سەرەکی » راپۆرت » پێویستە گەشەسەندنی تەکنەلۆژیا بخەینە ناو میدیای خۆمانەوە

پێویستە گەشەسەندنی تەکنەلۆژیا بخەینە ناو میدیای خۆمانەوە

هەولێر، رەوەست نەوزاد

ناوەندی هەولێری مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، خولێکی تایبەت بە کاری میدیا و رۆژنامەگەری بۆ کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس و میدیاکار و ئارەزوومەندانی کاری رۆژنامەنووسی سازکرد، دوا بە دوای سێ رۆژ بەردەوام بوون، 31/3/2021 خولەکە کۆتای هات کە 26 رۆژنامەنووس و ئارەزوومەندی کاری رۆژنامەنووسی تێیدا بەشداربوون.

وانەکانی خولەکە تایبەت بوو بەهونەری نووسینی هەواڵ و راپۆرت و خاڵە هاوبەش و جیاوازەکانی نێوان هەواڵی تەلەفزیۆن و رۆژنامە و رادیۆ و گەیشتن بە سەرچاوەی هەواڵ و زانیاری و چەند کارێکی تری بواری کاری راگەیاندن کە بەهەردوو شێوازی پراکتیکی و تیۆری لەلایەن د. سامان جەلال، مامۆستای راگەیاندن لەزانکۆ وترانەوە.

راگەیاندنی یەکێتیی بەردەوامە لە خزمەتکردن
مەسعود مەلا هەمزە لێپرسراوی ناوەندی هەولێری مەکتەبی راگەیاندنی ی.ن.ک، لەوبارەیەوە رایگەیاند: ناوەندی هەولێری مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی ماڵی هەموو رۆشنبیرو ئەو کەسانەیە کە ئارەزوویانە کاری رۆژنامەوانی بکەن و بەردەوامیش دەبین لە خزمەتکردنیان، هیوادارم ئەو خولە ببێتە دەستپێکێکی باش بۆ کاری راگەیاندنی بەشداربووانی خولەکە، بێگومان کردنەوەی خولی راگەیاندن بۆ فێرخوازان لەلایەن ئێمەوە بەردەوام دەبێت.

وتیشی: خولەکەمان بۆ کاری رۆژنامەوانی پەیامنێری و کاری هونەری نووسینی هەواڵ و راپۆرت کردۆتەوە و زۆر سوپاسی د. سامان جەلال دەکەم بۆ سازکردنی ئەو خولە، لێرەدا پێتان رادەگەیەنم کە ئەو خولە یەکەم خولی ناوەندی هەولێری مەکتەبی راگەیاندنە و بەردەوامیش دەبین لەکردنەوەی خولی تر و هیوادارم بەشداربووان سوودێکی بچووکیان لێ وەرگرتبێت و ببێتە دەستپێکێکی باش بۆ کارکردنیان لە داهاتوودا لە کاری رۆژنامەگەری، ئێمەش وەک ناوەندی هەولێر بەپێی توانا هەوڵدەدەین خزمەت بکەین و باشترین دەرفەت بۆهەموو گەنج و لاوان لەبواری راگەیاندن بڕەخسێنین .

دەرفەت بۆ گەنجان دەرەخسێنن
فواد عوسمان، کادری پێشکەوتووی راگەیاندنی یەکێتیی لە هەولێر رایگەیاند: لە چوارچێوەی ئەو چالاکیانەی کە ناوەندی هەولێری مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی بۆ برەودان بە توانای پەیامنێرەکانی کەناڵەکانی راگەیاندن و ئەوانەشی کە ئارەزوومەندن بۆ فێربوونی زمانی راگەیاندن دەکرێن، زنجیرەیەک بەرنامەی تایبەتمان هەیە بۆ راهێنان، بەشی رۆشنبیری و بەشی مەشق و راهێنانی مەکتەبەکەمان لەهەولێر هەوڵدەدەین ژمارەیەک خول بۆ ئەو کەسانە بکەینەوە کە هەم کاری میدیایی دەکەن و ئەوانەشی کە ئارەزووی فێربوونی کاری راگەیاندنن.

میدیای کوردی لە فەرهەنگی میدیای نێودەوڵەتی دوورە
هەر سەبارەت بەخولەکە، د. سامان جەلال مامۆستای وانەوتنەوەی خولەکە وتی : لەو خولەدا هەوڵماندا تیشک بخەینەسەر جۆرێک لەو هەواڵ و بابەت و راپۆرتانەی کە لە کەناڵەکانی راگەیاندنی هەرێمی کوردستان بڵاودەکرێنەوە کە دوورن لە فەرهەنگی میدیایی نێودەوڵەتی و جیهانی، ئێمە هەوڵماندا ئەو گەشەسەندنەی لە تەکنۆلۆژیادا کە لە وڵاتانی تردا هەیە، بیانخەینە ناو فەرهەنگی میدیایی خۆمان لە کوردستان و رایبگەیەنین کە هەواڵی ئێستا لەگەڵ ئەوانەی پێشوو جیاوازە کە چۆن دادەڕێژراو چۆن هەواڵیش هەڵدەبژێردرا، بۆیە لەو خولەدا هەوڵماندا شێوازە نوێیەکانی هەواڵ کە چۆن لە رۆژنامە بۆ تەلەفزیۆن دەگوازینەوە و هەواڵی تەلەفزیۆنیش چۆن دادەڕێژین.

خولەکە بەسەرکەوتوویی کۆتایهات
بابەتەکانی خولەکە بەجۆرێک ئامادەکرابوون کە بەشداربوانی بتوانن بەشێوەیەکی ئەکادیمی لە کاری میدیایی بەکاری بێنن، یەکێک لە بەشداربووانی خولەکە رایگەیاند:هەموو خولێک سوودی خۆی هەیە بۆ بەشداربووان، ئەم خولە بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو، چونکە ئەوانەی لە راگەیاندنەکان کاردەکەن تاڕادەیەک زانیاری گرنگیان سەبارەت بە راگەیاندن نەبوو، بەهۆی ئەم خولە باگراوەندێکی باش سەبارەت بە کارەکەیان پەیدا دەکەن و لە داهاتووشدا کار لەسەر ئەو یاساو رێسایانەی راگەیاندن دەکەن کە لەو خولەدا سوودیان لێ وەرگرتووە.

تاران عەزیز یەکێکی تربوو لە بەشداربووانی خولەکە ئەویش وتی: دەستخۆشی لە ناوەندی هەولێری راگەیاندنی یەکێتی دەکەم بۆ کردنەوەی ئەم خولە رۆژنامەوانیە و سوودێکی باشمان لەوانەکانی وەرگرت و بۆم دەرکەوت ئەو کارە رۆژنامەوانیەی کە ئێستا لە میدیاکانی هەرێمی کوردستانەوە پەخشدەکرێن زۆر هەڵەیان تێدایە، بۆیە دەبێت ئێمە ئەو هەڵانە دوبارە نەکەینەوە.

رێباز ناسیح، بەشداربوویەکی تری خولەکە بوو، ئەو سوپاسی، د. سامان جەلال-ی کرد و وتی: ناوبراو شارەزایەکی زۆری لە بواری کاری راگەیاندن هەیە و سوودێکی باشم لەوانەکانی وەرگرتووە، زانیارییەکی زۆرم پەیداکردووە لە داهاتوودا بۆ کاری راگەیاندنم بەکاریدەهێنم .

دوای کۆتایی هاتنی خولە رۆژنامەوانیەکەش ناوەندی هەولێری مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕوانامەی بەخشی بە بەشداربوونی و خولەکە .

 145 جار بینراوە