سەرەکی » زانست » چەند ڤایرۆس لە هەناوماندا دەژی و چۆن سوود لە چالاكییەكانیان دەبینین؟

چەند ڤایرۆس لە هەناوماندا دەژی و چۆن سوود لە چالاكییەكانیان دەبینین؟

ئامادەکردنی: تارا شێخ عوسمان

ڤایرۆسەكان بەشێكن لە شفرەی بۆماوەیی ئازاد و هەموو كات هەڕەشە نین بۆ شارستانییەتەكان، بەڵكو چەند سودێكیشیان هەیە.

زانایانی بەشی بایۆلۆژیای مایكرۆسكۆبی لە زانكۆی پزیشكیی سیبیریا باس لە پێكەوە ژیانی مرۆڤ و ڤایرۆسەكان دەكەن بە درێژایی تەمەنی شارستانییەتەكان و ئاماژە بەوە دەدەن لەگەڵ تەمەنی مرۆڤایەتی و گەشەكردنیدا ئەو زیندەوەرە زۆر وردانەی كە بەچاوی ئاسایی نابیندرێن بەردەوام بوون لە چالاكییەكانیان لە هەناوی مرۆڤدا.

یەكێك لەو زانایانە دەڵێت « ڤایرۆسەكان تەنها زیندەوەر نین، بەڵكو بەشێكن لە شفرەی بۆماوەیی ئازاد و بۆ ئەوەی زیاد بكەن پێویستە بچنە ناو خانەوە و تایبەتمەندیی هەمەجۆرییان هەیە، ئەمەش وایكردووە زاناكان نەتوانن ژمارەی ئەو ڤایرۆسانەی لەناو لەشی مرۆڤێكی تەندروستدا دەژی دیاریبكەن، بەڵام بەپێی هەڵسەنگاندنە نزیكەییەكان ژمارەی ئەو زیندەوەرە مایكرۆسكۆبییانە بە (400) تریلیۆن مەزەندە كراوە كە نزیكەی (10) هێندەی ئەو بەكترییایانەیە كە لەناو لەشدا دەژین، كێشی هەموو ئەو بەكتریایانەی لەلەشی مرۆڤێكدا دەژین نزیكەی كیلۆگرامێك بۆ دوو كیلۆگرامە، بەڵام كێشی هەموو ڤایرۆسەكانی ناو هەناوی مرۆڤێك ناگاتە چەند بەشێكی میلیگرامێك».

ئەو وتیشی» زاناكان توانیویانە بەشێكی زۆری بەكتریاكانی ناو لەشی مرۆڤ بناسن، بەڵام ئەستەمە بۆیان هەموو ڤایرۆسەكان بناسن، لەبەر ئەوەی بەردەوام لەگۆڕانكاریدان و جۆری نوێیان لێدروست دەبێت».

ئاماژەی بەوەشدا كە هەرچەندە ژمارەی ڤایرۆسەكان زۆر زۆرن، بەڵام بەشێكی زۆر كەمیان دەبنە هۆی مەترسیی بۆ مرۆڤ، چونكە ئەو زیندەوەرە زۆر وردانە وەك ئاژەڵی دڕندە وان لە جیهانەكەی خۆیاندا و ئەگەر ئەوان نەبوونایە مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی كێشەی زۆر دەبووەوە، لەبەر ئەوەی ڤایرۆسە بەكتریاخۆرەكان لەو زیندەوەرانەن كە ژمارەی بەكتریاكان لە سیستمی ژینگەییدا رێكدەخەن لەوانەش لە ناو لەشی مرۆڤدا.

ئەو زانایە دەشڵێت»ئەگەر ڤایرۆس لە هەسارەكەماندا نەمێنێت ئەوا جۆرە میكرۆبێك زۆردەبێت كە جۆرەكانی دیكەی ژیانی دەخوات و دەبێتە هەڕەشەیەكی گەورە بۆ ئۆقیانوس و دەریاكان كە بەكتریا(%90)ی بارستاییەكەیان پێكدەهێنێت و نیوەی ئۆكسجینی سەر هەسارەكەمان بەرهەم دێنێت.

بە گوێرەی قسەكانی ئەو زانا روسییە، لەو كاتەی بەكتریاكان بەرگریی لە بەرامبەر دژە زیندەییەكان وەردەگرن دەكرێت ئەو ڤایرۆسە بەكتریاخۆرانە یارمەتی مرۆڤ بدەن، بۆ نموونە ڤایرۆسی (GB)ی بێ زیان پەیوەندی بە خاوكردنەوەی گەشەی نەخۆشیی ئایدزەوە هەیە و دەركەوتووە ئەو كەسانەی كە ئەو جۆرە ڤایرۆسەیان هەیە دەتوانن بەرگریی پەیدا بكەن لە بەرامبەر ڤایرۆسی ئیبۆلاش.

هەروەها وتی» مێژووی مرۆڤایەتی پەیوەستە بە چالاكیی ڤایرۆسەكانەوە كە جینۆمی مرۆڤەكان دەگۆرێت»

وتیشی « بۆ زانیاریی هەموو لایەك ڤایرۆسەكان بە بەشێكی جینۆمی مرۆڤ دادەنرێن و هەر ئەوانیش بە بەردەوامی گەشەدەدەن بە سیستمی بەرگریی مرۆڤ».

بەپێی زانیارییە باوەرپێكراوە دەستكەوتووەكانیش گەشەكردنی ژمارەی دانیشتووانی گۆی زەوی كە ساڵی (1927) تەنها (2)ملیار كەس بووە لە ساڵی (2021) یشدا گەیشتووەتە (7. ملیار كەس، زەمینەیەكی لەباری رەخساندووە بۆ گەشەكردنی ئەو ڤایرۆسانەی لە لەشی مرۆڤدا دەژین، لەبەر ئەوە پێشبینی دەكرێت ژمارەی ئەو ڤایرۆسانە زیاد بكات.

زانا روسییەكە بۆ ئەمەش دەڵێت» زۆربوونی ڤایرۆسەكان وا دەكات زانیاریی زیاتریان لەسەر كۆبكەینەوە و بزانین چۆن سوودیان لێوەردەگرین بۆ بەرژەوەندیی مرۆڤایەتی»

هەروەها سەبارەت بە پێشبینیكردنی ئەو پەتایانەی كە بە هۆی ڤایرۆسەكانەوە لە ئایندەدا سەرهەڵدەدەن، زانا روسییەكە ئاماژەی بەوە داوە كە هەرچەندە ئەوە وەك كێشەیەكی ئایندە دەبینرێت، بەڵام پێشكەوتنەكانی زانستی پزیشكیی و ڤایرۆلۆژیی دەتوانێت مەترسیی و هەڕەشەكان كەمبكاتەوە و دیدێكی نوێ بۆ مرۆڤ دروست بكات و وای لێبكات ژیرانەتر لەگەڵ زۆربەی جۆری ئەو ڤایرۆسانەدا مامەڵە بكات.

سەرچاوە: Sputnik

 899 جار بینراوە