سەرەکی » هەواڵ » روبەڕوبونەوەی كۆسپەکان

روبەڕوبونەوەی كۆسپەکان

د.فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆمار لەمیانی پێشوازی لە بافڵ تاڵەبانی، تاوتوێی پێشهاتە سیاسییەكانیان لەهەردوو ئاستی ناوخۆیی‌و دەرەوەدا كردو تەئكیدیشیان كردەوە لەگرنگیی پەلەكردن لەچارەسەركردنی كێشە دارایی‌و ئابووری‌و خزمەتگوزارییەكان، بەتایبەت ئەو كێشانەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەدەستییەوە دەناڵێنن.
هەر لەدیدارەكەدا، كە رۆژی 1/2 لە بەغدا بەڕێوەچوو، هەنگاونان بۆ بە ئاكامگەیاندنی پرۆسەی گەڕانەوەی ئۆقرەیی‌و ژیانی ئاسایی بۆ ناوچە ئازادكراوەكان‌و گرنگیدان بەپتەوكردنی دیالۆگ‌و لێكتێگەیشتن لەپێناوی تۆكمەكردنی ریزیی نیشتمانی بەپێی پرەنسیپەكانی دەستوور، دووپاتكرایەوە.
لەلایەكی دیكەوەو هەمان رۆژ لەكۆبوونەوەیەكدا، بافڵ تاڵەبانی‌‌و نوری‌ مالكی‌؛ جەختیان لەپێویستیی چارەسەركردنی‌ كێشەكانی‌ نێوان حكومەتی‌ فیدرال‌و حكومەتی هەرێمی‌ كوردستان كردەوە لەچوارچێوەی‌ دەستووردا.
لەكۆبوونەوەكەدا، كە لەبەغدا لەنووسینگەی‌ تایبەتی‌ نوری‌ مالكی‌ جێگری‌ سەرۆك كۆماری‌ عیراق بەڕێوەچوو، تاوتوێی‌ بارودۆخی‌ سیاسی‌و ئەمینیی‌ ناوچەكە كراو تێیدا تەئكید لەپێویستیی‌ چارەسەركردنی‌ كۆی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی‌ نێوان حكومەتی‌ فیدرال‌و حكومەتی هەرێمی‌ كوردستان لەچوارچێوەی‌ دەستووردا، كرایەوە.
لەبەشێكی‌ دیكەی‌ دیدارەكەدا، جەختكرایەوە لەبەردەوامیی‌ كاركردن‌و هەوڵدان لەپێناوی روبەڕوبونەوەی هەموو ئەو كۆسپ‌و ئاڵنگاریانەی‌ دووچاری‌ ناوچەكە دەبنەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*