سەرەکی » دۆسێ » بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار ناڕەزایی لێدەكەوێتەوە

پێناچێت تا سەر بەردەوام بێت

بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار ناڕەزایی لێدەكەوێتەوە

سەدان هاووڵاتی خۆپیشاندانیان كرد بۆ لەسەركارلابردنی مستەفا موخیف پارێزگاری بانكی ناوەندی عیراق و تۆمەتبارییان كرد بە دزیكردن بۆ بەرژەوەندی نەهەندەگە گەورەكانی گەندەڵی لە وڵاتدا.

لە 28ی كانوونی یەكەمی 2020، سەدان كەس كە لە هاووڵاتی ئاسایی و بازرگان و خاوەن كۆگاكان پێكهاتبوون، لە شەقامی ڕەشید لە بەغدا و لەبەردەم بارەگای بانكی ناوەندی عیراقی خۆپیشاندانیان كرد و سیاسەتەكانی پارێزگاری بانكەكەیان بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار، ئیدانە كرد.

بە گوێرەی هەواڵ، خۆپیشاندەران داوایان لە حكومەت كردبوو، موخیف دەستلەكاربكێشێتەوە، بەو پێیەی سیاسەتەكانی جگە لە ماڵوێرنكردنی هاووڵاتی هەژار و خزمەتكردن بە نەهەنگەكانی گەندەڵی، چی دی لێناكەوێتەوە.

لەگەڵ چڕبوونەوەی خۆپیشاندانەكانیش، میدیا عیراقییەكان ئاماژەیان بە بڵاوبوونەوەی هێزەكانی بەگژداچوونەوەی ئاژاوەگێڕی كردبوو، تا ڕێگە لە خۆپیشاندەران بگرن كە دەیانەویست بگەنە دەروازەكانی چوونەژوورەوە بۆ بانكی ناوەندی عیراقی.

پێدەچێت گۆڕانكاریی بەسەردا بێت
حسێن عەرەب ئەندامی پەرلەمانی عیراق دەڵێت، پێدەچێت گۆڕانكاریی بەسەر بەهای خەرجی دۆلاردا بێت و دەڵێت، بڕیاری گۆڕینی بەهای دراوەكە لەدەستی وەزارەتی داراییدایە».

عەرەب لە دیمانەیەكی تەلەفیزیۆنی لە 28ی كانوونی یەكەمی 2020 رایگەیاند»تائێستا لە پەرلەمان و حكومەت لەبارەی ئەو بنەمایەی بەهای نوێی دۆلاری لەسەر دانراوە گفتووگۆ نەكراوە، بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بۆ 1450 دینار بۆ دۆلارێك، سەیر بوو، چونكە نرخی نەوت لە بەرزبوونەوەدایە و دەكرێت ببێتە مایەی كەمكردنەوەی قەبابرەی كورتهێنانی دارایی، بۆیە پێویست ناكات بەرەو گۆڕینی بەهای دۆلار بڕۆین بە بیانووی كەمكردنەوەی كورتهێنان».

سەبارەت بە ئەم ئاراستەیەی لەئێستادا گراوەتەبەر بۆ روماڵكردنی خەرجییە حكومییەكان، ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە»بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار، بەشێكی كەم لە كێشەی كورتهێنان چارەسەر دەكات، رێگەچارەی تر و باشتر هەیە كە دەكرێتە بەكاربهێنرێت، بۆیە لەو بڕوایەداین بەهای دۆلار لەگەڵ گفتووگۆكردنی بودجەی 2021، گۆڕانكاریی بەسەردا بێت».

حسێن عەرەب بە وەزاریری دارایی دەڵێت»بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار نالۆجیكیە، دەبێتە مایەی داڕوخانی بازاڕ و بەو هەنگاوەش مێژوو لێبوردنە نابێت بەرانبەری».

عەرەب رایگەیاندووە»وەزارەتی دارایی بەهای دۆلار دۆلار دیاۆریی دەكات و پەیوەندی بە بانكی نێودەوڵەتییەوە نییە، هەموو پەرلەمانتارانیش لەسەر ئەوەی كۆكن كە رێگە نەدرێت زیان بە مووچەی فەرمانبەران بگات».

بانگهێشتكردنی وەزیری دارایی بۆ پەرلەمان
هەر لەو چوارچێوەیەدا، عەلی سەعدون پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون رایگەیاند، پەرلەمان لە یەكەم دانیشتنەكانی ساڵی داهاتوودا عەلی عەللاوی وەزیری دارایی بانگهێشت دەكات، تا گفتووگۆ لەسەر هۆكارەكانی بەهای دۆلاری ئەمریكایی بكرێت لەبەرانبەر دیناری عیراقی».

سەعدون لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو»ئەنجومەنی نوێنەران لە یەكەم دانیشتنی خۆی لە ساڵی داهاتوو، وەزیری دارایی بانگێشت دەكات بۆ گفتووگۆ لەسەر هۆكارەكانی بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار لەبەرانبەر دیناری عیراقی، و كاریگەرییە نەرێنییەكانی لەسەر زۆرێك لە چین و توێژەكانی گەلی عیراق، لەگەڵ ئەمەشدا پەرلەمان وردبینی لە دەروازەی خەرجییەكاندا دەكات كە لە پرۆژە یاسای بودجەی 2021دا هەن».

ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی سائیرون دەڵێت»زۆرێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، بڕوایان بە هەنگاوی بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار نییە، چونكە ئەو هەنگاوە پێویستە هاوشان بێت لەگەڵ بەگەڕخستنی پیشەسازیی ناوخۆ و كەمكردنەوەی كاڵا هاوردەكراوەكان».

عەلی عەللاوی وەزیری دارایی عیراق لە 21ی كانوونی یەكەمی 2020 رایگەیاندبوو، گۆڕینی بەهای دینار لەبەرانبەر دۆلاردا، بۆ مەبەستی پاراستنی ئابورییە.

عەللاوی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ وەزیری پلادانان لە بەغدا رایگەیاندبوو»گۆڕانكاریمان لە بەهای دۆلاردا كرد، بەمەبەستی پاراستنی ئابوری».

بە وتەی عەللاوی»بودجە هەنگاوی یەكەم دەبێت بەرەو چاكسازیی ئابوری و جیاوازیی داهاتەكانیش لە گۆڕینی بەهای دۆلاردا، بۆ پاڵپشتی لە توێژە هەژارەكانی كۆمەڵگە تەرخان دەكرێت».
لای خۆیەوە خالید بەتال وەزیری پلاندانان رایگەیاندبوو»قەبارەی خەرجی وەبەرهێنان لە دەوروبەری 8 ترلیۆن دیناردا دەبێت لە بودجەی 2021».

بە وتەی بەتال»بودجە پرۆژەی شەمەندۆفێری هەڵواسراو و بەندەری فاو و ژمارەیەك پرۆژەی تر لەخۆدەگرێت».

داواكارییەك لە حكومەت
فراكسیۆنی سائیرون لە پەرلەمانی عیراق، داوا لە حكومەت كرد هەموو تۆڕەكانی فرۆشتنی دراو بەشێوازیی ئەلیكترۆنی بە یەكەوە ببەستێتەوە، تا بازاڕی دراو كۆنترۆڵ بكرێت.

ماجیدە تەمیمی، ئەندامی فراكسیۆنی سائیرون لە پەرلەمانی عیراق، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو”دەبوو سیاسەتی گومرگی پەیڕەو بكرێت بۆ پاڵپشتی لە بەرهەمی ناوخۆ، نەك بەهای دینار كەمبكرێتەوە، بڕیاری دابەزاندنی بەهای دیناریش كاریگەریی نەرێنی زۆر دروست دەكات، بە تایبەت بۆ ئەوانەی داهاتییان سنوردارە”.

بە وتەی تەمیمی”لەگەڵ هاوبەشەكانمان ڕێكاریی پێویست دەگرینەبەر لەڕێی هەمواركردنی یاسای بودجە و گۆڕانكاریكردن تێیدا”، داوای لە حكومەتیش كرد، هەموو تۆڕەكانی فرۆشتنی دراو بەشێوەی ئەلیكترۆنی بەیەكەوە ببستێتەوە، تا بازاڕی دراو كۆنترۆڵ بكات”.

سائیرون بەپێویستی دەزانێت، بانكی ناوەندی دەستپێشخەریی گەشەكردن بكات بۆ پارێزگاریی لە نرخی خەرجی دینار و داواش لە حكومەت دەكات، ڕێكاریی پێویست بگرێتەبەر بۆ چارەسەركردنی بڕیارەكەی بانكی ناوەندی.

ماجیدە تەمیمی دەڵێت”دەبێت دەوڵەت مەوادی خۆراكی و بازرگانی هاوردە بكات و لەڕێی فۆرمی بەشە خۆراكەوە بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشی بكات”.

وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی فیدراڵ ڕایدەگەیەنێت، ڕێژەی هەژاریی گەیشتۆتە 32%، ئەم ڕێژەیەش وەك وەزارەتەكە ئاماژەی پێدەكات، بەندە لەسەر هەژاریی داهات.

بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاریی
لەگەڵ بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار لە بازاڕەكانی ناوخۆدا كە بە بۆچوونی زۆرێك لە چاودێران، هاووڵاتی زەرەرمەندی یەكەم دەبێت و زیان بە چینی هەژار دەكات لە وڵاتدا، عەبدولزەهرە هنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عیراق رایگەیاندووە”ڕێژەی هەژاریی لە وڵاتدا گەیشتە 32%، بەزبوونەوەی ڕێژەی هەژاریش لەگەڵ دەستپێكردنی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنادا بوو”.

بە وتەی هنداوی”ڕێژەی هەژاریی بەر لە پەتای كۆرۆنا گەیشتە 20%، بەڵام لەگەڵ ئەو ڕێكارانەی گیرانەبەر و قەدەغەكردنی هاتووچۆدا، ڕێژەكە ڕووی لە بەرزبوونەوە كرد، ئەم ڕێژەیەش بەندە لەسەر هەژاریی داهات، نەك ڕەهەندەكانی تری وەك نیشتەجێبوون و فێركاریی و تەندروستی، بەڵام گەر پشت بەو ڕەهەندانە ببەسترێت، ئەوا دەبینین ڕێژەكە دەگەڕێتەوە بۆ 20%”.

عیراق بە ڕەوشێكی ئابوری نالەباردا تێدەپەڕێت، ئەمەش حكومەتی ناچار كرد، بەهای دیناری عیراقی لەبەرانبەر دۆلاردا داببەزێنێت بۆ مەبەستی دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت كە ژمارەیان دەگاتە 4 ملیۆن فەرمانبەر.

 68 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*