سەرەکی » زانست » بەتریقێكی زەرد بووەتە جێگەی سەرنجی هەموان

بەتریقێكی زەرد بووەتە جێگەی سەرنجی هەموان

كەشتیی نوح

فۆتۆگرافەرێك بە رێكەوت وێنەی بەتریقێكی ناوازە دەگرێت كە بە بەتریقە تایبەتەكە ناوی دەركردووە.

(ئایف ئادامز) فۆتۆگرافەرێكی لێهاتووی ژیانی كێوییە لە چوارچێوەی گەشتێكی بۆ باشووری ئۆقیانوسی ئەتڵەسی توانیویەتی وێنەی بەتریقێك بگرێت كە لەناو پۆلە بەتریقەكانی هاوڕێیدا دەگمەنە بەوەی رەنگی پەڕەكەی زەردە.

ئەو فۆتۆگرافەرە دەڵێت: (ساڵی ٢٠١٩ گەشتێكمان كرد بۆ باشووری ئۆقیانووسی ئەتڵەسی و لە نزیك دوورگەی جۆرجیای باشوور وێنەی كۆمەڵگەیەكی بەتریقەكانم دەگرت كە نزیكەی(١٢٠) هەزار بەتریقی جۆری شاهانەی لەخۆگرتووە و بەڕێكەوت ئەو بەتریقە سەرنجی راكێشام).

ئەو هەروەها دەڵێت: (هەرگیز نەمبیستبوو بەتریقی زەرد هەبێت، بەڵام كاتێك خەریكی رێكخستنی كەلوپەلی وێنەگرتنەكەم بووم، كتوپڕ ئەو بەتریقە لەنێو هاوڕێكانیدا دەركەوت كە پەڕێكی زەردی ناوازەی هەبوو و لەبەر تیشكی هەتاوەكەدا دەبریسكایەوە و تەنها بەتریقی لەو جۆرە بوو لە ژیانمدا بینیبێتم).

راشیگەیاندووە کە ئەو زۆر بەختی هەبووە كە لەو كاتەدا بەتریقەكە نزیك بووە لێیەوە و توانیوێتی بیبینێت و لە نزیكەوە وێنەی بگرێت کە زۆریی پۆلە بەتریقەكان ئەو دیمەنەی لێ نەشاردۆتەوە.

زانایانی زیندەوەرزانی لەو بڕوایەدان هۆكاری زەردیی رەنگی ئەو بەتریقە بۆ حاڵەتێكی بۆماوەیی دەگەڕێتەوە كە دەبێتە هۆی كاڵبوونەوەی، بۆیە رەنگی پەڕەكانی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كاتێك خانەكانی بەتریقێك میلانین دەرنەدەن، ئەوا پەڕەكەی لە رەشەوە دەگۆڕێت بۆ رەنگی زەرد.

هەروەها دەڵێن: (بۆیەی زەردی پەڕی بەتریق لە رووی كیمیاییەوە بە تەواوی جیاوازە لە هەموو گەردیلەكانی دیكە کە رەنگ دەبەخشنە پەڕی بەتریق).

(دانیال تۆماس) توێژەری ژیانی كێویی لە لێدوانیكیدا بۆ گۆڤاری (Smithsonian Insider) دەڵێت: (بەتریقە نێرەكان بۆ راكێشانی سەرنجی هاوڕێ مێیەكانیان رەنگی زەرد بەكار دەهێنن و زۆر گومانمان هەیە ئەو كارە شتێكی ئاسان بێت بۆ ئەو جۆرە ئاژەڵە نیمچە باڵندەیە، بەڵام ئەو بەتریقە زەردە بە جۆرێكی دەگمەنی بەتریق دادەنرێت، چونكە پێناچێت رەنگەكەی بۆ سەرنجڕاكێشانی چواردەورەكەی بێت، بەڵكو دەتوانرێت بە جۆرێكی جیاوازی بەتریق دابنرێت).

ئەو پسپۆڕە ئاماژەشی بەوە داوە کە تائێستا نازانن داخۆ ئەم بەتریقە لای مێیەكان سەرنجڕاكێشە یان شتێكی قێزەون و ناپەسەندە؟

سەرچاوە: RT

 407 جار بینراوە