سەرەکی » ئابووری » ״ئەم هەفتەیە پڕۆژەیاسای بودجە ناخرێتە دەنگدانەوە״

״ئەم هەفتەیە پڕۆژەیاسای بودجە ناخرێتە دەنگدانەوە״

یەکەی ئابووری

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت، لەم هەفتەیەدا پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عیراق ناخرێتە دەنگدانەوە. هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە بەشێك لە فراكسیۆنە شیعە و سوننەكان داوای گرەنتیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەكەن.

هاوكات، پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق روونیدەكاتەوە، كیشەی كورد لە عیراق تەنیا لە چوارچێوەی بودجە و مووچەدا خۆی نابینێتەوە، بەڵكو كێشەی جێبەجێكردنی مافە دەستورییەكانە.

داوای پێشخستنی ئەم دوو پڕۆژەیاسایە دەكرێت
جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە میدیا عیراقییەكانی راگەیاندووە، لەم هەفتەیەدا پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عیراق ناخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی نوێنەرانەوە، چونكە بەشێك لە فراكسیۆنە شیعە و سوننەكان، بۆ ئەوەی گرەنتی هەڵبژاردن بكرێت، داوایان كردووە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای دادگای فیدراڵی و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، بخرێتە پێش دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەوە.

تەنیا بودجە و مووچە نییە
هاوكات، پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق روونیكردۆتەوە، كیشەی كورد لە عیراق تەنیا لە چوارچێوەی بودجە و مووچەدا خۆی نابینێتەوە، بەڵكو كێشەی جێبەجێكردنی مافە دەستورییەكانە.
هەرێم كەمال ئاغا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە، ئەوەی كێشەی كوردە تەنیا لە چوارچێوەی بودجە و مووچەدا خۆی نابینێتەوە، بەڵكو كێشەی نەتەوەی دووەمە لە عیراق، كێشەی دانپێدانانی مافەكانی كوردە لە دەستوور، هەروەها جێبەجێكردنی مادەی 140 -ە كە لە دەستووری عیراقدا دەنگی پێدراوە.

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی، ئەوەی كە گرنگە بەلامانەوە وەكو كورد و یەكێتی، جێبەجێكردنی مافە دەستوورییەكانمانە لە دەستوری عیراقدا. بەتایبەت بودجە و شایستە داراییەكانی هەرێم، كە مافێكی سروشتیی خەڵكی كوردستانە وەكو بەشێك لە عیراق.

مافە دەستوورییەكان جێبەجێ بكرێت
وتیشی: «هەموو لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان بە یەكێتی و پارتی و گۆڕان و لایەنە ئیسلامییەكانیشەوە لەسەر ئەوە كۆكین، كە مافە دەستوورییەكانمان جێبەجێ بكرێت، ئەو شایستە داراییانەشی كە هەمانە مافێكی دەستوورییە و پێویست دەكات موزایەدەی لەسەر نەكرێت».

هەرێم كەمال ئاغا، باس لە رێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا و تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 لە ئەنجومەنی نوێنەران دەكات و بە دەنگی ئەمریكای وتووە: «وادەبینم دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساكە بكەوێتە هەفتەی داهاتووەوە».

وتیشی: «حكومەتی هەرێم رەزامەندە بەوەی كە رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، لەگەڵ رادەستكردنی ئەو داهاتە نانەوتیانەی كە بە داهاتی فیدراڵی ناودەبرێن وەك داهاتی دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكان».

 401 جار بینراوە