سەرەکی » ئابووری » ״نرخی یەک کیلۆ ئاڵتوون 5 دەفتەر دۆلاری چۆتە سەر״

״نرخی یەک کیلۆ ئاڵتوون 5 دەفتەر دۆلاری چۆتە سەر״

خاوەنی یەکێک لە کۆنترین زێڕینگەرەکانی سلێمانی رایدەگەیەنێت، کۆرۆنا بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئاڵتوون، ئەوەی پێشبینی دەکرا بە دۆزینەوەی ڤاکسین نرخی ئاڵتوون دابەزێت پێچەوانە بوویەوەو جارێکی دیکە ئاڵتوون بەرزبوونەوەی بەرچاوی تۆمارکرد.

سالار عومەر، خاوەنی دوکانی ئاڵتوونە لەناو بازاڕی شاری سلێمانی و لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی ئاڵتوونەوە بە ماڵپەڕی (SNN)ی راگەیاندوە، لە یەک خولەکدا نرخی ئاڵتوون زیاتر لە 10 جار بەرزبوونەوەو نزمبوون تۆمار دەکات لەبازاڕ و بۆرسەدا، ئەو یاریکردنەی نرخی ئاڵتوون وایکردووە هاووڵاتیان بە ترسەوە دەست بۆ کڕین و فرۆشتنی ئاڵتوون ببەن.

وتیشی: «لەکاتی نزمبوونەوەی بەهای دیناری عیراقی بەرامبەر بە دۆلار، نرخی یەک مسقاڵ ئاڵتوون بە دیناری عیراقی 40 هەزاری چۆتە سەر و لەساڵی (2000)یشەوە تائێستا نرخی ئاڵتوون بەردەوامە لە بەرزبوونەوە، بە جۆرێک لە ساڵی 2000 دا نرخی یەک کیلۆ ئاڵتوون بە یەک دەفتەر دۆلار بوو، بەڵام ئێستا لە سەرووی 6 دەفتەر دۆلارەوە مامەڵەی پێوە دەکرێت، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە بەهای ئەو کانزایە لە هەموو جیهاندا بەردەوامە لە بەرزبوونەوە».

ئاماژەی بەوەشکردوە، بەرزبوونەوەی نرخی ئاڵتوون و دواکەوتنی مووچەو خراپی دۆخی دارایی هاووڵاتیان وایکردووە کە جوڵەی کڕین و فرۆشتن بە ئاڵتوونەوە کەم بکات و بازاڕ سستییەکی تەواوی پێوە دیارە، بەجۆرێک هاووڵاتیان نایانەوێت ئاڵتوونەکانیان بفرۆشن، چونکە دەترسن زیاتر بەرزببێتەوە. لە هەمان کاتدا بەهۆی خراپی دۆخی داراییەوە هاووڵاتیان کەمتر ئاڵتوون دەکڕن.

 121 جار بینراوە