سەرەکی » دۆسێ » پانۆرامای ئەنفال

پانۆرامای ئەنفال

عەلی مەحمود محەمەد

 

ساڵی 1985 بۆ 1988، ساڵی دەرچوونی سەدان بروسكە و بڕیارو بەیانی فەرمیی رژێمی بەعسە، كە لە یەكەكانی فەرمییەوە دەرچوونە دژ بە گەلی كورد، هەریەكیان هەڵگری جۆرە تاوانێكی زەقی نێونەتەوەیی بوون كە دوای دەرچوونیان بێسڵەمینەوەو دوو دڵی ناوەڕۆكەكانیان بە زێدەوە جێبەجێكران، وەك عەلی حەسەن مەجید وتەنی منەتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیان نەزانی، پێچەوانەی یاسای نێونەتەوەیی چەكی تایبەتی لە دژیان بەكاردەهێنێت، لە ساڵانی پێشووتری مێژووی دەوڵەتی عیراقی، كە كورد یادەوەری ناخۆشی لەگەڵ مێژووەكەدا هەیە، زیاتر هەنگاوەكانی كۆمەڵكوژیی و دەركردن و كوشتو بڕ لە چوارچێوەی فەرمان و بڕیارە نەخشە داڕێژراوەكانی حزبی بەعس و حكومەتی عیراقی جێیان كرایەوە، ئێمە لە خوارەوە دەستەبژێرێكی پێشكەش دەكەین، كە دڵۆپێكە لە ئۆقیانووسێكی تاوان.

بڕیارەكانی مەرگ و جینۆساید وەك ئامادەكاری بۆ تاوان
بەپێی وتەی عەلی حەسەن مەجید لەو كاتەدا، واتا نیوەی دووەمی هەشتاكانی سەدەی رابردوو، هێزە كوردییەكان 40%ی توانای عیراقیان پەك خستبوو، كە ئەوانیش لە شەڕێكی مان و نەماندا بوون بەرامبەر بە كۆماری ئیسلامی ئێران، ئەوكات ئێران 39 ملیۆن دانیشتوان و عیراق13،6 ملیۆن بوو، بۆیە عیراق لە ژێر فشاری توندی لاسەنگی هێزی مرۆیی بوو لە بەرەكانی جەنگ، بۆ ئەوەی ئەم رێژەیە نەچێتە سەر، پێویستیان بەوە بوو كۆتایی بەو فشارە بهێنن یاخود كەمی بكەنەوە، چوار ساڵ پێش ئەنفال هەنگاوەكان وردە وردە دەنران، كە هاوتابوون لەگەڵ سێ هەنگاوەكەی راول هێلبێرگ بۆ جینۆساید» دەستنیشانكردن، كۆكردنەوە، لەناوبردن»، بەعس پێیوابوو بەبێ دەستبردن بۆ ئەو هەنگاوانە ناتوانێ بەرەو روی هێزە كوردییەكان ببێتەوە، هەموو هێزەكەی بۆ جەنگی ئێران تەرخان بكات، كە لەوكاتەدا زۆرینەی هێزە كوردییەكان فشارەكانیان كاریگەرتر ببوەوە بەهۆی شەڕە هاوبەشەكانیان لەگەڵ ئێران، بڕیارەكانی بەعس تا نزیکبوونەوەی دەستپێكی ئەنفال، دڕندەیی زیاتر لە خۆیدا هەڵدەگرێت، وشەكانی ترسناكترو دڕندەتر دەردەكەون.

بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشی ژمارە 458 لە رێكەوتی 21-4-1984، هەر كەسێك ببێتە بەشێك لە بزووتنەوەیەكی چەكداری، یاخود دەست تێكەڵ بكات لەگەڵ وڵاتی بێگانە، یان كرداری رسواكردنی سەرۆك كۆمار یان پارتی بەعس ئەنجامبدات سزاكەی لە سێدارەدانە، ئەم بڕیارە لەوكاتەدا روو لە پارتی بوو، بەدوای شەڕی هاوبەشی پارتی -كۆماری ئیسلامی لە حاج ئۆمەران – گردنەمددا هات.

هەرچی بەپێی بڕیاری بیرۆی باكوری پارتی بەعس بە ژمارە 28- 4684 ە كە لە رێكەوتی 29-6-1985 دا دەرچووە، كە بە دوای تێكچوونی گفتوگۆ لەگەڵ ینك دەركراوە، ئاو و كارەبا و كۆپۆنی خواردن لە بنەماڵەی پێشمەرگە دەبڕن و دەریشیان دەكەن لە ناو ئەو خانووانەی خاوەندارێتی میرین و رێگە دەگرن لە چوونی خۆراك بەتایبەتی پێداویستییە بنچینەییەكان وەك ئارد، شەكر، چای، رۆن بۆ ناوچە قەدەغە كراوەكان» بۆ ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەن».

رێگریان لە پێشمەرگە دەگرت
بۆ رێگە گرتن لە چوونی سوتەمەنی بۆ پێشمەرگە، بڕیاردرا لە ناو شارەكان رۆژی جارێك بە كۆپۆن بەنزین بدرێت بە شۆفێرەكان بەپێی نووسراوی ژمارە 19626ی رێكەوتی 29-6-1985 دیوانی سەرۆكایەتی كۆمار، ئەوەشی سەرپێچی بكات دادگایی دەكرێت بە تاوانی تێكدەری.

بەڵام بەپێی بڕیاری ژمارە 232ی رێكەوتی 4-7-1985 لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی، كە تەنها 5 رۆژ دواتر دەرچووە، هێڵی تەلەفۆنی ماڵە پێشمەرگە دەبڕن، مۆڵەتی بریكاری دابەشكردنی خواردنیان لێ وەدەگیرێتەوە، هاوكات بەتاڵ كردنەوەی كۆنتراكتی كشتوكاڵی زەوی و زاری میری لەگەڵیان و لێسەندنەوەی بەڵگەنامەی عیراقی لێیان و بە دوایدا دەركردنیان لە شارەكان.

لە رێكەوتی 4-9-1985 بە بڕیاری ژمارە 226 بیرۆی رێكخستنی باكووری پارتی بەعس، سووربوون لە سەر سزاكانی پێشووتر بە زیاترەوە جەختكراوەتەوە، لەگەڵیشیدا بڕیاردرا ئابلوقەی ئابووری بسەپێنرێت بەسەر ئەو ناوچانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی حكومەتی عیراقین، ئاو و كارەباو تەلەفۆنیان لێبڕدرێت، قوتابخانە و نەخۆشخانەكان دابخرێن و بكشێنرێتەوە لە ناوچەكان، كۆنتراكتە كشتوكاڵیەكان هەڵبوەشێنرێتەوە، بنەماڵەی پێشمەرگە لە پلە یەك و دوو، لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەت دەربكرێن بۆ ناوچە قەدەغەكراوەكان، دەست بەسەر ماڵ و موڵكیاندا بگیرێت، بەمەش خرانە ناوچەكانی مەرگەوەو ژیانیان لێ بڕدرا.

بەپێی نووسراوی ژمارە 458ی رێكەوتی 22-9-1985ی لیژنەی ئاسایشی شاری سلێمانی، سەپاندنی ئابڵوقەی ئابووری بەسەر ناوچە قەدەغەكراوەكان لە رووی كارگێڕییەوە، بڕینی خۆراك لە تەواوی لادێكانی ژیر دەسەڵاتی پێشمەرگە، كشاندنەوەی قوتابخانە و نەخۆشخانەكان و بڕینی هێڵی تەلەفۆن لێیان و رێگە گرتن لە چوونی هەڵمەتەكانی كشتوكاڵی و قەدەغەی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل بۆ ناوچەكانیان.

بەپێی نووسراوی ژمارە 9041ی سەرۆكایەتی ئەركانی سوپا لە رێكەوتی 2-11-1985 بڕیاردرا نیوە شەوان ئەو گوندانەی بەدەست پێشمەرگەوەن تۆپباران بكرێن» بە تۆپی نەمساوی و راجیمەی چلی، بەشێوەی هەرەمەكیانە هەموو شەوانە ئەنجام دەدرا».

هەروەها بە بڕیاری دیوانی سەرۆكایەتی كۆماری ژمارە 36517 ی رێكەوتی 16-11-1985 ماف دەدات بە گوند و گەڕەكەكان، ئەو خێزانانە دەربكەن كە سەرۆكی خێزانەكانیان چونەتە پاڵ پێشمەرگە یان ئێران.

قۆناغی هەڵوەشاندنەوەی خێزان
قۆناغی دواتر دەست دەبەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی خێزانەكانیش، بەپێی نووسراوی ئەنجومەنی راپەڕاندنی ناوچەی كوردستان بە ژمارە 230575 لە رێكەوتی 9-1-1986، ماف دەدات بە ژنان داوای مافی جیابونەوە بكەن لە پیاوەكانیان، ئەوانەی پەیوەندییان بە پێشمەرگەوە كردووە.

هەرچی نووسراوی دیوانی سەرۆكایەتی كۆماری ژمارە 29950 لە رێكەوتی 11-8-1986ە تیایدا هاتووە، دەست بەسەر ماڵ و سامانی ئەو خێزانانەدا دەگیرێت كە دەچنە پاڵ پێشمەرگە، یان ئەو خێزانانەی دەركراون بەهۆی ئەوەی كەسێكیان پەیوەست بووە بە پێشمەرگەوە.

بەڵام بەپێی نووسراوی وەزارەتی بەرگری عیراقی ژمارە 25421ی رێكەوتی 20-11-1986 بڕیاری رووخاندنی ئەو گوندانە درا، كە لە ژێر دەستی تێكدەرانی نۆكەرانی ئێرانی و بنەماڵەی خیانەتكارانن» ینك، پدك»، بە بەكارهێنانی هەموو جۆرە چەكێك لە ناویاندا هێزی ئاسمانی.

لە ساڵی 1985 حەمزە زوبێدی ئەندامی سەركردایەتی نیشتمانی پارتی بەعس كرا بە سەرۆكی بیرۆی باكووری پارتی بەعس، فەرمانی پێدرا لە شەش مانگدا كۆنتڕۆڵی ناوچەكە بكات، بەڵام ناوبراو بە دوو شەش مانگی ئەركەكەی پێ ئەنجام نەدرا، ئەمە زەمینەی خۆش كرد بۆ هاتنی عەلی حەسەن مەجید.

تا ئێستا سزاكان زۆرینەیان پەیوەند بوون بە پێشمەرگە و بنەماڵەكانیانەوە، لێرەوە قۆناغێكی دیكەی مەترسیدار روو لە جینۆسایدكردن دەست پێدەكات، دەستنیشان كردنەكان هاووڵاتیانی سڤیل ئەو بەشەی كۆمەڵگە دەگرێتەوە كە هیچ ئەندامێكی خێزانەكانیشیان پەیوەندییان بە چالاكی سیاسی و سەربازییەوە نییە.

بڕیاری 160
دوای شكستەكەی حەمزە زوبێدی، لە رێكەوتی 18-3-1987 ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش و سەركردایەتی نیشتمانی پارتی بەعس كۆبوونەوەیەكی هاوبەش بە سەرۆكایەتی سەدام حسێن دەكەن، لە كۆبوونەوەكە بڕیاری 160 دەردەكەن، بڕیاری ژمارە 160ی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش و سەركردایەتی نیشتمانی حزبی بەعس بە فەرمی لە رێكەوتی 29-3-1987 دەرچوو، تیایدا عەلی حەسەن مەجید كرا بە بەرپرسی حزبی و ئەمنی و سەربازی رەهای تەواوی ناوچە كوردنشینەكان و باكووری عیراق «موسڵ، كەركوك، دیالە، سەلاحەدین، هەولێر، سلێمانی، دهۆك» و هەموو دەسەڵاتێكی بڕیاردان و جێبەجێكردنی پێدرا و بودجەی تایبەتی بۆ تەرخانكرا بێ گەڕانەوە بۆ وەزارەتی دارایی، خەرجكردنی بێ كۆنتڕۆڵ بوو، دەسەڵاتی عەلی حەسەن مەجید هاوتای دەسەڵاتی سەرۆك كۆمارو ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش بوو لە باكووری عیراق، بڕیاری مەجید بووە بڕیاری هەموو دەزگاكانی دەوڵەت، بە مەدەنیی و سەربازی و ئەمنی و حزبی و هەواڵگرییەوە، سەرپشك كرا لە پیادەكردنی هەموو دەسەڵاتەكان بە سیاسیی و سەربازی و یاسایی و ئابوورییەوە.

بەپێی ئەم بڕیارە عەلی حەسەن مەجید دەسەڵاتی تەواوی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشی درایە بۆ یەكخستنی تەواوی هەرەمی دەوڵەت و دەزگا حزبی و ئەمنی و سەربازی و مەدەنیەكان لە تەواوی باكووری عیراق لە بەرامبەر سەركوتكردنی بزووتنەوەی چەكداری كوردستان، بەمەش حزبی بەعس وەك پارتێكی سیاسی راستەوخۆ بەرپرسیارێتی كۆمەڵكوژیكردنی گەلی كوردی گرتە ئەستۆ.

هەمان رۆژی دەرچوونی بڕیاری 160، لە رێكەوتی 29-3-1987بە نووسراوی سەرۆكایەتی كۆمار-سكرتێر بۆ بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی گشتی بە ژمارە 965، بڕیاری بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی « عیتاد خاص» بەرامبەر هاووڵاتیانی كوردستان درا، لە رێكەوتی 15-4-1987 لە گوندەكانی هەڵەدن و چاڵاوەو سەرگەڵو بەرگەڵو خرایە بواری جێبەجێكردنەوە، رۆژی دواتریش لە بالیسان و شێخ وەسانان.

چوار رۆژ دوای دەرچوونی بڕیارە شومەكەی 160، بە بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش بە ژمارە 244 لە رێكەوتی 2-4-1987 دا، دەسەڵات درا بە عەلی حەسەن مەجید بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری 160، بەمەش بڕیارەكە خرایە بواری جێبەجێكردنەوە.

پێش بڕیاری 160، هێرش و سەركوتكردن و پەلامارەكان پچڕ پچڕ و نا سستەماتیك بوون، بەڵام دوای بڕیاری 160 پەلامارەكان بوونە نەخشەداڕێژراو و سستەماتیك و رێك و پێكی بە بەرنامە، ئاستی تاوانەكانیش هەڵكشان، بێ دوو دڵی كەوتنە كۆمەڵكوژی.

لە 6ی هەمان مانگ، پێشمەرگە مافی ماڵ و موڵكی خۆیان لە دەستدا، بەپێی نووسراوی بیرۆی باكووری رێكخستنەكانی پارتی بەعس بە ژمارە 2296، چوار رۆژ دوای ئەو بڕیارە، هاووڵاتیانی ناوچە دەستنیشانكارەكان هەموو خاوەنداریەتییەكی ماڵ و سامان و مافێكی یاساییان بەپێی بڕیاری 12713ی رێكەوتی 10 نیسانی 1987 لێسەندرایەوە لە پاشان لە سێدارەدانیان.

ئیترهاووڵاتیانی گوندە قەدەغە كراوەكان مافی یاساییان راگیرا، ئەوانیش هاوتای كەسوكاری پێشمەرگە مافی موڵكدارێتی ماڵ و موڵكیان لە دەستدا، سێ هەفتە دواتر لە یەكی مایسی هەمان ساڵ بڕیاری ئیعدامی كەسی پلە یەكی تێكدەران دەركرا، بەمەش دوای لە دەستدانی مافی موڵك و ماڵ، مافی ژیانیشیان لە دەستدا، بەپێی بڕیاری ژمارە 106309ی 1ی مایسی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ناوچەی ئۆتۆنۆمی.

دوو هەفتە دوای چالاك كردنی بڕیاری 160، یەكێك لە گەورەترین تاوانەكان بە چەكی كیمیاوی ئەنجامدرا بەرامبەر بە گوندی بالیسان، هەرچەند بە فەرمی بڕیاری ژیان سەندنەوە لە برینداران سێ هەفتە دوای ئەو تاوانە دەرچوو، بەڵام بریندارانی چەكی كیمیاوی بالیسان و شێخ وەسانان كۆمەڵكوژكران، بەمەش تاوانەكان پێش فەرمانەكان خۆشیان كەوتن، ئەوەبوو عەلی كیمیاوی بە فەرمی بڕیاری كوشتنی بریندارانی دەركرد بۆ ئەوانەی كە دوژمنایەتی رژێمیان لێدەردەكەوێت، بەردەوامی ژیان لە ناوچە قەدەغەكراوەكان بەسە بۆ سەلماندنی دوژمنایەتی رژێم، لە سێدارەدانی برینداران بە بروسكەی ژمارە 945 رێكەوتی13-5-1987 فەرمانی فەرماندەیی فەیلەقی یەك و ئامۆژگاری عەلی حەسەن مەجید دەرچوو، پاش دڵنیابوون لە دژایەتیان بۆ دەسەڵاتداران، بەم بڕیارە هەموو پرەنسیپە نێودەوڵەتیەكان لە پاراستنی خەڵكی سڤیل و بریندار و كوشتنی دەرەوەی دادگا پیشێلكرا، هەموو هاووڵاتیانی ناوچە قەدەغەكراوەكان خرانە ناو ئەو بڕیارەوە، چونكە ژیان لەو ناوچانە بۆ خۆی بە دوژمنایەتی رژێم دەهاتە ژماردن.

راگواستنی گوندەکان
هاوكات هێشتا مەرەكەبی سەر كاغەزی بڕیاری پێشوو وشك نەببۆوە، رێكەوتی 21-4-1987 بۆ 20-5-1987 دیاریكرا بۆ راگواستنی سەرجەم لادێ دەستنیشانكراوەكانی كوردستان بۆ ئۆردوگا زۆرە ملێكان، پێنج رۆژ دوای تاوانی بالیسان شۆفەڵ وەگەڕ خرا، كە هەموو لادێكان كوردستان جگە لە هەندێك لادێی جاشنشین و 4 قەزاو 30 ناحیەی دەگرتەوە، بڕیاری راگواستنیاندرا بۆ ئۆردوگا زۆرە ملێكان، سەرجەم ئۆردوگا زۆرە ملێكان كەوتبوونە سنووری جوگرافیای شارەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك-ەوە، ئەمەش بەشێك بوو لە سیاسەتی بە عەرەبكردن، هەنگاوێك بوو بۆ كەمكردنەوەی رێژەی كورد لە شارەكانی كەركوك، دیالە، سەلاحەدین، موسڵ، بە دوایدا بڕیاردرا تاكو رێكەوتی 21-6-1987 تەواوی لادێكانی كوردستان بڕوخێنرێت، لە بەهاری ساڵی 1987 دا 711 گوند روخێنران، كە 219 گوندیان لە پارێزگای هەولێر، 122 یان لە گەرمیان، 320 گوند لە پارێزگای سلێمانی، 50 گوندیان لە بادینان بوون، لە هاوینی ساڵی 1987یش شاڵاوی وێرانكردنەكە بەردەوام بوو، تەنها لە ماوەی 2 مانگدا لە پارێزگای سلێمانی 500 گوند روخێنراوە، بەپێی رۆژنامەی سەورەی ئۆرگانی پارتی بەعس، روون نییە ژمارەكەی پێشووش لەگەڵیدا بووە یان نا؟ رووخاندنی گوندەكان تا دەستپێكی پڕۆسەی ئەنفال بەردەوام بوو.

لە رێكەوتی 3-6-1987 سەركردایەكی بیرۆی باكووری پارتی بەعس بە واژۆی عەلی حەسەن مەجید نامەیەكی بە هەژمارە 28 3650 ئاڕاستەی لەشكرەكانی1و 2 و 5 ی سوپاو سەركردایەتی حزبی بەعس و ئەمن لە ناوچەی ئۆتۆنۆمی و پارێزگاكانی دیالەو سەلاحەدین كردووە كە تیایدا رێكەوتی 26-6-1987 وەك دواكات دیاریكراوە بۆ گەڕانەوەی لادێنشینەكان بۆ ریزی نیشتمان و رێكەوتی 15-7-1987 یش وەك دواكات دەستنیشانكراوە بۆ هەڵگرتنەوەو دوورینەوەی بەروبوومی كشتوكاڵی و قەدەغەكردنی یەكجاری كشتوكاڵ كردن و ئاژەڵداری لە ناوچە قەدەغەكراوەكان لە دوای ئەو مێژووەوە، كوشتنی هەر ئاژەڵ و مرۆڤێك لەو ناوچانە بكەوێتە بەردەست، نیشتەجێكردنی دانیشتووانەكە لە ئۆردوگاكان و ئەوانەشی لە بڕیارەكە لادەدەن خۆیان بەرپرسیارێتی هەڵدەگرن، ئەم جۆرە هەڕەشانە لەو كات و زەمانەدا هەڕەشەی مەرگ بوو.

لە رێكەوتی 20-6-1987دا، بیرۆی باكووری پارتی بەعس، كۆبوونەوەیەك دەكات، لەو كۆبوونەوەیەدا، بڕیارێك دەدات، ژیانی گەلێك بە تەواوی دەگۆڕێت، ئەویش بڕیاری ژمارە 4008 بوو، ئەم بڕیارە مانفیستۆی جینۆسایدی گەلی كوردستان بوو، سەرەتایەكە بۆ دەستپێكی جینۆسایدكردنی خەڵكی كوردستان بەشێوەی سستەماتیك و نەخشە بۆ داڕێژراو، كوشتو بڕو دەركردن خرایە چوارچێوەی بڕیاری فەرمییەوە، بەپێی بڕیارەكە سەرجەم ئەو گوندانەی تاكو رێكەوتی 22-6-1987 دەستیان لێنەدرابوو دەبێت بڕوخێنرێن، هەموو ناوچەكانی دەرەوەی شارەكان بكرێنە ناوچەی قەدەغەكراو، گوندی قەدەغەكراو هەموو ئەو گوندانە دەگرێتەوە لە دەرەوەی دەسەڵاتی سەربازیدا بوو لەوكاتەدا، رژێم تەنها شارو بەشێك لە رێگاكانی بەدەستەوە مابوو، لە رووی ئاسایشەوە نابێت ئەو ناوچانە هیچ مرۆڤ و ئاژەڵێكی تێدا بمێنێت و ژیانی تێدا یاساغ كرا، هاتوچۆو كشتوكاڵی تێدا قەدەغە كرا، هێزی ئاسمانی چاودێری زەوییە كشتوكاڵیەكان و رێگاكانی بە چڕی دەكرد، ئەوەی بەربكەوتایە ژیانی لێ دەسەندەوە، سیاسەتی زەوی سوتاندن پەیڕەو كرا، هێزەكان دەستكراوەكران بۆ كوشتنی خەڵكی ئەو ناوچانە لە زەوی و ئاسمانەوە، بڕیارەكە هەوڵدانێك بوو بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەیان لێ بكوژرێت، بە تفەنگ یان تۆپ یان رۆكێت یاخود لە ئاسمانەوە، بە چەكی ئاسایی یان هیشۆیی و كیمیاوی، یان لە كاتی دەستگیركردندا لەسەر رێگاو بانەكان یان لە هێرشەكاندا بۆ ناوچەكانیان گولەباران بكرێن، ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 15 ساڵ بۆ 70 ساڵ بوو، بڕیاردرا لە سێدارە بدرێن بێ دادگاییكردن، دەستنیشان كران بۆ لەناوبردن، بێ ئەوەی یەك كەسیان لێ دادگایی بكرێت، بەمەش دۆسیەكانیان نەچووە خانەی یاسای تاوانەوە، توانای هیچ داكۆكیكردنێكی یاساییان لە خۆیان نەبوو، و زۆربەی دەستكەوتەكان كە بەدەست دەهێنران لە سەروەت و سامان بۆ فەوجی جاشەكان و هێزەكانی حكومەتی عیراقی بوون بەپێی بڕیارەكە، هێزەكان عیراق بە تەواوی دەستكراوەكران بۆ فەرهودو تاڵانی، بەتایبەت فەوجەكانی جاشەكان، كە ئەوان دواتر ناوی ئەنفالیان لێنا، بەپێی بڕیاری 4008 تەقەكردن ئازاد بوو بۆ بەئەنقەست كوشتنی هاووڵاتیان، بەتایبەتیش خاڵی 5ی بڕیاری 4008، گفتوگۆی زۆر لەسەر بوو، بەردەوام تەئكیدی لێكراوەتەوە، ئەو خاڵە بریتیی بوو لە سێدارەدانی گشتی « هەموو ئەو كەسانەی لەو گوندانە دەستگیر دەكرێن، دەبێت لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكرێت لە لایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە، ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 70 ساڵە پێویستە لە سێدارە بدرێن پاش ئەوەی زانیاری بە كەڵكیان لێوەردەگیرێت و لە كاتی خۆیدا ئاگادار بكرێینەوە».

هەرچی خاڵی حەوتە لە بڕیاری 4008، جاشەكانی سەرپشك كرد لە تاڵانكردن» هەموو ئەو شتومەكانەی كەوا فەوجەكانی بەرگری نیشتمانی جەنگاوەرەكانیان دەستیان دەكەوێت بۆ خۆیان دەبێت تەنیا چەكە قورسەكان و چەكی ئەسناد و چەكی مام ناوەندی نەبێت، چەكە سوكەكان بۆ خۆیان دەبێت، ئێمەی لێ ئاگادار كەنەوەو تەنیا ژمارەكانیان تۆمار بكەن. پێویستە لەسەر فەرماندەی جحافلەكان چالاك بن و بۆ ئاگاداركردنەوەی هەموو موستەشارەكان و فەرماندەی سرییەكان و مەفرەزەكانیان، و بە وردی ئێمە ئاگادار بكرێینەوە لە چالاكییەكانی فەوجەكانی بەرگری نیشتمانی.»

لە دوای پڕۆسەی ئەنفالیش بڕیاری 4008 كاری خۆی كرد، شاری قەلادزێ لە رێكەوتی 24-6-1989 تەواو روخێنراو بە زەوی قەدەغەكراو ناسێنرا، هەرچەندە لە رێكەوتی 23-4-1989 بە بڕیاری ژمارە 271ی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش دەسەڵاتی تایبەتی لە عەلی حەسەن مەجید سەندرایەوە، كە بڕیاری 160 پێی بەخشیبوو، و لە كانوونی یەكەمی 1989یش، لیژنەی كاروباری باكووری سەر بە ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش بە بڕیاری سەدام حوسێن هەڵوەشایەوە.

بەپێی نامەیەكی نهێنی و كەسی لە بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای هەولێرەوە بۆ هەموو بەڕێوەبەر و ئەفسەری هۆبەكانی ئەمن بە ژمارە 322 لە رێكەوتی 6-5-1987 دەرچوو، هەموو مافێكی یاسایی لە هاووڵاتیانی ناوچە قەدەغەكراوەكان و خێزانی پێشمەرگە سەندۆتەوە، لە رێكەوتی 21-7-1987 بەپێی بروسكەیەكی نهێنی و خێرا بە ژمارە 2568 لە محەمەد حەمزە زوبێدی سەرۆكی لیژنەی هاوئاهەنگی ئاسایشی ناوەندییەوە بۆ لیژنە ئاسایشەكانی پارێزگاكان، تیایدا داواكراوە بەپێی نووسراوی دیوانی سەرۆكایەتی ژمارە 28189 كە لە رێكەوتی 2-8-1986دەرچووە، ئابڵوقەی لەسەر لادێ و ناوچە قەدەغەكراوەكان توندتر بكرێتەوە، خواردنیان بۆ نەچێت، كەواتە پێش ئەنفال بە ماوەی 2 ساڵ و 4 مانگ و 21 رۆژ هاووڵاتیانی ناوچە قەدەغەكراوەكان كە هەموو لادێكانی كوردستانی دەگرتەوە، جگە لە سنووری ئیداری شارەكان و قەزاو هەندێك لە ناحیەكان و ژمارەیەك گوندی جاشنشین و هاوكاریكەری رژێم، ئابڵوقەی ئابووری و ئیداری و سەربازی و یاساییان لەسەر بووە، و جیاكراونەتەوە بۆ لەناوبردنی بە كۆمەڵ، بڕیارەكان بوونە هۆكاری كوشتنی مرۆڤ و ئاژەڵ و سوتاندنی بەروبوومی كشتوكاڵ و سەپاندنی بارودۆخی برسێتی و بێدەرمانی و بێ سوتەمەنی بەسەر دانیشتوانی ناوچە قەدەغە كراوەكان، كە زیاتر لە 80% روپێوی ناوچەكوردنشینەكانی گرتەوە، بەمەش هاووڵاتیانی سڤیل كە هیچ بەشدارییەكیان نەبووە لەگەڵ هیچ هێزێكی چەكداری ئۆپۆزسیۆنی رژێمی بەعس بوونە ئامانجی پاكتاوكردنی بە كۆمەڵ.

بۆمبارانی گوندەکان
هەر لە دوای دەرچوونی بڕیاری 4008 ەوە و پێشتریش سەدان هاووڵاتی سڤیل لە شوان و گاوان و جوتیار و دەستفرۆشی نێوان لادێكان و هاووڵاتیانی سڤیلی گوندەكان و ژن و منداڵ بە كۆپتەرو فڕۆكەی جەنگی و كاتیۆشاو گولە تۆپ شەهیدكران، رۆژانە ناوچەكانیان بە تۆپی هیشۆیی بۆمباباران دەكرا، ئەمەیان ببووە دیاردە لە رێگەی تۆپە نەمساوییەكانەوە و زۆرجاریش كیمیابارانیش كران. بۆ نموونە گوندەكانی زێوەو یەك ماڵەو دۆڵی جافایەتی و بالیسان و شێخ وەسانان و…تاد، بالیسان و شێخ وەسانان تەنانەت بریندارەكانیشیان نەك نەیانتوانی چارەسەر بكرێن بگرە كۆمەڵكوژكران» لە رێكەوتی 16-4-1987 لە كیمیابارانكران لە ئەنجامدا 180 كەس بوونە قوربانی و 556 كەسیش بریندار بوون، دواتر قوربانییەكان بۆ 240 كەس بەرزبوونەوە، هاوكات 72 كەسیش لە بریندارەكان لە گۆڕە بەكۆمەڵەكاندا بە كۆمەڵ كوژران»، بەمەش زیندانیكردن و كوشتنی بریندارانی سڤیل بەدەستی هێزەكانی عیراقی دەستیپێكرد لە بری چارەسەركردن، كە هێشتا كۆتا ماوەی دیاریكراوی میری مابوو بۆ جێهێشتنی گوندەكان، بۆردومانكردن بە چەكی كۆكوژی كیمیاوی و هێشویی و بەكار هێنانی بەرامبەر بە هاووڵاتیانی سڤیل، ئامرازێك بوو بۆ پاكتاوكردنی رەگەزی مرۆڤ و سزادانی بە مردنی بە كۆمەڵ و تێكدانی ژینگە.

فەرماندرا بە لەشكر و هێزە چەكدارەكانی دی، گوندەكان بە خەڵكەكەیەوە بە هەموو جۆرە چەكێك لە زەوی ئاسمانەوە بەڕەهایی بۆردومان بكەن، كوشتنی هەموو هاووڵاتیانی سڤیلی دانیشتووی ناوچە قەدەغەكراوەكان رێپێدراوی فەرمی بوو، ئاژەڵ و ژینگە و سروشتیشی گرتەوە، تەنانەت سڤیلی نەخۆشیش، رێگەگرتن لە چوونی خۆراك و دەرمان و سوتەمەنی و پێداویستییە مرۆییەكان بۆ گوندە قەدەغەكراوەكان توند كرایەوەو سزای مەرگی بۆ دیاریكرا، بە تاوانی پێشێلكردنی بڕیار، دەیان هاووڵاتی بە لە سێدارەدان سزادران لەم بارەیەوە بەڵگەنامەكانی حكومەتی عیراقی گەواهیدەرن، لەسەربردنی خواردن، خەڵكێكی زۆر شوێنبزركران و ئیتر نەبینرانەوە.

نووسراوی ژمارە 5083 لە رێكەوتی 22-7-1987 دەرچوو لە بیرۆی باكووری پارتی بەعس، دەربڕی ئاشكرای لە سێدارەدانی دەرەوەی دادگاو لادانە لە پەیماننامەی جنێف بۆ پاراستنی دیلی جەنگ، تیایدا هاتووە لاریمان نییە لە سەربڕینی خیانەتكاران راستەوخۆ، بەڵام باشترە بیاننێرن بۆ ئاسایش تا زانیاریەكانیان لێوەربگرین.

لە رێكەوتی 8-9-1987 بە نووسراوی ژمارە 5731ی بیرۆی باكووور، بڕیاردرا تەنها 50%ی پێكهاتەی فەوجە خەفیفەكان لە بارەگا جێگیرەكانیان و رەبایەكان بمێننەوە، ئەوی دی بەكاربهێنرێن بۆ پەلاماری گوندە قەدەغەكراوەكان، بۆ ئەوەی پەلاماری پێشمەرگەو دانیشتوانە سڤیلەكەی بدەن، لە هێرشەكاندا پێش سوپا كەوتن، بەشداریان كرد لە پەلاماری هاووڵاتیانی سڤیلی لادێنشین، خانووی هاووڵاتیانیان رووخاند، مزگەوت و قوتابخانەو نەخۆشخانەیان وێران كرد، لە تاڵانیش دەستیان نەپاراست، بڕیاری 4008یش لەو بارەوە ئازادیانی كرد لە تاڵانكردن، واتا بەردەوام چارەكی كۆی ژمارەی فەوجە خەفیفەكان لە ماوەی ئەو 364 رۆژەدا لە ئەركدا بوون لە پانتایی جوگرافیای كوردستان، وێڕای چارەكێكی دیكە زیاتریان بەردەوام لە بارەگاو رەبایەكاندا پارێزگاری حكومەتیان دەكرد و بۆسەیان دادەنایەوە لەسەر رێگاكان بۆ پێشمەرگەو هاووڵاتیان، دەیان و سەدان تاوانی جەرگبڕیان لەو بۆسانە ئەنجامدا، لە تەواوی پڕۆسەی ئەنفالەكان و قۆڵەكانییەوە، سەرەتا جاشەكان چونەتە گوندەكان و هەڵەت و شیو دۆڵ و ناو ئەشكەوتەكان و سەر چیاكان دواتر سوپا، بەمەش دەردەكەوێت تەواوی فەوجە جاشەكان لە پڕۆسەی ئەنفالدا لانی كەم چەندین جار بەشدارییان كردووە لە تاوانەكەو تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی جینۆساید، ناویان لە لیستی تۆمەتبارانی ئەنفال نووسرابێت یان نا.

پارتی بەعس گرنگییەكی رادەبەدەری بە سەرژمێری 17ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1987دا، زۆر زیاتر لەوەی كردارێك بێت 10 ساڵی جارێك دووبارە كرێتەوە، بەپێی نووسراوی سەركردایەتی فرقەی رەواندزی پارتی بەعس بە ژمارە 1074 لە رێكەوتی 4-7-1987، هەر كەسێك بێ هۆكار بەشداری ئاماری دانیشتوان نەكات مافی عیراقیبوون لە دەست دەدات و بە راكردوو لە سوپا دێتە هەژماردن، بەمەش بڕیاری دواتری ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشی ژمارە 677 ی رێكەوتی 26-8-1987ی بەسەردا جێبەجێدەكرێت كە ئیعدامكردنە، بەپێی نووسراوی بیرۆی باكووری پارتی بەعس بە ژمارە 435 لە رێكەوتی 8-9-1987، هەرچی نووسراوی بیرۆی باكووری نهێنی ژمارە 435 لە رێكەوتی 8-9-1987 دەرچووە، ئاماژە بە ئەنجامدانی كۆرو سمیناری جەماوەری دەكات، لەسەر گرنگی ئاماری دانیشتوان لە رێكەوتی 17-10-1987، لە نووسراوەكە هاتووە ئەوەی بەشداری نەكات لە ئاماركردنەكە بێ هۆكار مافی عیراقیبوون لە دەستدەدات و بە هەڵاتووی سەربازی دێتە ژماردن، بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشی677ی رێكەوتی 26-8-1987ی لەسەر جێبەجێدەكرێت، كە سزای هەڵاتووان لە سێداردانە، جێیەجێكردنی لە لایەن رێكخراوە حزبیەكانەوە بەسەر هەڵاتوانی سەربازی زیاتر لە ساڵێك، هەروەها هاتنەوەی هەڵاتووان و\ تێكدەران بە لێبوردن. لە رێكەوتی 6-9-1987 بۆ رێكەوتی 17-10-1987 بە بێ هێنانەوەی چەك نابێت، دوای ئەو رێكەوتە بە چەكیشەوە بێنەوە و لێبوردن نایانگرێتەوە، لە 18ی مانگەوە بڕیاریان بەسەردا جێبەجێدەكرێت، خۆی و بنەماڵەكەی وەك خێزانی تێكدەر سەیر دەكرێن.

دەرکردنی کەسوکاری پێشمەرگە
سەندنەوەی ناسنامەی عیراقی و دەستبەسەرداگرتن بەسەر سەروەت و سامانی ئەو خێزانانەی پەیوەندی بە پێشمەرگەوە دەكەن، وەك لە نووسراوی سەركردایەتی شوعبەی سەلاحەدینی پارتی بەعس بە ژمارە 2648-6 لە رێكەوتی 12-9-1987 دا هاتووە، وەك سزادانی توندی بنەماڵەی پێشمەرگە.

بە فەرمانی عەلی حەسەن مەجید بڕیاردرا جیاكردنەوەی خێزانەكان پێش رێكەوتی 15-9 بكرێت، كەسوكاری پێشمەرگە دەربكرێن، جگە لە نێرینەی نێوان 12 بۆ 50 ساڵ، ئەوانەش بۆ سزادان هێڵدرانەوە.

لە رێكەوتی 17-10-1987 سەرژمێری نیشتمانی تازە لە عیراقدا ئەنجامدرا، ئەوەی بەشداری تێدا نەكرد، دەركەوت دانیشتووی ناوچە قەدەغەكراوەكانن یاخود هەڵاتوون لە میری، بەمەش ناسنامەی عیراقی بوونیان لە دەستدەدا، لە مافەكانی هاووڵاتیبوون بێبەشكران، پسولەی خۆراكیان بۆ تازە نەكرایەوە، هاوكات دیاریكران بۆ ئەنفالكردن، وێڕای ئەوە لە فۆرمی سەرژمێرییەكەدا بڕگەی دیاریكردنی ناسنامەی نەتەوەیی بەشدارانی تێدا زیادكرا، وەك هەنگاوێك بۆ گۆڕینی ناسنامەی نەتەوایەتی لە كوردەوە بۆ عەرەب، بەتایبەت لەو ناوچانەی بۆ تەعریب دیاریكرابوون، ئەمەش زۆر خێزانی لە رووی نەتەوایەتییەوە بەش كرد، كە كەسی پلە یەك و دووی یەكتر بوون، بەڵام خۆیان بە نەتەوەی جیانووسی، ئاماركردنەكە هەنگاوێكیش بوو بۆ دۆزینەوەی خەڵكانێك بە قاچاخ بێ رێگەدانی میری لە ناوچە قەدەغەكراوەكانەوە چووبونە ناو شارەكانەوەو لە ئۆردوگا زۆرە ملێكان نیشتەجێ نەببون و خۆیان بە دەزگا ئەمنی و حزبیەكان نەناساندبوو، ئەمەو هاووڵاتیانی نیشتەجێكراو مافی گۆڕینی ناونیشانیان نەبوو، تەنانەت لە هەندێكیان پەیماننامە سەندرابوو ئامادەی لە سێدارەدانن ئەگەر ناونیشان بێ پرسی دەزگا ئەمنیەكان بگۆڕن، ئەمە دوای لێبوردنەكەی رێكەوتی 6-9-1988 بۆ پێشمەرگە گەڕاوەكان بووە گشتی، لە رێكەوتی 9-11-1987 بە بڕیاری ژمارە 6476ی بیرۆی باكووری پارتی بەعس، ئەوەی بەشداری سەرژمێریەكەی رێكەوتی 17-10-1987 ی نەكردبێت، ناوی نانووسرێت لە دەزگا فەرمییەكان، تەنها بە ئاگاداری بیرۆی ناوبراو نەبێت، بەمەش مافی هاووڵاتیبونیان لێ دەسەنرێتەوەو مافەكانیان زەوت دەكرێت و دەكەونە بەردەم مەترسی سزای پیاوانی ئاسایش.

ئەنفال
ئێستا بڕیار ئامادەیە 4008، ناوچە دیاریكراون، ناوچە قەدەغەكراوەكان، خەڵكەكەش لە رێی ئامارەوە دیاریكراون، ئەوانەی بەشدارییان نەكردووە، نۆرەی كۆكردنەوەیانە لە رێگەی هێزەوە لە ژێر ئاڵای پڕۆسەی ئەنفال، ئەنفال لە نێوان دوو سێشەممەی ساڵی 1988دا ئەنجامدرا، لە رۆژی سێشەممە رێكەوتی 23-2-1988 بۆ سێشەممەی رێكەوتی 6-9-1988، بە 8 قۆناغ و لە 6 جوگرافیای جیای كوردستان، ئۆپەراسیۆنی ماوە بەرفراوانی و سستەماتیكی 197 رۆژەی بە نەخشە بوو، نەك ئۆپەراسیۆنی كتوپڕ، پێش دەستپێكی مەبەست هەبووە لە ئەنجامدانی، ئەویش سزادان و لەناوبردنی بە كۆمەڵی ئەو مرۆڤانەی لە ناوچەیەكی جوگرافیای قەدەغەكراوی دەستنیشانكراو دەژین، خەڵكەكەی جیاكرابوونەوە بۆ سزادان، خرانە دەرەوەی بازنەی ئاماركردنەوەو لە مافی هاووڵاتیبون سڕابونەوە، لە هەر ئۆپەراسیۆنێكیدا یەكەی ئاسایشی ناوچەكە ئاگاداركراونەتەوە، لێبوردن ئەو خەڵكانە ناگرێتەوە، ناوچەكانیان كەوتۆتە سنووری ئۆپەراسیۆنەكانی ئەو ئەنفالەوە كە لە كاتی جێبەجێكردندایە، واتا پێش وەخت بڕیاری ئیعدامی بە كۆمەڵی هاووڵاتیانی جوگرافیاكە دراوە، وێڕای بوونی ئەم بڕیارانە سەرۆك جاشەكان خەڵكیان وەردەگرت و چەكیان پێدەكڕین، بەناوی پێشمەرگە لە زۆربەی كاتەكاندا تەسلیم هێزە ئەمنیەكانیان دەكردنەوە بەمەش ئۆباڵیان كەوتە ئەستۆیان، بەتایبەت ئەوانەی راستەوخۆ مەفرەزەی ئەمن بوونەو ئاگاداری بڕیارەكان بوونە، زۆر جاریش بەدرۆ بە خەڵكەكەیان وتووە لێبوردن هەیە، كە تەسلیمیان كردووە ئیتر خۆیان نەكردووە بە خاوەنیان.

ئۆپەراسیۆنەكە لە سەرەتادا بەناوی محەمەد رەسول للە ئەنجامدرا، دواتر لە كۆتایی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی یەكدا، لە لایەن كەماڵ ساجد جەنابی سەركردەی فەیلەقی یەكی سوپای عیراقییەوە، ناوەكەی دەگۆڕدرێت بۆ ئۆپەراسیۆنی ئەنفال، كە ناوی سورەتی هەشتەمی قورئانە و بە مانای دەستكەوتی جەنگ دێت، بەڵام بە مەرجێك لە بێ باوەڕان و لە گۆڕەپانی جەنگدا بە دەست هێنرا بێت، بەمەش هەزاران مزگەوت و دەیان تەكیەو مەرقەدو ئارامگای پیاوچاكان و ئەسحابەكان لە ژێر ناوی ئەنفالدا رووخێنران، ماڵە سەید زادەو شێخ زادەو مەلا و حاجی و پیاو چاكان و گیان بە دەستنوێژان تاڵان كران.

بە وتەی سوڵتان هاشم فەرماندەی لەشكری یەك، خەڵكەكە دوای گرتنیان بە رێگای ئۆتۆمبێلی سەربازی گواستراونەتەوە بۆ دەزگای زانیاری سەربازی لە كەركوك و لەوێشەوە بۆ نووسینگەی رێكخستنی باكوور، ئەوجا بۆ بەندیخانەو گرتوخانەكانی تۆپزاوەو دوبس و تكریت و نوگرە سەلمان، و لاوان بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان.

پاش چەند رۆژێك دەستگیركراوەكان لە سەربازگەی فێرگەی شەڕكردنی دوبس کە»نزیك 7000 گیراوی لە خۆ گرتووە لە ژن و منداڵ، مردنی منداڵان زۆر بووە لێرە، تا مردنی 50 منداڵی مردوو دەستنیشان كراوە»و كەمپی سوپای میلی تۆپزاوە «كە لە 16 هۆڵ پێكدەهات بە روپێوی نزیك 2 میلی چوارگۆشە، لە رۆژێكەوە بۆ مانگێك هەبووە لێرە ماونەتەوە، بەوتەی رائیدی ئەمن سەباح حەمدانی تا 17000 ئەنفال لێرە بوونە» و كامپی سوپای میلی تكریت ئەنفالكراوانی داوێی گەرمیانی لێبووە، ئەنفالكراوان پۆلێنكراون بە چەند بەشێكەوە، بەپێی تەمەن و رەگەز دابەشكراون، هەندێكجاریش گروپەكان تێكەڵ دەكران، 50 بۆ 90 ساڵانەكان بۆ نوگرە سەلمان لە بیابانە گەرمەكانی باشووری عیراق، ئەمانە زیاتر لە 8000 بۆ 11000 كەس دەبوون، بە گشتی نزیك 6400 كەسیان گەڕاونەتەوە لە ئەنفال رزگاریان بووە» لە ئۆردوگاكانی عەربەت، كەلار، شۆڕش و باینجان نیشتەجێكران» جگە لە ئەنفالكراوانی بادینان، یاخود لە مەڵبەندی لاوان لە دوز» نزیك 4000 زیندانی تێدا بووە» و یان تەق تەق هەڵاتوون یان بەر لێبوردن كەوتن» لە دوزو تەقتەق هەندێك جاش خەڵكیان رزگار كردووە»، گەڕاوەكانی ئەنفال سێیەكیان پیاون و زیاتر لە 80%یان تەمەنیان لە 10 ساڵ كەمتر یان لە شەست ساڵ زیاتر بووە، واتا زیاتر 20%یان لە نوگرە سەلمان گیانیان بەختكرد بەهۆی ئەشكەنجەدان و نەخۆشییەوە، عەبدولقادرعەبدوڵا عەسكەری» باوكی خاوەن 36 گوندی ناوچەی قەڵاسێوكە بووە، ئەم گۆپتەپەی بەركەوتووە»، ئەو بە تەنها 517 مردووی لە نوگرە سەلماند ژماردووە، هەرچەندە پێش ئەویش ئەنفالكراوان لەو زیندانە هەبوونە» نوگرە سەلمان كۆنە زیندانێكە لە سنوری نێوان عیراق و مەملەكەتی عەرەبی سعودیەیە لە پارێزگای سەماوەدایە، لەناو بیابانێكی پان و بەرینی وشك و برینگی گەرمی ژینگە جهەنەمیدایە» بەهۆی شەپۆلی گەرماو لمەكەیەوە، بەتایبەتیش لەو وەرزەی ئەنفالكراوان بۆی بردران لە ترۆپكی جهەنەمی خۆیدایە، لەو زیندانە ئاساییترین پێداویستی ژیان نەبووە، منداڵان لە برسان مردوونەو لاشەكانیان لەبەر چاو دایكیان سەگ خواردوویەتی، ئاوی پیس دەرخواردی خەڵكەكە دراوە، بە برسێتی هێشتویانیانەتەوە، چارەسەری نەخۆشیەكانیان نەكراوە، داو دەرمان و پزیشكیان بۆ دابیننەكراوە، ئەشكەنجەو فەلاقەكراون، پەلاماری كچانی گەنج دراوە بە بەرچاوی خەڵكەكەوە تەنانەت گۆڕستانیشیان نەبووە بۆ شاردنەوەی تەرمە زۆرو زەبەنەكانیان، سوكایەتیكردن بە لاشەی مردووان لە نوگرە سەلمان لە لوتكەدا بووە، مردووەكان تا بۆگەنیان نەكردایە لە گۆڕ نەنراون، یان فڕێدەدران تا سەگ بیان خوات، بێ كفن و مەراسیمی ئاینی مردووەكان نێژراون، دواتر سەگ دەریهێناون و خواردوونی، نەك تەنها لە زیندانەكان، بگرە لەناو ئۆتۆمبێلەكانی مەرگیش لە كاتی گواستنەوەدا منداڵ و نەخۆشەكان مردوونە، سەلماندنی یاسایی مردن بە ئەنفالكراوان نەدرا لەسەردەمی بەعس، رێورەسمی ئاینیان بۆ نەكرا، گۆڕیان نەبوو، تەنانەت لەكاتی گواستنەوەی ئەنفالكراوان، لەناو ئۆتۆمبێلی ئیڤاو سەربازیدا منداڵ لە دایك بووە، لەبار چووە، پیرو نەخۆش مردوونە.

گروپەكانی دیكەی ئەنفالكراوان لە بیابانە جۆراو جۆرەكانی عیراق زیندە بەچاڵكران، كە لە هەر گۆڕێكی بە كۆمەڵدا ئێسك و پروسكی دەیان عومەر خاوەر دەبینرێت، ژنان بەدەم چوون بەرەو پیری مەرگەوە، منداڵەكانیان لە باوەشیاندایە، یان لە سكیاندایە هێشتا چاویان بە ژیان هەڵنەهێناوە، كەم نین ژمارەی ئەو منداڵە گولەبارانكراوانەی لە سكی دایكیانن، كاتی گولەبارانكردنیان چ حەشرێك بووە، هەڵدانەوەی گۆڕەكان هەمان حەشرو جیهانە، تابلۆی مەترسیدارە، وێنای ناخ هەژێنە، هەموو جەستەیەك خۆی لەبەر تەلەسیم و سیحری مەترسیەكانی چركە ساتی هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانە راناگرێت، روفاتەكان كە دەرەكەونە روح لە جەستەیاندا ژیاوەتەوە، هەموو دێنە قسە، ئێسكەكان دەناڵێنن، جلە بەرگ و شمەكانیان نزاو تكایانە، هێزێك سەیركەران رادەكێشێتە ناو جیهانەكەوە.

لەگەڵ ئەنفالكردنی 182000 هاووڵاتی كە زۆرینەیان ژن و منداڵی سڤیل بوون، نەك سیاسەتیان نەزانیووە، بگرە بڕیاری مانەوەش لەو ناوچە قەدەغەكراوانە بەدەستیان نەبووە، چونكە بڕیار لای پیاو یان باوك و برا و گەوەرەیەكیان بووە، تەنانەت ماڵ و منداڵی ئەوانەشی تێدا بوو، سەرباز بوون لەبەرەكانی جەنگی عیراق- ئێران یاخود دیلی جەنگ بوونە، لەو ژمارە 6 پیتیە، تەنها 13 كەسیان لە كۆمەڵكوژی گۆڕە بە كۆمەڵەكان رزگاریان بووە، ئەویش بە ئیرادەی خۆیان، بە موغامەرەیەك هیچ دەرهێنەرێك ناتوانێت سیناریۆكەی دارێژێتەوە، هەریەكەیان چیرۆكی تایبەتییان هەیە، ئێستا9یان لە ژیاندا ماون، لە ناو ئەنفالكراواندا 152 هاووڵاتی ئاشورو كلدانی كریستان و 183 هاووڵاتی ئێزیدی هەن، رێكخراوی هیومان رایت ۆچ كە كاری مەیدانی كردووە لەسەر ئەنفال لە راپۆرتەكەی خۆیدا ژمارەی ئەنفالكراوان لە نێوان 50000 بۆ 100000 و زیاتریش دیاریكردووە، عەلی حەسەن مەجیدیش كە بكەری تاوانەكەیە بە 100000 كەسی دیاریكردووە، رێكخراوی لێبوردنی جیهانیش لیستی 17000 ناوی ئەنفالكراوانی لایە، راپۆرتی دەستەی پارێزەرانی بەرگریكاری قوربانییەكان لە دۆسیەی تاوانی ئەنفال بۆ چوار قۆناغی ئەنفال»2،3،4،5،6،7» چوار ژمارەیان بڵاوكردۆتەوە لە بەرگرینامەكەی خۆیان» 28777 ئەنفالی سێ، 17340 ئەنفالی پێنج و شەش و حەوت، 21911 ئەنفالی دوو، 28550 ئەنفالی چوار».

هەروەها بەپێی بەڵگەنامەیەك بە واژۆی سەركردەی ئۆپەراسیۆن لیوا روكن یوسف محەمەد ئەلزەرب، فەرماندەی لەشكری پێنج لە جۆری (ئەو پەڕێ‌ نهێنی ‌و تایبەت) بە ژمارە (ح2 2422) لە (25 ك. 1. 1988) بۆ فەرماندەیی گشتی سوپای ناردووە، دیاریكراوە لە شاڵاوی ئەنفالی هەشتدا 13553 كەس دەستگیركراون و بەپێی بەڵگەنامەی بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی سلێمانی ژمارە 25163 ی رێكەوتی29-10-1988 بۆ بەڕێوەبەری ئەمنی ناوچەی ئۆتۆنۆمی ناردووە: دەڵێت 9030 كەس لە ئەنفالەكان دەستگیركراون، بەمەش تەنها بەپێی ئەم دوو بەڵگەنامەیە دەردەكەوێت 22583 كەس ئەنفالكراون .

وێرانکردنی گوندەکان
لە پڕۆسەی ئەنفالدا وێڕای كۆمەڵكوژی مرۆڤ، كۆی گشتی2451 گوند لە ناویاندا31 گوندی كریستان خاپوركران، 4 قەزا، 30 ناحیە، 2027 مزگەوت و 27 كەنیسە و 1344 قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و 270 نەخۆشخانە رووخێنران، لەگەڵ ئەو گوندانەی پێشتر وێرانكران، كۆی گشتی 4049 گوند لە كوردستاندا لەلایەن حكومەتی عیراقییەوە خاپوركرا، كە 742 گوندی لە نێوان ساڵانی 1974 بۆ 1979خاپوركرابوون، لە هەرسێ پارێزگای هەولێرو سلێمانی و دهۆك تەنها 673 گوند بەپێوە مابوون، بەشی زۆری ئەمانەش بەپێی بڕیاری 3448ی مەكتەبی باكووری حزبی بەعس فەرمانی چۆڵكردن و خڕكردنەوەیان بۆ دەرچوو بۆ رێگەدان بە دروستكردنی بەنداوی بێخمە لەسەر زێی گەورە، زیاتر لە 450 یان لە ئاكرێ و مەخمور و هەولێر بوون، نزیك 300یان گوندی سورچیەكانی ئاكرێ بوون، لە كانوونی یەكەمی 1988، 14 گوندی دەشتی حەریر روخێنرا، لە رێكەوتی 15-4-1989ش بڕیاری روخاندنی گوندەكانی برادۆستی و دۆڵەمەڕی نزیك لە حكومەت دران»، پێش راپەڕین هەندێك پێیانوایە تەنیا 348 گوند لە كوردستان مابوون ئەوانیش خەڵكەكەی چەكداری حكومەت بوون، دوای ئەنفال یەك گوندی كورد لە پارێزگاکانی كەركوك و دیالەو سەلاحەدین و موسڵ نەمان.

تەختكردنی گوندەكان لەگەڵ زەوی، نەك خانوویەك لە گوندێك بگرە تاكە خشتێكیش بە پێوە نەما، بە پانتایی زیاتر لە 50 هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشە، جگە لەوانەی چەكداری حكومەت بوون، یان تەعریب كرابوون، روخاندنی سەرجەم قوتابخانە، نەخۆشخانە و مزگەوت و كەنیسا و شوێنە پیرۆزە مێژووییەكان لە پاڵ خانوو و رەزو باخ و پڕۆژەی ئابووری خەڵك، بیرو كارێزو كانیاوەكانیش پڕكرانەوە، لوغم رێژكردنی سنووری گوندەكان بۆ ئەوەی ئاوەدانیان بۆ نەگەڕێتەوە، دوای خاپوركردنی هەر گوندێك كۆپتەر لە ئاسمانەوە گوندەكانی دەپشكنی، تا هیچ دیوارێك بە پێوە نەمێنێت، تەنانەت گۆڕی مردوەكانیشان تەقاندۆتەوە، روخاندنی گوندەكانی دەرەوەی جوگرافیا و زەمەنی ئەنفالەكانیشی گرتۆتەوە، بەم شێوەیە هەموو مرۆڤەكان بە زۆر لە گوندەكەیان دابڕان، دواتر بە زۆر خێزانەكانیان لە یەكتر جیا كردەوە، ژن و پیاو یەكتریان نەبینیەوە كاتێك لە خانووەكانیان دەردەكرانە دەرێ ئەوانەی بۆ ئەنفال بردران، ماڵەكانیان دوا ژوانی پێكەوییان بوو.

هەروەها 8 بۆ 10 ملیۆن مینیش لە ناو گوندە روخاوەكان و دەوروبەریان چێندران، بە پانتایی زیاتر لە 776 كیلۆمەتر چوارگۆشە، لە 3149 ناوچەی دیاریكراوی تا ئێستا، زۆر زیاتر لە 13450 كەسیان لە بریندارو مردن كردۆتە قوربانی، كە لە ئێستادا 10780 كەم ئەندامیان لە ژیاندا ماون، و 100000 ئاژەڵیشیان كوشتووە .

لە ئەنفالدا 2 ملیۆن مەڕو بزن و رەشەوڵاخیش تاڵان كران، دانیشتوانەكشیان كە نزیك 750 هەزار كەسیان كە لە ئەنفال رزگاریان ببوو، لە ئۆردوگا زۆرە ملێكان نیشتەجێكران لە ژێر چاودێری تونددا» نوسراوێكی ئەمنی هەولێر لە 16-9-1988دا، باسی 12714 خێزان دەكات تەنها لە ئۆردوگاكانی خوارەوە نیشتەجێكراون: جێژنیكان 4241 خێزان، گردە چاڵ 2794، بەرحوشتر 2314، شاخۆڵان 2387 «، و هاووڵاتیانی گەرمیانی خواروو بۆ سمود، گەرمیانی باكور بۆ شۆڕش، ناوچەی زێی بچوك بنەسەڵاوەو دارەتوو، قەڵادزێ بۆ دارەتوو وە جدیدە …. تاد، گواسترانەوە، بەم شێوەیە هێزەكانی میری هەزاران گوندی وێران كرد، خانوبەرەی پارێزراوی وەك مزگەوت و قوتابخانەو نەخۆشخانەی لە ئۆپەراسیۆنەكە لەگەڵ زەویدا تەختكران، ماڵی هاووڵاتیانیان روخێنران و دەستیان بەسەر سەروەت و سامانیاندا گرت و تاڵانیان كرد، خەڵكەكە بە زۆرو بەنا بەدڵی دورخرانەوەو گواسترانەوە بۆ ئۆردوگا زۆرە ملێكان، لە كاتیكدا خەڵكانی سڤیل بەشداریان نەبووە لە چالاكی جەنگیدا، گۆڕستانی ئۆردوگاكان وێڕای نوێیان لە گۆڕستانی شارە گەورەو كۆنەكان زۆر زوو گەورەتر بوون بەهۆی نەخۆشی و بێكاری و هەژاری و ژیانی ناهەموارەوە.

ئۆپەراسیۆنی ئەنفال سوپای عیراق و هێزە تایبەتەكان و ئەمن و ئیستخباران و…تاد. بە هاوكاری زیاتر لە 366 فەوجی جاش و دەیان مەفرەزە خاسەی جاشی كورد، هاشم سوڵتان ژمارەیانی بە 250000 كەس دیاریكردووە لە وتەیەكی بەرگریدا لە پرۆسەی دادگایی ئەنفال ئەنجامدران، لەسەرجەم ئۆپەراسیۆنەكاندا شایەدحاڵەكان شایەدی ئەوە دەدەن جاشەكان لە هەموو ئۆپەراسیۆنەكان پێش سوپا كەوتوونە، هیچ فەوج و مەفرەزەی تایبەتی جاش نییە، بەشداری چەند پڕۆسەیەكی ئەنفالیان نەكردبێت، یاخود لەو كات و شوێنەدا ئەركیان پێ نەسپێردرابێت.

لە ماوەی 197 رۆژی 8 قۆناغی ئەنفالدا، كە 6 جوگرافیای جیای گرتەوە، بە پانتایی زیاتر لە 20 بۆ 25 هەزار كیلۆمەتر چوار گۆشە، واتا زیاتر لە نیوەی روپێوی هەرێمی كوردستان، وێڕای ناوچەكانی هەڵەبجەو سەید سادق و خورماڵ و سیروان و هەورامان شارەزوور كە هاوكات لەگەڵ ئەنفالی یەكدا، تاوانی هەڵەبجەیان تێدا ئەنجامدرا، لەم شەڕە كە ئێران ناوی لێنابوو فەجری 10، توانی 800 كیلۆمەتر چوار گۆشە خاك و 102 گوند و شاری هەڵەبجە و چەندین شارۆچكەی دی وەك تەوێڵەو بیارەو خورماڵ و سیروان و…تاد. بگرێت، كە بەرەی شەڕ زۆر لەوەش زیاتر بوو. ناوچەی سێگۆشەی سنووری عیراق ئێران توركیا -خواكورك كە هاوزەمان لەگەڵ ئەنفالی 5،6،7 دا شەڕی قورسی تێدا ئەنجامدرا، پێنجوێن و دەشتی شلێرو كەناریۆو حاجی ئۆمەران و…تاد. بەرەی شەڕی ئێران -عیراق بوون، بۆیە زیاتر لە 80%ی پانتایی كوردستان لەوكاتەدا جوگرافیای مەرگ و شەڕ و جینۆسایدكردن بووە.

لە شەڕی هەڵەبجە لە رۆژانی پێش 16-3-1988 و دواتر، دەربازبووەكان دەستگیرنەكران و نەبردرانە ئۆردوگای تایبەتیش، لە بەر ئەوەی شەڕەكە بە بەشێك لە ئەنفال نەزانرا لە لایەن بەعسەوە، بەڵام ئەوانەی دواتر لە پەلاماری گرتنەوەی شاری هەڵەبجەدا دەستگیركران، یان بە لێبوردنە ساختەكە گەڕانەوە لە مانگی 8 ی 1988، كە بە هەموویەوە سەدان هەڵەبجەیی بوون و لە هەموو تەمەنێكیان تێدابوو، ئەنفالكران، لە 23ی ئاب لە سنورەوە هێنراونەتە تەوارییەكەی ناو شاری سلێمانی، لە 29 گەیشتونەتە نوگرە سەلمان، گەنجەكانیش جیاكراونەتەوە، وەكو ئەنفالكراوەكان ئیتر نەبیرنرانەوە، دواتر لەگەڵ ئەنفالكراوەكان لە نوگرە سەلمان گەڕانەوە بە لێبوردنە گشتییەكەی 6-9-1988، هەندێكیشیان گواسترانەوە بۆ ئۆردوگای بەر حوشتر لە شاری هەولێر لەوێ جێگیركران.

لە رێكەوتی 23-2-1988ەوە بۆ 6-3-1988، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنفالدا، لانی كەم 48 جار، لە 152 گوند زیاتر بە چەكی تایبەتی كیمیاوی» گازی خەردەل، مێشك، سارین» دراوەو هەزاران قوربانی لێكەوتۆتەوە، جگە لە ئەوانەی پێشتر ئەنجامدران، ئامانجی بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی بەرامبەر بە گوندنشینانی سڤیل و كۆمەڵكوژیكردنی راستەوخۆیانە، بۆ قەڵاچۆكردنی هەموویان لەو جوگرافیا داریكراوەدا، وێڕای كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە كە چووە پەرتووكی گینزەوە وەك یەكەم شاری قوربانی چەكی كیمیاوی كە زۆرترین ژمارەی مرۆڤی تێدا كوژرابێت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا كە لە كات و ساتی ئەنفالی یەكدا ئەنجامدرا.
لە دوای داگیركردنی كوەیت و لە رێكەوتی 25-9-1990 ەوە، حكومەتی عیراقی بڕیاریدا لە وەڵامی كەسوكاری ئەنفالكراوان، رستەی « لە ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانانەی ئەنفالگیراون و تا ئێستا راگیراون» بگۆڕێت بۆ رستەی بۆ «زانیاریمان لەسەر چارەنووسیان نییە» بەمەش هەموو دەرگاكانی هەواڵی بە رووی كەسوكاریان داخست، ئومێدیانی بە مان لاواز كرد.

ئەنفالكراوان لە مافی ئاسایشی كەسی و پاراستنی كەرامەت، مافی ئەشكەنجە نەدان و مامەڵەی نامرۆڤانە، مافی دادگاییكردنی دادپەروەرانە و كەسایەتی یاسایی، مافی ژیان لەگەڵ خێزانەكانیان، مافی ژیان و پێكەوەنانی خێزان، مافی زاوزێ، مافی خواردن و خواردنەوەو هەناسەدان و چارەسەركردن و خاوەندارێتی و…تاد. بێبەشكران لە پاڵ سەندنەوەی ژیانی بە كۆمەڵ لێیان بێ دادگاییكردن.

دادگاییكردنی تاوانبارانی ئەنفال
هێما بیركارییەكان بۆ ژماردنی تاوانەكانی ئەنفال كڵۆڵە، هێندە تاوانەكان زەق و گەورەو زۆرن، یاساكانیش لە ئاستیدا زەبوونن بۆ پێناسی یاساییان، بەڵگەنامە و فیلم و دیدنامەكان لاوازن، كۆمەڵكوژی، كوشتنی مەیدانی، دورخستنەوەی بە زۆری دانیشتووان، زیندانیكردن و كوشتنی تەواوی ئەو خەڵكە سڤیلە پاش گرتنیان و گواستنەوەیان بۆ ناوەندی كۆكردنەوەی تۆپزاوەو شوێنەكان دی، دواتر كوشتنیان لە گۆڕە بە كۆمەڵەكان، تەرمی بەشێكیان لە موسڵ و سەماوە دۆزرایەوە و لە لایەن پسپۆری نێودەوڵەتی مایكل تربیل و ئەوانی دییەوە دەرهێنرا، زۆرینەیان تا ئێستا گۆڕەكانیشیان نەدۆزراونەتەوە، بێبەریكردن لە پێداویستییەكانی ژیان، ئەشكەنجەدان، دەستدرێژی سێكسی و پەلاماردان و لاقەكردن، سزادانی گرووپ بەهۆی جیاوازی نەتەوەییەوە، پەلاماردانی ناوچەی سڤیل بە چەكی كۆكوژی كیمیاوی و هیشۆیی و چەكی كلاسیك، پەلاماردانی گوندەكان و بێهۆكار رووخاندنی نەخۆشخانە و قوتابخانەو مزگەوت، بەزۆر گواستنەوەو سەپاندنی نیشتەجێبوونی زۆرە ملێ لە ئۆردوگاكان و بێبەریكردن لە هەلی كار و پێداویستی ژیان، توندوتیژ جوڵانەوە لەگەڵ هاووڵاتیانی سڤیل تا ئاستی كوشتنی بە ئەنقەستی بە كۆمەڵیان، بێ رێزیكردن بە تەرمی مردووەكانیان، مردن بەهۆی برسێتی و تێنوێتی و گەرما و بێ دەرمانی و پیسییەوە، نەبوونی سەرەتاییترین كەرەستەی ژیان لەناو زیندانەكان، هێرش بۆ سەر هاووڵاتیانی سڤیل كە هیچ بەشداریەكیان لە چالاكی سەربازی نەبووە، وێرانكردنی ماڵیان و تاڵانكردنیان، جیاكردنەوەی ژنان و پیاوان و رێگا گرتن لە بەیەك گەیشتنیان، بۆ ئەوەی منداڵیان نەبێت، توندوتیژی بە نەخشە، زیانی جەستەیی و عەقڵی، وێرای مردن زۆرێك لە ئەنفالكراوان تووشی كەمئەندامی بوون لە زیندان، بێهۆكار پەلاماردانی خەڵكی سڤیل، كوشتنی بە دەستی ئەنقەست، كوشتنی نابەجێ، بێبەشكردنی توند لە هەموو پێداویستییەكی تەندروستی و ژیان، دەستگرتن بەسەر سەروەت و سامان لەناویاندا بەروبوومی كشتوكاڵی هەڵگیراو، نەهێشتنی سەرەوەت و سامانی ئاژەڵداری، كوێركردنەوەی كانیاو و پڕكردنەوەی بیرەكان، پەیڕەوكردنی سیاسەتی زەوی سوتاندن، بۆردومانكردنی گوند بە خەڵكەكەیەوە، لە زیندانەكان و شوێنەكانی كۆكردنەوە ئاوی خواردنەوەی پیس، كەمی خۆراك و برسیكردن، نەبوونی دەرمان و چارەسەری پزیشكی، سەپاندنی ژیان لە گەرمای بەتیندا، تەعریبكردن. ئەمانە نموونەیەك كەم بوون، تا شوێنپێی هەموو قوربانییەكان هەڵنەگیرێت ناتوانرێت هەموی بنوسرێتەوە، بۆیە بەڵگەنامەو فیلم و دیدنامەو نووسراوەكان ناتوانن دەربڕی گەورەیی تاوانەكە بن، كاتێك ئامادەی هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان دەبیت دەزانیت چ تاوانێك ئەنجامدراوە، دەزانیت چ دۆزەخێک لە ژێر بیابانەكان شاردراوەتەوە.

دادگای دۆسیەی ئەنفال لە دادگای باڵای تاوانەكان لە رۆژی دووشەممە رێكەوتی 21-8-2006 دەستی پێكرد، لە61 دانیشتندا، كۆی گشتی 1193 سكاڵاكەرو دیدەر و پسپۆڕی ناوخۆیی و بیانی، سكاڵاو شایەدییان پێشكەش كرد، لەوانە 52 سكاڵاكەر، 10 رزگاربووی گۆڕی بە كۆمەڵ، 8 دیدەر، 4 پسپۆڕی بیانی» كلایكۆلون سنۆ 1928 ئۆكلاهۆما وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا… زانای بواری زانستی بایۆلۆژی، پسپۆر لەسەر ئاستی جیهان، گۆڕی بە كۆمەڵی كرۆمی هەڵدابوەوەو كاری لەسەر قوربانیانی كیمیابارانكردنی گوندی فرجینی كردبوو كە چەكی كیمیاوی تێدا بەكارهاتبوو، ئەسفەندیار ئەحمەد شكری توێژینەوەی لەسەر ئەو ئاوارانەی دیار بەكر و ماردین كردبوو، كە كیمیاوی لێیانی دابوو، مایكل كۆمفر ترەمبیل پسپۆر لە بواری پزیشكی رێوشوێنی دیاردە سزاییەكان لە موسڵ و موسەنا گۆڕی بە كۆمەڵی ئەنفالكراوانی هەڵداوەتەوە، بە هاوكاری پسپۆڕانی ئەمریكی و كۆستاریكی و ئوستراڵی و كەنەدی، دۆگلاس سكوتی- ئەمەریكی پسپۆر لە بواری چەك و زانستی سزایی»، راستەوخۆ بەشدارییان لە دادگاییەكە كرد و وتەیان پێشكەشكرد لە بەردەم دادوەرەكان، لە رێكەوتی 24-6-2007 بڕیاری دادگا دەرچوو، لە رێكەوتی 4-9-2007 بڕیاری كۆتایی درا، تاوانكاران بە ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی سزادران.

حەوت تۆمەتبار دادگایی کران
لە پڕۆسەی دادگاییەكە حەوت تۆمەتبار دادگاییكران، و ژمارەیەك تۆمەتباریش لە هەنگاوی یەكەمدا دیاریكرابوون بۆ دادگاییكردن، بەڵام ئامادە نەبوون وەك لە دوو نامەی دادگای باڵای تاوانەكاندا ناویان هاتووە؛ «بەپێی نووسراوی ف2 1445 رێكەوتی 18-12-2005 ی دادگای باڵای تاوانەكان، بڕیاری گرتن بۆ 24 كەس دەرچوو، كە بریتیی بوون لە» نزار خەزرەجی، یونس ئەلدرب، ئەیاد خەلیل زەكی، رەمزی مەحمود، سەعید مەحمود باریكە، قاسم دڕەیی، موعتەسەم بەرزنجی، یاسین رەئوف، تەحسین شاوەیس، قاسم ئاغای كۆیە، بایز عەبدولڕەحمان، عەلی ئەحمەد رەشید، نیعمە فارس، حەمید شەعبان، نەجم عەبدوڵا دوری، عیسمەت سابیر، عەدنان جەباری، جیهان موسا، رەفعەت گلی، عوسمان شێخ سەعید، شێرزاد ساڵح، تۆفیق جەبار قارەمان، حسێن شێخ سەعید، حەسیب حەمە ئینجە».

هەروەها «لە رێكەوتی 21-12-2005، بەپێی نوسراوی دادگای باڵای تاوانەكان ژمارە ف2 1474، داوای ناوی سیانی و ناونیشانی 18 تاوانبار دەكات كە بریتین لە» سەعید مەحمود باریكە، عەدنان جەباری، شێخ رەئوف، شێخ جەعفەر، شێخ رەمەزان، قاسم دڕەیی، جیهان موسا، موعتەسەم بەرزنجی، رەفعەت گلی، یاسین رەئوف، غەسان شێخ سەعید، تەحسین شاوەیس، شێرزاد ساڵەح، قاسم ئاغای كۆیە، تۆفیق جەبار قارەمان، بایز عەبدولڕەحمان، حسێن شێخ سەعید، عەلی ئەحمەد رەشید، حسێن حەمە ئینجە».

حەوت كەسەكەی دادگایی كران، پێشتر زیندانیبوون، بریتی بوون لە: سەدام حسێن سەرۆك كۆماری عیراق كە رۆژی شەممە رێكەوتی 30-12-2006 لەسەر تاوانی دوجەیل لە سێدارەدرا بۆیە تۆمەتی ئەنفالی لەسەر هەڵگیرا، عەلی حەسەن ئەلمەجید بەرپرسی بیرۆی باكوری پارتی بەعس، لیوا روكن سابیر عەبدولعەزیز حسێن عەلی دوری بەڕێوەبەری هەواڵگری گشتی سەربازی، فەریق روكن حسێن رەشید محەمەد عەرەب ئەلتكریتی یاریدەدەری ئەركانی سوپا بۆ كاروبارەكانی ئۆپەراسیۆنەكان، لیوا روكن سوڵتان هاشم ئەحمەد محەمەد حەمەد ئەلحەمەد ئەلتانی فەرماندەی فەیلەقی یەكەم، تاهیر تۆفیق ئەلحاج یوسف ئەلعانی سكرتێری لیژنەی كاروباری باكوور و پارێزگاری موسڵ، عەقیدی روكن فەرحان موتڵەگ ساڵەح خەڵەف ئەلجبوری بەڕێوەبەری رێكخراوی هەواڵگری رۆژهەڵات.

تۆمەتباران بەم شێوەیەی خوارەوە، پاش ساغبونەوەی تاوان لەسەریان سزادران: عەلی حەسەن ئەلمەجید 5 سزای لە سێدارەدان، یەك زیندانی بەندبوون تا پاشماوەی ژیانی، یەك سزای 15ساڵ زیندانی،2 سزای زیندانی 10 ساڵی و 2سزای زیندانی7 ساڵی.

لیوا روكن سوڵتان هاشم 4 سزای لەسێدارەدان، 2 سزای زیندانی بەندبوون تا پاشماوەی ژیانی، 1 سزای زیندانی15 ساڵی، یەك سزای زیندانی 10 ساڵی و 2 سزای زیندانی 7ساڵی. فەریق روكن حسێن رەشید 4 سزای لەسێدارەدان و سزایەكی 7 ساڵی زیندانی. سابیر عەبدولعەزیز حسێن 3 سزای زیندانی بەندبوون تا پاشماوەی ژیانی و سزایەكی زیندانی 10 ساڵی. عەقیدی روكن فەرحان موتڵەگ 2 سزای زیندانی بەندبوون تا پاشماوەی ژیانی و سزایەكی زیندانی 10 ساڵی. تۆمەتبار تاهیر تۆفیق ئەلحاج یوسف ئەلعانی بڕیاری بێتاوانی لە تۆمەتی بەشداری لە تاوانی ئەنفالی بۆ دەرچوو.

ناوبراوان بە ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە پڕۆسەی تاوانی ئەنفال تاوانباركران.

تاوانباران عەقیدی روكن فەرحان موتڵەگ لە رێكەوتی 30-3-2013 لە گرتوخانەی موسڵ و سوڵتان هاشمیش لە نەخۆشخانەیەكی شاری ناسریە لە رێكەوتی 19-7-2020 مردن و بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكانیان لەسەر جێبەجێ نەكرا.

هەروەها لە رێكەوتی 20-5-2007 دادگای باڵای تاوانەكان بە فەرمی لیستێكی بە 423 ناوی راگەیاند وەك تۆمەتبارانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال، كە تاوەكو ئێستا بڕیاری گرتن و دادگاییكردنی ئەو تۆمەتبارانە جێبەجێ نەكراوە چ لە عیراق یاخود كوردستان، كە 258 كەسیان هاووڵاتی هەرێمی كوردستانن، چ بە لیست، و چ بە كەسی بڕیاری گرتنیان بۆ دەرچووە، تاكو هەنووكە هیچ یەكێك لەو تۆمەتبارانە بانگ نەكراون بۆ لێكۆڵینەوە، دووجار رێكخراوی كوردستان بۆ جینۆساید لە رێگای داواكاری گشتییەوە لە شاری هەولێر سكاڵای لەسەریان تۆماركردووە، بەڵام لە سكاڵاكە نە پرسراوەتەوە.

 

 360 جار بینراوە