سەرەکی » وتار » یەكێتی، حزبێکی فرە پێکهاتە

یەكێتی، حزبێکی فرە پێکهاتە

دژوار كەمال عزیز

یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە، باوەڕی‌ وابووە كە هەموو پێكهاتەكانی‌ كوردستان لەخۆی‌ بگرێت. ئەمەش لەسەر دەستی‌ سەرۆك مام جەلال نەخشەی‌ بۆ دانراوە، تا ئەندامانی‌ سەركردایەتی‌ بە شێوەیەک رێکبخرێت، كە پێكهاتەی‌ سەرجەم ناوچەكانی‌ كوردستان بێت، ئەم سیستمەش جگە لەوەی‌ سیستمێكی‌ سەردەمیانەیە و گونجاوە، واش مامەڵە لەگەڵ ئەندامانی‌ ئۆرگانەكان دەكات كە سەرمەشق بن لە بڕیاردان و بەشداربن لە سەرجەم سێكتەرەكانی‌ ناو یەكێتیدا، وەكو دەبینین سەركردایەتی‌ یەكێتی‌ جیاواز لە حزبەكانی‌ تر، هەموو چین و تویژەكان لەخۆ دەگرێت، لە سەركردایەتی‌ نوێشدا دەبینرێت، بەڕێوەبردنی ناوخۆی‌ یەكێتی‌ لە هەموو چین و توێژێكی‌ لەخۆ گرتووە.

یەكێتی‌ سەرەڕای‌ ئەوەی‌ حزبێكی‌ سۆشیال دیموكراتە و لەلایەن سیاسەتمەدارانی‌ لێهاتووەوە رابەرایەتی‌ دەكرێت، لە هەمانكاتدا هەڵقووڵاوی‌ ناو خەڵكە بۆ نوێنەرایەتیکردنی هەموو چین و توێژەكان، لە پێناوی دابینكردنی‌ خۆشگوزەرانی‌ و ئارامیی‌ هەرێمی‌ كوردستان، هەروەها رەخساندنی هەلی‌ كار بۆ گەنجان و پێكەوەژیانی ئاشتیانە و مرۆڤایەتی‌. لە سەرووشیانەوە لە ئەستۆگرتنی پارێزگاریی‌ لە یەكڕیزیی‌ نەتەوەیی کورد لە عیراق، چونكە عیراق بەشێكی‌ گرنگە لە دابینكردنی‌ خۆشگوزەرانی‌ و قووتی‌ هاووڵاتیانی‌ هەرێمی‌ كوردستان.

ئەوەی جێگەی باسە یەكێتی‌ لە دوای‌ كۆچی‌ سەرۆك مام جەلال، جێگرەکانی و ئەندامانی سەركردایەتی‌ پەیوەندییەكی‌ خێڵەكیان پێكەوە نەبووە بۆ بەڕێوەربردنی‌ ناوخۆی یەكێتی‌، بەهەمان رێگە یەكێتی‌ نوێ كە بریتیە لە دوو هاوسەرۆك و 123 ئەندامی سەركردایەتی‌ كە نوێنەرانی سەرجەم شارەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان دەکەن، نیشاندەری ئەم راستیەیە كە یەكێتی دوورە لە سیستمی تەقلیدی، دەسەڵاتەكانی‌ بڕیاردان لەناو حزبەكەدا جیاوازە لە حزبەكانی‌ تر، لە ناو یەكێتیدا دەسەڵاتەكان بەپێی‌ پسپۆڕیی‌ و لێهاتوویی‌ كەسەكان لە بوارە جیاجیاكاندا دانراوە و بە شێوازێکی دیموکراتییانە و ئازادانە هەڵبژاردن بۆ كۆی‌ جومگەكان كراوە و دەنگی‌ لەسەر دراوە.

 154 جار بینراوە