سەرەکی » دۆسێ » هەڵوێستی ئیدارەكەی جۆ بایدن بەرامبەر بە عیراق

״رێڕەوێكی یەكلاكەرەوە دەگرێتەبەر״

هەڵوێستی ئیدارەكەی جۆ بایدن بەرامبەر بە عیراق

عەبدولحسێن هینداوی، راوێژكاری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری هەڵبژاردنەكان دەڵێت: «سێ‌ جۆر چاودێریی هەیە بۆ هەڵبژاردنەكان لە عیراق و رەتیشیدەكاتەوە چاودێریی نێودەوڵەتی مانای سەرپەرشتی یان بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكان بگەیەنێت.

لە 31ی كانوونی دووەمی 2021، ئاژانسی هەواڵی عیراقی (واع) لە زاری هینداوییەوە بڵاویكردەوە: «چاودێریی نێودەوڵەتی لە هەموو جیهاندا هەیە، عیراقیش داوای چاودێریی لە نەتەوەیەكگرتووەكان كردووە، هەڵوێستی نەتەوەیەكگرتووەكان و تەنانەت كۆمەڵی نێودەوڵەوتیش پشتیوانییە لە عیراق، لەڕووی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێكی بێگەرد و پێشكەشكردنی تەواوی پشتگیریی لە چاودێریی نێودەوڵەتی كە مانای سەرپەرشتی یان ئیدارەدان ناگەیەنێت، بەڵكو تەنیا چاودێرییە.

تیمێكی نێودەوڵەتی بەدواداچوون بۆ كاریی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و چۆنێتی كاركردن دەكات و راوبۆچوونی تایبەتی خۆی لەو رووەوە دەبێت».

بە وتەی هینداوی»سێ‌ جۆر چاودێری هەیە، لەوانەش تۆڕی چاودێریی نیشتمانیی عیراق كە بریتین لە (شەمس و چاوی حامورابی و تەمموز و چاودێریی پارێزەران). چاودێریی نێودەوڵەتیش لەسەر ئاستی جیاجیایە، بەڵام سەروەریی پێشێل ناكەن و لەسەر بنەمای پشتیوانیی لە عیراق و كۆمسیۆن دامەزراوە.

حزب و قەوارە و لیستەكانیش بریكاری خۆیان هەیە و بەهەمان شێوە بەشداریی لە چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردندا دەكەن».

راوێژكاری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری هەڵبژاردنەكان هەروەها دەڵێت: «كۆمسیۆن پلانداڕێژەر و جێبەجێكاری هەڵبژاردنەكانە، بەو پێیەی پرسێكە پەیوەندیی بە عیراقییەكانەوە هەیە و بەڕێوەبردنی تەنیا لە ئەستۆی عیراقییەكانە، میكانیزمەكانیش لەلایەن ئەنجومەنی كۆمسیۆنەوە پەسەند دەكرێن و بەو شێوەیە چاودێریی دەستێوەرنەدانە لە كارەكانی و هەڵسەنگاندنی هەڵبژاردنەكانە».

عەبدولحسێن هینداوی ئاماژەشی بەو چاوپێكەوتنە كرد كە لەگەڵ وەفدی یەكێتیی ئەوروپا سازكرا لەبارەی پشتیوانی لە هەڵبژاردنەكان لەڕووی تەكنیكی و لۆجستی و چاودێرییەوە، لەو بارەیەشەوە دەڵێت: «یەكێتیی ئەوروپا ئێستا جیایە لە نەتەوەیەكگرتووەكان و پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ كۆمسیۆن و ژمارەیەك ناوەندی دەوڵەتدا هەیە».

پێشتر كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان رایگەیاندبوو، بێگەردیی هەڵبژاردنەكان لەڕێی چاودێریی نێودەوڵەتی و هەندێك رێكاریی تەكنیكییەوە بەدیی دێت.

دادوەر جەلیل عەدنان سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانیش لە 27ی كانوونی دووەمی 2021 لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو: «زامنكردنی هەڵبژاردنەكان لەڕێی چاودێریی نێودەوڵەتییەوە دەبێت، لە هەمان كاتدا لەڕێكارە تەكنیكییەكان و كاری كۆمپانیای پشكنەرەوە دەبێت كە هەڵسەنگاندن بۆ بێگەردیی و دروستی هەڵبژاردنەكان دەكات».

راوێژكارەكەی كازمی بۆ كاروباری هەڵبژاردنەكان لە 10ی كانوونی دووەمی 2021 رایگەیاندبوو: «حكومەتی عیراق نووسراوێكی بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەرزكردۆتەوە و داوای چاودێریی نێودەوڵەتی كردووە بۆ هەڵبژاردنەكان، چەند نموونەیەكیش لەو بارەیەوە هەیە، سەبارەت بە هەڵبژاردنی كۆمپانیایەكیش بۆ پشكینی ئامێرەكانی دەنگدان، ئەوا كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان چاوەڕوانی پێشنیازكردنی ناوەكان دەكات لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە، تا ئەو بابەتە بەم نزیكانە یەكلایی بكرێتەوە».

سەبارەت بە كارتی بایۆمەتریش، هینداوی دەڵێت: «رێژەی كارتە بایۆمەترییە دابەشكراوەكان گەیشتۆتە 65% لەڕێی ناوەندەكانی ناو تۆماركردن و تیمە گەڕۆكەكانەوە لە تێكڕای ناوچەكانی عیراق، پێشوازییەكی میللی فراوانیش هەیە بۆ وەرگرتنی».

هینداوی پێشبینی دەكات كە رێژەی دابەشكردنی كارتەكان بگاتە 75%، ئەم رێژەیەش مەرجە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دەكرێت ماوەی وەرگرتنەوەی كارتەكانیش درێژبكرێتەوە».

سەبارەت بە حزب و قەوارە نوێیەكانیش، هینداوی دەڵێت: «كۆمسیۆنی تائێستا تۆماركردنی 231 قەوارەی بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا راگەیاندووە».

پێشتر یەكێك لە سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عیراق رایگەیاندبوو كە دەسەڵاتی یاسادانان و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، پابەند ناكرێت بەو وادەیەی لەلایەن مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانەوە پێشنیازكراوە بۆ سازكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە.

بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە: «هەڵبژاردنی پێشوەختە پێویستی بە یاسایە، تا لێوەی ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆرینەی رەهای ئەندامەكانی دەنگ لەسەر خۆ هەڵوەشاندنەوە بدات، لەوێوە دەكرێت رێكەوتن لەسەر وادەی سازدانی ئەو هەڵبژاردنە بكرێت، ئەم بابەتەش بەشێوەیەكی ریشەیی جیاوازە لە سازكردنی هەڵبژاردن لە وادەی ئاسایی خۆی»دا.

ئەو پەرلەمانتارە پێشیوایە»وادە دیاریكراوەكانی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ سازكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە، ناكرێت دەسەڵاتداران یان كۆمسیۆنی هەڵبژاردن پێوەی پابەند بكرێن، ئەو وادەكان وەك پابەندبوونێكی سیاسی بە كارنامەی هەڵبژاردنەوە دیاریی كردووە كە بەڵێنیدابوو هەڵبژاردنەكە سازبكرێت».

هەروەها دەڵێت: «هەڵبژاردنی پێشوەخت لە حاڵەتی سازكردنی، پێویستە بەشێوەیەكی ریشەیی جیاوازبێت لە هەڵبژاردنی پێشوو و هەمان هەڵەكانی پێشوو دووبارە نەبنەوە و دەبێت گەرەنتی هەبێت بۆ بێگەردیی بە تایبەتی سەبارەت بە تۆماری دەنگدەران و تەنیا پشت بە كارتی بایۆمەتری ببەسترێت لە هەڵبژاردنەكەدا».

زۆرێكیش لە چاودێران پێیانوایە كە دەبێت لایەنە جێبەجێكارەكان كار بۆ باشكردنی سیستمی جیاكردنەوەی ئەلیكترۆنی بكەن كە بەشێوەیەكی خراپ بەڕێوەچوو و سەرپێچی زۆری تێداكرا لە هەڵبژاردنی پێشوودا و گومانێكی زۆری لەسەر دروستبوو، بەڵام وێڕای هەموو ئەو خراپیانەی لە چوارچێوەی یاسای هەڵبژاردندا هەبوو، پشتی پێبەستراوە».

لەو سۆنگەیەشەوە هۆشداریی دەدرێت لە پشتگوێخستنی ئەو پێداویستییانەی پەیوەستن بە هەڵبژاردنی پێشوەخت كە رەنگە ببنە مایەی لەقكردنی متمانە و دروستبوونی كەلێنێك كە هەروا بەئاسانی لەنێوان دەنگدەر و پرۆسەی هەڵبژاردن و سیاسیدا پڕناكرێتەوە.

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە كۆتایی مانگی تەمموزی ساڵی رابردوودا، مانگی حوزەیرانی 2021ی وەك وادەیەك بۆ سازكردنی هەڵبژاردنی پێشوەەخت دیاریكرد، بەڵام لەم ماوەیەی دواییدا، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان رایگەیاند كە لەڕووی كاروبارە تەكنكیی و لۆجستییەكانەوە، ئامادەكاریی تەواوی نییە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو، بۆیە لەگەڵ حكومەتدا لەسەر ئەوە رێكەوتن پرۆسەكە بۆ مانگی تشرینی یەكەمی 2021 دوابخرێت.

ئێستا حكومەتەكەی كازمی سەرپەرشتی قۆناغی راگوزەر دەكات و ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكات، ئەمەش دوای ئەوەی ناڕەزاییە میللییەكانی تشرینی یەكەمی 2019، حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی پێشوویان ناچاركرد لە سەرەتای مانگی كانوونی یەكەمی 2019دا دەست لەكار بكێشێتەوە.

فراكسیۆنە سیاسییەكان بەر لە پێكهێنانی حكومەتەكەی كازمی،لەسەر ئەوە رێكەوتن كە دەبێت حكومەتی راگوزەر لەماوەی ساڵێكدا لە دەستبەكاربوونییەوە، ئامادەكاریی بۆ سازكردنی هەڵبژاردنێكی پێشوەخت بكات.
گۆڕینی وادەی سازكردنی هەڵبژاردنیش لەكاتێكدایە كە ناڕەزاییەكان لەدژی گەندەڵی و خراپی بەڕێوەبردن لە دامەزراوەكانی دەوڵەتدا روو لە هەڵكشان دەكەن لە عیراق.

 52 جار بینراوە