سەرەکی » ئابووری » نوێنەران تاوتوێی گەورەترین بودجە دەكات

نوێنەران تاوتوێی گەورەترین بودجە دەكات

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژەی یاسای بودجەی 2021 ئەنجامداوە و بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە جارێكی دیكە تاوتوێی بكرێتەوە.

ئارەزوو مەحمود، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە ماڵپەڕی (PUKmedia)ی راگەیاندوە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 كردوەو بڕیارە ئەمڕۆ جارێكی دیكە تاوتوێی بكرێتەوە.

پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی 2021ی عیراق، بە 164 تریلیۆن دینار دیاری كراوە، بڕی كورتهێنانی بودجەكەش بریتییە لە 71 تریلیۆن دینار، پشكی هەرێمی كوردستانیش بە (12,67 %) دیاریكراوە، كە زیاتر لە 13 تریلیۆن دینار.

هاوكات، شێروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت: «پڕۆژە یاسای بودجەی 2021، گەورەترین بودجەی عیراقە كە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران كراوە».

وتیشی: «لە پڕۆژە یاساكەدا خەرجی 164 تریلیۆن دینارە و كورتهێنانەكەشی 71 ترلیۆن دینارە، كە ئەمە یەكەمجارە بودجە بەو خەرجیە زۆرە و كورتهێنانە زۆرەوە رەوانەی پەرلەمان كرابێت».

بەوتەی شێروان میرزا، یەكەم دانیشتن لەبارەی پڕۆژەیاساكەوە كراوە ‌و ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمان كۆدەبێتەوە و رۆژانی تریش كۆبوونەوەكان لەسەر بودجە بەردەوام دەبێت.

هاوکات، لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە دوای كۆبوونەوەی تایبەت بە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و چەند خاڵێكی سەرەكیش لەناو پڕۆژەیاساكەدا دەستنیشانكرد.

لەو بارەیەوە، لیژنەی دارایی لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، لە كۆبوونەوەكەدا چەند خاڵێكی سەرەكی لە پڕۆژەیاسای بودجە دیاریكرد، گرنگترینیان دیاریكردنی رێژەیەكی زۆری كورتهێنان و بڕینی مووچەی فەرمانبەران و هەروەها قەبارەی تەرخانكردنی دارایی بۆ پارێزگاكان.

لیژنەی دارایی ئاماژەی بە گرنگیدان بە چارەسەركردنی كورتهێنان لە بودجە كرد و ئەوەشی خستۆتەڕوو، دەبێت بارودۆخی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لەبەرچاو بگیرێت، تەنها پشت بە نرخی نەوت لە بازاڕەكاندا نەبەسترێت.

 47 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*