ئاوات كۆكه‌یی
له چه‌ند رۆژی رابردوودا‌و له كتێبخانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌واری سلێمانی، مه‌راسیمێك بۆناساندنی كتێبی (گوڵه‌كانی ژێر به‌فر)ی پێشمه‌رگه‌ی دێرین عاسی حوسێن مه‌حمود به‌ڕێوه‌چوو، كه تیایدا رۆشنبیران و خوێنه‌ران چه‌ند كه‌ناڵێكی راگه‌یاندن ئاماده‌ی بوون.
دوای ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان بۆ گیانی شه‌هیدان، پێشڕه‌و مه‌لاوه‌یسی هاوڕێی نووسه‌ری كتێبه‌كه وته‌ی ده‌ستپێكردنی مه‌راسیمه‌كه‌ی پێشكهشكردو له‌گه‌ڵیشیدا تیشكێكی كه‌می خسته‌سه‌ر تێكۆشانی نووسه‌رو ناوه‌رۆكی كتێبه‌كه.
كتێبه‌كه به‌رگی سێیه‌می بیره‌وه‌رییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی دێرین عاسی حوسێن مه‌حموده، پێشتر به‌رگی یه‌كه‌م و دووه‌م (بیره‌وه‌ری پێشمه‌رگه‌یه‌ك) و (رستێك میروو)ی بڵاوكردۆته‌وه، هه‌ر بۆیه سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری ئه‌نفالستان عومه‌ر محه‌مه‌د كه یه‌كێك بوو له ئاماده‌بوانی مه‌راسیمه‌كه، له وته‌یه‌كدا هه‌ڵسه‌نگاندنێكی وردی بۆ هه‌رسێ به‌رگه‌كه كرد‌و له باره‌ی به‌رگی سێیه‌میشه‌وه وتی: شوناسی عاسی پێشمه‌رگه‌یه، به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌م پیاوه نووسه‌ره، عاشقه، بوێره، بوێره وه‌ك چۆن له مه‌یدانی جه‌نگدا بوێر بووه.
وتیشی: له ساڵی 1988ه‌وه كه كورد تیایدا جێنۆسایدكرا، له‌گه‌ڵ مردنی هه‌ر مرۆڤێكی كورددا چیرۆكێك ده‌مرێت، ئه‌گه‌ر له‌و كاته‌وه چیرۆكی ئه‌و مرۆڤانه بنووسرایه‌ته‌وه كه ئه‌نفالیان دیوه ئه‌وا ئێستا خاوه‌نی خه‌رمانێكی گه‌وره له چیرۆكی تۆماركراو ده‌بووین، خۆزگه هه‌موو پێشمه‌رگه‌یه‌كیش وه‌ك عاسی چیرۆكی خۆی ده‌نوسییه‌وه‌و گرنگی به‌یاده‌وه‌ری ده‌دا.
دواتر وتی: من نامه‌وێت به كتێبه‌كه‌ی كاك عاسی حوسێن‌دا شۆڕببمهوهو وردودرشتی باس بكه‌م، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ باسی بكه‌م له‌م كتێبهیداو له‌هه‌ردوو كتێبه‌كه‌ی تری‌دا، وه‌سف و وێناكردنه، خاڵی سه‌ركه‌وتن له نوسینی ئه‌م كتێبه‌و كتێبه‌كانی تریشیدا وه‌سف و وێناكردنه، كه ئه‌مه‌ش چ له نوسینی ڕۆماندا یاخود له نوسینی سیناریۆی فیلم‌دا خه‌سڵه‌ت وڕه‌گه‌زی سه‌ره‌كین، یاخود بنه‌مای نوسینی سه‌ركه‌وتوون.
كاك عاسی له وه‌سفی شار‌و شاخ و گوند‌و كاره‌كته‌ره‌كان و كه‌سایه‌تیه‌كاندا به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك سه‌ركه‌وتووه، كه ده‌هێنێت به ته‌نیشت سوپاسگوزارییه‌وه سه‌رسامیش بین؟ كه یاده‌وه‌رییه‌كان ده‌خوێنیته‌وه، هێزی وه‌سف و وێنا ده‌بینین، شوێنمان نیشان ده‌داو له‌ناو لۆكهیشتنێكدا ڕاماندهگرێ و ده‌مانگێڕێته‌وه ناو زه‌مه‌نێكی به‌سه‌رچوو.
وێناكردنی شاری سهقزو كێوی كه‌لیخان و چایخانه‌ی (كافه‌ی مه‌له‌كی)، فایه‌قی چایچی و چیای قه‌ندیل و قه‌ڵای كه‌ركوك و ئیمام دانیاڵ وگهڕهكهكهی ماڵی پوری و به‌راوردی له‌گه‌ڵ گه‌ڕه‌كی ڕهحیماوادا، ناچارت ده‌كات خوێنه‌ری بیت.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا عومه‌ر محه‌مه‌د وتی: خاڵێكی تر له سه‌ركه‌وتنی عاسی له نوسینی كتێبه‌كانیدا ئه‌وه‌یه كه‌متر چیرۆكی ژیانی خۆیمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه، به‌ڵكو چاوی له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌كته‌ره ئازا‌و پهراوێزكهوتوانهیه كه فه‌رامۆشكراون، یه‌كێك له‌وانه: مرۆڤێكه به‌ناوی سه‌ربه‌ست، رۆژانێك جێگری فه‌رمانده‌ی تیپ بووه، هه‌میشه ده‌سته‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی لهگهڵدابووهو فه‌رمانی پێكردوون، كه‌چی له دوای ئه‌وه‌ی ماشێنی زه‌به‌لاحی ئه‌نفال هه‌مووشتێك ده‌هاڕێ و ناوچه‌كان به‌چۆڵی ده‌مێننه‌وه، ئیدی سه‌ربه‌ستیش به‌ته‌نیا له‌و چیاودۆڵانهدا ده‌مێنێته‌وه‌و نه ده‌ڕوات بۆ سهرسنوورو نه ته‌سلیم ده‌بێته‌وه و له ناو كونه گورگ و كونه سوچهڕو ئاودڕهكاندا ده‌حه‌وێته‌وه.
یاخود ئاوڕ له خانه‌واده‌ی مام كه‌ریم ده‌داته‌وه كه سێ كوڕی پێشمه‌رگه ده‌بن و دوانیان شه‌هید ده‌بن، عاسی وێنای هێنانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی عادل ده‌كات له سه‌رگه‌ڵوه‌وه بۆ گوندی دێلێژه، به‌ڵام كاتێك كوڕه‌كه‌ی تری كهدێتهوهو له پرسه‌كه‌یدا له‌به‌رده‌می چۆك دادهداو ده‌ستی باوكی ماچ ده‌كات، ئه‌گه‌رچی ئیحسانیش هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئازا‌و به‌ئیراده‌یه، به‌ڵام مام كه‌ریم نایه‌وێ ئیحسان به‌گریانه‌وه ببینێ، بۆیه ده‌ست ده‌هێنێت به‌سه‌ریداو هێزی پێده‌به‌خشێ.
له وه‌سفی كێوی كهلیخاندا په‌نجه بۆ (شاره‌زایی كه‌شناسی) كوردیش درێژ ده‌كات، ئه‌مه سهللیقهیه كورده‌كان به‌بێ هیچ ئامێرێكی زانستی، پێشتر به‌ته‌ماشاكردنی كه‌لیخان زانیویانه ساڵه‌كه هات ده‌بێت یان نه‌هات سارد‌و سه‌رما ده‌بێت یان ساڵێكی بێ به‌فروباران.
له باره‌ی شوناسی كلتوریدا، سه‌رنووسه‌ری ئه‌نفالستان وتی: له‌وكاتانه‌دا كه چه‌كه‌كان سهروخواربوون یان پێشمه‌رگه كه‌وتووه‌ته بارودۆخێكی قورسه‌وه‌و ناچار به‌پاشه‌كشه بوون، شوناسی كلتوری (ئه‌ده‌ب و هونه‌رو داب ونه‌ریت و جل وبه‌رگ) شه‌ڕی كه‌لتوریان كردووه‌و شوناسی كوردبوونیان پاراستووه، لای عاسیش ئه‌م خه‌باته جگه‌ی بایه‌خه له وه‌سفی باوكی فایه‌قدا به‌ڕوونی ئه‌وه ده‌بینین، جل وبه‌رگه كۆنه‌كه‌ی و قۆپچه‌كانی، مشكییه خۆڵه‌مێشییه‌كه‌ی، له كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات ئه‌وان هێشتا به‌هونه‌رو داب ونه‌ریت و جل وبهرگهكهیان شه‌ڕی كه‌لتوری له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ن.
دواتر پێشمه‌رگه‌ی دێرین هاوڕێ په‌نا وته‌یه‌كی پێشكهشكردو له كۆتاییشدا به ئیمزای نووسه‌ر، كتێبی گوڵه‌كانی ژێر به‌فر به‌سه‌ر ئاماده‌بواندا، دابه‌شكرا.
388 جار بینراوە