ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٧ـی١ـی٢٠٢١، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە بەشداریی کۆنفرانسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد و لەگەڵ نوێنەرانی یەکێتی لە وڵاتانی دەرەوە کۆبووەوە.
لەو ڤیدیۆکۆنفرانسەکەدا کە هەریەک لە دکتۆر سۆران جەمال تاهیر لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان و سەرکەوت محەمەد غەفور لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییەکانی دەرەوە و فریاڵ عەبدوڵڵا لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان و نوێنەرانی یەکێتی لە وڵاتانی دەرەوە ئامادەیبوون، گفتوگۆ کرا دەربارەی دواین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق و ناوچەکە و رۆڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هاوکێشە سیاسییەکاندا.
لە سەرەتای ڤیدیۆکۆنفرانسەکەدا لاهور شێخ جەنگی وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەرچاوڕوونی دا بە هەڤاڵانی نوێنەرایەتییەکانی دەرەوە لە بارەی شێوازی کاری حزبی لە دوای کۆنگرەی چوارەم و رۆڵ و پێگەی یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بۆ دۆخی کۆرۆنا کرد و رایگەیاند لە دوای کۆنگرە کۆرۆنا رێگر بووە لە کار و چالاکییە حزببیەکان، بەڵام یەکێتی لەو دۆخەشدا دەستەوەستان نەبووە و لە سۆنگەی پەرۆشیمان بۆ میللەتەکەمان و لە کاتی کەرەنتینەدا دەستمانکرد بە هاوکاریکردنی نەخۆشخانەکان و پێشکەشکردنی دەرمان و کۆمەکی پزیشکی و دروستکردنی نەخۆشخانە لە چەند شار و شارۆچکەیەکی هەرێمی کوردستان.
لاهور شێخ جەنگی باسی لە هەوڵەکانی یەکێتی کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر ئاستی هەرێم و عیراق و پێداگریی یەکێتی دوپاتکردەوە لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی سیستمی لامەرکەزیی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە هاووڵاتییان و رایگەیاند لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی نێوانمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان چاوەڕوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانین بۆ جێبەجێکردنی لامەرکەزیی دارایی و کارگێڕیی لە هەموو پارێزگاکانی هەرێم.
ئاماژەشیکرد بە سەردانەکانی بۆ بەغدا و دیدار و کۆبوونەوەکانی وەفدی یەکێتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عیراق لە پێناوی چارەسەرکردنی کێشەکان و بەدەستهێنانی رەزامەندیی لایەنەکان و حکومەتی فیدراڵی بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم و تێپەڕاندنی پشکی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عیراق بۆ ساڵی ٢٠٢١.
لە تەوەرێکی تری وتەکانیدا لاهور شێخ جەنگی پلان و بەرنامەی داهاتووی یەکێتی بۆ هەڤاڵان لە نوێنەرایەتییەکانی دەرەوە روونکردەوە، هاوکات سوپاسیکردن کە دڵسۆزانە ئەرکەکانیان جێبەجێکردوە و داواشی لێکردن کە خۆیان ساز و ئامادە بکەن بۆ داهاتوو بە گیانێکی یەکێتیانە کار بکەن بۆ خزمەتکردنی رەوەندی کوردی لە دەرەوە.
لە کۆتاییدا نوێنەرانی یەکێتی لە وڵاتانی دەرەوە باسیان لە کار و چالاکییەکانیان کرد و سەرنج و تێبنییەکانی خۆیان خستە روو، سوپاسی لاهور شێخ جەنگییان کرد کە راشکاوانە بابەتەکانی بۆ روونکردنەوە. هاوکات پرسیار و داواکارییەکانیان ئاراستە کرد و بە گرنگییەوە لە لایەن هاوسەرۆکەوە وەڵام درانەوە.
1,038 جار بینراوە