سەرەکی » دۆسێ » كازمی: قوربانیدانی خۆپیشاندەران بەهەدەر ناچێت

بریندارەكان گەڕانەوە

كازمی: قوربانیدانی خۆپیشاندەران بەهەدەر ناچێت

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایدەگەیەنێت: قوربانیدانی خۆپیشاندەران بەهەدەر ناچێت و لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ بكوژاندا دەكرێت، تا سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن.

كازمی لە 18ی شوباتی 2021 پێشوازیی لە وەجبەیەكی نوێی ئەو بریندارانە كرد كە لەسەر ئەركی دەوڵەت رەوانەی دەرەوەی وڵات كرابوون بە مەبەستی چارەسەر و پێشتر لە خۆپیشاندانەكانی تشریندا برینداربوون.
سەرۆك وەزیرانی عیراق لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، بەگەرمی پێشوازیی لە گەڕانەوەی بریندارەكان كرد و هیوای زوو چاكبوونەوەی بۆ خواستن و لەو بارەیەوە رایگەیاند: «ئەوەی روویدا پەیامێك بوو بۆ هەمووان سەبارەت بە پێویستیی هاوئاهەنگی لەپێناوی بنیاتنانی دەوڵەتی عیراق و پاراستنی قەوارەی دەوڵەت».

كازمی پابەندبوونی حكومەتی دووپاتكردەوە بە «چارەسەركردنی بریندارەكانی خۆپیشاندانەكان و هێزە ئەمنییەكان و هێزەكانی حەشدی شەعبی و عەشایەری، بەوپێیەی رۆڵەی عیراقن و لەپێناو وڵاتەكەیان و گەلەكەیاندا قوربانیان داوە».

هەر لەو چوارچێوەیەدا كازمی رایگەیاندبوو: «مافی بریندارانی خۆپیشاندانەكان و قوربانییەكانیان بەهەدەر ناچێت، لێپێچینەوەی یاساییش هەموو ئەوانە دەگرێتەوە كە دەستییان لە كوشتنی خۆپیشاندەراندا هەبوو و بە سزای داپەروەرانەی خۆیان دەگەن».

سەرۆك وەزیرانی عیراق دەڵێت: «ئەو ئامانجەی خۆپیشاندەران لەپێناویدا خەباتیان كرد، داوای گۆڕانكاریی و چاكسازیی و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بوو، ئێستاش لە هەموو كات زیاتر لە هاتنەدیی نزیك دەبینەوە، حكومەتیش سوورە لەسەر هێنانەدیی ئەو ئامانجانە».

لە درێژەی قسەكانیدا لەو رووەوە، كازمی رایگەیاندبوو:»حكومەت وێڕای ئەو رەوشە قورسەی پێیدا تێدەپەڕێت، ئەوپەڕی تواناكانی دەخاتەگەڕ بۆ چارەسەركردنی هەڵەكانی رابردوو، بەجۆرێك كە دەرگای بەڕووی دووبارەبوونەوەیاندا دادەخات».

مستەقا كازمی سەرۆك وەزیران لە كۆتایی قسەكانیدا رایگەیاندبوو: «ئەژماركردنی قوربانیانی خۆپیشاندانەكان بە یاسای دامەزراوەی شەهیدان و چاودێریكردنی بریندارەكان و رەوانەكردنیان بۆ دەرەوەی وڵات لەپێناوی وەرگرتنی چارەسەر، بەشێكە لەو رێبازەی حكومەت گرتوویەتیەبەر، لەگەڵ لێپێچینەوە لە بكوژان، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەك لە دادوەران و یاساناسان پێكهێنراوە و بەردەوامن لە كاركردن و بەدواداچوونی دۆسێكە».

جێی وەبیرهێنانەوەیە لە مانگی تشرینی یەكەمی 2019، خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەغدای پایتەخت و زۆربەی پارێزگاكانی تری ناوەڕاست و باشووری عیراقی گرتەوە، لە سەرەتاوە خۆپیشاندەران داوای باشكردنی ئاستی خزمەتگوزاریی و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ لاوان و چاكسازیی و بەگژداچوونەوەی گەندەڵییان دەكرد، دواتر ئامانجەكە رووی لە گەورەبوون كرد و گەیشتە ئاستی داواكاریی بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسی لە وڵات و دوورخستنەوەی ئەو هێز و كەسایەتییە سیاسییانەی لە دوای ساڵی 2003وە بەشدارییان لە پرۆسەی سیاسیدا كردووە.

ئەو گوشارەی خۆپیشاندەران لە شەقامەوە دروستیان كرد، بووە مایەی ئەوەی لە كۆتایی مانگی كانوونی یەكەمی 2019 حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی پێشوو دەست لەكاربكێشێتەوە و لە دوای هەوڵێكی ماراسۆنیش كە چەند مانگێكی خایەند، مستەفا كازمی سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی وەك كاندید بۆ پێكهێنانی حكومەتی راگوزەر رەزامەندیی زۆربەی لایەنە سیاسییەكانی بەدەستهێنا و بووە مایەی ئەوەی لە مانگی ئاداری 2020 حكومەت پێكبهێنێت كە ئەركی قۆناغی گواستنەوە و زەمینەسازیی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی كەوتە ئەستۆ.

لە خۆپیشاندانەكاندا زیاتر لە 700 كەس كوژران و نزیكەی 17 هەزاری تر برینداربوون، تائێستاش هیچ كەس و لایەنێك بەشێوەیەكی رەسمی وەك بەرپرس لە كوشتن و برینداركردنی خۆپیشاندەران رانەگەیەندراوە، زۆرێك لە بۆچوونەكانیش روو لەوەن كە خۆپیشاندانەكان وێڕای پێشكەشكردنی قوربانییەكی زۆر لەپێناوی گۆڕانكاریی، نەبوونە مایەی هێنانەدیی ئەو ئامانجانەی لەپێناویدا رژانە سەر شەقامەكان.

 168 جار بینراوە