵەی مانگای لێدا و دواتر دەرزییەكی ئاوڵەی مرۆڤ.

پزیشكەكە لەو كارەیدا سەركەوتوو بوو، چونكە مناڵەكە هیچ شتێكی خراپی بەسەر نەهات هەر بۆیە نەمرد، دواتر ئەم كارەی بۆ چەند كەسێكی تر كرد و ئەوەش بەرهەمی باشی هەبوو، ئیدی ئیدوارد جینەر سەركەوتوو بوو لە گەیشتن بە یەكێك لە دۆزینەوە گرنگەكانی مرۆڤایەتی، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر شتی دەربارەی هۆكارەكانی ئەو نەخۆشییە نەدەزانی.

هەریەك لە جاكۆب هێنلیی ئەڵمانیش چەند شتێكی تری سەلماند لەوانەش مایكرۆبەكان هۆكاری نەخۆشییە درمەكانن. دوای ئەویش (ڕۆبەرت كوخ) ی زانای ئەلمانی تیۆرەكەی هێنلی چەسپاند و بووە دامەزرێنەری ڕاستەقینەی زانستی میكرۆبەكان وەك زانستێكی پزیشكیی سەربەخۆ.

پاش ئەوانیش (لویس پاستۆر)ی زانای فەرەنسیی، ئەوەی بۆ ئەو زانستە زیاد كرد كە دەتوانرێت میكرۆبی لاواز كراو بكرێتە لەشی مرۆڤەوە و بەو هۆیەوە كەسەكە بەرگریی وەردەگرێت لەدژی نەخۆشییەك و ئەوەشی ناونا (ڤاكسین).

هۆكاری درەنگكەوتنی ڤاكسینی ڤایرۆسی كۆرۆنا
ئێستا و دوای تێپەربوونی ساڵێك بەسەر سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا چەند كۆمپانیایەك دوای كاركردنی چەند مانگەیان گەشەیان داوە بە ڤاكسینەكانیان و خەریكن بەسەر وڵاتانی جیهاندا دابەشی دەكەن.

لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك هێشتا پرسیار دەكەن بۆ گەشەپێدانی ئەو ڤاكسینانە هێندەی خایاند؟

پسپۆڕانی ڤایرۆلۆژیی وەڵام دەدەنەوە و دەڵێن» كۆرۆنا ڤایرۆس فاكتەری بۆماوەیی (RNA) لەخۆدەگرێت نەك(DNA) و ئەوەی دەشزانرێت لەسەر ئەو جۆرە ڤایرۆسانە ئەوەیە كە هەمیشە خۆی دەگۆڕێت و دەتوانێت پێكهاتەكەی خۆی چاك بكاتەوە، ئەمەش وا دەكات دۆزینەوەی ڤاكسینەكەی قورس بێت و كاتی زیاتری پێبچێت .

ئەو پسپۆڕانە دەڵێن» دۆزینەوەی ڤاكسینەكان بە درێژایی ڕۆژگار گەشەیان كردووە، ئێستا زۆربەی ڤاكسینەكان پشت دەبەستن بەدەرهێنانی هەندێك پێكهاتەی میكرۆبەكان بە گشتی و ڤایرۆسەكان بە تایبەتی و دۆزینەوەی دژەتەن بۆیان و دۆزینەوەی شتی هاوشێوە، بۆ ئەوەی كۆئەندامی بەرگری هان بدات تا بەرگرییەكی باش دروست بكات لە كاتی توشبوون بەو پەتایەی كە ئەو ڤایرۆسە دروستی دەكات.

بەڵام هەموو جارێك ئەو ڤاكسینانە جێگەی ڕەزامەندیی خەڵك نەبووە بۆ نمونە لە سەدەی نۆزدەدا دەیان هەزار هاوڵاتیی ئینگلیزیی ڕژانەسەر شەقامەكان و خۆپیشاندانیان كرد لە دژی بریاری بە زۆرە ملێ كوتان لە دژی نەخۆشیی ئاوڵە و هۆكارەكەشی ئەوەبوو كە ئەو ڤاكسینە لەمانگا وەرگیراوە‌و بەتێروانینی كریستیانەكانیش لەو كاتەدا بەكارهێنانی ئەو ڤاكسینە دەبێتە هۆی پیسكردنی لەشی مرۆڤەكان.

لە ساڵی (1989)ی سەدەی ڕابردووشدا پزیشكێكی بەریتانیی بە ناوی( ئەندرۆ ویكفێلد) ئەوەی ڕاگەیاند، پەیوەندییەك هەیە لە نێوان ڤاكسینی سورێژە و ملەخڕێ و سورێژەی ئەڵمانیی و توشبوونی مناڵان بە ئۆتیزم ، ئەمەش وایكرد ژمارەیەكی زۆری دایك و باوكان مناڵەكانیان نەكوتن. پاش ماوەیەك ژمارەی مناڵانی توشبوو بە سورێژە زیادی كرد و پزیشكەكە نەیتوانی گریمانەكەی بسەلمێنێت بۆیە بە پێی یاسا ئەو پزیشكە بۆ هەتایە لە كارەكەی دوورخرایەوە.

سەرچاوە: sky news

 434 جار بینراوە