سەرەکی » راپۆرت » شەقامی جمهوری وێستگەیەكی گرنگی هونەری ‌و رۆشنبیریی كەركوكە

شەقامی جمهوری وێستگەیەكی گرنگی هونەری ‌و رۆشنبیریی كەركوكە

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

شەقامی جمهوری بە ناوەكەیدا دیارە شەقامێكە هاوسەردەمی فەرمانڕەوایی كۆمارییە لەعیراقدا و بەشێکی گرنگە لە مێژووی شارەکە، هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە یەکێک بووە لە شەقامە پڕ جوڵەکانی کەرکوک، جگە لە چینوتوێژە جیاوازەکان بەردەوام خوێنەران، نوسەران و رۆشنبیران رویان تێکردووە و تەنانەت لە پارێزگاکانی تری عیراقیشەوە رۆشنبیران سەردانیان کردووە.

پێگەیەكی رۆشنبیری گرنگی شارەکەیە
سمكۆ بەهرۆز نووسەر و مێژوونووس لە بارەی شەقامی جمهورییەوە دەڵێت، شەقامەکە لە مێژووی دروستبوونییەوە تائێستا پێگەیەكی رۆشنبیری گرنگی شارەکەیە و بووەتە شوێنی کۆکردنەوەی تەواوی رۆشنبیرو هونەرمەندانی كەركوك و شارەكانی تریش.

وتیشی، دەیان کەس بە هاتنی بۆ ئەم شەقامە و تێکەڵابوونی بە هونەرمەندان بوونەتە کەسانی دیار لە بوارە جیاوازەکانی هونەردا و جێ پەنجەیان دیارە لە بوارەکەدا.

شەقامێکی پڕ جوڵەی ئابورییش بووە
زاهیر شكور نووسەرو روناكبیر لەسەر شەقامی جمهوری دەڵێت، جگە لەوەی شەقامی کۆکردنەوەی رۆشنبیران بووە شەقامێکی پڕ جوڵەی ئابورییش بووە بۆ شارەکە هەروەها لە رابردوودا شوێنی جموجوڵی سیاسی بووە.

ناوی فەیسەڵییە بووە
شەقامی جمهوری لە سەردەمی پاشایەتیدا ناوی فەیسەڵییە بووە و بەناوی شا فەیسەڵی دووەمەوە ناونراوە، مەلیك فەیسەڵیش لە دوا سەردانیدا بۆ كەركوك‌ و سلێمانی بەو شەقامەدا تێپەڕیووە، بەڵام پاش رووخانی سەردەمی پاشایەتی و دەستپێکردنی سیستمی کۆماری ناوەکەی گۆڕاوە بە جمهوری.

هاتوچۆی عاشقان و کچە جوانەکانی شار، هەروەها کتێبخانەکانی گەل، ئاسۆ و هەندرێن، گازینۆی منەوەرە، وێنەگری پارك، لەحم عەجین، چایخانەكەی ئەبوشكور، دەرمانخانەی فەخری، نۆڕینگەی عومەر دزەیی، سینەما سەڵاحەدین کە ئێستا روخێنراوە، تەكیەی شێخ باقی و کۆتایهاتنی شەقامەکە بە بازاڕی قۆریە لە شوێنە دیار و مێژووییەکانی شەقامەکەن.

شەقامی جمهوری جێگەی یادەوەری رۆشبیرانە
موعتەسەم ساڵەیی نووسەرو وەرگێڕ باس لەوە دەکات لە سەردەمی گەنجی ئەواندا گڕو تینێكی رۆشنبیری زۆر هەبووە لەو شەقامەدا و دەڵێت، رۆژانە دەیان نوسەرو شاعیرو رۆماننوس لە چایخانەكەی ئەبوشكور دادەنیشتن و گفتوگۆیان لەسەر ئاستی رۆشنبیری و ئەو کتێبانە دەکرد کە خوێندویانەتەوە و زانیارییەکانیان ئاڵوگۆڕ دەکرد هەروەها گروپی موزیک و تیپی شانۆییان هەبووە.

موعتەسەم ساڵەیی ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا شەقامەکە وەک رابردوو جموجوڵە رۆشنبیرییەکەی نەماوە و دەڵێت، ئێستا ئەمسەرو ئەوسەری ئەو شەقامە بكەی، گەنجێكی بەهرەمەند نابینی بڵێیت لە دوارۆژدا ببێتە شاعیر یان هونەرمەند یا نوسەر یا دەرهێنەر، ئەمەش بۆ خۆی جێگەی نیگەرانییە.

شەقامی جمهوری شەقامەکانی قۆریە، ئەوقاف، ئەحمەد ئاغا، ئەتڵەس و بابە گوڕگوڕی لێ دەبێتەوە کە هەر یەکەیان تایبەتمەندی خۆی هەیەو ئەوەش وایکردووە شەقامەکە هەمە چەشنە بێت و جموجوڵەکان تیایدا زیاتربێت و ببێتە شەقامی پێکەوە ژیانی پێکهاتەکانی شارەکە و بازرگانی و رۆشنبیری، مێژوونووسان ئاماژە بەوەش دەکەن باسکردن لە کەرکوک بەبێ ناوهێنانی شەقامی جمهوری باسێکی کەم و کورت دەبێت.

 163 جار بینراوە