سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » ماكرۆن: هەرگیز رێگە نادەین هەڕەشە لە سەقامگیریی چاد بكرێتپەڕە 3

ماكرۆن: هەرگیز رێگە نادەین هەڕەشە لە سەقامگیریی چاد بكرێت

رۆژی هەینی رابردوو، بە ئامادەبوونی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا و ژمارەیەك لە سەرۆكی وڵاتانی ئەفریقا، تەرمی ئیدریس دێبی سەرۆك كۆمار ‌و فەرماندەی باڵای سوپای چاد، بە خاك سپێردرا.

وێڕای هۆشدارییەكانی گروپە یاخیبووەكانی ئەو وڵاتە بۆ ئامادەنەبوونی سەركردە بیانییەكان، بەڵام وەكو بەرەنگارییەك، سەرۆك و سەركردەكانی نزیكەی 12 وڵات، چوونە نجامینا پایتەختی ئەو وڵاتە ‌و بەشدارییان لە مەراسیمی ناشتنی تەرمی سەرۆكە كوژراوەكەی چاد-دا كرد، كە دیارترینیان سەرۆكی فەرەنسا ‌و هاوتا غینی-یەكەی ‌و سەرۆكانی مالی ‌و نەیجەر ‌و بوركینافاسۆ ‌و مۆریتانیا ‌و سەرۆكی ئەنجومەنی سەرۆكایەتیی سودان بوون.

هەنگاوێكی لەو جۆرەی سوپا پێویستە
لە مەراسیمەكەدا، ماكرۆن وتارێكی پێشكەشكرد ‌و تیایدا رایگەیاند: هەرگیز رێگە نادەن كە هەڕەشە لە سەقامگیریی چاد بكرێت.

رۆژی پێنجشەممەی رابردووش، فەرەنسا پاڵپشتی خۆی بۆ كۆنترۆڵكردنی چاد لەلایەن سوپای ئەو وڵاتەوە دەربڕی ‌و رایگەیاند: لەپێناوی بەدیهاتنی سەقامگیریی وڵات لەو دۆخە تایبەتەدا، هەنگاوێكی لەو جۆرەی سوپای چاد، پێویستە.

وەزیری دەرەوەی فەرەنساش رایگەیاند: بەهۆی رەتكردنەوەی پەرلەمانی چاد بە وەرگرتنی دەسەڵات، هەنگاوەكەی سوپای ئەو وڵاتە پاساوی هەیە ‌و لەجێی خۆیدایە.

دوای رۆژێك لە راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكە
ئیدریس دێبی كە تەمەنی 68 ساڵ بوو، ماوەی سێ دەیە سەرۆكایەتیی چادی كرد، كوژرانی ئەو سەرۆكە، رۆژێك دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەو وڵاتە هات، كە دەركەوت ئیدریس دێبی بە بەدەستهێنانی 80 ٪ی دەنگەكان، بۆ شەشەم خولی لەسەریەك، سەركەوتنی بەدەستهێناوەتەوە و پۆستەكەی وەرگرتۆتەوە، بەڵام لە كاتی سەردانی بۆ بەرەكانی شەڕ لەگەڵ چەكدارە نەیارەكانی حكومەتەكەی، برینداركرا و بەهۆی سەختیی برینەكەیەوە، گیانی لەدەستدا، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی كوشتنیشی، فەرەنسا نیگەرانی خۆی دەربڕی و ماكرۆن خەفەتباری خۆی راگەیاند، چونكە هاوپەیمانێكی لە مێژینەی فەرەنسا و وڵاتانی دیكەی خۆرئاوا بوو ‌و لە شەڕی دژ بە گروپە چەكدارەكانی ناوچەی بیابانی ئەفریقا، هاوخەباتیان بوو.

هۆكاری دەرەكیش
لە وڵاتی چاد ژمارەیەك گروپی بەرهەڵستكار لە دژی حكومەت دەجەنگان، دیارترینیان ناوی بەرەی گۆڕانكاری-یە و هەوڵی بەدەستهێنانی دەسەڵات دەدات. بەپێی رۆژنامەی تایمز-ی ئەمریكی، ئەو گروپە ماوەی پێشوو لە باشووری خاكی وڵاتی لیبیا و لەسەر دەستی چەكدارانی بیانی لەو وڵاتە، مەشق و راهێنانیان پێكراوە و ئامادەكراون بۆ كاری لەمجۆرە.

بەپێی زانیاریی رۆژنامە ئەمریكییەكە، پشتیوانیكردنی ئەو گروپەش بۆ نەیارانی سەرۆكی چاد لەوەوە دێت كە ئەفریقا بە هۆی بوونی نەوت و سامانێكی زۆر تیایدا، بۆتە جێی بایەخی زۆرێك لە وڵاتانی زلهێز.

رۆژنامەی تایمز جگە لە كێشە ناوخۆییەكان، هۆكاری دەرەكیش دەكاتە پاڵنەری رووداوانی ئەو شەڕ و ئاژاوەیەی كە لەو كیشوەرە روو دەدەن، بۆیە پێیوایە كە فەرەنسا لەوێ بە دوای هەژموونی خۆیدا دەگەڕێت، بەبێ ئەوەی شەڕی بە وەكالەتی تێدا بكات، بەڵام هەندێك وڵات بە میكانیزمێكی تر مامەڵە دەكەن ‌و دەیانەوێت لەو ناوچەیە هەژموونیان هەبێت، بۆ پەیداكردنی ئەو هەژموونەش، پشتیوانی لە گروپی چەكدار دەكەن ‌و دەیانەوێت لە رێگەیەوە پێگەی خۆیان لەوێ قایم بكەن، بەوهۆیەوە ئاشتیی سەقامگیر نییە.

ئێستا چی دەگوزەرێت؟
ئێستا لایەنە ناكۆكەكانی چاد، بە شێوەیەكی كاتی شەڕیان راگرتووە و چاوەڕێی گۆڕانكارییەكان دەكەن.

لە دوای كوژرانی سەرۆكی چاد، حكومەت و قۆناغی راگوزەر راگەیەنرا، پەرلەمان وحكومەت هەڵوەشێنرانەوە و ئەنجومەنێكی سەربازیی 15 كەسی بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەكە دامەزرێنرا ‌و محەمەدی كوڕی ئیدریس دێبی كە تەمەنی 37 ساڵە، بۆ ماوەی 18 مانگی داهاتوو و تا هەڵبژاردنێكی دیكە، لەجێی باوكی بە سەرۆكی وڵات دانرا. بەم هەنگاوەش، فەرەنسا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی كە وڵات هەر لەسەر سیاسەتی ‌و ئاراستەی سەرۆكی پێشوو بەردەوام دەبێت.

ماكرۆن خەریكی دروستكردنەوە و بنیاتنانی هەمان ئەو سیاسەتەیە كە لەگەڵ سەرۆكی پێشوو داینابوو ‌و ئێستاش دەیەوێت لەگەڵ كوڕەكەی پەرەی پێبدات.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

 742 جار بینراوە