سەرەکی » ئابووری » بودجە بەبێ كورد پەسەند دەكرێت؟

گفـتوگـۆکـان بــەردەوامــە

بودجە بەبێ كورد پەسەند دەكرێت؟

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت، بەبێ رێكەوتن حكومەتی عیراق ئامادە نییە هیچ بڕە ‌پارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت. دەشڵێت: «لایەنە عیراقیەكان داوای هەموو دۆسێی نەوت لە هەرێم دەكەن، كە ئەمە پێچەوانەی ماددەی 112ی دەستوورە».

ئاماژە بەوەشدەكات، هێزە سیاسییەكان بەگشتی و لایەنە شیعەكان بەتایبەتی، فشارێكی زۆریان لە سەرۆك وەزیرانی عیراق كردووە كە ‌بەبێ رێكەوتن هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان نەنێرێت.

لەگەڵ چارەسەری دەستووریدان

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە، هەرچەندە تائێستا حكومەتی هەرێم و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەبارەی پشكی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021دا نەگەیشتوونەتە داڕشتنێكی هاوبەش، بەڵام پێناچێت ئەمجارە پڕۆژەیاسای بودجە بەبێ كورد تێپەڕێنرێت، وتیشی: «هەموو ئەندامە كوردەكان لە لیژنەی دارایی جەختمان لەوە كردۆتەوە كە لەگەڵ چارەسەری دەستووریداین، لەگەڵ چارەسەرێكین كە قابیلی جێبەجێكردن بێت،‌ پێشمانوایە ئەو دەقەی كە لە ‌حكومەتی عیراقەوە لەبارەی پشكی هەرێمەوە هاتووە، دەقێكی باشە و قابیلی جێبەجێكردنە».

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، شیروان میرزا روونیدەكاتەوە، لایەنە شیعەكانی ناو لیژنەی دارایی چەند پێشنیارێكیان گەڵاڵە كردووە، وەكو ئەندامانی كورد هەندێك لەو پێشنیارانەمان رەتكردۆتەوە بەو پێیەی پێمانوابووە نادەستوورییە، بۆ نموونە رادەستكردنی هەموو مەلەفی نەوت بە عیراق بەبێ ئەوەی هەرێم بەشداربێت یان رادەستكردنی كێڵگە نەوتیەكان، داواكاری نادەستووری و ناواقیعین و رەتمانكردۆتەوە. ئێستا دواپێشهات ئەوەیە ئێمە چاوەڕێی لایەنە شیعەكان دەكەین كە ئەگەر بەو دەقەی كە حكومەت لەناو پڕۆژەیاساكەدا ناردوویەتی رازی نین، ئەوە دەقێك ئامادە بكەن كە ‌قابیلی جێبەجێكردن و دەستووری بێت.

هەردوولا زیان دەكەن

لەبارەی هۆكاری سەرەكی رێكنەكەوتنی هەولێر و بەغدا، ئەو پەرلەمانتارە كوردە وتی: «كێشەی سەرەكی لەو بڕە نەوتەدایە كە ‌هەرێمی كوردستان ئامادەیی هەیە بیداتە كۆمپانیای سۆمۆ و بڕەكەی بریتییە لە 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، بەڵام لایەنە شیعەكان داوای هەموو نەوتی هەناردەكراوی هەرێم دەكەن. لەكاتێكدا مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق باسی لەوە كردووە، بۆیە ئەو دەقەیان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا جێگیر كردووە، چونكە پێشتر لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا رێكەوتوون، بۆیە دوو جار تكای لە ئەندامانی لیژنەی دارایی كرد كە ‌ئەو دەقە وەكو خۆی تێپەڕێنن، چونكە قابیلی جێبەجێكردنە».

بەوتەی شیروان میرزا، لە ئەگەری رێكنەكەوتنی هەرێم و بەغدا، ئەوە هەردوولا زیان دەكەن ‌و ساڵێكی قورس بۆ هەرێم دەبێت، بەتایبەت هاووڵاتیان و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، ئەگەر ئەم دەرفەتەش لەدەستبچێت، لەوانەیە رێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر زۆر پرسی دیكەدا ئاڵۆز بێت.

فشاری هێزە سیاسییەكان
ئەو پەرلەمانتارە بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندوە، هێزە سیاسییەكان بەگشتی و لایەنە شیعەكان بەتایبەتی فشارێكی زۆریان لە سەرۆك وەزیرانی عیراق كردووە كە ‌بەبێ رێكەوتن هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان نەنێرێت. تەنانەت لە یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی داراییدا كە لە ‌مانگی تشرینی یەكەمی 2020 دەنگی لەسەردرا، حكومەتی هەرێم ئامادەیی تێدابوو هەموو بڕگەكانی جێبەجێبكات، بەڵام جارێكی تر فشاری هێزە سیاسییەكان لەسەر مستەفا كازمی و حكومەتەكەی وایكرد كە هیچ بڕە ‌پارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان نەنێردرێت.

 359 جار بینراوە