سەرەکی » هاوپۆل نەکراو » محەمەد ئونجو؛ چل ساڵە پەندی پێشینان بە زمانی کوردی کۆدەکاتەوە

محەمەد ئونجو؛ چل ساڵە پەندی پێشینان بە زمانی کوردی کۆدەکاتەوە

چاوپێکەوتن: فەرهاد چۆمانی

ماوەی چل و سێ ساڵە کار لەسەر کۆکردنەوەی «پەندی پێشینان»ی زمانی کوردی، بە شێوەزاری کرمانجی ژوورو دەکات و ئەمساڵ کتێبەکە بڵاوبووەوە.

محەمەد ئونجو، نووسەر و لێکۆڵەری کورد بە کوردستانی نوێی راگەیاند: «ئێمەی باکووری کوردستان ئازاری زۆرمان سەبارەت بە زمان چەشتووە، چونکە زمان قەدەغە بووە. لە پۆلی سێی دواناوەندی دەستم بە ئامادەکاری کردبوو بۆ ئەم کتێبە. ئەو کاتە لاپەڕەیەکم پێ گیرا 21 پەندی پێشنیانم لێ نووسی بوون. ئەمە لەسەر من بووە بەڵگەیەک لە دەستی دەوڵەت. دوای ئەوەی سووکایەتیان پێ کردم. بڕیارمدا ئەم کۆکردنەوەیە دەست پێ بکەم، بەڵام بەشێوەی ئەکادیمی نەبوو. ئەوکات ئەلفبێی لاتینیشیم نەدەزانی. بە تورکی سەرەتا پەندی پێشینانم کۆکردەوە. ساڵی 1978 دەستپێکرد. ئەودەم نووسین بە کوردی قەدەغە بوو. کاتێک هەڵیاندەکوتا هەرچی بە کوردی نووسرابا دەیانبرد. لە سەرەتای هەشتاکان هەرچیم کۆدەکردەوە دایکم لە ترسا دەیسووتاندن. رۆژێک کە خەریک بوو دەیخستنە نێو تەنوور پێڕاگەیشتم. ئەلفبێی جەلادەتم بەدەستهێنا و خۆم فێری کوردی کرد.»

کۆکردنەوەی چیرۆک و بەسەرهاتەکان
لە سەرەتای نەوەدەکان کارەکانی ئونجو دەچنە قۆناغێکی تر و دەماودەم لە خەڵک تۆماریان دەکات. لەوبارەیەوە گوتی: «چیرۆک و بەسەرهاتم کۆدەکردنەوە. ئەوکاتە هەموو شتێکمان کۆدەکردەوە. لە ساڵی 92-93 هەستم کرد زۆر شتم کۆکردووەتەوە. دەستم بە پۆلێنکردن کرد. چیرۆکی میتۆلۆژی، نوکتە، بەسەرهات، پەندی پێشینانم لێک جودا کردنەوە.»

هەروەها دەڵێت:»هەر پەندێک، کە کۆمکردوونەتەوە بەپێی جوگرافیای کوردستان دابەش دەبێت، کە هەر ناوچەیەک چۆن دەیڵێت و هەر یەکەیان شرۆڤەی تایبەتم بۆ کردوون. چیرۆکی ئەو پەندانەم لەگەڵ نووسیووە. لەگەڵیشیدا فەرهەنگێکی وشەشی تێدایە و روونم کردووەتەوە.»

گرنگی کارەکە
لەبارەی گرنگی کارەکەیەوە دەڵێت: «ئەم کارە دەبێتە رێبازێکی مفتە بۆ نەوەی داهاتوو، کارێکی ئامادەکراو و پووختە. لە بەشێک لە شارەکانی باکوور زانکۆ و بەشی کوردی کرانەوە. زۆر کەس لەبارەی چیرۆکە میتۆلۆژییەکانی لێکۆڵینەوەیان کردووە. هەر کەس لێکۆڵینەوەی کردبێت دەبینێت بنەمای زۆر میتۆلۆژی یۆنانی لەو چیرۆکە میتۆلۆژییە کوردیانە دانە و لێرەوە چوونەتە یۆنان. ئەم کارە گەنجینەیەکە بۆ نەوەی داهاتوو. ئەمە ماڵە بۆ ئەوان دروستی دەکەم. بۆ ئەوەی نەکەوێتە بەر لافاو و ون نەبێت.»

لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم پێشکەوتنی ئەو شێوەزارە سەرەکییەی زمانیی کوردی کە لە باکووری کوردستان قسەی پێ دەکرێت گوتی: «پێموایە هێشتا ئێمە زمانی کرمانجیمان نەناسیووە، تا نەبێتە زمانی پەروەردە و فێرکردن ئەو کاتە باشتر دەیناسین. مێژوو و داهاتووی نازانین. پێویستمان بە دامەزراوە و دەوڵەتێک هەیە. ئەگەر تێکستێکی کرمانجی هەبوایە، لێکۆڵەرێک تێی دەگەیشت. زیاتر زمانێکی زارەکییە. ئەگەر کارێکی زانستی بکەین بۆ داهاتوو بۆ نەوەی داهاتوو کاری مەزن دەکەین.»

گرنگیدان بە زمانی کوردی
گلەییش لەوە دەکات کە خەڵکی لە باکووری کوردستان بەپێی پێویست بە کوردی لە ژیانی رۆژانەیاندا قسە ناکەن: «لە باکوور زمان لە ئاستێکی بەرز دایە، بنەمای نووسین بنەجێ بوونە. هەر کەسێک بیەوێ بنووسێت زۆر تێنامێنێت. پێشکەوتنێکی گەورە هەیە. بەڵام لەنێو خەڵک زمان نییە، خەڵک بە کوردی قسە ناکەن. زمانی کوردی بەرەو ئەوە دەچێت ببێتە زمانێکی دەستەبژێران.»

رەخنەش لە حزبە سیاسییەکانی کوردی لە باکووری کوردستان دەگرێت و پێیوایە: «تاوەکو ئێستا خەباتیان بۆ زمان نەکردوە. هێشتا نۆرە نەگەیشتووەتە ئەوەی سیاسەتی زمان بکەن. پێویستە سیاسەت لەسەر بنەمای زمان بێت. زمانە وادەکات تایبەتمەندی خۆمان بپارێزین. ئەگەر نامووس نەبێت، بۆچی بە کوردی نانووسن. بۆ زمان هاندان و ماندووبوون پێویستە.»

محەمەد ئونجو چەندین کتێبی گرنگی لێکۆڵینەوەی لەبارەی میتۆلۆژیای کوردی، فەرهەنگی خواردنی کوردی ناوچە جیاوازەکان لە باکووری کوردستان، چیرۆکی منداڵان، شیعر، رۆمان، فەرهەنگ، ئافۆریزم و نوکتەی میللی ئامادە کردوون و چاپ و بڵاوبوونەتەوە.

 1,054 جار بینراوە