عه‌بدوڵڵا تاهیر به‌رزنجی
كۆمه‌ڵێك شیعری كورتی كورده‌كانی خۆراسانه. شاعیری ئێرانی هیوا مه‌سیح كۆیكردوونه‌ته‌وه و پێشه‌كی بۆ نووسیون و كردوونی به فارسی.
وه‌ختی خۆی، شا ئیسماعیلی سه‌فه‌وی و شا عه‌باس، به زۆر كوردێكی زۆریان بۆ ناوچه‌ی خوراسان گواستووه‌ته‌وه، ئه‌ویش به دوو مه‌به‌ست، یه‌كێكیان ئه‌وه بوو، كه كورد له خاكی خۆی ههڵكهنن و هێز و ده‌سه‌ڵاتی كه‌مبكه‌نه‌وه، دووه‌میشیان ئه‌وه بوو بیكه‌ن به قه‌ڵغان و هێرشی دوژمنه‌كانی خۆیانی پێ پووچه‌ڵ بكه‌نه‌وه. بۆیه ساڵی (1010 ق ) ئه‌و هۆزه كورده كۆچپێكراوانه، توانیان ئۆزبه‌ك و توركمان له شاره‌كانی، وه‌ك ( سبزوار، نیشابور، مه‌شهه‌د، ئه‌سفراین، قۆچان، شیروان، بجنورد ) ده‌رپه‌ڕێنن.
شا عه‌باس، به‌زۆر كوردێكی زۆری، بۆ باكووری خۆراسان گواسته‌وه، له‌وێ، جگه له تهفریقهنانهوه له نێوانیاندا، كه‌سه ناودارهكانیشی كوشتن.
له‌و كاته‌وه خوێن و ئێسقانی كورد تێكڵاوی خاكی خۆراسان بووه. له شادی و خۆشیی یه‌كتردا هاوبه‌شبوون، وه‌ك تایفه‌ی چمشگزك، زه‌عفه‌رانلو، بادانلو (بهادری) وران لو، بیچرانلو، قههرهمانلو، كیكانلو یا شاملو، كم كان لو، عمارلو، ڕهشوانلو.
به‌ڵام سته‌می زه‌مانه وازی لێنه‌هێنان، بۆیه نادرشا كۆمه‌ڵێكی به‌ره‌و گه‌یلان ده‌رپه‌ڕاندن، وه‌ك تایه‌فه‌ی عمارلو، به‌شێكی بۆ كوێستانه‌كانی ئه‌له‌موت گواستنه‌وه، وه‌ك رهشوانلوهكان.
كورد له كوێستان و باكووری خۆراسان فۆلكلۆر و رۆشنبیرییه‌كی هه‌یه، ده‌ستی لێكۆڵه‌رانی بۆ نه‌براوه، ته‌نها هه‌ولی چه‌ند رۆژهه‌ڵاتناسێكی كه‌م نه‌بێت.
ئه‌م كتێبه گۆرانی و شیعرێكی كورتی كوردی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی له خۆگرتووه، ئه‌ویش به هه‌وڵ و كۆششی شاعیری ئێرانی هیوا مه‌سیح.
هیوا شاعیرێكی ناوداری كوردی ئه‌و ناوچه‌یه‌یه، به زمانی فارسی ده‌نووسێت، ده‌نگێكی دیاری شیعری ئێرانییه، چه‌ندین كۆمه‌ڵه شیعری چاپكراوی هه‌یه، هه‌ندێك له ره‌خنه‌گرانیش بایه‌خیان به داهێنانی داوه، ده‌یه‌وێت له رێگه‌ی زمانی فارسییه‌وه خزمه‌تی ئه‌ده‌بی كوردی بكات، یه‌كێكیش له هه‌وڵه‌كانی ئه‌م كتێبه بچكۆله به‌نرخه‌یه .
شیعره‌كان یا گۆرانییه‌كانی ئه‌م كتێبه، پێیان ده‌وتریت سێ خشتی، یا سێ خشته‌كی. كورده‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه هه‌ر له كۆنه‌وه دوو قاڵبی شیعریی خۆیان پاراستووه، ئه‌وانیش (لوبانگی) و (سێ خشته‌كی)ن.
لوبانگی جۆره شیعرێكی سه‌ربه‌سته، بایه‌خ به سه‌روا نادات، ریتم و ئاهه‌نگێكی تایبه‌تی هه‌یه، هیوا مه‌سیح ده‌ڵێت، چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك پێش نیما ( پێشه‌نگی شیعری نوێی فارسی)، كوردی خۆراسان شیعری لوبانگیان نووسیوه .
سێ خشتهكییش، سێ میسراعی هه‌یه و له هه‌شت هیجادا ده‌وترێت. كێش و سه‌روای هه‌یه. هه‌ندێك جار له هایكۆی ژاپۆنی ده‌چێت، جارجار بریتییه له وێنه‌یه‌كی ساده، یا حهسرهتێك، یا دیمه‌نێك، یا سه‌رسوڕمانێك …
له سه‌رده‌می ساسانییه‌كاندا باو بووه، به‌ڵام ورده ورده كزبووه، كوردیش توانیویانه بیپارێزن.
كێن ئه‌وانه‌ی شیعر و گۆرانی سێخشتهكی ده‌ڵێنه‌وه؟
كه‌سانی ئاسایی، نه‌خوێنه‌واریش، ژن و پیاو، شوان، پیر، رێبوار، گۆرانیبێژ ….
سێ خشته‌كی ده‌ماوده‌م هاتووه و پارێزراوه، به‌ڵام به نووسین تۆمارنه‌كرابوو، تا ساڵی 1927 وه‌ختێك رۆژهه‌ڵاتناس ئیفانۆف هه‌ندێكی له گۆڤارێكدا بڵاوكرده‌وه، پاشان هات و له كتێبیكدا، كۆمه‌ڵێكی زۆری لێ پاراستن.
هیوا مه‌سیح، ئه‌م شیعرانه، به گۆرانیی قه‌ره‌جه‌كانی ئیسپانیا ده‌چوێنێت. ئه‌م شیعره كورتانه، باسی مه‌رگ و عیشق و ئیمان و ئازادی و سروشت و سووتان و فیراق ده‌كه‌ن، به گۆرانییش له سه‌رده‌مانی كۆندا وتراونه‌ته‌وه، دیاره گۆرانی رێگه‌یه‌ك له رێگه‌كان بووه بۆ پاراستنیان. بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر ئاشنایان بین، چه‌ند نموونه‌یه‌كیان بڵاوده‌كه‌ینه‌وه :
*چیكی ئاسمین، چهل و چارن
مهمی كهچكان، سی‌و و نارن
ژه شیرینی، نی نه خارن
واته :
چل و چوار ئه‌ستێره به ئاسمانه‌وه‌ن
مهمانی كچان سێ‌و و هه‌نارن
ئه‌مه‌نده شیرینن ناخورێن.
*
سیه بوزی له دالانی
سه‌ری خادی سهرقورانی
هه‌ر مهجم وی، وه‌چی مانی؟
واته:
كچێكی رووسپی و جوان له داڵانهكهدایه
سه‌ری ناوه‌ته سه‌ر قورئانه‌كه
چۆنچۆنیو به چ بیانوویه‌ك بچم بۆ لای؟
*
كه‌چكی كه‌لی مه هیژ مرتن
كرنه خینی، درێژی گرتن
گولان ژه ناف، قونچان گرتن.
واته:
كچانی گوندی ئێمه‌یان ژمارد
بردنیانه خانوویهكهوه ده‌رگاكانیان داخست
خونچه‌یان له گوڵ جیاكرده‌وه.
*
بارالاها، من دل تونه
لهناوگولان، من گول تونه
بیچارهمه، من مال تونه
واته :
خودایه، من دڵم نییه
لهناوگوڵاندا گوڵێكم نییه
بێ چیز و بێچاره‌م
*
ئه‌ز كو مرم، می هلینن
وتووت، كن بگه رینن
لهور كویینی، وی دایینن
واته :
وه‌ختێ مردم، به‌رزم كه‌نه‌وه
له تابووتێكدا بمگهڕێنن
له‌وێ به‌رانبه‌ر ره‌شماڵی یار دامنێن
سه‌یركه، ئه‌و سێ خشتهكییه چه‌ند بچووك دیاره له رواڵه‌تدا، به‌ڵام به‌قه‌د كتێبێكی مێژوویی گه‌وره‌یه، هه‌ر بۆخۆی هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك ئاماژه و نیشانه‌ی چڕه، هه‌واڵه‌ی مێژوومان ده‌كه‌ن، بۆنموونه، سه‌یری وشه‌ی ڕه‌شماڵ بكه، كه سه‌رده‌مێكمان بۆ ده‌سنیشان ده‌كات، تێیدا قسه‌كه‌ری نێو سێ خشتهكییهكه، جۆری ژیانی خۆی و كۆمه‌ڵ و دهوروبهرهكهیمان بۆ دیاری ده‌كات، سه‌رده‌مێك كه ئه‌وان كۆچه‌ری بوون. ره‌شماڵ ئاماژه‌ی راسته‌وخۆیه بۆ كۆچه‌ری، واته ئه‌م سێ خشتهكییه، لیریكیانه ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام ته‌نها تاكه ئاماژه‌یه‌ك تێیدا ( ره‌شماڵ)، بارێكی مێژوویی سهنگینیمان پیشانده‌دات.
پاراستنی ئه‌م شیعر و گۆرانییانه، پاراستنی به‌شێك له مێژوو و هه‌ڵسوكه‌وت و ئازار‌و بیركردنه‌وه‌ی كوردی سه‌رده‌مانی رابردوومانه، به‌ڵام له چوارچێوه‌یه‌كی غینائیدا. له رووی هونه‌رییشه‌وه له ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كورتی میلله‌تانی دنیا كه‌متر نین.
كتێبی: هیوا مه‌سیح
بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای نگاه
سهخشتی/ ترانههای كوچك كرمانج
شعر كردی قرن 14
144 جار بینراوە